کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كاروان عوسمانی هونه‌رمه‌ند چ په‌یامێکی پێبوو!؟

Thursday, 04/10/2012, 12:00


لەم وڵاتەدا هەموو شتێك بووە بەمەهزەلە و گاڵتە بازاڕیی، ئێستا پەتایەكى دیكە تەشەنەى كردووە ئەویش سازكردن و دروستكردنى پەیكەرە بۆ هەركەسێك كە خۆمان بمانەوێت، بەبێ ئەوەى رەچاوى هیچ شتێك بكەین بزانین ئەو كەسایەتیە شایەنى ئەوەیە ئەو كارەى بۆبكرێت یان نا؟ ئایا هێندە مەزن و گەورەو لێهاتوو بووە تا ئێمەش بەو كارە پاداشتى بدەینەوە؟
نەخێر هیچ كاتێك كەس رەچاوى ئەوەى نەكردوە و لەو لایەنەوە تەواو كەمتەرخەمین، ئەوەتا چەند كەسێكى سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات و نا مەسئول و نابەڵەد بۆ جوانكردنى رووى ناشیرینى خۆیان خەریكن بەو كارە، هه‌موو که‌سێکمان بۆ ده‌که‌نه‌ فریشتەو میهرەبان و دڵسۆز و مێژوومان بۆ چەواشە و لەكەدار دەكەن.ئاسانترین كارێك كە ئەمڕۆ لەكوردستاندا دەكرێت كارى پەیكەرسازیە هەرچى هەڵسا و دوو تۆپەڵە قوڕ و گەچى لەیەك دا ئەوا خۆیمان لێدەكاتە پەیكەرساز و هونەرمەندى ناودار.
هەمووتان پەیكەرەكانى شارى سلێمانیتان دیتوە بەتایبەت ئەوانەى ناوباخى گشتى و پاركى ئازادى و دەرەوەى، مرۆڤ كە تەماشایان دەكات پێیان پەست دەبێت، دەڵێت هەر هەموویان بە یەك قاڵب یان لەسەر یەك شكڵ و شێوە دروستكراون، ئەگەر ناوەكانى لەژێرەوە نەنوسرابێت ئەوا هیچ كەس نازانێت ئەو پەیكەرە كێیە؟!
لە هەموو وڵاتێكى دونیا بۆ ئەو كارە كەسانى بەرپرس و مەعنى بەو ئیشە هەیە تا بڕیار بدات لەسەر ئەوەى كێ شایستەى ئەوەیە پەیكەرى بۆ بكرێت! شێوازى پەیكەرەكە چۆن بێت؟ لە چ شوێن وجێگایەك دابنرێت،؟ تەنانەت لیژنەى هەڵسەنگاندنى پەیەكەرەكەش هەیە ئەگەر كارەكە ناشیرین یان خراپ بوو رەدى ده‌كاته‌وه‌ ورێگا نادات بەدانانى. له‌ کوردستان وەكو وتم هەموومان ئەتوانین ببینە پەیكەر ساز و هونەرمەندى نەحات و كێمان مەبەست بێت پەیكەرى بۆ بتاشین،من ئەتوانم سبەینى پەیكەرێك بۆ مەلاى خەتێ یان موشیرى حەمەى سلێمان، ته‌حسین شاوه‌یس دروست بكەم لە ستراتیژى ترین شوێن و جێگاى شاریش دایبنێم و كەسیش حه‌دی نابێت نقە بكات، بلێ بۆ؟ چونكە ده‌سه‌لاتداره‌کان و پارتیی و یه‌کێتییش خۆیان له‌ ئاستی ئه‌و خائینانه‌دان و پێان خۆشه‌ په‌یکه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ دروست بکرێت، لەو بوارەدا یەكێتى هونەرمەندان و وەزارەتى رۆشنبیرى و شارەوانى بەرپرسى یەكەمن، ئەوانیش هیچ لیژنە و پسپۆڕ و شارەزایان نییە بۆ ئەوكارە، هەروەها كەسى تایبەتمەند نییە تا بەدواداچوون بكات بۆ ئەو كەسایەتیە و مێژوو وپیشینەى هەڵبداتەوە تابڕیاربدات لەسەر سازكردنى پەیكەربۆى . بەوەش دەكەوینە هەڵەى زەقەوە و رابردوى كەسانى پیاوكوژ و خائین، ناشایسته‌ بەهۆى ئەو پەیكەرەوە دەسڕێنەو، جگه‌ له‌وه‌یش وا ده‌که‌ن لاى میللەت خۆشەویست و جوان ببن، ئه‌وه‌تا كاروان عوسمان، دەكەین بەسیمبول و هونەرمەندى گەورە، بگرە شۆڕگێریش ، پەیكەرى بۆ دادەتاشین.
من ئه‌گه‌ر هونەرمەندم ئەگەر هونەرەكەم نه‌خه‌مه‌ خزمه‌تی کۆمه‌ڵگا و بۆ مافه‌کانی خه‌ڵک و په‌یامێکی جوانم پێ نه‌بێت، رقم له‌ خوێنرشتن و کوشتن و بڕین نه‌بێت، ئیتر چۆن ده‌توانم به‌ ده‌نگێکی هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ تێبچریکێنم، تۆ که‌ نه‌بووبیت به‌ بەرەبەست و رێگر لەبەردەم ئەنجامدانى كارى خراپدا كەواتە تۆ چ هونه‌رمه‌ندێکیت؟ گریمان تۆ ئه‌و که‌سه‌شت نه‌کوشتووه‌، ئه‌ی له‌و شوێنه‌دا چیت ده‌کرد؟ بەدرێژایى مێژوو كەس بینیویەتى هونەرمەندێكى كورد (هونەرمەندى رەسەن) تاوانێكى بچوكی كردبێت و پێى عەیبداربوو بێت؟ یان یان جگه‌ له‌ سایسه‌تی و هه‌ڵویستیی جه‌وامیرانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌ لە سەر شەڕ وخراپە و تاوان و شتى خراپ سجن و سزا درابێت؟ من ئەگەر درۆ لەگەڵ خۆم وناخى خۆمدا بكەم چۆن ئەتوانم تۆ فێرى راستى و پاكى و ویژدان بكەم، هونەرمەند لەسەرانسەرى دونیادا نموونەى هەست ناسكى و سۆز میهرەبانى و دڵ گەورەییە، قەت بیر لەئازاردانى خەڵك ناكاتەوە هەرگیز بەوە رازى نییە بە ساختە و درۆ فرت وفێڵ ژیان بگوزەرێنێت و هونەرەكەى بەرەو پێش ببات، هەرگیز ناپاكى وخیانەت و بێنمەكى بەرامبەر هیچ تاكێكى میللەتەكەى ناكات. ئایا كوردەوارى خۆمان هیچ كات رێگاى داوە كە نمەكى ماڵێكت كرد و نان و ئاویت خوارد و شەو لەماڵیان مایتەوە ناپاكى بەرامبەر بكەیت؟ وەكو ئەوەى كاروان كردى؟ ئایا هیچ هونەرمەندێكتان بینیوە دەستى بچێتە خوینى مریشكێك؟ یان بیر لەوە بكاتەوە ئازارى چۆلەكەیەك بدات؟ بێگومان نەخێر، ئەدى كاروان چۆن دەستى چووە خوێنى نزیكترین هاوڕێی خۆی؟ ئەو هاوڕێیەى كەنموونەى پاكى وەفاو دڵسۆزى بوو، درندەیى و هۆڤیەتى بگاتە ئاستێك كە بەكوشتنیش وازى لێ نەهێنیت پاشان تەرمەكەشى بسوتێنیت؟ ئەمە مەگەر دڕندەكانى تورك و هندیە سورەكان زاتى ئەوە بكەن كارى وائەنجام بدەن، زۆرێك هەن تاكو ئێستاش داكۆكى لێدەكەن كە گوایە كاروان بێ تاوانە و وفریشتە و پەپولەبووه‌، ئەو تاوانەكەى ئەنجام نەداوە و بێ تاوانە .
من تەواو تەواو ئه‌و پاساوانه‌ ره‌ت ده‌که‌مه‌وه‌، چۆنکه‌ لێره‌دا کۆمه‌ڵێک گومان و پرسیار دروست ده‌بێت: یەكەم سەرەتاى بیرۆكەى تاوانەكە لەناخى كێدا چەكەرەى كرد؟ كێ بوو پیلانى دارشت كە ئەو كوڕە بێتە سلێمانى و لەماڵى ئەوان بمێنێتەوە واى لێبكرێت؟ كێ بوو پاش كوشتنیشى نەوتى بەلاشەیدا دەكرد و پۆنكڕوزى لە جەستەى ئازیزترین هاورێى خۆى هەڵدەستاند؟ كێ بوو لەخۆشى دەستكەوتنى پارە هەرچى رابردوى خۆى و ئەو برادەرەى هەیە كردیە قوربانى سەفتەیەك دینار. گەر دەشڵێن هەژارى پاڵنەر بووە ئەوە بۆتە هۆكار بۆ ئەو كارە ئەوا دیسان شتێكى گاڵتە ئامێزە، چونكە بەدرێژایى مێژوو زۆرێك كەڵە هونەرمەند و ئەدیب و نوسەرمان بینیوە كە چەندانى وەكو كاروانى خستۆتە گیرفانى و بارى بژێوى و دارایشى زۆر لەو خراپتر بووە بەڵام پەناى بۆ هیچ كارێكى ئاوا نەبردوە تا رۆژى ئەمڕۆش بچوكترین شتى لە سەرنەوتراوە ئەوە حەسەن زیرەك كە هەموو دەزانین خاوەنى چ بەهرەو وتوانایەك بوە، ئەوە دەروێش عەبدولڵا ئەوە قانیع و سەدانى تر، كە هەتا هەتایە بەسەر بەرزى و نەمرى و رێز ناویان دێت:

هونەرمەند و ژیانى خۆش مەحاڵە
هونەرمەند رەنجەڕۆیە ژینى تاڵە


خۆ ئەگەر دەڵێن خۆشەویستى وعیشق هاندەربوو بۆ ئەو تاوان و كارە دیسان مایەى قبوڵ نییە، بەتایبەت بۆ دووعاشق كە هەردووكیان هونەردۆست و ئەدیب بن، عاشق هەمیشە خاوەنى هەست و سۆز و ئیحساسى جوان و نەرم ونیانە، ئەو هەمیشە بەزمانى گوڵ و پەپوولە و بولبول عاشقەكەى دەدوێنیت، دەیان و سەدان خەیاڵى جوان و شاعیرانە لەناخیدا دروست دەكات تا بگاتە خۆشەویستەكەى ، من بیستومە كە عاشق وەكو مەم و وەكو فەرهاد خۆى لەپێناو خۆشەو یستەكەیدا بەخت دەكات نەك بە ساختە و دزى دڵخۆشى بكات و بەخوێنى كەسى بێتاوان بزە و شادى بخاتە سەر لێوى و خوێنى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە