کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مانگرتنى چەند كاژمێرى دادمان نادات

Monday, 12/05/2014, 12:00


دیسان مانگرتن دیسان بێ موچەى،دیسان پەراوێزخستنى خەڵك و میللەت، دیسان بەسوك تەماشاكردنى خواست وداواكارى میللەت، ئەمانەو هەزاران كارى ناشیرینى تر بوونەتە ناسنامەى هەردووحزبى بودەڵەو خۆسەپێنەرى باشور،
من وەكو خۆم هیچ كات وساتێك لۆمەى ئەو گەندەڵ و دیكتاتۆر و حزبە پڕو پووچانە ناكەم،چونكە شتێكى سروشتى مافى هەموو دیكتاتۆرێكە بۆمانەوە درێژەدان بەژیانى، هەمووموجازەفەیەك بكات بۆ چۆڵ نەكردنى دەسەڵات، بۆئەوەش نموونە گەلى زۆرمان لەبەرچاوە، تا ئێستا نەبینراوە نەبیستراوە كە زالم و ملهوڕێك، بە خواست و ویستى خۆى دەستبەردارى كورسى دەسەڵات بێت، ئەمانیش روونتر بڵێن یەكێتى و پارتى پێویستیان بە زەبرێكى ئەوها و دەستێكى پۆڵاینە تا لمۆزیان بشكێنێت.
ئەگەر خۆمان گێل نەكەین و لەراستى رانەكەین،هۆكارى ئەو نەهامەتى و بارگرانى و قورسى ژیان و نەهامەتیانە،ئەوان نین ،بەڵكو خۆمانین، خۆمان بوینەتە كلكى تەورەكە،خۆمان بۆینەتە دەهۆڵ كوتیان. خۆمان بوینەتە پاسەوان و ئێشكگریان. تۆ بڕوانە ساڵانێكە لەم ماڵپەڕەوە، بەجۆرەها شێوە ونوسین و كاریكاتێر وبانگەواز داوا لەخەڵكى كوردستان دەكرێت،كە نەبنە پایەو كۆڵەكەى ئەو حزبانە، بەشدارى هەڵبژادن نەكەن،لەهەمبەر زوڵم وزۆر ناهەقیەكاندا بێنە زمان و لێیان قبوڵ نەكەین، چیدى بە وتە بریقەدار و دروشمە چەواشەكانیان فریو نەخۆین و، چونكە ئەوانە گورگ چەقەڵ ورێوی و دڕندەن هیچ كات جێگەى متمانە نین،كە زەلیل و ریسوا و موفلیس دەبن ،پەنا دەبەنە بەر خەڵك بۆ سپیكردنەوەى ئابڕوى تكاو ودۆڕان و شكستیان، هەر ئەوەندە نییە بەسەر كەوش و پێڵاوەكانماندا نەكەون، بۆ دەستخستنى چەند دەنگێك سواڵ و درۆزە دەكەن، پێیان عەیب و شورەیی نەبێت ،ئابڕو ناموسیشیان هەراج دەكەن،تا ئەوكاتەى دەستیان لەبنى هەمانەكە گیر دەبێت، ئیدى پاش ئەوە و بەموراد گەیشتن، واوەیلا لەحاڵمان،تا چوار ساڵى دیكە یارى بەموقەدەرات وچارەنوس و بیر هۆشمان دەكەن.عەیب نەبێ هینى خۆیانمان نیشان دەدەن.
ئەوەتا هێشتا سەرەتاى دەركەوتنى ئەنجامە بەراییەكانى هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕى وپڕ فڕتو فێلەكەیانە، كەچى یەكەم كار و ئەركى ئەو زاڵمانە بڕینى قوتى خەڵك ونەدانى موچەى فەرمانبەرانە.ئاوا پاداشتى ئەو كەسانەیان دایەوە كە چوون دەنگیان پێدان.
سەیرەكەى ئەوەیە ئاغاى مەسعود بارزانى بەناو سەرۆكى هەرێم،ماوەیەكە خۆى گیڤ كردۆتەوە بە پەمپ و فوتێكردنى دوژمنان غیرەت گرتویەتى و ئیدیعاى سەربەخۆى و حكومەتى كوردى دەكات،بەنیازە بەو سەروپۆتەڵاك و پاشەڵە جوانەوە ببینە حكومەت و خاوەن كیان، حكومەتێك خاوەنى ملیارەها دۆلار و خاوەنى چەندین سەروەت وسامانى سروشتى بێت،بەڵام لەخۆیان زیاتر كەس لەبەرى نەخوات، حكومەتێك خاوەنى سوپایەكى گیرفان خاڵى و برسى و لێكترازاو بێت،حكومەتێك نەتوانێت مووچەى یەك مانگى فەرمانبەران دابین بكات، حكومەتێك خاوەنى بڕیارى سیاسى خۆى نەبێت و هەر رۆژەى بەئاوازى دوژمنێك سەما بكات، ئەبێت چى لێ چاوەڕوان بكرێت؟ چ ئایندە و ئاسۆیەكمان بۆ رۆشن بكات،
دەمى هەر كەس دەكەیتەوە ناڕازییە، هەركەس دەدوێنیت لەسەر رەقەم جنێوو قسەى پێ یە،هەركەس دەگریت، باسى زوڵم ناعەدالەتى ودزى یان دەكات. بازاڕ وەستاوە ، پارەو پوول نى یە،خەڵك پرسى ودارایى داتەپیوە، ئیش و كارو پرۆژە و هێزى كار بەجارێ ئیفلیج بون، هەموو درۆكەیان ئەوەیە كە گوایە لە حكومەتى بەغداو بودجە نانێردێت، دەخوازن شەڕى كورسى و دزى نەوتى نێوان خۆیان وبەغدا بەمیللەت بكەن، لەگەڵ ئەوەدا هەموو كەسێك دەزانێت كە بەس تەنها بە داهاتى ناوخۆ، بەداهاتى باج و گومرگ و هاتوچۆ و تاپۆ و داهاتى ئاو و كارەبا و فەرمانگەكانى دیكە،دەتوانرێت نەك موچە و خەرجى سلێمانى بگرە دەتوانن موچە بۆ سەرجەم كوردستان دابین بەكەن ،بەڵام خواستیان لەسەر نى یە بیكەن، ئەگەر نا ئەوە هەموو دەزانین خەرجى وتێچووى بانگەشەى هەڵبژاردن موچەى سێ مانگ پترى فەرمانبەران بوو، كاندید هەبووە، نزیكەى دەیان هەزار دۆلارى بۆ بانگەشەو پۆستەر خەرج كردوە كەچى لەتەواوى كوردستاندا 40 دەنگى هێناوە.
بۆیە ئیدى كاتى هەق و حسابە، هەقى خۆمانە لەوانە بپرسین بزانین ئەو بودجە زەبەلاحە چى لێدێت؟ بۆچى ئێمە برسى ونەداربین و بە 50 رۆژ جارێك موچەیەكمان پێ بدەن، لەولاشەوە كوڕى بەرپرسان بۆ پشو و كات بەسەر بردن بەدەیان دەفتەر دۆلار بەهەدەر دەدەن. چاكترە ئەو مانگرتن و بایكۆتكردنى دەوام ودائیرەیە تەشەنە بسێنێت و، بەتەنها رۆژ وسەعات و كاتێكى دیاریكراو نەبێت، بەڵكو پێویستە ببێتە چالاكى یەكى رۆژانە، هەموان لەسەرى بەردەوام بین تا ئەو كاتەى ئەو كوێخاو خۆسەپێنرانە مل بۆداواو ئیرادەمان كەچ دەكەن ، لەسەر هەموو ناهەقى و دزى و گەندەڵیەك راپێچى دادگاى گەل ویاسایان دەكەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە