پارتى تاكەى هونەرمەندانى پەراوێز دەخات؟
Thursday, 27/11/2014, 12:00
لەژمارە(4688) رۆژنامەى خەباتى زمانحاڵى پارتى دا،نوسینێكم بەرچاو كەوت لەژێر ناونیشانى(فرباى هونەرمەند عەباس ژاژڵەیى بكەون)
بەداخەوە ئەمە یەكەم جار نییە كە حكومەت و حزب، هونەرمەندان و رۆشنبیران پەراوێز دەخەن.وەك بینیمان ماوەى پێشووتر هونەرمەند عومەر چاوشین تەواو تەواو پەریشان و بێ حاڵ بووبوو، بەدەر لەوانەش هونەرمەندى میللى (بلەى سەعە كەڕ) ئەویش تا چاوی لێكنا هەر بە هەژارى ومەینەتى وقوربەسەرى ژیانى گوزەراند.كەبەداخەوە سەرجەم ئەو هونەرمەندانە لەسەر لیستى پارتى حسابن و، لەپێناوى ئامانج و بیرو راى ئەواندا ساڵانێكى زۆرە چوونەتە ژێر دەسەڵاتى پارتى و لەشارى هەولێر نیشتەجێ بوون و بونەتە موڵكى ئەو پارتە ،ئەوانیش تا كاریان پێیان دەبێت و سوودیان لێدەبینن و بەكاریان دەهێنن،پاشانیش كە دەچنە تەمەنەوە و پیر و پەككەوتە دەبن، ئیدى پەراوێز دەخرێن و كەس ئاوڕیان لێناداتەوە ،مەگەر جار جار خێرخوا یان كەناڵ و رۆژنامەیەك بەسەریان بكاتەوە لە ئێش و ئازار و مەینەتى یەكانى ئاگادارمان بكاتەوە.
راستە هونەرمەند موڵكى گەلە و،نابێت خۆى وابەستەى حزب لایەنێك بكات و، لەژێر سایە وسێبەرى ئەودا درێژە بەكارەكانى بدات و خۆى لەو چوارچێوەیەدا قەتیس بكات و، فەرمایشت و ئیعاز لەوانەوە وەربگرێت، بەڵام لێتان ناشارمە كە ئەو هونەرمەندانە و زۆرێكى دیكەشیان تا نها لەژێر سایەى پارتى و حزبە كەیدا كارى هونەرى بەخواستى ئەوان دەكەن، تەواوخۆیان بەئایدۆلۆژیاى ئەوان بارگاوى كردووە، بۆیە لاى من و زۆرێكیش كاریگەریى بۆ سەر ناوو ناوبانگیان دروست كردوە، ئەم كارەیان وادەكات كە زیاتر پەرۆشیان نەبین و لەخەمیاندا نەبین، كار وابڕوات ئەوانەشى كە تا ئێستا لەهەولێرن و خۆیان بە پارتى دەزانن هەمان چارەنووس چاوەڕێیان بكات. بۆیە هەقى خۆیەتى راگەیاندن و میدیاكان لەبرى ئەوەى داواى بەهاناوە چوون لە حكومەت و رێكخراوى هونەرمەندان بكەن، باشترە وبەجێترە فشار و زۆرى بخەنە سەر پارتى ، تا چیتر هونەرمەندەكانى كە لایەنگر و هاوبیرى ئەوانن بەوجۆرە پەراوێز نەخات، بیرێك لەحاڵیان بكاتەوە،رەنگێت پارەى بەشى زۆرى هونەرمەندان و رۆشنبیران نەكاتە نرخى یەك تانكەر نەوتى فرۆشراو، ئەگەر ئەوەش ناكات لاى ئەستەمە، با لەریزەكانى حزب دەریان بكات و بێ بەریان بكات، بۆ ئەوەى هیچ نەبێت ئەوكەسانەى كەپارتى نین وئایدۆلۆژیاى ئەوانیان قبول نى یە وەك خەمخۆرى و پەرۆشى بەهانایەوە بچن و، لەمەرگ و نەخۆشى رزگاریان بكەن و بەدەردى ئەوانى دیكە نەچن. تەمەنا دەكەم ئەمە دواین هەواڵى بەهاناوە چوونى ئەو هونەرمەندانە بێت كەپێویستیان بەچارەسەرى بەپەلەیە. ئومێدەواریشم كە ئیدى هونەرمەندان ورۆشنفكران چیدیكە نە بنە دار دەست و وابەستەى حزب و بە زوڕناى ئەوان سەما نەكەن خۆیان ناشیرین و قێزەون نەكەن. هەر هیچ نەبێت رێزێك بۆهونەرى كوردى و هونەرمەندان و خۆیان دابنێن.بمانەوێت یان نا پارتى و خیانەت دوانەیەكى لێك دانەبڕاون، لاى من هەركەسێك بەوشەیەك یان بە دێڕێك ،پشگیرى لەپارتى بكات و كارى هونەرى ورۆشنبیرى و فەرهەنگى بۆ بكات و، لەمیدیا راگەیاندنەكانى ئەواندا دەربكەوێت ،بێ شك هاوبەشى تاوان و خیانەت و ناپاكیەكانىیەتى و هیچى لەوان كەمتر نى یە، ئەوانیش دەچنە قاڵبى دوژمنانى گەل وناپاكان ، سبەى رۆژ كە پارتى وبنەماڵە لەسەر تاوان و كارە چەپەڵەكانیان حەق وحسابییان لەگەڵ كرا،ئەوانیش بێ عارەق دەرناچن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست