کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ووڵاَت نەخۆش وسەرۆك نەخۆش تر

Thursday, 19/07/2012, 12:00





هەموان بەردەوام ئاگادارى رەوشى عێراقین و دەزانین كەبەدەست وڵاتانى بەناو دراوسێوە بوە بە چ مەخسەرەیەك ،هەرەیەكە بۆ خۆى لەهەوڵى ئەوەدایە حاكمیەت و باڵادەستى خۆى بنوێنێت، و جێ پێى خۆى قایم بكات، بەمەش سەریان لە سەركردەكانى وەكو مالیكى تالەبانى و نوجێفى و مەسعودیش شێواندوە ،ئەوانیش گیریان خواردوە نازانن جاشایەتى و نۆكەریەتى بۆ كامیان بكەن، لاى هەركامێكیان بگریت لایەكەى دیكە لێیان دەبێتە دوژمن، بەهەڵەداناچم ئەگەربڵێم ئێستا عێراق و حكومەتەكەى بونەتە ئێرانێكى بچوكراوە ئەوانەى كە رابەرایەتى دەكەن تەنها و تەنها كارتۆنین ،هیچیان پێناكرێت ،هەرچى ئەزمەو كێشەو ململانێیەكە بە روون و ئاشكرایى دەستى ئێرانى تێدایە، كار گەیشتۆتە ئەوەى كە زۆرێك لە وەزیر و پەرلەمانتارەكانیش ئەبێت بەویست و خواستى ئەوان دابنرێت و لاببرێن ،تەنانەت لەزۆر دام ودەزگاى بەغدا بەرێوەبەر و دەست رۆیشتوەكانیشیان نەك پیاوى و داردەستى ئەوانن بگرە بە ئەسڵ و نەسەبیش هەڵگرى رەگەزنامەى ئێرانین.
بەكوردى و بەكورتى عێراق ئێستا لەبارێكى زۆر خراپدایە دووچارى دەیان نەخۆشى ودەردو بەڵا بۆتەوە و كە چارەسەركردنیان ئەستەم و گرانە بۆ ئەوەش پێویستى بە رابەرو سەركردەیەكى ژیر و تەندروست هەیە كە لە روى جەستەیى و دەرونیەوە كەسێكى ساغ و چاك بێت ، تابتوانێت وڵات لە قەیران و كێشە و مللملانێ و ناكۆكیەكان دەرباز بكات و بەرەو ئاقارێكى راست و دروستى بەرێت، بەڵام تاكو ئێستا هیچ كام لەو سەركردانە نەیانتوانیوە زام وبرینى عێراق سارێژ بكەن وكێشەو ناكۆكیەكان وەلا بنێن و چارەیەكى یەكلاكەرەوەى بۆ ببیننەوە ، هەموو لایەنەكان بەشیعە وسوننەو كوردو عەرەب و توركمانەوە چاوەرێى ئەوەن كە كەسێكى وەكو تاڵەبانى ببێتە فریاد رەس رزگار كەر و وڵات لەم تەنگەژەو نائارامیە دەرباز بكات ، راگەیاندنەكانى یەكێتیش زۆر شاگەشكەن بەو هەوڵ وكارەى تاڵەبانى سەرۆكیان پێیان وایە تاڵەبانى عەساى سیحرى پێیەو بەكون فەیە كونێك هەموشتێك یەكلا دەكاتەوە بۆیە بە شانازیەوە ناویان ناوە(ێمام الامان) ، من دەپرسم و دڵێم باشە كەسێكى پیر و پەككەوتەو تێكچوو خڵەفاو كە خۆى لەسەر پێ بۆ راناگیرێت و بە دایبى و حەب و جۆرەها شتى دیكە ئەوجا بتوانێت بۆماوەى چەند دەقیقەیەك لەسەر قاچى خۆى بوەستێت ،ئەدى چۆن دەتوانێت پارسەنگى هێز و ململانێكان هاوسەنگ بكات؟، ئەو هێندەى لەخەمى كورسى وپۆستەكەیەتى نیو هێندە گوێ بە كێشەو ناكۆكى قەیرانەكان نادات،وەكو خۆى وتەنى پێى خۆشە لەسەر كورسیەكەى گیان بسپێرێت و وابزانم وەسیەتیشى كردوە كە هەر بەكورسیەكەیەوە لەگۆڕى بنێن، تا ئێرە ئاساییە و بەلاى منەوە ئەو شتە غەریزەیەك و خولیایەكى ئەو زاتەیە و ساڵانێكە تەمەناو ئاواتى بۆدەخوازێت ،ئەوە نەمرد پێى گەیشت ، بەڵام ئەوەى كەلام قورس و گرانە بێدەنگى و بێ هەڵوێستى كەسەكانى دیكەیە هەر لە ئەندامە باڵاكانى حیزبەكەى تا دەگاتە سیاسیەكانى كوردستان و نوسەران و رۆشنفكران لەبەر دەم ئەو هەموو فاوڵەى دەیكات كە بەهۆیەوە بەقوەلى خۆى دەڵێت (ئەزى تێدا شەرمەزار دەبم) رۆژێك بروسكەى پشتیوانى بۆ قەزافى و بەشار دەنێرێت و شوڕشگێران و چالاكوانان بە دوژمن و ناحەز وەسف دەكات، رۆژێك دەستى چەورەیەكى توركمان ماچ دەكات رۆژێك ئێران و رژێمەكەى دەكات بەخواوەندى سەرزەمین ، هەرچى شتى قۆرو سەقەت و ئابڕو بەرەئەو كابرایە دەیكات بەبێ ئەوەى هیچ حساب و شتێك بۆ خۆى و مێژووى خەیات و تەمەنى بكات . دوا كارى پڕ شەرمەزارى و ئابڕو بەرانەى ئەو زاتە كە لەهەمویان روو زەردانە ترە ،ئەوەتا هەموو ئاگادارین سوریاو رژێمە بەعسیە تاوانكارەكەى لەلێوارى مەرگدایە هەرچى دۆست هاوپەیمانى هەیە پشتیان تێكردوە چونكە دەزانن كە رژێمێكە تا سەر ئێسقان دیكتاتۆرو ملهوڕە لەبەرامبەر گەل و هاونیشتمانیەكانیدا دەست نابوێرێت و رۆژانە بە دەیان و سەدان كەس شەهید دەكات، كەچى نەمان دى سەرۆكە ئازیزەكەى خۆمان بە وشەیەكیش سەركۆنەى ئەو كارە دڕندانەیە بكات یان لەبەرامبەر ئەو تاوانكاریانەیدا هەڵوێستێك بنوێنێت، بێنێتەوە بیرى كە ئەوانیش بەعسن و خەڵكى وسوریاش وەكو میللەتى كوردو عەرەبى خۆمان بەهەموو شێوەیەك روبەروى نەهامەتى و جینۆساید و رەشەكوژى دەبنەوە،بەڵام بۆ كوشتنى زاوایەكى بەشار ئەسەد بەپەلە پروزێ بروسكەى ماتەمینى دەنێرێت و هاوخەمى خۆى دەردەبڕێت، من پێم باشە كە تاڵەبانى سێ رۆژ پرسەى ماتەمینى رابگەینێت و داوا لە ئەندامانى یەكێتیش بكات بەرگى رەش بپۆشن و یەكى وێنەیەكى ئەو گۆربەگۆڕە لەیەخیان بدەن ،و هێرۆى زنیشى بەدەنگە ناسازەكەى خۆى بە زاوا رۆیە بلاوێنێتەوە .
لەكۆتیایدا رووى دەمم دەكەمە برادەرانى مەكتەب سیاسى و راویّژكارانى تاڵەبانى پێیان دەڵێم پیاوى چاك بن بیرێك لەحاڵى كوردو حیزبەكەتان بكەنەوە مەیەڵن ئەو سەركردەیەتان ئەوەندە كارى نەشیاو سەقەت و پڕشورەیى بكات ، قەناعەتى پێبكەن كەدەستبەردارى پۆست و كورسیەكەى با لەوە زیاتر نەمانكاتە مەخسەرەو گاڵتەجاڕى .
چەتۆ بینایى

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە