نامەيەك بۆ بەناو سەرۆكى هەرێم
Tuesday, 28/07/2015, 14:48
هيچ كاتێك هەستم نەكردوە كە تۆ سەرۆكميت،هەرگيز وەك سەرۆكێكى بێ لايەن وداد پەروەر تەماشاى رەعيەتەكەت نەكردوە، هەموو كاتێك فەزڵى ناوچەى بادينان و بنەماڵەى بارزانيت داوە بەسەر هەمووكوردستاندا.ئەوەى بشڵێت وانى يە لەكەڵ رێزم درۆزنەو راست ناكات.
سەرۆكى هەرێمى پڕ لەقەيران: ئەرێ تۆ رۆژنامە دەخوێنيتەوە؟ ئەرێ تۆ تەماشاى تەلەفزيۆن دەكەيت؟ پێم سەيرە كە ئەو هەموو كێشەو گرفت و نەهامەتيانە نابينيت، پێم عەجيبە كە ئەو هەموو خانەوادەيە دەبينيت موحتاجى پاروييەك نانن، لەولاشەوە كوڕەكەت شانازى بەئۆتۆمبێلە هەرزان بەهاكەى دەكات كە تەنها 18 دەفتەرى پێدراوە. لەپەيجەكاندا وێنەى بەزم و خۆشى و شەوە سورەكانيان بڵاو دەكەنەوە،. ئێمەش لەتاو خەم و ئازار و مەينەتييەكانى ژيان شەو رۆژمان لێ تێك چووە،هەنگوين بەدەمان تاڵە.
سەرۆكى ماوە بەسەرچوو: من چۆن بتوانم باوەڕ وقەناعەت بەويژدان و هەستى خۆم بكەم ،كە تۆ بەيەك چاو تەماشاى ميللەت دەكەيت؟! لەكاتێكدا كە دەيان ساڵە بەحساب سەرۆكى ،كەچى بۆ لەحزەيەكيش نەمبينيت بێيتە ناو ميللەتەكەتەوە، بزانيت حال َو ئەحواڵ و وەزعيان چۆنە؟!، لەكاتێكدا بۆ دووبارە كانديكردنەوەت، پشت بەميللەت دەبەستيت ، بەوانەوە خۆت گيڤ دەكەيتەوە ودەڵێت با ميللەت بڕيار بدات! ئەمەيان چەندى بەچەند؟ پرسيارێكەو وەڵامەكەى موستەحيل و مەحاڵە.
سەرۆكى پارتى و بەس: تەعەجوبم دێت كاتێك دەڵيێت منيش پێشمەرگەم و بەدرێژايى تەمەنم هەر پێشمەرگە بووم، لەولاشەوە ئاگات لەحاڵ و دەرەتانى پێشمەرگە نى يە،تۆ كۆشكەكەت هاوتاى كۆشكى شاهان و فيرعەونەكانە، موچەو پارەكانت لەتەواوى قاسەى وڵاتدا جێى نابێتەوە،ناچار دەيانێريت بۆ دەرەوە، لەولاشەوە پێشمەرگە كەى دراوسێم لەتاو قەرزارى و كرێى خانوو، حەز دەكات بەردەوام هەر لەپێشەوەى شەڕدا بێتـ، تا سەرو روخسارى ساحێب خانوو ،خاوەن قەرزەكان نەبينێت و، لەبەر دەمياندا ئيحراج نەبێت..، ئەمە چ يەكسانى و عەدالەتێكە، پێشمەرگەيەك لەتاو نەدارى و سەختى بارى ژيانى خۆى دەكوژێت، لەولاشەوە كوڕان و كوڕە زاكانت هەر رۆژەى لەوڵاتێكن، ئەوەندە خۆشى و شادى و، وڵاتانيان بينيوە بێزار بوون، بير لەوە دەكەنەوە گەشتى مەريخ و زوحەل وهەسارەكانى ديكە بكەن.
سەرۆكى بێ ئاگا لە حاڵمان : تۆ باوكێكى نا دادپەروەريت،بۆساتێكيش ئاگاو عيلم و خەبەرت لە ئەولادەكانت نەبووە، ئەوەتا قەيران لەدواى قەيران يەخەمان دەگرێت، شارو وڵات رۆژانە بەرەو پاش دەگەڕێتەوە، بێ كارەبايى، بێ ئاوى ،بێ نەوتى، بێ بەنزينى، بێ موچەيى،بێكارى، بێ ئارامى،گرانى،هەمويان لەوڵاتەكەى تۆدا بوونەتە باس وخواس و دەستپێكى هەموو گفتوگۆ و هەواڵەكان،كەچى بەڕێزتان لەبرى ئەوەى مشوريان بخۆين،زياتر پەرۆشى پۆست و پلەو كورسيەكەتى.ئايا دەزانيت كە هۆكارى هەموو ئەوانە تەنها و تەنها هەر تۆيت و بەس؟!!
سەرۆكى بێ هاوتا وتاكە پياوەكەى ناو حزب: كاتێك سەرۆكى وڵاتان دەبينم كە زۆر سادە وخاكين ، بەپاسكيل وپيادە هاتوچۆدەكەن، لەولاشەوە تۆ دەبينم ، بەهەزاران پاسەوان وشەق وەشێن و پياوكوژ و، بەسەدان ئۆتۆمبێلى گران بەهات بەدواوەيە،بەدەست خۆم نى يە ناتوانم و، پێم ئەستەمە كە بۆيەك چركەش وەك سەرۆك و رابەر تەماشات بكەم.تۆلەسەر بورجى عاج و هەورەكانيت ، ئێمەش لەسەر زەوى و ناخى ئەرزين،ئەمەچۆن بەراورد دەكرێت؟
سەرۆكى دەڤەرى ئەولا: من دەيان كێشەو گرفتم هەيە، هيچ كەس ولايەنێك ناتوانێت بۆم چارەسەر بكات، گەر بمەوێت پەنا بۆتۆ بێنم، بخوازم سكاڵاو دەردى دڵم بۆتۆ بەيان بكەم ،بەچەند ساڵ دەتوانم بێمە لات؟ بەداخەوە تا هەنووكە نەبينيم نەبيستم وەك هەر سەرۆك و بەرپرسێكى وڵاتان، تۆش رۆژێك تەرخان بكەيت، بۆ ديدار و بينيى خەڵك و، گوێگرتن لەكێشەكانيان. گەر تۆ ئامادە نەبيت گوێمان لێ بگريت و كاتێك بۆ ئێمە تەرخان بكەيت،بۆ ئێمەش رەوايە كە گوێت لێ نەگرين وبەسەرۆكى خۆمانت ئەژمارت نەكەين.
سەرۆكى بنەماڵە: گەورە و بەڕێزي لەوەدايە وەك سەرۆكانى جيهان كە ماوەكەت تەواو بوو، ئيدى واز لەپۆست و كورسى بێنيت، ئێمە بەزۆر وتەكليف و داخوازى و پاڕانەوە و، رێپێوان داواى دريژكردنەوەى ماوەى حوكمت بكەين،نەك وەك ئێستا كە هەموو ئەگەر و، وتەو لێدوانەكان ئاماژەى خەتەر ناكن و، بۆنى شەڕيان لێدێت ئەگەر تۆ بۆجارێكى تر نەبيتەوە بەسەرۆك، بەرەو چارەنووسى رەش و تاريكى مل دەنێين، هەقە گەر حزبەكەت و هەوادارانيشت، شەڕ لەسەر ئەوە بكەن، تۆ نەفسيەت و گەورەيت ئەوە قبوڵ نەكات ، هەروەها چاو لە وڵاتانى ديموكراسى بكەيت ، ماوەى سەرۆكايەتى بكەيتە نەريت، نەك تا رۆژى نەفخى سور،هەر يەك كەس ودەمووچاو سەرۆك و رابەرمان بيًت.
سەرۆكى بێ بەديل : عەدالەت و يەكسانى ئێوە لەچيدايە،؟كەخوشك و براكانم بەهەزار كوێرەوەرى و شەونخونى، زانكۆ تەواو دەكەن، پاشان شەهادەكەى تورێكى قوڕاوى ناكات،،كەچى وەچە و نەوەكانى تۆ، بەبێ خوێندن ،بەبێ هيچ زانست و شەهادە و خيبرەو لێزانينێك،مەنسەب و پلەو پۆست، وەك نوقڵى بەرات بۆيان تەخشان وپەخشان دەكرێت، ئەميان ئەكرێت بە سەرۆك وەزيران،ئەويان بە سەرۆكى دەزگاى ئاسايش، ئەميان بەبەرپرسى زێرەڤانى،ئەويان بەخاوەنى دەيان كۆمپانياى گەورەو قەپە وگران بەها.
سەرۆكى ليستى زەرد :من دەيان پشتم لەم وڵاتەدا بڕاوەتەوە، خزمەتمان كردوە،خوێنمان بۆ ڕشتوە ،قوربانيمان بۆداوە،گوندمان روخاوە، ئەنفال كراوين،كيمياويمان بەسەردا كراوە،كەچى لەم خاكە پان وبەرينە، خاوەنى يەك بست زەوى نين، كەچى لەولاشەوە هونەرمەندانى تورك و عەرەب و فارس و بێگانە، بەسەدان دۆنم زەويان بۆ دەكرێتە ديارى و، لەسەريان تاپۆ دەكرێت، ئەرێ جگە لە هۆلاكۆ و تەيمورى لەنگ و جەنگيز خان،كەس ئەم ناهەقييە قبوڵ دەكات؟
سەرۆكى بێ خەم لاخەبەر : من بارى قورسى ژيان و بێ موچەى و گرانى وايكردوە كەبەمانگ باوكم نەبينم، لەبەر ئەوەى بەيانيان فەرمانبەرێكى مووچە كەمەو، پاش نيوەڕوانيش تا درەنگانى شەو كارێكى ديكە دەكات، كاتێك نيوە شەو دێتەوە ماڵ، ئێمە هەمووان خەوتوين،كاتيكَش بەيانيان زوو لەماڵ ئەچێتە دەرەوە هەر خەوتوين، ئەمە حاڵ و گوزەرانى من و هەزاران خێزانى شارەكەمە، لەولاشەوە بەهەمان شێوە،جەنابت هاوشێوەى باوكمان بەمانگ و پتر كوڕەكانت نابينيت،لەبەر ئەوەى هەر رۆژەى يان ئەوان يان جەنابت ،لەسەفەر و گەڕان و گەشتى وڵاتانن.
سەرۆكى زەنگين و پارەدار:بەهەموو گەڕەك و عەشيرەت و قەوم قيلەكەشم، تا هەنوكە خاوەنى سێ دەفتەر نەبوين و دڵنياش بە نابين، دەفتەر و سەفتە پارەم تەنها لە كۆمپيوتەر وفليم دا بينيوە، گەر عومرى نوحيشم هەبێت و تا رۆژى قيامەت پارەكۆبكەمەوە و يەك فلسى نەخۆم ،ناتوانم بڕێك پارەى واكۆبكەمەوە، كەچى برازا عەزيزەكەت،سەۆكى ئەنجومەنى وەزيرانەكەت،تەنها نرخى سەعاتەكەى دەستى 100 هەزار دۆلارە، ئاخۆ شتە شاراوەكانى و ئەساسى ناو ماڵ و ئيكسيسوار و زێڕ و گەوهەرى ژنەكەى چى بێت؟ئەرێ بەڕاست ئەو پارەيەى لە كێوە بۆ بەجێما؟ يان قات و جلو بەرگ وپێڵاوەكانى كە هەريەكەى بۆخۆى دەيان هەزار دۆلار نرخێتى!بابى بازرگان وكاسپ بوو،يان ميراتى باپيريەتى؟ تۆبڵيى لەكەرەج وئێرانيش هەمان لاف و گەزافى لێ دابێت؟ باشە گەر تەنها قيمەتى سەعاتەكەى يان تێچوى يەك رۆژى بەنزينى ئۆتۆمبێلەكانى، يان خەرجى رۆژێكى مناڵەكانى تەرخان بكات بۆ شەهيدان، بريندارانى پێشمەرگە،چى دەبێت؟ خۆ لەخەزێنەى ماڵە باوانى كەم نابێتەوە؟
سەرۆكى(ئومێد خۆشناو وفازيل بەشارەتى) لێم ببورە ئەگەر قسەكانم نيگەرانتان بكات،بڕوا بكە لەپەرۆشى و خەمى ئێوەمە پێم خۆشە سبەى رۆژ لاپەڕەكانى مێژوو وەك مانديلا وسەرۆكى ئۆرگواى خوسيە مۆخيكا، باست بكات، نەك وەك باوكت ونەوەكانى كيم ئيل سۆنگ و كاسترۆ وموبارەك. باقى وەسلام.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست