ئاى دونیا خولەسەنگاویش بو بە سیاسەتمەدار
Saturday, 21/07/2012, 12:00
ساڵ بەساڵ وڵاتانى دونیا پێ بەپَیى سیاسەت و رۆژگار ئەچن بەڕێوە و خۆیان لەگەڵ رامیارى و گۆڕانكارى سەردەمدا ئەگونجێنن، بۆ ئەوەشى لەكاروانى سیاسەتى دەولى دانەبڕێن و پاش نەكەون جۆرەها زانكۆ و ئەكادیمیاو ئەنتیستویتى جۆراو جۆر دەكەنەوە و لەهەرە زاناو مامۆستاو دكتۆرە بلیمەتەكانى خۆیان تەرخان دەكەن بۆ پێگەیاندنى كادیر و كەسانى پڕۆ فیشناڵ و بلیمەت، هەرچى تواناو ئیماكانیاتى بەردەستە بۆیان فەراهەم دەكەن، بەو جۆرەش ئەوجا ناتوانن هاوتەریب لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەتى دەوڵەتانى دیكەدا بچن بەڕێوە ، ئەوان خاوەنى پاشینەیەكى دەوڵەمەند و پڕ زانست و زانیارین و چەندین بلیمەت و لێهاتوى وەكو(ماركس و لینین و ئینگلیس و بیسمارك و غاندى و ماندیلاو.......)یان بەمیرات بۆ بەجێماوە كە دەتوانن سوود لە ئەزموون و نوسین و زانست و زانیاریەكانیان وەربگرن و بیانكەن بە توێشوى كار و ئەركى رۆژانەیان و سیاسەتى خۆیانیان پێ بەڕێ بكەن. بەڵام مخابن لە كوردستان لەگەڵ ئەوەى تەواوى ژیانمان سیاسەتە و سیاسەت پانتایەكى گەورەى لە ژیان و مێژوومان داگیر كردوە،بەدرێژاى چەندین سەدە ئێمە هەر خەریكى سیاسەت و سیاسەت بازى بوین چەندین بەناو سیاسەتمەدارمان تێدا هەڵكەوتوە ، بەڵام تاكو رۆژى ئەمرۆمان هیچ دەسكەوتو بەرهەمێكمان نەبووە،هیچ سەروەرى و شانازیەكمان لەسیاسەت نەچنیوەتەوە، تاهەنوكە نەبوینەتە خاوەن كەسانى سیاسەتمەدارى دیارو ناسراو تا شانازیان پێوە بكەین و بەرنامەو بیرو راو نوسین و شرۆفەكانیان بكەینە چەكى دەستمان و لەرۆژگارى ئەمڕۆماندا لەسەر ئەرزى واقیع پیادەى بكەین.
بەهەڵەدا ناچم ئەگەربڵیم بەدرێژایى مێژوو ئەمە حاڵمان بوە ، لەگەڵ ئەوەى دەیان و سەدان كەسى خوێندەوارو رۆشنبیر و دنیا دیدە و چاوكراوەمان هەبوە بەڵام بایى پولێك خێریان بۆ میللەت و حیزبەكەشیان نەبووە، نەیان توانیوە بە ئایدۆلوژیاو سیاسەتى گونجاو بمان گەیەننە ئامانج و مەنزلً، بەو شێوازەش ئەمە حاڵمان بووە بۆیە ئێستا باجى ئەو سیاسەتە هەڵەو پڕكەموكوڕیە كەوتۆتە سەرشانى ئێمە دەبێت ئێمە بیدەین، لەبرى ئەوەى بەخۆماندا بچینەوە ئەزموون و وانە لە رابردو وەربگرین پێچەوانە رەفتار دەكەین، بۆ رۆژگارى ئەمڕۆمان كە كورد و كێشەكەى لەجاران زیاتر ناسێنراوە و هاتۆتە پێش و وڵاتانى ئیقلیمیش بەوپەڕى جدیەتەوە بۆ چارەسەر ورێگاى دەربازبونى ئەوكێشەیە كەوتونەتە خۆیان، مەسەلەى كورد و كێشەكەى لایان بۆتە كارێكى رەها و دەبێت وهەردەبێت چارەسەربكرێت، بۆئەوەش بە وردى ودیقەت و ژیرانە و هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ كورد دا دەكەن و داوا لەكەسانى شارەزا و قاڵبوى سیاسەتى وڵاتەكەیان دەكەن بەسەرنج و تێبینى و بیرورا و لێكدانەوەى خۆیان لە رێگا چارەى ئەو كێشەیە هاوكاریان بن تا سەروەرى وڵات و هاو سەنگى خۆیان لەدەست نەدەن. لەبەرامبەردا ئێًمەش بۆ ئەوەى ببینە خاوەن ئایدۆلۆژیا و رامیارى و هزرێكى كامڵ و مۆدێرن پەرەمان بەو بوارە داوە و كەسانى وەكو شیخ جەعفەر و خولە سەنگاویمان هێناوەتە مەیدان و كردوومانن بەسیاسەتمەدارى سەردەم لە مەكتەب سیاسى جێمان بۆ راخستون ..من دەپرسم دەڵێم باشە دەبێت كورد لە خولە سەنگاوى زیرەكترى تیانەبێت ؟؟ئەمە چ مەنتیقێكە كەسێكى ساویلكەو كاڵفام و گەمژەو لاخەبەر و نەخوێنەدوارى وەكو خولە سەنگاوى ببێتە ئەندامى مەكتەبى سیاسى؟؟ئەبێت ئەو مەكتەبە ئاستى سیاسەت و لێهاتوى لە چ پلەیەكدا بێت؟؟ ئەى قوڕ بەسەر سەركردایەتى ئۆرگانەكانى ترى! ئەبێت كاكە خولەى كۆنە سایەق و كۆلكە خوێندەوار كە خۆى بەسوسیال دیموكرات ئەزانێت و ئەندامى ئەنتەر ناسیونالى جیهانیە، چ زیادەو دیدو بۆچونێك بخاتە سەر مانیفێستى ئەنتەر ناسیونال. ئەوەش نا من پێم خۆشە تەنها بە دێرێك پێم بڵێت سوسیال دیموكرات ماناى چیە تاكو من و سەدانى وەكو من بەدرۆ بخاتەوە و شایەتومان بێنین بڵین بە هەق بلیمەتیت و قاڵبوى سیاسەتى و ئێمە غەدرمان لێكردویت؟؟تاكو رۆژى ئەمڕۆمان ئەو ئەندام مەكتەب سیاسى یە نەك موحازەرە و كۆڕ و سیمینار، بگرە تاكە جوملەیەكى موفیدیشم گوێ لێ نەبووە لەسەر سیاسەت و ئایدۆلۆژیا تا من و سەدانى وەكو من تەسقیف بكات ئێمەش بچینە پاڵ دەهۆڵ كوتەكانى ناو فیسبوك و بڵێن(ئێمەش پشتیوانى خولە سەنگاوین) ، بەراستى عەیب و عار وشورەیى و خەجاڵەتى وشەرمەزارییە بۆ حیزبەكەى كاكە خولە ،لەدواى نەمانى (ئارام و شەهاب و جەعفەر و ئازاد هەورامى و.........) كاكە خولەى ئەبو عەینەك ببێتە میراتگرەوەى ئەوانە، من قەت ئەو پیاوەم لەنزیكەوە نەدیتوە بەڵام بەهۆى دەركەوتنى لە تەلەفزیۆن و شوێنە گشتیەكاندا بۆم دەركەوتوە كە چ بلیمەتێكە. ئەو زاتە تەنها لە دوو شتدا زۆر سیاسى و كارامەیە یەكەمیان لە كارى بێ نامووسى و هەڵخەڵەتاندنى كچانى هەرزەكار وەكو ئەو فەزیحەیەى دواناوەندى جەمال تاهیر كەساڵانێك لەمەو پێش لەگەڵ كەسێكى هاوشانى خۆیدا بەسەریدا هات ،دووەمیشیان لە حسابى تانكەرە نەوت و غەسالەى چەو و لم و راوە رووت و تاڵانیدا. سیاسیە ئەمما سیاسى .من هیچ بەرژەوەندیەكم لەگەڵ یەكێتیدا نیە و بەخوێى چێشتیش پێیان ناگەمەوە ،بەڵام تكاو رجا لەو كەسانە دەكەم كە تۆزقاڵە ئومێدێكیان بەو حیزبە ماوە دەڵێم ئاشكرایە كە ئێوە رۆژانە بەرەو پوكانەوە لاوزاى دەچن و كەوتونەتە پایزى تەمەنەوە، جا بۆ ئەوەى هەر هیچ نەبێت توزێك مەرگتان دوابكەوێت یان بۆخاترى ئەوەى پاش نەمانى خۆتان خەڵك و خوا بڕێك درود و رەحمەتتان بۆ بنێرێت ،خولەو پێڕەكانى لەو مەكتەب و مەكتەب كاریە تەقاعود بكەن ، بەمام جەلال و دادە هێرۆش دەڵێم ئەگەر خواست و مەیلتان هەیە بۆ دۆزینەوەى خەڵكى باش وچاك بۆ ناو مەكتەبەكانى حیزبەكەتان، هەردووكتان عەینەكەكانتان لەچاو بكەن و بەوردى و دیقەت و دور لەگیانى تەكەتول و نۆكەرى بگەڕێنن ئەوا بێ ماندوبون دەیاندۆزنەوە و بەدیل هەیەو كەسى باش و ژیر و دانسقە و شارەزا زۆر زۆرە بۆ جێگاكەى كاكە خولەو جەنابیشتان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست