کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڵێنى درۆ و زمان شیرینى بەرپرسەکان، رۆژگارە ناخۆشەكانتان لە بیر نەباتەوە!

Sunday, 15/09/2013, 12:00


ئاى بەنەفرەت بیت سیاسەت، وەى تۆوت بڕێ دەنگدان، تۆ ببینە و دیقەت بدە، كەسێكى وەكو عیماد ئەحمەد كە بە دە واسیتە و نامەو پرسگە، نەت دەتوانى سڵاوێكى لێ بكەیت، ئێستا وا خاكى و بێ فیز بووە، دێتەناو كۆڵان وبازاڕ وگەڕەكەكان ، هەر لەخۆیەوە سڵاو دەكات، پێدەكەنێت، خۆى دەكات بەچایخانە و چێشتخانەكاندا،هەر ئەوەندەى ماوە ببێتە شاگرد وبەردەست. لەگەڵ پیرێژن و كەم دەرامەت و هەژاراندا نەرم ونیان و لەفز شیرینە،دەست بەسەرباندا دێنێت، وەعدى موچە و باشكردنى گوزەرانیان دەدات.
زۆر جار دەڵێم خۆزگە بەخۆزگایى ئەو خوایە هەموو سەرەمانگێك دەنگدان هەبوایە، ئەو دەمە بۆخۆمان خەنى دەبووین، كێشەى بەنزین و سوتەمەنى، بێ خزمەتى و ئیهمالى وفەرامۆشى نەدەما، وڵات دەبوە بەشێك لە سوید و نەرویج،هیچ كەس كێشە و گرفت و نارەحەتى نەدەبینى. هەر هیچ نەبوایە كۆمەڵێك كەس سود مەند دەبون، ئاوڕێكیان لەفەقیر و بنەماڵەى شەهیدان و ئەنفالكراوان دەدایەوە شتێكیان بۆدەكردن.
بەراستى مایەى گاڵتە و مەخسەرەو شورەیى یە، كەسێكى وەكو عیماد ئەحمەد، یان ئەرسەلان فرسەت، كە بەدرێژایى تەمەنیان بەسەیارەشەوە رێیان نەكەوتۆتە ناو گەڕەكە هەژارو خانوە وێرانەكان، تا ئێستا نەمان بیست و نەمان دى نەك ئەوكەسانە،بگرە بچوكترین بەرپرسیش ئاوڕێكى لە بژێوى و گوزەرانى میللەت نەداوەتەوە،كەچى ئێستا لەبەرخاترى هەڵبژاردن و ترس وراراییان لە ئەنجامى هەڵبژاردن ولەدەست دانى كورسیەكانیان، كەوتونەتە خۆ و بیرى ئێمە ومانانیان كەوتۆتەوە؟!
پێم وابێت ئیدى كاتى ئەوە هاتوە كە ئێمەش لەهەمبەر ئەو زوڵم وناهەقى و زۆرداریەى ئەوان، تۆڵە بكەینەوە، بیرى سەرەى بەنزین مان بێت،بیرى دزى وفزى و پارەخواردنمان بێت،بیرى بێ خزمەتى و پشتگوێ خستنى رۆژانى پێشومان بێت، بیرى بێكارى و هەژارى و نەداریمان بێت، بیرى گیرفانى خاڵى و قۆڕەى سكمان بێتن بیرى بەهەدەردانى ئەو هەمووموڵك وماڵەمان بێت. بیرى زەبرو زەنگ و گرتن و سەرەنگونمان بێت، بیرى دواكەوتنى موچە و خواردنى ماف مان بێت، بیرى ناعەدالەتى و خزم خزمێنەو واسیتەمان بێت، ئەوەمان بیر بێت كەئەو بەرپرسانەى ئێستا بونەتە خاكى و سادە،جاران لەكشەكەلانى فەلەكدا خۆیان دەبینیەوە خۆیان بە خوداى سەرزەمین دەزانى. هیچ نەگۆڕاون ،ئەو شەق و ترسى ئەنجامى هەڵبژاردنە والێمان بونەتە پەپوولەو فریشتەوپەرى.
ئێستا ئیدى كاتى ئێمەیە،ئێمە خاوەن دەسەڵاتین،ئێمە دەتوانین بڕیار بدەین،ئێمە دەتوانین ئەنجامەكان یەكلا بكەینەوە، ئێمە دەتوانین ئەوكەڵتە كۆن و سواوانە بخەینە زبڵدانى مێژوەوە،كاتى تۆڵەیە ،هەژارى ونەداریتان لەبیر بێت، سوكایەتى و شەق و تەعزیبى ئاسایشتان لەبیر بێت، ئیهانەو پۆرت شكاندنى بەرپرسانتان لەبیر بێت، خۆینى بەناهەق رژاوى دەیان رۆڵەى بێتاوانتان لەبیر بێت،فرمێسك وناڵە وهاوارى بێوەژنان و بێ لانەوحاڵەكان با هەر لەگوێتاندا بزرینگێتەوە، پاوان خوازى و موڵك ومال َو ڤێلا و پڕۆژەى بەرپرسان لە ئەوروپا و دوبەى تان لەبیر نەچێت، لۆریە دۆلار و پارەى ژێزەمینەكان بێننەوە بیر خۆتان، ریزە مۆنیكا و وەنەوەشەو ئۆتۆمبیلەگوللە نەبڕەكان فەرامۆش مەكەن، ناز ونیعمەتى كۆڕان وكچانى بەرپرس تان لەیاد بێت،بەم یەك دوو سەردان و چونە ناو خەڵكەى ئەو بەرپرسە ساختەو درۆزنانە فریو مەخۆن،ئەوە تەنها سیناریۆ و تەمسیلیەكى كۆن و سواو و سەد بارەیە، پێم وابێت ئەوەى تۆزێك هەست وبیرى هەبێت و بەرتیل نەدات بەویژدانى تا بێدەنگى بكات، هەرگیزاو هەرگیز ئەوهەموو غەدرو زوڵم و تاوانانە لەبیر ناكات.
من وەكو خۆم تكام وایە كە هەمووان بچن بۆ دەنگدان، بەشدارى بكەن، دەنگ بەكێ دەدەن و كێ هەڵدەبژێرن سەربەستن، بەڵام ئەوەى باسكرا رابردوو وناسنامەى ئەو دوو حزبە زل وبێ خێرەیە، كە چارەكە سەدەیەكە گیرۆدەبوین بەدەستیانەوە، سەرجەم نەهامەتى و كوێرەریەكانمان زادەى دەسەڵاتى ئەو دوو لایەنەیە، پێم خۆشە هەمووان لەو پرۆسەیەدا بەشداربن، ئەگەر هەر دەنگیش نادەن و كەس بەشیاوى ئەو پۆستە نابیننەوە، ئەوا لیستى ناوى پاڵێوراوان بەسپێتى مەخەنە ناو سندوقەكەوە ،هەر هیچ نەبێت، راست و چەپێك یان نیشانە لەسەر دوو لایەن یان كاندید بدە، بۆ ئەوەى كەسە تەزویر چى وكۆیلە و بەكرێگیراوەكانى حیزب سوودى لێ نەبینن . بەفرتو فێل دەنگەكەى تو بۆ خۆیان نەدزن، ئەمجارەش هەورى رەشى وتاریكى ئاسمانمان نەتەنێت.
چەتۆ بینایى
88cfژمارەى ناسنامە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە