لەپەراوێزى سوتاندنى ئاڵادا
Sunday, 22/11/2015, 2:10
بەراستى میللەتیکى نەخۆشین و خۆشمان نازانین چى ئەکەین و چۆن کیشە و دۆزەکەمان بەدنیا بناسێنین! بەسەدان کەسى ناپاک خائین ولات فرۆش، لەژێر ئاڵاى کوردستاندا وەک قارچک هەڵتۆقین و بوون بەشت،تا دوێنى دینار لەگیرفانیانا نەبو، ئێستا خاوەن کۆمپانیا و حزب و مۆئەسەساتن. بەهەزارانمان لەژیر ئەو ئاڵایەدا خیانەتیان کرد .بەسەدان هەزار جاش ناپاک وخائین بەپاساوى ئەو ئاڵایە،زوڵم وناهەقى و دەست درێژی لە رۆڵەکانى ئەم گەڵ کرد بەهەزارانیى لە کونجى زیندانەکانى ئەمن و ئەبو غرێب توند کرد ،کەچى نەبیستمان نبینیمان نەگوێمان لى َ بوو کەسێک دەنگ بەرز بکاتەوە بڵى بَیناموسینە ئەو گەرەترین خیانەت و ناپاکی بوو لەگەل و وڵات کردتان،هەقە هەر بەپەتى ئەو ئاڵایە بتانخنکێنین. بەڵام پێچەوانە کەوتەوە، ئەوەى تا دوێنى بێ رێزى و بێ حورمەتى بەئاڵا دەکرد، ئێستا بەرپرسە،پارەدارە و لەریزى پێشەوە ئەژماردەکرێت.کەچى ئێستا بەپاساوى سوتاندن یان سوکایەتى بەئاڵاى کوردستان، کۆمەڵێک کەس ،زیاتر ئەوانەى کە لە بەنزیکبونەوەى کورد و بەغدا کە بەپلەى یەکەم میللەت تیایدا قازانج دەکات و ئاهێکى بە بەردا دێتەوە لەژێر چەپۆکى حزبە زاڵمەکان رزگارى دەبێت زارەترەک بون، دێن ئەو وێنانە بڵاو دەکەنەوە، تا هەست و بیرى تەسکى ناسیونالیستیمان ببزوێت، لەبەرامبەر ئەو کارە ساویلکە ومناڵانەیەدا پەرچە کردارێک بکەین ، بەنزین بکەین بەو ئاگرەدا، کە ساڵانێکە مەسعود بارزانى لەدژى رژێمى بەغدا و بەفیت و موئامەرەى تورکیا هەڵیگرسیاندوە، تاکە مەبەست لێى تەنها مانەوەى رەوشەکەیە بەو شێوەیە کە لەبرژەوەندى مەسعود وکورسیەکەى کۆتایى دێت.، ئەگەرنا پارتى و لایەنەکان هێندە دڵسۆز و خەمخۆرى ئاڵا نیین، ئەى کێ بوو لەپاڵ ئەو ئاڵایەدا رێز وحورمەتى حکومەتى لە31 ئابدا خستە بن پێوە؟ کام لایەنە بوو کاتێک دەیبینى گاردى کۆمارى لەپاڵ ئەنجومەنى نیشتمیانیدا بۆسوکایەتى بەکورد و مەسعود و هەرێمەکەى، بەئاڵاى کوردستان پۆستاڵیان دەسڕى. ئەى ئەگەر ئاڵا ئەوەندە پیرۆز و پڕ بەهایە، بۆچى جەنابى سەرۆک لەکاتى سەردانى بۆ ئەتاتورک خانەکان ناوێرێت هڵەڵی بکات؟ تاکە مەبەست و مەرام لەم سیناریۆیە ئەوەیەکە تەنها برسى و گیرفان خاڵییەکانى وڵات زیاتر بەقوڕدا بچن و رەوایى بە شەڕى مەسعود لەگەڵ دەسەڵاتى بەغدا دا لەژێر پەردەى ئاڵا و ناکۆکى حەشدى شەعبیدا بدات. تا تەمەنى ویلایەتە دۆڕاوەکەى چەند ساڵێک درێژ بکاتەوە.
من لەهەموو کوردێکى دڵسۆز و ئاڵا خۆشەویست و قوربانیدە دەپرسم: ئاڵایەکم بۆچىیە کە بەدەست خائین و ناپاکەوە بێت؟ من چى لەئاڵایەک بکەم کە ئەم دەسەلاتە بەرزی دەکاتەوە، جگە لەماڵوێرانى و نەهامەتى هیچى بۆ من نەبووە؟ من چ خێرێک لەوئاڵایە دەبینم کە بۆ ئەوان گەورەترین خێرو قازانجى هەبێت، بۆمنیش شەهید بون و ماڵ وێرانى و پاش مەرگم بۆ موزایدە و خۆشیرین کردن لەتابوتەکەمى بئاڵێنن؟
لاى من مرۆڤ لەهەمووشت پیرۆزترە؟ هەرچى مەزهەب و ئاین و پەرچەم و دروشم هەیە گەر نەتوانێت مناڵێک لەبرسان و لەسەرمان قوتار بکات، چاکترە نەبێت.
جوداى ئەوەش بۆ دەبێت ئێمە وا بە دەمارگیرییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکەین، ئەوەتا سەیر بکە ئاڵاى وڵاتانى زلهێز دەکرێت بە پێلاو ،بە جلى ژێرەوەى ژنان، بەڵام لایان زۆر ئاسایە، کەچى لاى ئێمە لەسەر ئەو شتە خەریکە قیامەت رادەبێت، تەمەنا دەکەم لەبرى ئەوەى ئەو شەڕە لەپێناوى ئەوشتەدا هەڵگیرسێنن، شت گەلى دیکە زۆرن و، ئەتوانین بیکەینە بەهانەو هەنجەتێک بۆ کارى باشتر و پیرۆزتر و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیى. بەڵام لەژێر سایەى کەسێکدا کە رابردوى پاک بێت و رێز وقەدرى ئەو ئاڵایە بزانێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست