کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خولە سەنگاوى دواین بزمارى تابوتكەى یەكێتیە

Thursday, 02/08/2012, 12:00



ئەوەى رۆژێك پێشمەرگایەتى كردبێت و ئاوڕێك لە مێژووى خەباتى ساڵانى شاخى یەكێتى بداتەوە بەراوردى بكات لەگەڵ ئێستادا بەدەست خۆى نیە كۆڵێك ئاه و حەسرەت و فرمێسك هەڵدەڕێژێت، ئەو یەكێتیەى بەبیرو باوەڕو ئایدۆلۆژیاى شەهید ئارامى ناسیبێت و خۆراگرى و بوێرى شەهاب و ئەنوەر و زۆراب و نەبەردى مامەریشەو جەمالى عەلى باپیرى بیستبێت ،رێكخستن و رۆشنبیركردنى ئەندامانى بە نوسین وتارەكانى عبدالخالق مەعروف و بورهان قانع ى خوێندبێتەوە ،و داستانى خۆراگرى و ورە بە بەرداكردنەوەى مامۆستا ئەحمەدى ێەناعە بەرگوێ كەوتبێت و ژیرى و هوشیارى و لەسەرخۆى ئازاد هەورامى بۆبەیان كرابێت و بێباكى و گاڵتەكردن بەمەرگى شەهیدمەلا عەلى شاعیر ودەست لەملانى پەتى سێدارەئاشنابێت و لەگەڵ ئەوڕۆدا بەراوردى بكەیت بەدەست خۆت نیە یەك بەخۆت خەفەت دەخۆیت و قورگت پڕدەبێت لەگریان، كە ئەو یەكێتیەى رەمزو سیبمولى كوردایەتى بوو، هیواو ئاوات و خەون و متمانەى هەژاران و گوندنشینەكان بوو، قوتابخانەى بیرو هۆشیارىو رۆشنبیرى بوو،فەلسەفەو مانفێستى شۆڕشى میللەتێك بوو، لانەى سەدان پاڵەوان و گیان باز بوو، مەڵبەندى رەوشت و ویژدان ومەردایەتى بوو، سەربازگە و دروستكەرى هەزاران پێشمەرگەوپارتیزانى ورە پۆلا بوو،كەچى مخابن و مخابن و حەیف وخەسار ،ئەمڕۆ بۆتە چ مەهزەلەو مەخسەرەیەك لەپَیناو مانەوەو كورسى دەسەڵات وپارەو ساماندا توشى چ كارەسات و روو زەردییەك بووە ،ئەو مێژووە پڕشكۆ و نەبەردەى چۆن دزێو كردوە؟ بەدەست چەند كەسێكى هەرزەو نەشارەزاى سیاسى لەچەشنى هێرۆى تاڵەبانى وسەركردە نەخۆشەكەیەوە بەچ ئاقارێكى خەتەرناكدا براوە؟
شتێكى حەتمى و بەڵگە نەویستە هەر حزب و رێكخراوێكى سیاسى خۆى لەمیللەت داببڕێت و پێى بەپیێ گۆڕانگارى و رۆژگار نەڕوات و خۆى نوێنەكاتەوە لەكاروان بەجێدەمێنێت، كەئەمە بۆ ئەوڕۆى یەكێتى دروست ورەوایە ئەوەتا یەكێتى لەپاش دواین كۆنگرە لەبرى بەرەوپێشچوون بەخودا چوونەوە سوود وەرگرتن لەهەڵەو كەموكوڕیەكانى بەپێچەوانەوە دەخوازێت رێگا ببڕێت وبگاتە مەنزڵ.كەئەمەش كارێكى ئەستەم و قورس و گرانە، چەند جوان دەبوو ئەگەر یەكێتى لەبەرنامەو پێڕەوى خۆى لاى نەدایە،چەندە مەزن و گەورە دەردەكەوت ئەگەر یەكێتى یەك دوو ئەندامى كەڵتەكۆنى وەكو فوئادمەعسوم وعومەرمورتاح ومەلا نەفام و هاوەڵەكانى خاننشین بكرادیە وچەند گەنجێكى ژیرو خاوەن ئایدیاى نوێى لەشوێنیان دابنایە،چەندە بەڕێز و شكۆدار دەردەكەوت ئەگەر یەكێتى یەك دوو خائین وپاشەڵپسى هاوشێوەى حامیدى حاجى خالید و مچەچاوڕەشى لەڕیزەكانى دەربكردنایە وسزاى بدانایە ، یەكێتى چەندە دەبووە باس خواس و نمونەى دیموكراسى ئەگەر زوو زوو سكرتیرەكەى بەهەڵبژاردنى حەقیقى بگۆڕیایە،بەڵام ئەوانەى دەیڵێم و بیرى لێدەكەمەوە تەنها ئەگەر و خۆزگەن،خۆزگەش هیچى لێ سەوزنابێت، یەكێتى وسەركردەكانى لەهەرهەموومان باشتر پەى بەو راستیە دەبەن و دەزانن كە گەشەكردن و پێشكەوتن و نەشونماكردن زادەى ئەوكارانەیە، چونكە بە ئەنجامدانى كارێكى وەها یەكێتى ئەبێتە حیزبێكى پێشرەو و سەرمەشق لە كوردستاندا،بەڵام كەسە گرگن وپیرو پەككەوتەكانى لەوكاروانە جێ دەمێنن، ئەوەى بەدرێژاى چەندین ساڵ هەوڵیان داوە بەتاڵانى و جاشایەتى و سواڵ و سەدەقە پێكەوەیان ناوە لەدەستیان دەچێت و بادەیبات، خۆیان و خاوو خێزانییان بەرەو هەڵدێر مل شكاندن و ریسوایى دەچن ،سەرەتا نەوشیروان وهاوەڵانى و دواتردكتۆر بەرهەم و هەندێك لە كەسانى ناو یەكێتى بەونەفەس و بیرەوە خواستیان ئاراستەى یەكێتى وبەرنامەكەى بگۆڕن و بەرگێكى نوێ بەرەدا بكەنەوە و لەو قەیران وگێژاوو مەرگەساتە قوتارى بەكەن بیخەنەوە سەر سكەكەى جاران، بەڵام هەر زوو لەلایەن تەكەتولەكان و كەسانى هەلپەرستەوە بەرپەچدرانەوە وناكۆكیەكان قوڵتر بوونەوە، تەكەتول وباڵ باڵێنى نێوان سەركردە نەخۆش و لێكەوتوەكان سەریهەڵدا،ئەوەى خاوەن بیروباوەڕو مەبدە و ئایدولۆژیا ونوێگەرى و داهێنان بوو خرایە پەراوێزەوە لە ململانێ و تەكەتول بازیدا خزاندیانن و كردیاننە دوژمن ونەیار ،ئەوەشى كە هەرزە و ساویلكە وكاڵفام و ناشى سیاسەت بوو خرانە ریزى پێشەوە و كران بەكوێخاو دەمڕاست، سەرەنجام بەدەیان كەس لەسەر حسابى تەكەتول و باڵباڵین قوت بوونەوە وهەڵتۆقین و بونە جێگرەوە و میراتگرى یەكێتى ورێبازەكەى كە لەهەمویان بەدناوتر و قێزەونتر شێخ جەعفەر و خولە سەنگاوین،كەهەردوكیان بەرهەمى تەكەتولن وبەئاوى سەرشۆڕى و كۆیلایەتى ئەوكارە سەوزبون ، هەرچى شێخ جەعفەرە ئەوەندەى پیاوعەبدى موتیعى كوسرەتە وغولام وخاولى بەدەستێتى نیوئەوەندە بەندایەتى وسوجدە بۆ یەزدانیش نابات،خولە سەنگاویش كە كەسێكى قێزەون و ون وگومناوى ناو یەكێتیە ئەویش لەسایەى باڵەكەى هێرۆ و تاڵەبانیدا سەرى لە هێلكە جوقاند وبەقودرەتى قادر بوو ئەندام مەكتەب سیاسى،ئەو خولەیەى لەجنیۆو قسەى بازاڕى زیاتر سەرە واوێكى ترى لە سكدا نیە،نەك ئێستا ئەگەر سەد ساڵى تریش تەمەنى بێت هێشتا نازانێت سیاسەت بۆچى دەكات و كارو مەهامى ئەندام مەكتەب سیاسى چیە، خولەیەك كە هەموو بیروباوەرو عەقیدەیەكى تەنها دزى و سەرانەسەندن و رێكەوتن بێت لەگەڵ كۆنە جاش و موستەشارەكاندا،خولەیەك لەبرى ئەوەى پەرەبەبیرو هۆش و رۆشنبیرى بدات ولەبەرخاترى مەنسەب و پلەكەى كەچى پەرە بەناولینگ وگیرفانى دەدات،سەنگاویەك لەبرى ئەوەى نەخشە رێگا دارێّژێت بۆ گەڕاندنەوەى ناوچە دابڕاوەكان بەردەوام خەریكى نەخشەو پلانى گڵاوە بۆ سوكایەتى پێكردن بە میللەت و حیزبەكەى،من دەپرسم ودەڵێم باشە یەكێتى چ خۆشیەكى لەو گەمژەیە دێت چ هونەرو بەهرەو ئیبداعێكى تیا بەدى دەكات؟ تۆبڵیت خولە بوبێتە بسماركى كورد بونى هێندە گرنگ و زەرورى بێت بۆ ئەو حیزبەو جێگاى و ئارام و عەزیز و جمال و حسین بابەشێخ و .......ئەوان بگرێتەوە یان لەوان بەتواناتربێت وا یەكێتى ناتوانێت دەسبەردارى بێت وتوند باوەشى پێدا كردووە؟ بەڕاستى وبێ پەردە من بوونى ئەو پیاوە نەك وەك ئەندام مەكتەب سیاسى بگرە بە ئەندام لایەنگرى سادەى



یەكێتیش بەگەورەترین سوكایەتى وسەرشۆڕى دەبینم بۆ یەكێتى،چونكە هێندەى من بیرمە و یەكێتیم ناسیوە هەرگیزاو هەرگیز كەسى وا بێزراو ئاست نزم نەزانى هاوشێوەى ئەوم تێدا نەبینووە لە هەر پلەوپۆستێكدا بوبێت،من بەدڵنیایەوە دەیڵێم ئەگەر بێت و یەكێتى بكەوێتە بژاركردن وپاككردنەوەى ئەندامە ئاست نزم و كۆلكەسیاسیەكانى هاوشێوەى خولە سەنگاوى دارو دەستەكەى ئەوا بەدڵنیایەوە لەسەدا پەنجاى متمانەى خەڵكی بەدەست دەهێنێتەوە،بەڵام نایەوێت و نایكات چونكە رۆژگارى ئەمڕۆى یەكێتى رۆژگارى سیاسەت و بیروباوەرو ئایدۆلۆژیا نیە، ئەمڕۆلەهەر شتێك كەمتر بۆئەوە داماوە ئەمڕۆ ئەوان پێویستیان بە كەسانى شەللاتى وشەقاوە و دەم پیسى وەكو خولەیە تا زیاتر بەدەست بێنن و پاشەكەوتى بكەن ، هەمووسەرانى یەكێتى وەك مانگى چواردە لایان روونە كە كەوتونەتە ساڵەو بەرەو لێوارى مەرگ و گیانەڵا ئەڕۆن بەڵام هێشتا بۆ ئەو چەند رۆژەى كە لەتەمەنى یەكێتى دا ماوە، ئەوەیان پێخۆشترە ،هەموویان لەمن وتۆ باشتر دەزانن بونى خولە دواین بزمارى تابوتەكەیانە، بەڵام خولەیەكى كۆیلەو دەربارو كاسە لیسى هێرۆ و تاڵەبانى زۆر باشترە لە كەسانێكى ژیرو وریاو خاوەن هزرو بیرى نوێ .


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە