کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با ساڵرۆژى كەم ئەندامان بە هەڵپەڕكێ وگۆرانى بەڕێنەكرێت

Monday, 03/12/2012, 12:00



3/12 ى هەموو ساڵێك كراوەتە رۆژى كەم ئەندامانى جیهان و ئەو رۆژە تایبەت كراوە بەوان، لەكوردستانیش كەم تا زۆر یادى ئەو رۆژە دەكرێتەوە ، بەڵام بەداخەوە جودا لەهەموو وڵاتانى جیهان ،لەبرى ئەوەى ئەو یادە تەرخانبكرێت بۆ چارەسەركردنى كێشەو گرفتى كەمئەندامان و لەنزیكە و ئاگاداربوون لە ژیان وبارو گوزەرانیان و هەوڵدان بۆبەرزكردنەوەى ئاستى بژێوى و رۆشنبیرى و هۆشیارییان، و بەدەنگەوە هاتنى داوا و خواستیان، وەزارەتى كار وەكو شتێكى هاكەزایى و رۆتین بەیاننامەیەكى كرچو كاڵ و چەندبارە بڵاو دەكاتەوە و رێكخراوەكانى كەم ئەندامانیش ئەوانەى سەر بەدەسەڵاتن وەكو پیشەى هەمیشەییان هەرچى ناتەواوى و كەموكوڕى و شتێك هەیە دیزە بەدەرخۆنەى ئەكەن و لەرێگەى بەخشینەوەى یەك دوو كیلۆ شیرینى و تۆزێك هەڵپەڕكێ و گۆرانى و چەند چالاكیەكى وەرزشى و هونەرى ئەویادە بەڕێدەكات.كۆتایى پێدێنێت
من وەكو هاوسۆز و خەمخۆرێكى كەم ئەندامان داواكارم كە ئەم رۆژە بكەنە خاڵى دەستپێك بۆ داواكارى و داخوازیەكانیان و پێداگرى لەسەر باشتركردنى ژیان و گوزەرانیان، بەتایبەت ئەمڕۆ كە ژمارەیەك كەم ئەندام ماوەى چەند هەفتەیەكە لەبەرامبەر ناهەقى و نایەكسانىو خراپى بارى گوزەرانیان مانیان لەخواردن گرتوە و لەرەوشێكى زۆر خراپ و دژواردان و حكومەت و لایەنى بەرپرسیش هیچ وەڵامێكى دڵخۆشكەرى نەبوە وبۆیان،ئەوگفت و قسەوبەڵینانەشى وەزیرى كار پێداون تەنها هەردڵدانەوە و لەكۆڵ خۆكردنەوە بون،ئەگینا وەكو تر تا ئێستا هیچ پێشكەوتنێك روینەداوە و نەتوانراوە قەناعەت بەكەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان بكرێت كە دەست لەمانگرتن هەڵبگرن..من بۆخۆشم تا دوا سات و دوا رادە پیشتیوان و هاودەنگ و هاوسۆزى ئەوانم وئەزانم كەلەچ بارێكى سەخت و دژواردان و روبەروى چ زۆرى و زەحمەتى و نەهامەتى دەبنەوە ،تیایاندایە شەو لە دوكان و سەرجادە دەخەوێت، هەیانە ئەو هاوكارى و موچەیەى پێ دەدەن بەشى نیوەى چارەسەى نەخۆشیەكەى ناكات، زۆریشیان هەیە خاوەن كۆشێك خێزانن و كریچین و گیرۆدەى دەیان گرفتن، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ سەرچاوەیەكى دیكەى نیە وناتوانێت هیچ كارێكى دیكە بكات، باشە مرۆڤێكى كەم ئەندام یان نابینا یان خاوەن پێداویستى تایبەت دەتوانێت بە بڕێكى وا كەم مووچە كرێ خانوو بدات و خەرجى و رۆژانەى مناڵانى بۆ قوتابخانە دابین بكات ،لەگەڵ مەسرەفى خواردن و جل و بەرگ و پێداویستى دیكە؟ لەولاشەوە رێكخراوە كەم ئەندامیەكان كە بە حساب لەپێناو داكۆكى كردن لەوان و هەوڵدان بۆ باشتركردنى ژیان وگوزەرانیان و رزگاركردنیان لەو بارە قورس و دژوارە دروست بون بۆ ئەوەخوڵقاون ،لەئاست داواو و خواست و پێداویستى ئەوان تەواو كەم تەرخەمن و هیچ هەوڵ و رەنجێك نادەن،ئەوەتا سەرجەم رێكخراوەكانى تایبەت بەكەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان بونەتە پاشكۆى حزب و سكرتێرو كەسانى بەرپرس و دەست رۆیشتویان دەمیان چەوركراوە و بە ئوتومبیل و خانو و نەسریە و ئیفاد بێدەنگ كراون ، ئەوەندەى داكۆكى لەحزب و حكومەت دەكەن و عەیب و عاریان پەردە پۆش دەكەن چارەكى ئەوە گوێ بە سكاڵا و راز و گلەیى كەم ئەندامان نادەن، هەموو بینیمان كۆمەڵێك كەم ئەندامى نەدار و بێ حاڵ و كەم درامەت لەپێناو ژیانێكى باشتر و مەمرەو مەژى دەستیان دایە مانگرتن ،كە دەبوایە لەبرى ئەوان رێكخراوەكان سكرتێرو سەرۆكەكان بەو كارە هەڵسانایەو چالاكى جۆراوجۆریان بكردایە و گوشارو زۆریان بۆحكومەت بهێنایە تا مل بۆ داواو خواستیان كەچ بكەن،كەچى بەداخەوە هیچ كام لەوانە بچوكترین هەڵوێستیان نەبوو بەتاكە وتە و لافیتەیەكیش هاوخەمى وپشتیوانى خۆیان بۆیان دەرنەبڕى و هەموویان لەبەرخاترى پلە وكورسى وئیمتیازات رویان لەوان وەرگێڕاو بونە پێڕى ئەشمابیلاى وەزیرى كار و حزبەكەى.
سڵاو رێزو دەستخۆشى و سەركەوتن دەنیرَم بۆ ئەو مانگرتوە خۆڕاگرانەو ئومێدى بەدیهاتنى سەرجەم داواو خواستەكانیان دەكەم،پێم خۆشە لەم یادەدا بڵێم كە بەڕێز ئاسۆس خان تۆ بەحساب خۆت بەخوشكى ئەوان ئەزانیت ،بەڵام ئەمە چۆن خوشكایەتیەكە ،براكەت خەریكە لەبرسا دەمرێت، جێگەو رێگەى نیە، تواناى كڕینى ماتۆڕێكى كەم ئەندامى نیە،ناتوانێت بەخواست و ئارەزوى خۆى بژى،لەهەموو خۆشى و شادیەكى ژیان بێ بەشە، ماڵى ساردو سڕە، كاسەى خاڵى یە و گیرفانى بەتاڵ و حەتاڵە، مناڵى بێ ناز ونەوان ، مناڵ هەیە بۆ چارەسەر مانگى نزیكى 1000$ دەوێت ، تۆش تەواو لێیان بێ خەمیت،راستە تۆ خوشكیانیت ،بەڵام لەو خوشكانەیت كە بەدرێژاى تەمەن لەگەڵ خوشك وبراكانیدا بەینى نیە، پێى خۆشە لەبرسان سەرماندا رەق ببنەوە، موحتاج بن وبۆ پارویەك نان پەنا بۆ نامەرد و ناكەس بەرن. ئەزانیت ئەو جۆرە خوشكانەش هەیە و زۆرە هیوادارم تۆ لەوانە نەبیت، هەروەها تكا دەكەم ئەمساڵ ئەو شتە كۆن وسواو سەقەتە وازلێبینن و كۆمەڵێك مەسئول كەسانى بێخەم مەخەرە ریزى پێشەوەى یاد و بۆنەكە وبە زومى كامێراى وەزارەت هێندەىدیكە گەورەیان مەكە و حەفلەو ئاهەنگ و هەڵپەڕكێ و دەعوەت ومیواندارى بۆ ئەوان سازمەكەو ئەو یادە ناشیرین مەكە، من پێم باشە پارەى ئەو زیافەت و ئاهەنگە بدرێت بە یەك دوو كەم ئەندام لەمینەت وتاڵا و ئازار رزگار بكرێن،هەروەها ئەم یادەش بكە بەخاڵى سەرەتا بۆ گوێگرتن لە داواكارى و خواستیان و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانى ، بەڵام بەكردار نەك بەقسە،داواكاریشم لە سەرجەم كەم ئەندامان كە لەسەرداواو خواستى خۆیان سور بن و چالاكى و ناڕەزاییان بەرفراوان بكەن و كەمپین سازبكەن ،واژوو كۆبكەنەوە لەرێگەى كەناڵە بێ لایەنەكانى راگەیاندنەوە دەنگ و سەداى خۆیان بەهەموو كەس بگەیەنن تا زۆرترین پشتگیرى و پشتیوانى بەدەست دەهێنن،واباشتریشە هەرلەو مانگرتنەدا داواى هەڵوشاندنەوەى رێكخراوە بێ هەڵویستەكان بكرێت و خۆیان رێكخراوێكى سەربەخۆ و بوێر و ئەكتیف دابمەزرێنن كە نوێنەرو داكۆكى كارى كەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیە تاسیەتەكان بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە