موقتەدا سەدرەکەى کورد لەکوێىە؟
Tuesday, 15/03/2016, 22:41
کۆبونەوە ملیۆنیەکانى گۆرەپانى تەحریر لەبەغدا،زەنگێکى خەتەرناک و،وریاکەرەوەیە بۆحکومەت و دەسەڵاتەکەى عەبادى،تابێتەوە هۆش خۆى و ،لەبەرامبەر دزى و گەندەڵى و ناعەدالەتى و قۆرخکاریدا هەڵوەستە بکات و، بیر لەرێگا چارەو دەربازبوون لەو قەیرانانە بکاتەوە. دڵنیاشم کە ئەو گردبوونەوانە دەرئەنجام وسوودى باشیان دەبێت ، مل بەعەبادى و حکومەتەکەى کەچ دەکات ،تا چاکسازى بکات و بەخۆیدا بچێتەوە. ئەگەر نا ئەوا ناوچەى سەوزدا شوێنە هەستیارەکانى دەسەڵات ،ئەکەونە بەر رەحمەتى ملیشیکانى سەدر. ئەگەریش زۆرە کە قەسابخانەو کوشتارێکى زۆر زۆر روبدات.
کارم بەسەر ململانێى تایفى و ناکۆکى نیوان لایەنە شیعیەکان و حەوزەکانیان نى یە،بەڵام کرۆک و ناوەڕۆکى ئەو کارەى موقتەدا سەدر، مایەى دڵخۆشیەو رەنگبێت موژدەى بەهارێکى عەرەبى دیکەى پێوەبێت، ئومێدێکیش بەئێمە ببەخشێت ،تا بوێرین و جورئەت بکەین هەمان هەڵوێست و دەنگى ناڕەزایى ئەومان هەبێت.
هاوشێوەى دەسەڵاتە گەندەڵ و دزەکەى بەغدا ،ئێمەى دانیشتوانى هەرێمش دووچارى هەمان دەرد و نەهامەتى بووینەتەوە. بەدەست کۆمەڵێک چەتە و مافیاوە گیرۆدە بووین، نزیکى چارەکە سەدەیەکە بەو دەردەوە ئەتلێنیەوە. لەبەرامبەریشدا هەموو دەمو کاتێک لەدژى ئەو زوڵم ناهەقى مافخواردنەماندا راپەڕیوین و، خۆپیشانانمان کردوە، مانمان گرتوە،بایکۆتى دەوام و خوێندنمان کردوە. بەڵام بەداخەوە کە زۆر بەزووى ئەو ناڕەزایبانە خەفە بوون و کوژاونەتەوە. هیچ دەرئەنجام و بەرهەمێکیمان لێ یان چنگ نەکەوتوە. هەر ئەمەشە وایکردوە دەسەڵات و حزبەکان هیچ گرنگى و بایەخ بەو چالاکییانە نەدەن ،بەکەم بێ نرخ و بەها تەماشایان بکەن. بەنموونەى ئەو بارودۆخەى ئێستا کە مامۆستایان و، بەشێکى زۆرى فەرمانبەران، نزیکەى دوومانگە بایکۆتیان کردووە،لێرەو لەوى ناڕەزایى و خۆپیشاندان دەکەن، کەچى دەسەڵات لەترۆپکى خەم ساردى و بێ باکیدایە. بەتاکە یەک وشە، یەک هەڵوێست وەڵامى ملیۆنان کەس ناداتەوە. بۆچى و لەبەرچى؟! لەبەر ئەوەى تەواوى مانگرتن و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان، بێ سەرپەرشت و خۆرسکن و هیچ کەس و لایەنێک زاتى ئەوە ناکات خۆى بکاتە خاوەنیان، ئەو گردبوونەوانە بکات بەدەستپێکى شۆرش و خەباتێک بۆ لەگۆڕنانى ئەو گەندەڵانە. هەربۆیە چەشنى شیرى کوڵاو زوو هەڵدەچین و زووش ساردەبینەوە، بەبێ هیچ دەرئەنجامێک. ئەمە لەلایەک لەلایەکى تریشەوە تا ئێستا نەتوانراوە دەنگى ناڕەزایى و مانگرتن بگوازرێتەوە بۆ پایتەخت کە شادەمارى دەسەڵاتە، هۆیەکەى بێ مۆڕاڵى خەڵکى هەولێرە، یان چى یە؟؟ ئەوەیان زیانى زۆرى گەیاندوە بە خەڵکانى شارەکانى دیکە. لەبەر ئەوەى هاوکێشەکان و سەنگى دەسەڵات لەوێ یەکلادەبنەوە،ئەگەرنا هەرچەنێک خەڵکانى شارەکانى دیکە، راپەڕن و دەسەڵاتیش لەو گەندەڵانە بسەنن،گەر پریشکى ئەو راپەڕینە نەگاتە پایتەخت کارێکى بێ ئاکامە. ئەزموونەکانى تەواوى جیهان وبەهارى عەرەبى و ئێستاى بەغداش سەلمێنەرى ئەوەن کەگۆڕین ونغرۆبوونى دەسەڵات لەپایتەختەوە سەرچاوە دەگرێت.
شتێکى حاشا هەڵنەگرە کە میللەت هەموو دەم وساتێک ساز و ئامادەیە بۆ راپەڕین و گیان بازى ، بەڵام کە چاو ساغ و رابەرێک نەبێت، قوڕى کوێ بکات بەسەریدا؟! خۆ گەربێت و دڵى خۆمان بەوە خۆش بکەین و، بڵێن رەنگبێت ئۆپۆزسیۆن و نەیارانى دەسەڵات بتوانن ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ، ئەوە لەخەیاڵ پڵاوى بەولاوە هیچى تر نى یە. لەبەر ئەوەى ئۆپۆزسیۆنى کوردى پاشماوە و خەڵتەى ئەو حزب و دەسەڵاتە بودەڵانەن، بەشى زۆریان لەمنداڵدانى ئەواندا لەدایک بوون. جگە لە کۆمەڵێک دروشم وقسەى باق و بریق ونیشاندانى یەک دوو بەڵگە نامە، هیچى تریان لەدەست نایەت. تا مووچە و ئیمتیاز و پلە و پۆستى تایبەت بەخۆیان هەبێت ،بەلاى هیچى تردا ناچن. ئەوەتا وەک بینیتان گەورەترین سوکایەتى و بێ رێزى بە باڵاترین پۆست (پەرلەمان) کرا، بەشى زۆرى وەزیر و گزیرەکانیان نێردرانە ماڵەوە،نەیان وێرا زار هەڵبێنن، ئیدى دڵى چیمان بەوەخۆش بێت کە شتێکمان بۆبکەن!! میللەتیش دەمێکە لێیان حاڵى بووە، بۆیە دەستى لێیان شتوە هیچ کات وەک نوێنەر ولایەنگر لێیان ناڕوانێت.
روون و ئاشکرا و دیارە کەمیللەت تا سەرئێسقان بێزارە ،بەهیچ شێوەیەک ئەو گەندەڵ و دزانەى پێ قبوڵ نى یە. بەڵام کە وەک ئێستا هەتیو بکەوێت و کەس نەبێتە هاوخەم و سەرکردەى.پەنا بۆکوێ بەرێت؟ گەربێت خۆپیشاندان و نارازاییەکان لەسنورێکى دوور لەپایتەخت پەنگ بخۆنەوە.خەمخۆرێکى وەک موقتەدا نەیەتە گۆڕەپانەکەوە. ئەوا نەهامەتییەکان لەجاران زیاتر دەبن و،ولاتێش چەشنى کۆریاى باکور و دەسەڵاتەکەى بۆهەتایە لەبن فەرمانڕەواى بنەماڵەکاندا ئەمێننەوە.ئەودەمە هەرچى فیڕنەگولەو جوچکە پایزەیان هەیە، ئەبنە گوندەو کوێخا بەسەرمانەوە. ئێمەش لەقڕو قەپ و سەر لەقاندن زیاتر هیچ مافێکى دیکەمان نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست