سەربەخۆیى یان سەرگەوجاندن؟
Friday, 27/05/2016, 20:48
شوێنى جوگرافى کوردستان و هەڵکەوتەى ناوچەکە،وەهاى کردوە کە کۆمەڵێک دوژمنى شوفێنى و قین لەدڵ و کۆنەپەرستى لەدەوربن.هیچ دەم و کاتێک حەز نەکەن و رێگەش نەدەن یەک هەنگاو بچینە پێش،هەروەختێکیش تۆزێک سەرەلەقێ، یان جموجوڵێکمان کردبێت، بەتوندترین شێوە دامرکێنراوەتەوە.پەیمانە شومەکانى سەعد ئاباد و، رێکەوتنى جەزائیر نمونەى بچووکى ئەو پیلانانەن. فارس و تورک و عەرەب، لەهیچ شتێکدا کۆکن نین ، هەمیشەو بەردەوام دوژمن و باوەکوشتەى یەکن. بەڵام لەسەر پرسى کورد و، دوژمنایەتى دۆزەکەى موو بەبەینیاندا ناچێت. جا بۆیە هەرکاتێک کەس و لایەنێک دوور لەموزایدە وخۆفەرزکردن ئەو باسە بێنێتە گۆڕێ، ئەبێت کۆمەڵێک پێشهات و ئەگەر بەهەند وەربگرێت ، حسابى ورد و جددى بۆبکات ،کە خاڵى سەرەکى وجەوهەرى باسەکە ئەوەیە، کەکورد لەنێو بازنەیەک دوژمندا دەورە دراوە، فەرامۆشکردن وپشتگوێ خستنى هەر یەک لەو دوژمن دراوسێ بێخێرانە ،هەڵەیەکى کوشندەیەو ئاکامەکەى ماڵ وێرانى دەبێت و.کارێکى گەمژانەو ناعاقڵانەش دەبێت. جوداى ئەوەش کۆمەڵێک هۆکارو حساباتى تایبەتى هەیە گەر هەرکەسێک توزێک تێگەیشتو بێت و، ئاگادارى رەوش و کاتەکەبێت ئەبێت بەهەند وەریان بگرێت و، دوورلە خۆفشکردن و گیفکردن لەگەڵیان مامەڵە بکات ئەویش :
1-سەربەخۆى واتا جیابوونەوە لەعێراق و، هەنگاونان بەرەو دەوڵەت بوون،کە ئەمەش کارێکى ئەستەم و قورسە، لەبەر ئەوەى وڵاتە زلهێزەکان کە کورد بەزۆر خۆى بەهاوپەیمانیان دەزانێت، لەئەلفەوە تاکو یا دژى ئەو پرسەن و، بەسەر زارەکیش ئومێدێکیان بەکورد نەبەخشیوە کە دەم لەباسى وەها بدات..گەر لێرەو لەوێش دەڵێن پشتیوانى دەولیمان هەیە،حەزدەکەین بزانین ئەوانە کێن ؟ تا چەند لەگەڵمانن و تا چ وەختێک پشتیوانمان دەبن؟ناردنى چەند پارچە چەکێک بۆ شەرى داعش، لەبەر خاترى چاوى کاڵى کورد نى یە، تەنها هەر ئەوەندەیە کە داعش لەوناوچەیە قەتیس بکەن و، رێگە نەدەن پەل بهاوێژێت بۆ وڵاتانى خۆیان و، سیاسەتى ئاگرە سوورەلەخۆم دورە پەیڕەو دەکەن.
2- هەرکاتێک جاڕى سەربەخۆى درا،بێگومان ئەبێت خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەبکەین، و سوپا و هێزى چەکدارمان بخەینە ئامادەباشیەوە، ئەرێ ئەمە چەندى بەچەندە، کێ ئەو شەڕە دەکات؟ بەچ چەک و بیروباوەڕێک؟ ئایا پێشمەرگەئەتوانێت بەگیرفانى بەتاڵ وسکى خاڵى و کەمى چەک و کەرەسەى سەربازى ،لەیەک کاتدا شەڕى داعش و دوژمنانیش بکات؟ئەو سەرکردە و ئەفسەرە بلەباڵایانە کامانەن کە بۆ ئەو رۆژە ئامادەکراون. جگەلەتەسلیمکارانى مەخمور و شەنگال؟ کەسى تر شک دەبەین؟؟
3-هەموو دەزانین لەسایەى سەرى حزبەکان، بەتایبەت مەسعود و پارتەکەى،وڵات دووچارى گەورەترین قەیران بووە، نە کشتوکاڵمان هەیە نەپیشەسازى، هەمانەو نیمانە هەرنەوت و غازە ، باشە ئەگەر سبەى رۆژ جاڕى سەربەخۆى درا، وڵاتانى دەوروبەر ئابڵوقەى ئابوورییان خستینە سەر پەنا بۆکوێ بەرین، بەچى بژین؟ گەردڵیشیان بەنەوت و غازەکەش خۆشە، ئەوە بەدڵنیایەوە ئەوەشمان لێدەگرنەوە، باشە ئیمڕۆ کە رەوش ئاساییەو قەیرانەکان زۆر قورسنین، مەسعود ناتوانێت بۆ یەک مانگ میللەت بژینێت، ئەى ئەو دەمە چى دەکات؟ چۆن ئەچێتە ژێر ئەو بارەوە، خۆ ئەگەر باسکردنى سەربەخۆى و وروژاندنى پرسى وەها هەر قسەى سەرزارەکى بێت، ئەوا نەنکیشم هەموو جارى باسى سەربەخۆى هەرچوارپارچەى دەکرد.
4-ئەرێ باشە وروژێنەرانى ئەو پرسە،توانیوانە پشتیوان و کۆدەنگى دەولى بۆ ئەو سەربەخۆییە فەراهەم بکەن؟. لەحاڵەتى نەخوازراو تەنگانەدا بێن بەهانامانەوە؟هەست و سۆزیان بۆمان بجوڵێت.یان ئەویش هەر قسە و گفت و بەڵێنى درۆیە وەک مژدانەو هەواڵى هاتن و نەهاتنى مووچە
5-بۆ ئەوپرسە ئەبێت دەسەڵات و حکومەت لەرێگەى پەرلەمان و یاساوە بکەونە خۆ و، کار و ئامادەگى بۆبکەن، پڕۆژە بڕیارى بۆدارێژن و گفتوگۆى چڕ و پڕو باسى لەسەر بکەن، سەرنج و نۆڕینى دەوروبەر و کەسانى لێهاتوو شارەزا وەرگرن، بەڵام خۆ وەک دەبینین ئەوە پەرلەمانى کوردستان لەسەر خواست و ویستى دیکتاتۆریەتى مەسعود پەکى کەوتوە، ئەى چى بکەین؟کام رێگا بگرینە بەر، یان ئەمەش شێوازێکى نوێ و دەرخستنى روییەکى دیکەی دیکتاتۆریەتە بەروخسارێکى جیاواز.
5- ناوهێنان و خۆ لەقەرەدانى پرسى لەو شێوەیە، ئەبێت کەسى رابردو پاک و بوێر و خاوەن ناو وپێگەى سیاسى وکۆمەڵایەتى بیکات،بەنموونەى نێلسۆن ماندێلا و هۆشى مینە و..نەک کەسانى رابردوو ناشیرین و نغرۆى خیانەت و ناپاکى ، کە دڵنیام باسکردنى شتگەلێکى لەم شێوەیە لەم کات و ساتەدا، بۆئەوەیە کە رابردوى تاڵ و ناشیرینى خۆى مان بیر بەرێتەوە، لەژێریشەوە خیانەتى دیکە بکات، سنورى رۆژئاوا دابخات، و گڵۆپى سەوز بۆتورکیا و سوپاکەى داگیرسێنێت تا بەکەیفى خۆیان بۆردومانى کوردستان بکەن.
بەبڕواى من ئەوسەربەخۆییەى مەسعود دەهۆڵى بۆدەکوتێت و، زۆڕناژەنەکانیشى پێى مەستن.جگە لەخۆ دەرخستن و خۆ موقەدەس کردن هیچى دیکە نى یە. لەبەر ئەوەى ماوەى سەرۆکایەتیەکەى بەسەرچووە، جارێکى دیکە ناتوانێت هەمان بەرپرسیاریەتى ببینێتەوە. بۆ سەرکردایەتى ورابەرایەتى پارتیش،ئەوا ئیدى کوڕو نەوەکانى پێگەیشتون و، لەو خەمە رەخسیوە،هەروەها بۆ ئەوڕۆ پۆستى سەرۆکى پارتى بەلاى ئەوەوە کەم و بچوکە،هەوڵى پاوانخوازى زۆرترى دەسەڵات دەدات. ئەبێت چاوى لەپۆستى بەرزتر بێت، هەرچى تایبەتیشە بەسەرۆکایەتى کۆمارى عێراق و گەیشتن بەو پۆستە،ئەواکارێکى محاڵەو هەرگیز روونادات،چونکە یەکەم مەرجى بوونە سەرۆک کۆمارى عێراق بڕوانامەى باڵایە، مەسعودیش، بڕوانامەى لەدایکبونیشى نیە ،بۆیە ئەوە لاى ئەو یەکلا بۆتەوە. هەرلەبەر ئەوەش زۆر بەزوییى کەوتە دژایەتى و سەنگەرگرتن لەبەغدا و،بەوهۆیەشەوە بەم قەیرانەو رۆژگارە تاڵەى بردین. جا ئێستا مەسعود کە لەپایزى تەمەن و دەسەڵات دایە، کێوێک قەیران و نەهامەتى بەرۆکیان پێگرتووە.رۆژ بەرۆژیش قورس و سەنگین تر دەبێت، بۆخۆشى سەرگەردان بووە ، نازانێت چۆن خۆى لێیان قوتار بکات. وەک باسکرا ماوە و وادەشى بەسەر چووە، بۆیە بۆ خۆبردنە پێشەوە وخۆڵکردنە چاوى خەڵک ،هەستاوە بە هێنانە پێشەوەى پرسى سەربەخۆى،و ریفراندۆم. بەمەش دوو نیشان ئەپێکێت، ئەگەر نەکرا و سەرى نەگرت، سبەى رۆژ پارتى و کۆیلەکان،چۆن هەرچى خیانەت و ناپاکى و هەڵاتنى مەلا مستەفا و پارتى یە کردویانە بە دەسکەوت سەروەرى، ئەمەش ئەکەن بە شکۆ و نەمرییەک بۆمەسعود و ،خیانەتەکانى پێ پەردەپۆش ئەکەن..ئەگەریش کرا و مەیسەر بوو، ئەوا تا دوارۆژەکانى تەمەنى ،پۆستێکى تازە و جوان وزەریف بۆ خۆى دائەتاشێت . لە گریێ سەرۆکایەتى و کورسى و پۆست رزگارى ئەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست