کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەهیدبوون لەپێناو پارتى دا نەفامییە

Tuesday, 05/08/2014, 12:00


لەگەڵ ئەو هەموو بەزین و شكستەى دووچارى دەبێت ،كەچى پارتى دەمى هەر گەرمەو لەدرۆ و چەواشەكاریەكانى ناكەوێت، پاش هەڵهاتن و بەدەستەوە دانى شەنگاڵ، بەو درۆیە مەستمان دەكەن گوایە ئەوە تاكتیكى سەربازى یە، لەولاشەوە مەسعود بارزانى هەڕەشە دەكات و دەڵێت :ئەبێت ئەوانەى كەمتەرخەم بوون و، بونەتە هۆكارى ئەو شكستە ئەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، جا نازانم شایەتومان بەقسەى كامیان بهێنم، بەكام درۆیان باوەڕ بكەم، تەبعەن سەرۆك قسەى راستی دركاند،كەواتە ئەوەى بەرپرسانى پێشمەرگە دەیڵێن وپاساوى بۆدەهێننەوە سەر لەبەرى درۆیە، لەبەر ئەوە دەبێت ئەو كەسانەى كە كەمتەرخەم بوون سزا بدرێن، لەسەرو هەموشیانەوە مەسعود بارزانى، چونكە جەنابى فەرماندە وبەرپرسى یەكەمى پێشمەرگەیە ،بەدەر لەوەش ئەو زاتە هەستاوە هەرچى گەجەر و گوجەر و نەفام ونەخوێنەوار و رابردوپیسى بنەماڵە و كۆیلەكانى پارتى هەیە كردوە بە ئەفسەرى پلە بەرز، كە هیچ كامیكێان فڕیان بەسەر زانستى سەربازى وشەڕ و تاكتیكەوە نى یەـتەنانەت خولێكى نیو كاتژمێریشیان نەبینیوە،جا سوپایەك ئەوانە سەركردەو پلان داڕێژەرى بن،حەتمەن هەر وەك حزبەكەى باوك وباپیریان دەردەچێت .
ئێوە بڕوانن وەزارەتێكى گەورە و گرانمان هەیە بەناوى وەزارەتى پێشمەرگە و وەزیرەكەى سەربەگۆڕانە، بەڵام هیچ سەنگ و قورسایى و، وجودێكى نابینین، لەو ئاڵوزى وبارگرژیەدا بێدەنگ و ونە، نەدیارە نەقسە دەكات، كەچى لەولاشەوە كەسانى حزبى و لاخەبەر لەشەڕو تاكتیكى سەربازى، لەخۆیانەوە لێدوان دەدەن و، قسەىزل وباقو بیریق دەكەن.. خاڵە شێخ جەعفەریش بەخێرێ ئەویش ئێستا بۆتە راوێژكارى مەسعود بارزانى،گوایە جەنابى شێخ لە شەڕ و خیتەى سەربازى و پلان و هجوم و بەرگریدا كارامەو لێهاتوە،كەچى ئەویش ئەوەندەى دیكە لەئاست مەسعود وپارتیدا بچوك بۆتەوە ،ناوێرێت نقە بكات. ئەوەتا هەموو دەبینین كە گەریلاكانى یەپەكە زۆرجوامێرانە هاتونەت پێشەوە و، شەڕى دەستە و یەخە لەگەڵ داعش و دوژمنان دەكەن، قوربانى دەدەن،كەچى پارتى و دەهۆڵ كوتەكانى بۆ ئەوەى لەوەزیاتر روو زەرد نەبن، شەرمەندە و خەجاڵەتى میللەت نەبن،حاشا لەو راستیە دەكەن و ،چاویان بە گیانبازى و قارەمانى گەریلاكانى یەپەكە هەڵنایەت. حزبەكەى شێخ جەعفەر ئەو هەواڵە پشت راست دەكاتەوە،كەچى شێخ موستەشار و مستەفاى گۆڕان ناوێرن هیچ بڵێن!!
ئەرى بەراِست گەر بیرتان بێت ماوەى پێشوو ،مەسعود و پارتەكەى لەسەر خواست و رێنمایى توركیا هەستان بەدروستكردنى خەندەق و،بەهۆیەوە باشوور و رۆژئاوایان لێك دابڕى، بەمەش گەورەترین گوزریان لەشۆڕشى رۆژئاوا دا ، مەسعود بەم كارەى بەئاشكرا وبێ پەردە دژایەتى خۆى بۆ ئەو بەشە دوپاتكردەوە، ئەوەى سەلماندەوە كە دڵسۆز و كرێگرتەیەكى بێ وێنەى توركیایەو، هەرگیز رێگە نادات كوردستانێكى گەورە بێتە دى و سنوردەستكردەكان نەمێنن.،بۆیە لەلاى خۆیەوە لەناوچەى ژێردەسەڵاتى خۆى سنورى خۆى جودا كردەوە ، بە خەندەق و زێرەڤانى و چەتەكانى ئەو سنورەى تەنى و رێگەى نەدا یەك كوردى ئاوارە،یەك مناڵ و دەردەدار و ژن و پیر و پەككەوتەبێن بەم دیودا،تەنانەت خۆراك و داو دەرمانیش بگاتە دەست كوردانى ئەو پارچەیە، بۆ ئەوەش پاساویان دەهێنایەوە،گوایە بۆ سەلامەتى و پاراستنى باشوورە، هەر كەشەڕى داعش دەستیپێكرد،كۆمەڵێك ماستاو چى و مەسینە بەدەستى بنەماڵە كەوتنە هات وهاوار و جنێو قسەى ناراست بەئێمەو مانان، كە بەخراپە تەفسیرمان بۆ ئەو خەندەقە كردبوو،كە گوایە ئەوە حیكمەتى ئەو خەندەقە و بلیمەتى و زانایى سەرۆك دەركەوت ، كە رێگرە لەهاتنە ناوەوەى داعش وتیرۆر. بۆیە ئەبێت هەموومان فیداى عەقلى سەرۆك بین، بەڵام عانێك داعش دەربازى سنور بوو، شەنگال و چەندین ناوچەى ژێر دەسەڵاتى پارتى داگیر كرد، پارتى راونا، خەندەق وبلیمەتى یەكەى سەرۆك بوون بە بڵقى سەرئاو، دەرد و شكستى تیمار نەكردن، بگرە بۆ خۆ دەربازكردن و قوتاربون لەچەندین شوێنەوە بەپەلە كەوتنە پڕكردنەوەى ئەو خەندەقە.. هەقە مەمنونى داعش بن كە تاقەتى نەبوو،ئەگینا بەس بەهات و هاوار و هات هات، زۆر بەسانایى و بێ ئەوەى بەربەست بێتە رێگاى دهۆك و زاخۆ و مەخموریشى ئەگرت.
پێم خۆش نى یە بەوە تاوانبارم بكەن كە حەزبە سەركەوتنى داعش و نوشستى كورد دەكەم،نەخێر لاى من كوردستان پیرۆزترین خاكە، دڵۆپێك فرمێسكى مناڵیك نادەم بە گەورەترین گەوهەرى دونیا، ئاهو ناڵەى دایكێكى جگەر سووتاو، لاى من لە هەموو سەروەت و سامان و داهاتى سروشتى ئەم خاكە بەقیمەترە. چ پارتى و چ یەكێتى چ حزبەكانى دیكە، ئەوەندەى توانیویانە بۆیان كراوە زوڵمیان كردوە،خەڵكیان چەوساندۆتەوە،ناعەدالەتى و گەندەڵى وبێناموسیان كردوە،كارێكى وەهایان كردەوە كە ئێمەو مانان هیچ خۆشەویستى و سۆزو عەتف و وەفایەكمان بۆ خاك ونیشتیمان نەبێت،لەهەمبەر دوژمن و هێرشەكانیدا خەمسارد و دەستەوستان بین،ئاخر ئەوە چ رەواى حەقە پێشمەرگەیەك بە لاتى و برسێتى سنگ بنێت بەگوللەوە، لەپێناوى وڵاتدا خۆى بەخت كات، رەوەیەك مناڵ و ژنێك سیا چارە بكات، لەولاشەوە كوڕانى بەرپرس بەجلى ئاڵاو واڵاو تەشتێك نەجمەو پلەى سەربازیەوە ،بچنە بەرەكانى دواى دواوەى شەڕو كەش و فش و لاف وگەزاف لێبدەن،گوایە ئەوان سەرپەرشتیار و پلان دارێژەرى ئەوشەرانەنو ، سەركەوتنەكان موڵكى ئەوانە. لەپاداشتدا بەئەندازەى باڵاو كێشى خۆیان پارەو زێر و ئوتومبێل یان بۆ بكرێتە خەڵات و،ژن و مناڵى پێشمەرگەى شەهیدیش كە بەخوێنى ئەوان سەركەوتنەكان نەخشاوە ، بكەونە سواڵ ،یان پەنابردن بۆ كارى نارەوا. بۆیە ناهەقم مەگرن كە بڵێم شەهید بوون لەپێناو وڵاتێكدا كە ئەمانە رابەر و سەركردەى بن، ئەوپەڕى ئەوپەڕى ریسوایى یە. تەمەنا دەكەم كە چیدى پێشمەرگە نەبێتە سوتەمەنى ئەو شەڕە،چونكە ئەوەشەڕێكى ناعادیلانەیە و،شەڕێكە بۆ پاراستنى پلەو كورسى مەسعود و قوباد و دارو دەستەكەیەتى،هەركاتێك كوڕانى ئەوان هاتنە ناوشەڕەكەوە و بونە قوربانى،كە ئەبێت ئەوان دەستپێشخەر بن،چونكە بۆ ئێمەى هاوڵاتى سادە و گیرفان بەتاڵ ، هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت، بەعس بێت و داعش بێت و كورد بێت،هەر مەزڵومین و خاوەنى هیچ نین ،ولاتیش بسوتێت و خاپوور بێت شتێكى وەها لەدەست نادەین، بەڵام بۆئەوان بەجۆرێكى ترە. جا بۆیەهەركاتێك نەك كوڕو برازاو كەسى نزیكى خۆیان، بگرە پورزا زاى شوفێر و باخەوانەكەشیان ناردە بەرەى جەنگ شەرتبێت منیش دوەم كەس بم بچم بەرگرى لە نیشتیمان بكەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە