کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حكومەتێك نەتوانێت سێ شار بەرێوە به‌رێت شایەنى چییە؟

Monday, 08/10/2012, 12:00




من هەمیشە ئەم حكومەت و ئیدارە و وەزارەت و شتانەم وەكو تەمسیل و یارى مناڵان هاتۆته‌ پێش چاو. دەڵێم رۆژێك دێت كۆتایى به‌م یاریی منداڵانه‌یه‌ بێت و تێك بچێت. تۆ سەیربكە بۆ پۆست و سەرۆك و وەزیر و شتى زل هەموو خۆیان بەگەورە و رابەر و سەركردە ئەبینن، بۆ خۆ فشكردنەوە و پۆزلێدان بەسەرماندا خۆیان بە كوێخا و گەورە و دەمڕاست و عاقڵ دەزانن كە دێتە سەر ئەمرى واقیعیش هیچیان سەنگ و قورسایى چڵه‌ پوشێكیان نییە، ته‌نانه‌ت وه‌ک ئه‌ندامی کۆی خێزانێک  بەتەنگ میللەت و خەڵكەو نین. تۆ بڕوانە ئەو بەناو سەركردە و حكومەت و شتە زل و قەبانە نزیكەى چارەكە سەدەیەكە بونەتە مۆتەكە بەسەر سەرمانەوە و بەدرێژایى ئەو ماوەیە ناتوانن ئیدارەى تەنها 3 شار بدەن و لە روى خزمەتگوزارى و ئارامى و ئاسایشەو نازانن  مامەڵەى لەگەڵدا هیچدا بكەن. تۆ دیقەت بدە هەر رۆژەى بەناو دراوسێیەك ئیهانەمان دەكات و یارى بە كەرامەت و سیادە و ناموسمان دەكات كەچى بەغیرەتێكیان تێدا نەبوو بڵى ئەى دراوسێ رەززا تاڵەكەم ئیدى بەسە، لەبرى ئەوەى لە بەرامبەر ئەو كارە تاوانكاریانە هەڵوێستیان هەبێت سەركردە نابوتەكان بە روو زەردى و ده‌چن و به‌ شەرمەزارییه‌وه‌ دەبنە میوانیان و لە كۆنگرە و دانیشتن و میدیاكاندا بەشان و باڵیاندا هەڵدەدەن و لێمان دەكەن بە پەپوولەو بێتاوان. بیست و دوو ساڵە بەناو حكومەتین و خاوەنى موئەسەسە و پەرلەمانین، كەچى هێندەى وڵاتێكى دواكەوتوى ئەفریقامان پێناكرێت، توخوا عەیب و شورەیى و شەرمەزارى نیە لەوڵاتێكى پڕ لەنەوتدا نرخى بەنزین لێرە و سوید و ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا و سویسرا ئەو وڵاتەى چۆڕایى نەوت چییە لێى نییە، که‌چی نرخیان وەكو یەك بێت؟، خەجاڵەتى و شەرمەزارى نییە تازە بەتازە نەخۆشى كۆلێرا و سكچون كە لەجیهاندا ناوى نەماوە ئێمە تازە توشى ببین؟ عەیب و عار نیە لەوڵاتێكى پڕ خێر و بێردا تازە بەتازە سەرە بگرین بۆ هەندێك برنج و رۆنى بایەعى، ئابڕوچوون و جەخاڵەتى نییە هەموو وڵات پیس بووە دەرمان، خواردن، ئوتێل و نەخۆشخانە پڕن لە خوراك و شتى زیان بەخش و ئێکسپایه‌ر. سەرشۆڕى نیە لەناو شارێكى وەكو سلێمانی و هەولێردا ژمارەى پۆلیس و ئاسایش لە خەڵكەكەى زیاترە، كەچى ئەو هەموو تاوان و كوشتن وسەربڕین و دزى و راوەروتەى تیا رووبدات؟ گاڵتە جاڕى و قەشمەرى نییە لە سەدەى بیست و یەكدا كە هەموو جیهان بۆتە تەكنەلۆژیا و رۆبۆت ئێمەش لەسایەى سەرى ئەو سەرگەورە نەخۆشانەوە لەسەرەتاترین مافەكانى ژیان (ئاو و كارەبا و رێگاوبان) مەحروم بین؟ مەهزەلە نییە ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان و وەزیرو مەسئول و شتە زل و قه‌به‌کان ئەم حكومەتە بەوانەى که‌ ماون، بەوانه‌ی که‌ خانەشین بوون بەقەدەر شارێكە و هەموویان مووچەى قەبە و زل وەردەگرن و هەژارێكیش لەتاو بێدرامەتى لە سەرجادە رۆژ دەكاتەوە، هەقى ئەوە نیەی یەك ملیۆن نەفرەت بكەیت لە مەسئولێك كە نازناوى خوى كردوە بە ناوى ناوچەیەك و خۆى بە كوڕى ئەوێ دەزانێت كەچى بە پانزە گوند یەك قوتابخانەى نەبێت؟ لەدەستى نەیەت پارەى یەك دوو تانكەر نەوتى دزراو ببەخشێتە ئەو گوند و ناوچانە. جادەو رێگاوبانمان هى سەردەمى شەست و حەفتاكانە كەچى رۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێل دێنە ناوەوە هیچ حساب و پلان و بەرنامەیەك نییە تا رادەیەك بۆ ئەو لێشاوە دابنرێت و لەبەرخاترى چەند سەد دۆلارێك قوڕیان كردوە بەسەر ئەو میلله‌ته‌دا، عەیبە و بێ ئابڕویى نییە بە سى و پێنج بۆ چل رۆژ موچەى فەرمانبەران بدرێت، ئابڕوچوون نییە حكومەت و دەوڵەتێك دزیى و گیرفان بڕى لە خەڵكى خۆى بكات، هیچ كەسێك لەخەمى سبەینى و حسابى پاشەڕۆژدا نییە هەرچى هەڵدەستێت بەشى خۆى دەبات، لەولاشەوە بەهەزاران كەمئەندام و نەدار و هەژار بۆ ژەمێك نان و لانەیەك دەچن بە ئاسماندا، هەموومان دەزانین لەو وڵاتانەى كە ئینسان ئیحترامى هەیە و سەرۆكەكەشى تا بڵێى سادە و بێ فیز و گەورەیە، لەسەر بچوكترین شتى ناڕاست و هەڵە لێپچینەوەى لەگەڵدا دەكرێت و موحاسەبە و ئیهانەش دەكرێت، یان ئەگەر كارەساتێكى سروشتى یان هەرشتێكى نەخوازرا و رووبدات لەدەسەڵاتى كەسى بەرپرسیش نەبێت ، بەڵام ئەو بەرپرسە هەست و  ویژدانى قبوڵناكات و حەزناكات مەسئولیاتى مێژووى بكەوێتە سەرشانى یەكەو راست دەست لەكار دەكێشێتەوە. كەچى لاى خۆمان بەدەیان نەخۆشى ئایدز و كۆلیرا و ڤایرۆسى جگەر رۆژانە تەشەنەدەكەن كەچى وەزیرەكەمان مێش میوانى نییە و بێخەمترین كەس لەو بارەیەوە ئەوە، بەوەشەوە ناوەستێت بۆ شاردنەوەى راستیەكان پەنا دەباتە بەر درۆ، یان هەموو دەبینن رۆژ نییە بە سەدان تەن خۆراكى ماوەبەسەر چوو دەستى بەسەردا نەگیرێت ، كەچى تائێستا نەمانبینى بڵێن سەرچاوەى ئەو خۆراكانە فلان كەس و فڵانه‌ شوێنە، بەرپرسێك نەهات بڵێت با بەزەیمان بە حاڵ وتەندروستى ئەوخەڵكەدا بێتەوە یەك دوو كەس سزا بدەین.
من هەموو جارێك سوپاسی خوا ئەكەم ئەڵێم بەس نەبوو حكومەتەكەمان پان و بەرین و گەورە نەبوو هاوشێوەى ئێران و فەرەنسا ئەو دەمە چیمان بكردایە، جا پیاو چ دڵێكى بەم حكومەتەى خۆش بێت كە نەتوانێت ئیدارەى سێ پارێزگا بدات كە نفوسیان ناگاتە سێ ملیۆن كەس و هەمووى سێ چوار جادە و بان و دە دوانزە دائیرە و چەند گەرەكێك بێت، ئەڵێم بەس نەبوو خاوەنى حكومەتێك نەبوین و كە هەر چوار پارچەى كوردستانى لەخۆ بگرتایە ئەمانەش رابەر و سەركردە و دەمراستمان بونایە، ئەو دەمە چیمان بكرادیە؟ وەكو وتم من ئەم حكومەتەم عەینەن سەردەمى مناڵى دێتە پێش چاو بەرۆژ یەكێكمان گەورە و بەرپرس و سەردەستە بووین ئەوانى دیكەش هەریەكەى مەنسەبێكیان هەبوو، تا دەمە و ئێوارە دواى ئەوە هەر كە دنیا تاریك دەبوو ئیدى بەرپرسیاریەتى و ئەرك و گەورەیمان لەكەڵ رۆژدا ئاوا دەبوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە