سەرنجێك لە سەر پەیامەكەى ئۆجەلان
Friday, 22/03/2013, 12:00
لەرۆژگارێكدا كەدرۆكردن بوبەراستیەكى گشتگیر،ئاشكراكردنى راستى هەنگاوێكى شۆڕگێڕانەیە (جورج ئاروێل)
من تاسەرئێسقان لایەنگرى ئاشتیم و،پێم خۆشە هەموكێشەكان بەئاشتى و تەبایى چارەسەربكرێت، دڵوپێك خوێن چیە نەڕژێت، بەڵام كەناچاركرایت و مافت زەوتكرا ،لەبەرامبەر دوژمنێكى هۆڤ و زاڵم روبەروبویتەوە،كەبە هیچ شێوەیەك دان بەبون و ناسنامەتدا نانێت، ئەو دەمە ئاشتى و دیالۆك چ ماناو واتایەكى دەبێت؟؟
بەداخەوە وەكو پێشتریش باسكراوە و بەرگوێمان كەوتوە ،ئێمە ئەوەى بەشەڕو زەبرى چەك بەدەستى دێنین، ، لەژێر ناوى ئاشتى و پێكهاتن و دانوساندن دەیدۆڕێنین،كە گومانم هەیە ئەمجارەش هەمان تاڵاو سیناریۆ دوبارەبێتەوە.
بەر لەهەرشتێك پێویستە ئەوە بزانین ،كەسیاسەت بەعاتیفە ناكرێت، هەمووان توركیا دەناسین و لەسیاسەتى ئاگادارین، كە لەهەمبەر سەرهەڵدان وراپەرینەكانى كوردا چ مێژویەكى خوێناوى و چ پیلان و نەخشەى گلاوى هەیە، باشە ئەگەر توركیا بەو بڕیارە خۆشحاڵە ،بۆچى نزیكەى 90دانە سالەَ هیچ هەنگاوێكى بۆ ئاشتى و چارەسەرى ئەو پرسە نەناوە، گەر نراش بێت، ئەوا بكەرەكانى بەدەردى ئۆزال چوون.
ئەوەى جێگەى پرسیار و مایەى قبوڵ نیە،رۆڵ و دەستێوەردانى سەرانى باشورە لەو ئاشتی وتەسلیم كاریە، گەر بروانن ئەوان بەدرێژایى مێژوو،هەموكاتێك لەدانوساندن و گفتوگۆو وتوۆێژدا، لەگەل دوژمندا هەمیشە دۆڕاو بون،لەشكست و بێ ئومێدى زیاتر، هیچ بەرهەمێكیان نەبوە، لەكاتێكدا تا هەنوكەش لەبوارى گفتوگۆ وحیوارى سیاسیدا هەرزە و ناكامڵن و فریو دەدرێن، لەوەش زیاترئەوان دەڵێن، سەردەمى خەباتى چەكدارى و هێز بەسەر چوە، پێویستە پەكەكەش چەك دابنێت ، كەچى بۆخۆیان لەناو باشورێكى پڕ لە ئارامى و سەقامگیردا، خاوەنى دەیان فەوج و هێزى بێ شومارن.تائێستاش بڕوایان وایە كە كێشەى نێوان هەرێم وبەغدا بەرێگەى هێز چارەسەر دەكرێت و رۆژانە هێز وچەك پاشەكەوت دەكەن. من سەر لەم دوفاقیەیان دەرناكەم.
شتێكى بەڵگە نەویستە، هەموو كاتێك دانوستان ،لەنێوان دولایەن دەكرێت،هەر لایەو داواكارى خۆى هەیە، بەڵام لەم بەناو دانوستانەدا ، لایەنى پەكەكە هیج شتیكیان نیە، تا ئێستا نازانرێت ئۆتۆنۆمیى یان فیدراڵى، یان چیان دەوێت؟تاكە شتێك كەزۆر مایەى نیگەرانى و چەوتیە بەردەوام جەختى لەسەر دەكەنەوە ، سەرلەبەرى مێژوو خەباتیان هەمووى دەكەن بەقوربانى ئازادى ئۆجەلان، ئەوەش لەئێستادا كارێكى ئەستەم ونەكردەیە،هەرگیز توركیا ناچێتە ژێر ئەوبارە، هەروەها پەكەكەش براوەى شەڕ نیە تا بەزۆر وزەبر ئەو كارەیان پێ جێ بەجێ بكات و بیكاتە مەرجى گفتوگۆو كارتى فشار..
گەر بەوردى بڕوانینە پەیامەكەى ئۆجەلان ، هیچ شتێكى نوێ و دڵخۆشكەرى تیا نیە ،پەیامەكەى ئەڵێت :ئەمڕۆ رۆژێكى نوێ یە بۆ توركیایەكى نوێ ،واتە ئەویش دەربەستى توركیاو یەكریزى و ئاشتیەتى بۆ ئەوان، نەك كورد.لەشوێنێكى دیكەدا باسى پێكەوە ژیان دەكات، كە ئۆجەلان بۆخۆشى بڕواى پێ نیە ،هەرگیز دوژمنان چ تورك چ فارس چ عەرەب باوەڕیان بە بچوكترین مافى كورد نەبوە، تەنانەت مافى ژیانیشى پێ رەوا نابینن،،هەمیشە ئەو دەستەواژەیەى ئەتاتوركیان لەسەر زارە ،كە ئەڵێت كوردى باش ئەوەیە كە مردوە.
لەشوێنێكى دیكەى پەیامەكەیدا داوا دەكات هێزەكانى پەكەكە، بچنە دەرەوە ،دیارە دەرەوەش كوێ یە،مەبەست لەمەش پاراستنى ئارامى وئاسایشى توركیایە و كۆكردنەوەى سەرجەم هێزەكانى پەكەكەیە لەقەندیل یان هەرشوێنێكى دیكە، بۆ ئەوەى زۆر ئاسان وبێ ماندووبون تەسفیەیان بكەن.و ئاگادارى جموجوڵ و ئەملاولایان بن و تەواو دەستبەسەر بن، دوریش نیە مەسعودبارزانى بەوكارە راسپێرێت و ،شوراو تەلبەندى قەندیل بكات وپەكەكە دەستەمۆ بكات.
بەڕێزینە ئاشكرایە كەئۆجەلان دیلە،مرۆڤیش كە دیل بوو، خاوەنى هیچ بڕیار و وتە یەك نیە ،رێنمایى و ئامۆژگارى و شرۆڤەكانى هەرگیز بەهەند وەرناگرێت،چونكە دڵنیایە كە ئەوەى ئەو دەیدركێنێ، لەژێر زۆر و فشاردایە و لەبەرژەوەندى دوژمنە،نەك بەخواست و ئیرادەى خۆى.گەر بە وێنە یان بەدەنگى خۆى ئەو پەیامەمان گوێ لێ بویایە دەمانتوانى شتێكى دیكە بڵێن.
لەناخى دڵەو پێم خۆشەو ودەڵێم خوابكات ئاشتى راستەقینە سەربگرێت و، كورد چیدیكە ماڵ وێران و سەرگەردان نەبێت و، كەس نەكوژرێت،بەڵام هەموو دوژمنەكانى كورد، ئەوەى كە حسابى بۆدەكەن و سڵى لێ دەكەنەوە، لێى دەترسن بونى هێزى چەكدار وشۆڕش وسەرهەڵدانە،خۆ ئەگەر بێت ئەو هێزانە چەك دابنێن و سەنگەر چۆڵ بكەن، ئەوا شتێك نامێنێتەوە بۆ كورد و دۆزەكەى، كە دوژمنى پێ چاوترسێن بكات، هەموو خەون و خۆزگە و ئاواتێكى دوژمنان ئەوەیە، كورد بە دیلى وزەلیلى سەرشۆڕى ببینن. ئەمەش بۆخۆى مەسیجێك دەبێت بۆ كوردى هەمو لایەك، كەچەند كوشتار بكەن ،چەند زەبر و زەنگ بەكاربێنن ،سەرەنجامتان هەر خۆەبەدەستەوەدانە.
نزیكەى90ساڵە توركیا حكومەتێكى دیكتاتۆرى و عەسكەریە، ئەو نەرمى نواندنەى توركیا، لەبەر خاترى چاوى كاڵى كورد نیە، بەڵكو مەبەست و ئامانجى خۆى هەیە، یەكەمیان توركیا و حكومەتەكەى باش دەزانن كە ئیدى سەردەمى نكوڵى لێكردن و سڕینەوەى ماكى نەتەوەیى، بەسەرچوە،ئەوەتا لەباشور و رۆژئاوا كورد ورد وردە خەریكە پێگەى بەهێز دەبێت، جا توركیا لەوە دەترسێت ئەو سەرهەڵدان ومەوجەى بەهارى شۆرشە، توركیاش بگرێتەوە و وەكو سوریا یان وڵاتانى دیكە ،بكەوێتە ناو ئەو گێژاوەوە خۆى بۆ دەرباز نەكرێت، بەتایبەت بۆ ئێستا كە چ بیرو باوەرى نەتەوەیى چ بیروباوەرى مەزهەبى و ئاینى، بونەتە پشگۆى زۆربەى شۆڕشەكان ،دوریش نیە پریشكێك بەر ئەوانیش بكەوێت،دوەمیان توركیا لەمێژە خەونى چونە ناو یەكێتى ئەوروپا دەبینیت، گەورەترین بەربەست وئاستەنگیش بۆ بەئەندام بون لەو یەكێتى یە،كورد و كێشەكەى بوە، جا دەخوازێت لەرێى ئۆجەلان و پەیامە كەیەوە ، باوەڕ بە یەكێتى ئەرووپا بێنێت و بڵێت فەرموون ئەوە ئێمە كەوتینە كفتوگۆ و رێگە چارەى ئاشتى ئێوەش بڕیارى خۆتان بدەن.
خاڵێكى دیكە ، شەڕى سوریاو دەستێوەردانى لایەنەكانە بەگشتى و، پەكەكە بەتایبەتى، كە لەتەواوى شارە كوردیەكاندا ، لەرێگەى پەیەدەبون وسەنگى هەیە، جا ئەوەش بۆ توركیا خەتەر و زیانێكى گەورەیە، بەتایبەت ئەوشوێنانەى لەژێردەستى ئەو هێزانەدان و هاوسنورى توركیان، وەكو قەندیل و باشوردەبێتە بنكە وبارەگاى پەكەكە، لەپاشەرۆژ بۆ توركیا دەبنە هەرەشە و سەر ئێشە. هەروەهاهەر ماف و ئیمتیازێكى كە بۆ كورد لەسوریا بێتە دى، ئەوا لەسایەى پەكەكەوەیە و ئەو دەتوانێت بیپاڕێزێت ،چونكە تاكە هێزى شەڕكەر و چەكدار و خاوەن پێگەى جەماوەرى لەسوریا، تەنها هەر پەكەكە و پارتە كۆپى كراوەكانى خۆین،، جا دەخوازێت لەرێى ئەو بانگەوازەوە ، پەكەكە لەرۆژئاوا بێ لایەن و كاریگەر بكات و لەو شۆڕشە دایببڕێت ، پێگەى كوردیش لەسوریا لاواز بكات .
شتێكى دیكە كەنابێت نكوڵى لێ بكەبن و ،فەرامۆشى بكەین ئەویش، لەناو پەكەكەدا هەمیشە، دوو بەرە هەیە،بەرەیەكیان ئاشتى دەوێت وباوەڕى وایە لەرێگەى دیالۆگ و كفتوگۆ كێشەكان چارەسەر دەكرێت، بەرەكەى دیكەیان، لە زمانى چەك زیاتر هیچى دیكە نازانێ، ئەمەش پەكەكە دەكات بەدوو كوتلەوە، دوریش نیە لەسەر ئەو پرسە ئینشیقاق و لێكترازان لەناو پەكەكەدا روبدات،كە ئەمەش ئاكامەكەى بە لاوازبونى پەكەكە و سودى توركیا كۆتایى دێت
گەر بیرتان مابێت ساڵى 1979 كاتێك شۆرشى ئێران سەركەوت،قاسملۆ لەراگەیاندنێكدا ئاماژەى بەوەدا كە لەژێر سایەى جمهورى ئیسلامى خودموختارى وەردەرگرین،لەسەر ئەو قسەیە،روبەرى گەورەترین رەخنە بوەوە، بەتەسلیم كار و سازش خوازناسیان،كەچى ئەوەى ئەمرۆِ دەیبینم هەمان مێژوە دوبارە دەبێتە ، بەڵام لەبرى دەنگى نەخێر و (بەرخودان ژیانە) بەچەپڵە لەو ئاشبەتاڵە پێشوازى دەكرێت. تەنانەت لایەنى دووەم كە پەكەكەیە، هیچ داواو خواستێكى رون و دیارى نیە، تا دڵێكمان پێ خۆش بێت و بڵێن وەكو هەنگاوى سەرەتا یەكەم داخوازى بیناسین.
لاى هەموان مەعلومە كە توركیا وڵاتێكى عەسكەرتاریەتە و، حاكمیەت وسوڵتە لەدەست سوپادایە، چ ئەردۆغان چ گویل تەنها هەر بەناو سەرۆكن، بۆیان نیە دور ونزیك و باش و خراپ لەسەر پرسى كورد وپەكەكە هیچ هەنگاوێك بنێن،خۆ ئەگەر بێت هەر بڕیارێك بدەن كە لەگەڵ بیرو ئایدۆلۆجیاى ئەتاتوركدا یەكانگیر نەبێت و، كەمالیزم حكومەتى توركیا بخاتە مەترسیەوە ئەوا ئەگەر بەدەردى ئەربەكان نەچن ،ئەوا لەناوچونیان زۆر ئاسایە. رژێمى توركیا لەتەسلیم بوون و پەشمیانى وپاكانەكردنى كورد بۆتورك زیاتر هیچى دیكە لە كورد قبوڵ ناكەن. تەنانەت بەسەرزارەكیش نەیان ویرا بڵێن ،ئەوە وەك نیەت پاكى و دەست پێشخەرى ئێمەش لێبوردنى گشتى بۆ پەكەكە و لایەنگران و زیندانیانى دەردەكەین.
ئەوەى كە من دەیبینم و خوێندنەوەبۆئەو پەیامەدەكەم، ئاشبەتاڵێكى نوێیە بەشێویەكى مۆێرن و،لەژێر ناوى ئاشتى و نەخشە رێگاى ئۆجەلان، بەدوریشى مەزانن كە وەكو كاردانەوەو نیەت پاكیەتى ساختەكارانەى توركیا. ئۆجەلان لەزیندان دەربهێنێت، بەڵام هەر لەتوركیا بەدەست بەسەرى بیهێڵێتەوە، تا تەواو پیلان و تەسلیم كارى پەكەكەى پێ مەیسەر دەكات. گەرئەو پرسە جێ بەجێ بكرێت، زۆر رێى تێدەچێت پەكەكەش وەكو پارتەكانى رۆژهەڵات لەناو ئۆردوگایەكدا كۆبكرێنەوە بەلێَننامە بە توركیاو لایەنى كوردى بدەن كە بەدەردى خۆیانەوە دادەنیشن و بزێوى ناكەن. خۆ ئەگەر ئاشتى چەسپا و پەكەكە بەرەو توركیا بۆوەو چەكى دانا ، ئەدى چارەنوسى ئەو هەزاران كوردەى پارچەكانى دیكە چى دەبێت؟ پارتى چارەسەر و پژاك و پەیەدە، چیان بەسەردێت؟ ئەدى دروشمى (باكور باشور رۆژهەڵات، ئاپۆ سەرۆكى وڵات)و دامەزراندنى دەوڵەتێكى كورد وزیندوكردنەوەى ئیمپراتۆریەتى میدیا چى بەسەردێت؟؟بەداخەوە ئەوەى ئۆجەلان و پەكەكە بەدرێژایى 30ساڵ خۆینیان بۆرشت و، قورباینان بۆدا، بەپەیامێكى یەك لاپەرەیى پڕ سازش و تەسلیم كارى كۆتایى پێهات و جارێكى دیكە ئەوەمان بەرگوێ كەوتەوە كە دروست بونى دەوڵەتى كوردى لاى ئۆجەلانیش خەونى شاعیرانەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست