کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەندروستى و پەروەردە بۆ ئێمە داخ و دەردە

Friday, 12/10/2012, 12:00


سەقەترین و خراپترین سیستەم لەم وڵاتەى ئێمەدا سیستەمى پەروەردە و تەندروستیە، هەر ئەمەشە وایكردوە كە بەشى هەرەزۆرمان بەردەوام نەخۆش بین و توشى جۆرەها نەخۆشى وەكو كۆلێرا و ئەنفلۆنزا و شێرپەنجە ببین،یان نەخۆشى نەزانى و نەخوێنەدەوارى و دواكەوتنى رۆشنبیری بەرۆكمان بگرێت، بێگومان هەروڵاتێك كە بوارى پەروەردەو فێركردنى سەقەت و چەوت وناڕاست بوو،ئەوا بەدڵنیاییەو كاریگەرى دەبێت لەسەر سەرجەم بوارەكانى دیكە و مرۆڤى سەقەت ودكتۆرى نەشارەزا و ئەندازیارى نەزان و مامۆستاى بێ ئەزموون بەرهەم دەهێنێت.دەمى هەر بەرپرس یان كەسێكى پڕۆفیشناڵ ئەكەیتەوە دان بەو راستیەدا دەنێت كە بەڵى خەلەل و كەموكوڕى هەیە،تەنانەت ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانیش لەمن و تۆ باشتر ئەزانن وپەى بەو حەقیقەتە ئەبەن ودەڵێن دەبێت كەسى شیاو بۆشوێنى شیاو بێت، ئەرێ بەڕاست تاكو ئێستا كەس ناوى وەزیرى پەرەوەردە ئەزانێت.كەس دیتویەتى؟ ژنە یان پیاوە؟ بڕواناكەم كەس بیناسێت، لەوە زیاتر ئەى بەڕێوەبەرێكى وەكو ئەوەى پەروەردەى سلێمانى كە هیچ فڕى بەسەر پەروەردە و فێركردنەوە نیە هیچ بڕوانامە و شارەزایەكى لەوبوارەدا نیە بەچ حەقێك ئەوپۆستەى پێدراوە؟ئەو لە بوارى ئاسنگەرى و یارى بالە زیاتر هیچ زانست و زانیارییەكى دیكەى لانیە ، نازانێت چۆن روبەروى كێشەكان بێتەوە و لەبەردەم هەموو خواست و داواكارى ومانگرتن و ناڕەزایەكاندا دەستەوەستانە، قوتابخانەى وادەزانم كە لەوەتەى دروست بووە هەر یەك كەس بەڕێوەبەریەتى ،شەلڵا بەڕێوەبەرەكەشى كەسێكى باش و خۆشەویست بوایە،نا نەخێر سوێندتان لەسەر م نیە دەیان بەڕێوەبەرم پێ شك دێت كەتاكو 5/3 لەدڵسۆزانى رژێم بون و چەكى ئەویان لەشاندا بوو،ئێستاش عەینەن جارى جاران لەبرى(نقابە المعلمین) خۆیان خزاندۆتە ناو(یەكێتى مامۆستایان) بە ماستاو و مەرایى بونەتە ئەندام ودڵسۆزى ئەو یەكێتیە ولەسەر هەمان ریتم وئیقاعى كۆن كاردەكەن جیاوازیەكەیان تەنها هەر ناوە و هیچى دیكە،بەملیۆن كێشە لەناو پەروەردەدا هەیە ،بەهەزاران كەمو كوڕى لەقوتابخانەكاندا دەبینین،بەسەدان چەوت و خوارى لە بوارى پەروەردەو فێركردندا بە بەرچاوماندا گوزەردەكەن ، بە دەیان ناڕاستى وناڕەوایى و نایەكسانى لەبوارى پەروەردە بەزەقى و روونى دیارە،كەچى تاكو ئێستا نەبیستمان نەبینیمان كە وەزارەتى پەروەردە بیرێك لەو كێشانە بكاتەوە لەرێى كۆڕ و سیمینارو ۆرك شۆپەوە پەنجە بخاتە سەر گرفتەكان و بەهەوڵ و هیمەتى هەموو لایەك كەمى بكەنەوە وپاشان بنبڕیان بكات، بەڵام بەچى كەمى دەكەنەوە؟ ئایا كەسى نەزان، كەسى نەشارەزا ،كەسى ساویلكە و كەسى دوور لەپەروەرردە ومەعریفە دەتوانێت هیچ گۆرانكاریەك بكات ؟لەكاتێكدا پێویستە پێش هەرشتێك هەڵەو كەموكوڕیەكانى خۆیان بنبڕ بكەن، خۆى رۆشنبیر بكات وئاستى هۆشیارى و ژیرى و دانایى خۆى بەرەو پێش ببات ،خۆى نوێبكاتەوە، ئەوجا بێتە سەر بوارە تایبەتەكەى خۆى،پێتان سەیر نەبێت وە لاتان زۆر ئاسایى بێت من لە كەسى نزیك وە لەخۆشیانم بیستوە كە چ بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى وهەروەها بەڕێوەبەرى راگەیاندن و زۆرێكى دیكەیان بەساڵیش كتێبێك ناخوێننەوە ئەوەى كەپێویست و گرنگە بۆ بەرەوپێشخستنى وەزیفە و ئەركیان بەلایدا ناچن، پرسیاریان لێ بكە وپێیان بڵێ ناوى 3 رۆژنامەى كوردیم پێ بڵێن یان بپرسە لێیان كە فهومى پەروەردەو كارگێڕى چیە بڕوابكە نایزانن ،تەقەى سەریان دێت ،لە بوارى رۆشنبیرى و هۆشیاریدا تەواو تەواو لەدواوەن ئەوان لەپێش هەموو كەسێكەوە پێویستیان بەوە هەیە كە فێربكرێن و لە ئەلف و باى پەروەردەو فێركردن وئیدارەوە دەست پێبكەن، من زۆر بەزەیم بەو حاڵەیاندا دێتەوە وادەزانن بەرپرسیاریەتى و بەڕێوەبردن تەنها سەردانى قوتابخانەو عەلەم هەڵكردن و ڤیستیڤاڵ و خەڵاتكردن و وتار خوێندنەوە وقات لەبەركردن و دانیشتنە لەریزى پێشەوە؟!، ئەوە بۆخۆتان ئاگادارى وەزعن و دەبینن كە لەگەڵ ئەو هەموو پێشكەوتنى زانست وتەكنەلۆژیایەدا كەچى ساڵ بەساڵ ئاستى خوێندكاران و زیرەكیان بەرەو پاش دەگەڕێتەوە، كە بەپلەى یەكەم ئەوان بەرپرسن و هەموو كەمتەرخەمى و كەموكوڕى تەنانەت دەرنەچوونى خوێندكارێكیش لەئەستۆى ئەوانە،كەچى بەباى خەیاڵیاندا نایەت،سەیرەكە ئەوەیە كەسیش نیە لێیان بپرسێتەوە یان لەسەر ئەو كارو ئەنجامە خراپانە لەو شوێنە لایان بەرێت و ئاڵوگۆڕیان پێ بكات،بلێى لەم وڵاتە پان وبەرینەدا لەوان زیرەكتر و شارەزاتر و دڵسۆتر نەبێت؟؟
هەرچى تایبەتیشە بەبوارى تەندروستى ئەوا رەنگبێت پەروەردە لەچاو ئەواندا زۆر باشتربێت، ئەوانیش بە هەزاران گەندەڵى و خوار وخێچى ناڕەواییان تێدایە، تو بڕوانە لەدواى راپەڕینەوە تاكو ئێستا كەرتى تەندروستى هەر لە قەیراندا بووە بچوكترین نەخۆشى وپەتاى پێ چارەسەنەكراوە،نەمان بینى كە بەڕێوەبەرێكى لێهاتوو كارامە و لێوەشاوە بچێتە ئەوشوێنە ،هەمووى لەرێگاى حیزب و خزمایەتى و مەحسوبیەتەوە بووە، هەركێ چوبێتە ئەو پۆستە یان پۆستى بەرزتر، هێندەى لەخەمى خۆى و موچەى خۆى و گیرفان پڕكردن و ئیفادى خۆى زیاتر بیرى لەهیچى دیكە نەكردۆتەوە ،بڕوادەكەن وەزیر هەبووە بۆ ئیفاد عینوانى خۆى كردوە بە پەرستار تا سەرێك لەدەرەوەى وڵات بدات و دووپولى دەست بكەوێت،پێتان سەیر نیە بەڕێوەبەرى تەندروستى هەبووە لەسەر حسابى دائیرە شتى بۆماڵى خۆیان كڕیوە ، بەڕێَوەبەرو دكتۆر و ئەندامى لیژنە هەبووە تاكە یەك سەرمایەو موڵك چیە نەیبوە بەڵام لەسایەى ئەنفلۆنزاى بەراز و باڵندە بووە بەبازرگان و ئێستا گەورەترین دەوڵەمەندى شارە، هەركاتێك هەڵمەتێك دەست پێدەكات بۆكوتانى مناڵان یان بۆ روبەروبونەوەى نەخۆشیەك لەپێش هەمووكەسێكەوە ئەبێت بەڕێوەبەر یان دكتۆرى حزبى تیا بن و سەرۆكى ئەو لیژنە و هەڵمەتانەش هەر خۆیان بن،ئەمە بۆچى تەنها لەبەر خاترى پاداشت وسۆپاس وپێزانین،كە هیچ كامێكیان بەقەدەر كارمەندێكى بچوكیش جێ دەستو و رۆلیان دیار نییە، جا وەزارەتێك ئەوانە بیبەن بەڕێوە و بەرپرسیارى بن دەبێت حاڵى چى بێت ؟هەرباشە سەدان نەخۆشى ترمان تووش نەبوە.. لەسەر برادەرانى تەندروستى شتێكى سەیرتان بۆباس بكەم و ئیدى خۆتان چى یان پێدەڵین سەربەستن،لەم رۆژانەدا ناسیاوێكمان تووشى بەرزبونەى فشارى خوێن بوو،لەیەكێك لەبنكە تەندروستیەكانەوە پێیان وت بارى تەندروستیت جێگیر نیە و فشارەكەت زۆر بەرزە خێرا بچۆ بۆ نەخۆشخانەى فریاكەوتن، كە چووبوە ئەوێ پشكنین و داو دەرمانیان پێدابوو،لەبرى ئەوەى بارىتەندروستى ئاسایى بێتەوە دۆخى جارانى ،نەخێرخراپتر بووە خەریك بووە بەلادابێت،كە پزیشكى پسپۆر دەچێتە سەرى و سەیریدەكات دەبینێت لەبرى ئەوەى دەرمانى دابەزاندنى فشارى خوێنى بدەنێ بەپێچەوانەوە دەرزیان لێداوە تا فشارەكەى بەرزبێتەوە..شتێكى دیكە هەر لەسەر نەزانى تەندروستى من بۆخۆم ساڵانێكە بەدەست نەخۆشیەكەوە گیرۆدەم ئەویش بەهۆى هەڵەى پزیشكەوە بوە پزیشكى شارەزاو لێهاتو ئەو پزیشكانەى بە مانگ سەرەت بەرناكەوێت ،من خۆم نەخۆشى گرانەتام گرتبووبۆچارەسەر چومە لاى پێنج دكتۆرى هەرەشارەزاو ناسراوى سلێمانى كە زۆربەیان ئێستا مامۆستاى زانكۆن ، بەڵام هەر هەموویان لەبرى چارەسەرو دەرمانى گرانەتا چارەسەرى گورچیلە یان پێدام ماوەیەكى باش خواردم بەڵام خراپتر بووم باشتر نەبووم تا سەرەنجام پێیان وتم كاكە ئەو دەرمانانەى كەبەكاریان دێنیت هیچى بۆ تۆ نابێت چۆنە تائێستا ماویت و توشى ئەعساب و شێتى نەبویت،؟بەڵى سوپاس بۆخوا سەلامەت بووم ،بەڵام بەهۆیەوە توشى جۆرەها نەخۆشى بووم كە زۆرێك لەدكتۆرەكان پێیان وتوم تا هەتایە ئەو نەخۆشى و دەرەئەنجامە خراپانە لەكۆڵت نابێتەوە. جا ئەگەر وڵاتێك ئەوە دكتۆر وحەكیم و چارەسەر سازەكەى بێت،نەخۆشخانەكانى پڕبن لەگەندەل و دەرمانى خراپ بوو،دكتۆرى نەشارەزا، نەخۆشخانەى پیس و پۆخەڵ و كەمتەرخەم ، لەبرى لێپرسینەوە لەهەڵەو كەموكوڕى وكەمتەرخەمیان بیان كەن بەوەزیر و خانوو ئوتومبێل ئیمتیازى جۆر بەجۆریان بدەنێ، بەخوا حاڵى لەمە باشتر نابێت و ئەبێت شوكرى خوابكەین كە تاكو ئێستا ماوین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە