کاتی ئەوە هاتووە بە دەسەڵاتی کوردیی بگوترێ: ملت بشکێنە و بڕۆ!
Sunday, 11/01/2015, 12:00
زیاتر لە نیو سەدەیە بەناوى كوردایەتى و خۆینى شەهیدان و شۆڕش و ئازادییەوە ، كۆمەڵێك دز و چەتە و پیاو كوژ بوونەتە كوێخا و دەمڕاستی میللەتێک، یاری بە چارەنووسی دەکەن و بەئارەزووى خۆیان دەمان رەتێنن، دەمانكوژن و دەست دەخەنە بینە قاقامان، لەسەرەتایترین ماف بێبەشمان دەكەن، بۆخۆیان لە خۆشترین ژیان و بەختەوەریدان، نەبوونى ، گرانى ، سەرما ،ترس ولەرز، بێ ماڵ و حاڵى كرێچێتى ، گیرفان بەتاڵى و نەخۆشى ونەدارى، نازانن چى یە.
ئاخر چ رەواى حەقە كۆمەڵێك دز و پیاو كوژ، یارى بەهەست و نەست و، قوتى خەڵكیەوە بكەن، بەئارەزووى خۆیان بیان رەتێنن، لەهەموو پێداویستى یەكى ژیان بێ بەشیان بكەن؟!، هەربەوەشەوە نەوەستن رۆژ بە رۆژ بارى ژیان و گوزەرانیان سەختر بكەن، رۆژێك كرێى ئاو و كارەبایان لەسەر گران بكەن، رۆژێك بەنزینیان بە سێ قات پێ بفرۆشن، رۆژێك نەوتیان نەدەنێ، رۆژێك بەناوى بازاڕى ئازاد و تیجارەتى حوڕە وە هەرچى گەندو گوو شتى خراپ و ئێكسپایەرە بەسەرماندا ساخ بكەنەوە.رۆژێك بەدەرمانى خراپ و بەسەرچوو بیمان كوژن،.رۆژێك لەسەر وتنى وشەى حەق و رادەبڕین سەرەنگونمان بكەن؟ بەشەرێكیشمان فززە ناكەین.
ژمارەى ئەندام پەرلەمان و سیاسییەكانمان بەقەدەر ژمارەى دانیشتوانى وڵاتى ڤاتیكان دەبێت،كەچى بیست و پێنج ساڵە ساناترین پێداویستى رۆژانە، سەرەتاترین خواست ئێمە لێى مەوحرومین، ئەوانیش مێش میوانیان نى یە، قڕو قەپیان لێكردوە، هەموویان پاشكۆ و دیلى دەسەڵاتن، تەواو كارى تاوان و زوڵمەكانیانن لەسەر و هەمووشیانەوە ئۆپۆزسیۆن و خۆ بەئیسلام زانەكان..
حكومەتێك لەسەر بنەماى درۆ و فرت و فێڵ و هەڵخەڵەتاندن دامەزرابێت، سەركردەكانى خاوەن پاشینەیەكى پیس و پڕ شورەیى و دزى وتاڵانى بن، پیاو كوژ و بودەڵەو هەرچى پەرچى بن، هەر رۆژەى درۆیەك لەگەڵ خەڵك بكەن، نەتوانن خواستى میللەت دابین بكەن، دەسەڵاتیان نەبێت نرخى دەسكێك سەوزە دیارى بكەن، نەتوانن دوو ماڵ ولانە بۆ لێقەوماوان دابین بكەن، نەتوانن كێشەى كارەبا و ئاو و سوتەمەنى چارەسەر بكەن، نەتوانن بە سێ مانگ مووچەى فەرمانبەران بدەن. ئەبێت چ خێر و خۆشیەكى هەبێت بۆمان؟ چاوەڕوانى چ خێر و حەسەناتێكیان لێ بكەین، چارەكە سەدەیەكە كردەى ئێمەو بردەى ئەوانە،بیست و بیست وپێنج ساڵ جگە لە پێگەیاندنى كۆمەڵێك دز و قۆرخكار چیان بۆ بەرهەم هێناوین؟ جگە لە بەخشینەوەى پۆست و پلە و ئیمتیازى باش بە بنەماڵەو كەسەكانیان چیان كردوە؟ بێگومان سێ بیست وپێنج ساڵى تریش ئەو چەورە و پەتەڕییانە لەسەر حوكم بن، هەر هەمان تاس و حەمام دەبێت، پێشمەرگە ژیانى هەروەكو ئێستا دەبێت ، بەردەوام قەرزدار و كرێچى دەبێت، مووچە خۆریش تا ئەمرێت ئەبێت چاوەڕێى بەخشینەوەى زەوى و باشكردنى بژێوى ژیانى بێت، هاوڵاتیانیش هەر ئەبێت گوێیان پڕ بكرێت لەدرۆ وقسەى باق و بریقى بانگەشەى هەڵبژاردن و بەو خەیاڵە مەست بن تا سەر ئەنێنەوە.
پێم وابێت تائێرە بەسە، گەرچى زۆریشى رۆیشتوە، زۆر عەزاب و ناهەقى و زوڵمان چێشتوە، كورد واتەنەى جامى سەبر و ئارامیمان لەوە زیاتر هەڵناگرێت. بێدەنگى و خۆ گێل كردن لەهەمبەر ئەو ناعەدالەتى و زوڵمانە تاوانە، (من سكت عن الحق شیتان اخرس)بێدەنگى ئێمە واتا رازى بوون بە مانەوەى دەسەڵاتى ئەو دیكتاتۆرانە، واتە قایل بون بەتاوان و كوشتن و هەژارى و نەدارى و پاوان خوازى دەسەڵات. با لەوەزیاترنەبینە عەبد و كۆیلەو زەلیلى دەستى ئەوان، با لەوە پتر تاڵاو و رەشبینى نەبیتە بەشێك لەژیانمان، با سبەى رۆژ لە بەرامبەر نەوەكانمان وەڵامێكمان پێبێت، ئەو دیلى و یەخسیرى و دەستەمۆییە بۆ ئەوانیش نەكەینە دیارى و میرات، كاتى وەڵام دانەوە و كاتى هەق و حساب دەمێكە هاتوە.با بكەوینە خۆمان و هەنگاوى كردارى بهاوین.داواى مافى خۆمان بكەین و ، رێگە نەدەین چیدى لوسكە و خاین و پیاو كوژەكان، دایكانمان رەش پۆش بكەن، نەهێڵین لەمەودوا دز و بازرگانانى خوێن مناڵان برسى بكەن، قبوڵ نەكەین ئیدى موچەى خۆمان وبەرى رەنجى مانگان و ساڵانمان بكرێتە قوربانى ساقە سەرى دەسەڵات .
هەموو باش دەزانن ئەم دەسەڵاتە هیچى لە بەعس و دیكتاتۆرەكان كەمتر نى یە، ئەوانیش هاوشێوەى ئەوان دەبیت بەهەمان راپەڕین وسەرهەڵدان نغرۆ بكرێن. دەى ئیتر نازانم تا كەى بێدەنگى؟ تاكەى بێ هەڵوێستى؟ تاكەى زەلیلى؟ تاكەى دیلى و سك هەڵگوشین؟ با ئەمساڵى نوێ یە بكەینە ساڵى راماڵین و سڕنەوەى ئاسەوارى ئەو خائین و دزو پیاو كوژانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست