کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


منیش بیرەوەریم لەگەڵ پارتى كرێكارانى كوردستاندا هەیە (به‌شی: 4 تا کۆتایی به‌شی 7)

Saturday, 08/09/2012, 12:00


جا پێم خۆشە لێرەشدا ئاماژە بە شتێك بدەم ئەویش رۆڵ وئەركى سەرۆكایەتى و رابەریكردن لەكوردستاندا،ئاپۆ لەو وانەیەدا زۆر بەدور ودرێژى باسى سەرجەم رابەر وسەركردەكانى كرد(شێخ سعید وسەید رەزا و شێخ محمود و قازى محمد وبارزانى و قاسملۆ و سمكۆ وئارام وشهاب و هاورێكانى و ..)زۆرێكى تریش، لەناوەرۆك وپوختەى لێدوانەكەیدا رەخنەى زۆرى لەوانە گرت وزیاتر بە خۆبەدەستەوە دەر و تەسلیمكار ناویبردن،ئەیگوت یەكێك لە خاسیەتەكانى رابەرى سەركەوتو مانەوە و خۆبەدەستەوە نەدانە ئەبێت سەركردە بتوانێت خۆى خۆى بپارێزێت ئەو(ئاپۆ)نموونەى ئەوەى دەهێنایەوە، كە زۆرجار لەبۆنەو جەژنەكاندا چۆتە ناو خەڵك ومیللەتەوە بەڵام پاسەوانەكانى بەردەوام لەچواردەورى بوون و زۆر رێگەیان نەداوە هاوڵاتیان تەوقەى لەگەڵدا بكەن و وێنەى یادگارى لەگەڵ بگرن،ئەویش بەوە توڕەو نیگەران بووە پێى گوتون وازبێنن و رێگرى وئاستەنگ لەبەردەم میللەتدا دروست مەكەن ،ئەگەر من نەتوانم خۆم بپارێزم ئێوە چۆن دەتوانن بمپارێزن بەداخەوە بۆخۆشى هەمان چارەنووسى بە نسیب بوو نەیتوانى ئەوەى بەوتە دەرى بڕى بەكردار پیادەى بكات.
پاش نزیكەى دوومانگ مانەوە لە ئەكادیمیا و سوریا جارێكى دیكە بەرەو باشور گەڕاینەوە ولەهاتنەوەماندا دووچارى چەندین ناخۆشى و ناڕەحەتى و شەڕو كەمین و ئاو و سەرماو بەفر و رەهێلە بووین وهەچى چۆنێك بوو گەیشتینەوە شوێنى خۆمان,كە گەیشتینەوە پێیان راگەیاندبووین كەهەڤاڵ دۆغان و چەند كەسێكى تر بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتى لاى ئۆجەلان كراون، هەندێك هەڤاڵى كۆن نەبێت كەسى وام بەدینەكرد هەواڵیانم پرسى هەندێكیان شەهید ببون و هەندێكیشیان كەم ئەندامبون ،لەبەر ئەوەى من خەڵكى سلێمانى بوم خەڵك زیاتر لەوێ دەناسم و ماڵیشمان ساڵانێكە بۆتە بارەگاى پەكەكە رەوانە كرامەوە بۆ ناو سلێمانى كەئەو دەمە هیچ بنكەو بارەگاو شوێنێك نەبوو كاروخەبات وچالاكى زۆر زەحمەت بووبەتایبەت لەلایەن یەكێتى نیشتمانیەوە چەندین جار دەگیراین و بۆماوەى چەندرۆژێك بەند دەكراین پاشان ئازاد دەكراین و رێگەیان نەدەدا كۆڕو سیمینارو چالاكى بكەین،هەبوو نەبو هەر ماڵى ئێمە ویەك دوو هەڤاڵى تربوون تا وردە وردە لەژێر ناوى مەڵبەندى میزۆپۆتامیا ویەكێتى نەتەوەیى ئەوناوانە بارەگا كرایەوە و سنورى چالاكیمان بەربڵاو بوو، ئەوكارەى بەمن و یەك دووهەڤاڵى تر سپێردرابوو بەقەولى خۆیان (دەرخستنى شەرڤان)بوو واتە بچینە ناو بازاڕو ماڵان و گازینۆ و شوێنە گشتى یەكانەوە قەناعەت بەخەڵك بكەین ببێتە گەریلاى پەكەكە و بچێتەشاخ و چەك هەڵبگرێت ، بۆئەوەش ئەوەندەى توانیمان بۆمانكرا هەوڵماندا بەڵام زۆرینەى هەوڵەكانى من بێسوودبوو لەسەر ئەوەش كەم ئێوارە هەبوو گلەیى ورەخنەم لێنەگیرێت و بەكەمتەرخەم و كارنەكەر ناوم نەهێنن، هۆیەكەشى ئەوە بوو كە من بەشێوازێكى راست ودروست ئایدۆلۆژیاو ئامانج و خەباتى پەكەكەم بۆخەڵك دەخستە روو درۆ و زیادەڕەویم تێدا نەدەكرد هەروەهاش ئەوەى كە من قسەم لەگەڵ دەكرد زیاتر كەسانێكى باڵق وتێگەیشتو تارادەیەك خوێندەوار ورۆشن فكربوون، زۆرینەیان بەرنامەو پێرەو پڕۆگرامى پەكەكەیان بێ قبوڵ بوو بەڵام ئەوەیان رەت دەكردەوە كە بچنە شاخ وببنە گەریلا، یەك لەبەرى ئەوەى لەلایەن یەكێتى وپارتى حزبەكانى دیكەوە خەبات وشاخ وشۆڕشیان بەچاوى ئەوان دەبینى و لایان بێ حورمەت بوو،دووەم بەخۆشمەو قەناعەتى ئەوەمان نەبوو كە پەكەكە لەگەڵ دروشمى خۆیدا راستگۆ بێت و پارتێك بێت بۆسەربەخۆى تەواوى كوردستان هەوڵبدات، بەڵام كەسەكانى دیكە كەلەلاى ئەوان لەمن ئەكتیف تربوون لەبەر ئەوەبوو كە ئەوان زیاتر سیاسەتى هەڵخەڵەتاندن ولەخشتە بردنیان پێڕەو دەكردو زیاتریش لەمناڵان و هەرزكاران نزیك دەبوونەوە بەربڵاوترین درۆ و لەخشتە بردنیش ئەمانەبوون،گوایەلە ناو پەكەكە ئازادى سیكسى هەیە وشەوان كورتمِوكچان تابەیانى پێكەوە ئێشك دەگرن و كام كچەت لامەبەستە دەتوانیت لەگەڵیدا رابۆێریت ، هەرەوەها ئەو كەسەى دێتە ناو پەكەكەوە ئیختیارى خەبات لەدەست خۆیدایە ئەگەرپێى خۆش بوو لێرە لەكوردستان دەتوانێت خەبات بكات ئەگەریش نا ئەوا پەكەكە ئامادەیە بینێرێتە دەرەوەى وڵات و چ وڵاتێكى پێ خۆش بێت لەوێ كارو چالاكى ئەنجام بدات و پەكەكەش ئاسانكارى بۆدەكات و دەشیخاتە سەركار و مال َو حاڵیشى بۆ تەئمین دەكات ،دەیانگوت بەس پێویستە لەپێشدا بچنە شاخ و چەند مانگێك لەوێ بمێننەوە تا بەتەواوى لەبەرنامەو كار و دیسپلینى پەكەكە شارەزابن، ئەگەر بیرتان بێت ساڵانى 1997-1998 ئەوساڵانە بۆ پەكەكە سەردەمێكى زێرین بوو چونكە بەهەزاران كەس هەڵخەڵەتێنران و فریودران ورۆژانە نزیكەى پانزە بۆ بیست پاس پردەكران لەهەرزە و مێرمنداڵ بەرەو قەرەداغ و قەندیلیان بەرێدەكردن و دەبونە شەڕڤان و گەریلاى پەكەكە(كارێكى هەڵەى پەكەكە كەزیاتر لەباكور پەیڕەو دەكرا بریتى بوو لەوەى چەند مەفرەزەیەكى پەكەكە دەیاندا بەسەر گوندێك دا ،هەرچى گەنج و لاوهەبوو بەزۆر پێش خۆیان دەداو دەیانكردن بەپەكەكە،جا سەیرەكەى لەوەدابوو بەهۆى ئەو زۆرەملێیەو زۆرشتى سەیر روویدەدا،جارى وا هەبوو ئەوكەسانەى بەزۆر دەهێنران تیایاندا هەبوو شێت یان نابینا یان كەم ئەندام بوو،تازەش خۆناكرێت بیانگێرنەوە چونكە هەم گەڕانەویان ئەستەم بوو هەمیش حكومەت بیگرتنایە بەتاوانى پەكەكە و گەریلا زیندان مەحكوم دەبوون ،یەكێك لەو كەسانەى كەبەشێوەیە هێنرابویە ناو پەكەكە كورێك بو ناوى(موسا) بوو فەقیرە چاو كز و شەوكوێربوو زیانى لەقازانجى بۆپەكەكە زیاتر بووكردبویان بەلۆجستیك و لێپرسراوى ئازوقەو شت كڕین،ئەویش خوا هەڵناگرێت لەسەرحسابى پەكەكە هەرچى شتى باش و جوان وبەكەڵك بوو بۆ خۆى و هاورێكانى دەكڕى)،لەسەر ئەوكارە ناڕاستە بەردەوام من رەخنەى توندم لە بكەرانى ئەو كارە دەگرت و بەئیشێكى نا سروشتى و ناشیرینم دەشوبهاند و پێم دەگوتن كە پەتى درۆكورتە ئەوڕۆش نەبێت سبەى هەر ئاشكرا دەبێت، لەبرى ئەوە بەشێوازى راست ودروست جوان پەكەكە بەخەڵك بناسێنن و لەبەر خاترى یەك دوو شەڕڤان ناو و ناوبانگى پەكەكە لەكە دارمەكەن،بەڵام هەموو كاتێك قسەكانى من بێ بایەخ و بێ كاریگەردەبوون، لەلایەن هەڤاڵ فورات(زاواى ئۆجەلان)پەرپەچ دەدرامەوە كە ئەو كارە بۆ ئەمڕۆ شتێكى باش و تاكتیكێكى گونجاو و لەبارە .ئەوەبوو من چیتر نەمتوانى بەو كارە هەڵسم یان روونتر بڵێم خەڵكان هەڵخەڵەتێنم داوامكرد كارێكى دیكەم پێ بسپێرن ئەوانیش زۆریان لا خۆش بوو یەكسەر ناردیانمە راگەیاندنەوە لەوێ كەوتمە كاركردن وەنەبێت بارو دۆخى ئەوێش لەشوێنەكانى دیكە باشتربێت ئەوێش هەمان تاس و حەمام بوو ،لەوبارەگایە لەگەرەكى عەلى ناجى بوو خەستەخانە بەشى درومان راگەیاندن وبەشى لۆجستى هەبوو كەكارو ئەركى هەر هەموویان پەیداكردنى هێزى شەڕكەرو كەسانى چەكداربو بۆ پەكەكە تا جارێك لێپرسراوێك كەناوى سینان بوو هاتەلامان من بۆخۆم داواى هەندێك پێداویستى وشتم لێكرد بۆ رۆژنامەو راگەیاندن یەكسەر پێى گوتم هەڤاڵ ئەوانە كارى نۆرماڵ(سادە)ن وهیچ بایەخیان نیەرۆژنامە(غەزەتە) بۆ ئەمڕۆ شتێكى بێ بایەخە، ببێت یان نا هیچ لەمەسەلەكە ناگۆردڕێت، ئێمە ئێستا قورسایمان خستۆتە سەر ئەوەى كە تابتوانین شەرڤان پەیدابكەین ئەوەبوو جارێكى دیكە تووشى هەمان كارى نەخوزاراو بوومەوە،لەوەش ناخۆشتر كەپێم خۆشە باسى بكەم بوونى دكتۆرێكى بەتوانا لێهاتوى وەكو دكتۆر سەبرى كە كوردى سوریابوو (سەرۆكى هەیڤى سورى كوردستان) یش بوو گیانى هەزاران بریندارى ونەخۆشى لەمردن رزگار كردبوو بەویشیان وتبوو كە واز لەوپیشەیە بهێنە ، بریندارو نەخۆش بشمرێت كارێكى واناكاتە سەر ژمارەى پەكەكە ئەوپەڕى لەرۆژێكدا كەسێك یان دوان سیانێك بمرێت ئەوەشتێكى زۆر ئاساییە تۆدەتوانیت لەبرى ئەوەى گیانى كەسێك رزگار بكەیت كەجارى وا هەیە كەسەكە كەم ئەندام یان پەككەوتە دەبێت ودەبێتە بار بەسەر پەكەكەوە تۆ ئەتوانیت كارى لەوە گەورەتر بكەیت بچیتە ناومیللەت و شەڕڤان دەربخەیت ئەمە بڕیارى سەرۆكایەتیە، سەرنجام كارو خزمەتى ئەوبەڕێزە بێ نرخ وسوك كرا و كردیان قوربانى شەرڤان ئەویش بەنابەدڵى وناچارى ئەوكارەى لەئەستۆگرت،تادواجار چوومە لاى هەڤاڵ سینان وپێم گوت من ناتوانم ئەوكارەبكەم وتوانا وتاقەتم بۆ ئەوكارە نیە، ئەویش رازى بوو پێى گوتم كە راپۆرتى خۆم لەسەر ئەوە بنوسم منیش ئەوەى پێشتر ئاماژەم پێدابوو هەمووییم لەراپۆرتەكەدا بەدورودرێژى نوسى ناردیان بۆ سەرۆكایەتى پاش ماوەیەك وەڵام هاتەوە ودرام بەدادگا بەسجنى بردمیانە قەرەداغ و ماوەیەكى زۆر لەوێ مامەوە لەوێش هەڤاڵێكى بەیان (كچ) ێك هەبوو كە نازانم ناوى رۆژدا بوو یان میدیا ئەویش وەك من دەست بەسەر بوولەسەر ئەوەى یەك راپۆرتى دورو دریژى بۆ ئوجەلان نوسیبوو تیادا هەموو كارە ناپەسەند و خراپ و بێ سەروبەرەكانى سەرجەم سەركردەكانى پەكەكەى لەباشور بۆ ئوجەلان خستبوە روو ئەوەشى بۆ ئاپۆنوسیبووكە ئەوانە بونەتە مشەخۆر و كرم لەدوژمن خراپتر بەپەكەكە دەكەن و رۆژانە هەناوى پەكەكە دەخۆن پێى راگەیاندبوو كە لەخۆت زیاتر من ئیعتراف بەكەس ناكەم سەرجەم بەرپرسەكان بچووك وسوك وكەم بایەخن،كچ و كوڕێكیشى لێ بوو كە سزاى مەرگیان بەسەردا سەپێنرابوو لەبەر ئەوەى بەدزیەوە عاشقى یەكتربوون بەنیازبون هەڵبێن بەڵام بۆیان نەكرابوو گیرابوون،ئەوەبوولەپاش دادگاى كردن و سزایان دام كە بۆ ماوەى 1مانگ كارى شوانى بكەم، ئەو ماوەیەشم بەڕێكرد و جارێكیتر گەڕێنرامەوە بۆ ناوشار چومە بارەگاى یەكێتى نەتەوەیى كەئەو دەمە فەرهاد ئۆجەلان براى ئاپۆش لەناوشاربوو ، لەنێوان یەكێتى نەتەوەیى و عیلاقات و نوسینگەى پەرلەمانى كوردستان و میزۆپۆتامیا و راگەیاندن كارم دەكرد، رۆژێكیان بۆكارێك ویستمان بچینە لاى هەڤاڵ فەرهاد كە ئەودەمە ماڵى لە گردى ئەندازیاران بوو كەسێك بەناوى(رەحمى) پاسەوانى بوو رێگەى نەداین بچین بیانوى ئەوەى كارى هەیەو لەگەڵ سەرۆكدابەتەلەفۆن لەپەیوەندیدایە و ماوەیەكى زۆرى پێدەچێت من لەخۆمەوە كەوتمە شكەوە كە ئەوە درۆیە وبۆ بەڕێكردنى ئێمەیە ، من بۆخۆم لەناو تەنەكەى زبڵەكەیدا قوتوە بیرەو شوشەى مەشروبم دیتوە چەندین جاریش ناوبراو لەلایەن یەكێتى یەوە داوەت كراوبوو و بێ ئەندازە خواردویەتیەوە چەندین هەواڵیشم بیستوو كە خەریكى ئافرەتەو ،ماڵى ناوبراو بەكرێیەكى خەیاڵى گیرابوو مانگى نزیكەى 1500 دۆلار كە دۆلار ئەودەمە هەرسەد دۆلار بەهاكەى 4000 دینارى سویسرى بوو دواتر كە فەرهاد ئۆجەلان لەپەكەكە جودابۆوەو ئەوكاتە پاسەوانە تایبەتەكەى رەحمى زۆر شتى ناشیاوو ناپەسەندى فەرهادى دركاندبوو،لەسەر ئەوەش سزایاندا كە بۆچى زوتر دەنگى نەكردووە، پاش ئەوەى نەمانتوانى فەرهادببینن گەڕاینەوە بۆ بارەگاى یەكێتى نەتەوەیى و باس و خواسى گۆنگرە هاتبوە ئاراوە وسەرقاڵى ئەوەبوون كە كێ كاندید بكەن بۆ ئەوكۆنگرەیەى بینێرن ، بەكۆى دەنگ سەرجەم هەڤاڵانى بارەگا پێیان خۆش نەبوو من بچم بۆ ئەو كۆنگرەیە چونكە دەیانزانى كە ئەگەرمن بچم حزورم هەبێت ئەوا زۆر راستى و شتى شاراوە لەسەر كارو ئەركى هەڤاڵانى ناوشارى سلێمانى باسدەكەم و زۆرێك لەو هەڤاڵانەش تێوەدەگلێن ورەنگبێت سزاش بدرێن و پلەكانیشیان بێتە خوارەوە،بۆیە بەبیانویەك منیان هەڵبژارد كەلەگەڵ یەك دوو هەڤاڵى دیكەدا سەرێك لە رانیە بدەین و چەند رۆژێك لەوێ بمێنینەوە تا لەنزیكەوە لە ئیش و كاروفەعالیات و كێشەو گرفتى هەڤاڵان خەبەرداربین،ماوەى چەندرۆژێك لەوێ ماینەوەو هەڤاڵانمان بەسەركردەوە راسپاردەو كارى ئایندەمان بۆ خستنەرو هەندێك كێشەو ململانێ وگرفتیش هەبوون ئامۆژگاریمان كردن كە جارێ بڕیارى پێش وەخت مەدەن بزانن بڕیارو راسپاردەى كۆنگرە بەچى دەگات و دەرئەنجامى چى دەبێت ،لەوانەش زەقتر و كەببوەمایەى نیگەرانى زۆرێك لە هەڤاڵان حاكمیەت و دەست رۆیشتوى كەسە نزیكەكانى ئۆجەلان بوون وەك فەرهاد وەكو كەسى دوەم خۆى دەناساند، فورات زاواى وەكو بەرپرسى سلێمانى كوڕەكەى فورات (خوشكەزاكەى ئۆجەلان) وەكو دەمراستى رانیە، لەسەر ئەوە جارێكى دیكە من راپۆرتم نوسیەوەو بەرزم كردەوەبۆ كۆنسەى سەرۆكایەتى كە با ئیتر بەس بێت وسنورێك بۆ كارە سەربەخۆكانى فەرهادى براى ئاپۆ دابنرێت و نەكرێتە كاریزماو بابى عالى ولەئێستاوە خۆى بەمیراتگرەوەى ئاپۆ نەزانێت وهەوڵى قایمكردنى جێگا پێى خۆى نەدات و خەڵك لەدەورى خۆى خڕنەكاتەوە. خاڵێكى تریش كە ببوە مایەى نیگەرانى زۆرێك لەهەڤاڵانى رۆژئاوا من لەو راپۆرتەدا ئاماژەم پێدابوو پەراوێز خستن و ئیهمالكردنى ئەوان بوو لەناوریزەكانى پەكەكەدا لەكاتێكدا خاوەنى هەزاران شەهیدبوون لەسەدا حەفتا بەرەوو ژورى ئەندامانى پەكەكەخەڵكى رۆژئاوا(كوردستانى سوریان) هەروەها گەشەكردن و نەشونماكردن و لەسەر پێ راوەستانى پەكەكە بەفەزلى ئەوانبوو ،بیرمخستنەوە كە كاتێك لە باكور دەركەوتن بەرەو رۆژئاوا ژمارەیان هێندەى پەنجەكانى دەست دەبوون ئێستا بەهەوڵوكۆشش و قوربانى وزۆرو زەحمەتى رەنجى كوردانى ئەوێ بونەتە هێزێكى لەبن نەهاتووگەورەترین سەرچاوەى دارایتان لەوێوەیەو و خەڵك لەدەمى ماڵو منداڵى دەگرێتەوە بەئێوەى دەبەخشێت چاكترە ئەرك ولێپرسراوێتى بەتایبەت سەركردایەتى و مەركەزى یش بەوان بسپێرن، وەكو تێبینى كراوە سەرلەبەرى بەرپرسیارێتى ناوپارت هەمووى لەئەستۆى هەڤاڵانى باكورە،ئەمەش ئەوە ئەسەلمێنێت كە پەكەكە پارتێكى كوردستانى توركیایەو لەپێناو ئازادى وسەبەرخۆى باكور خەبات دەكات و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە كوردانى هەرچوارپارچە دەخاتە خزمەتى خۆیەوە و لە خۆشیان زیاتر متمانەو سیقە بەكەسى دیكە ناكەن ،ئەمەش بۆ ئێوە ئاكامى باش نابێت، وە هەر لەسەر ئەوكارەشتان ژمارەیەكى زۆرلە هەڤاڵانى رۆژئاوا وازیان لە پارت هێناوە ویان چونەتە ئەوروپا یان لە باشور پارتى دیكەیان دامەزراندوە و یان هەندێكیان خەریكى ژیانى تایبەتى خۆیانن وازیان لەهەموو شتێك هێناوە، ئێوەش مەبنە مایەى هەڕەشەو كوشتن وتیرۆر ئەو هەڵەو كارە ناشیرینانە كەپێشتر لەدژى جوداخوازەكان پەیڕەوتان كردوە بەسەر ئەواندا مەیسەپێنن باچیدیكە پارت لەپَیش چاوى میللەت ناشرین نەكەین، پاش مودەتێك وەڵامم بۆ هاتەوە پێیان گوتم كە رەخنەو تێبینیەكانت لەسەر پارت زۆر بەجێو گونجاو ومەنتیقیە ئێمە بەشێك لەلاوازى پەكەكە وتەكینەوەى ئەندامانى رۆژهەڵات و باشوریش بەهۆى ئەو كارەوە دەزانین، داواكارین كەبێیتە قەندیل وروبەروو لەگەڵ هەندێك لەهەڤاڵانى كۆنسەى سەرۆكایەتیدا گفتوگۆو سەرنج و بۆچونى خۆت بخەیتە روو، منیش بەقسەو گوفتارەكانیان فریوم خوارد وخۆم زۆر بە دڵسۆز و خەمخۆرى پارت دەهاتە بەرچاو پێم واببوو بەهۆى منەوە پەكەكە لەتەنگژەو وقەیران رزگارى دەبێت، بەزوترین كات لەگەڵ ترومبیلى هەڤاڵان گەیشتمە رانیە و لەوێشەوە بۆ سورەدێ و پاشان بۆ سەرچیاى قەندیل، چون و گرتنم لەیەك كاتدا بوو،یەكسەر خرامە زیندانى تاكە كەسیەوە و بۆماوەى چەند رۆژ بێ لێپرسینەوە هێڵدرامەوە ،پاشان لێپرسینەوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵمدا دەستیپێكرد و بەتاوانى ئەوەى سوكایەیتیم بەپارت كردوە هەوڵى دوبەرەكى و ئاژاوە و لاوزاكردنى پارتم داوە وتەشهیرم بەپەكەكە كردوە بەتیرۆریست وتۆقێنەر ناساندومە ئەبێت توندترین سزا بدرێم،توندترین سزاش دیارە لەناو پارتدا گوللە بارانكردنە، زۆر داكۆكیم لەخۆمكرد و زۆر نمونە وراستیم بۆ هێنانەوە كەئەوەى من ئاماژەم پێداوە لەپێناو بەرژەوەندى پارت و سەرخستنیەتى و من هەمیشە سەربازێكى دڵسۆزى ئەو پارتەم و بەدرێژاى چەند ساڵ بەماڵ وگیان لە خزمەتیدابووم،خوێندن و چارەنوسم بەهۆى ئەوانەو لەدەست داوە ،چەندین جار گیراوم وئازرادراوم دوجار بەسەختى بریندار كراوم سەرجەمیان لەبەرخاترى پەكەكە بون ، لەبرى سوپاس و دەست خۆشى ئاوا پاداشتم دەدەنەوە

چەتۆ بینایى
[email protected] ژژژژ


بەشى پێنجەم
هەڤاڵ دوران كەڵكان زۆربێ منەتانە وەڵامى دامەوە وتى ئەوەى كردوتە ئەركى خۆتە و هەرچەندە هیچیشت نەكردوە و شتێكى زۆر بچوك وكەم بایەخە بەڵام پێویستە لەسەر تۆ و هەزارانى وەكو تۆ لەپێناوى وڵاتدا گیانى خۆى فیدابكات، تۆ ترسنۆكیت و بۆیە تا ئێستا ماویتەتەوە، منیش كەتەواوهیوا بڕاوبوم تروسكایى ئومێد و رێگاى دەربازبونم بەدی نەدەكرد بەكامى دڵى خۆم وەڵامم دایەوە گوتم ئەدى باشە هەڤاڵى قارەمان ئەى چۆنە تۆ تاكو ئێستا ماویت بۆچ جێگە یەك فیشەكت پێوە نیە؟بۆچ بەسوكیش بریندار نەبویت و تاكە یەك چقڵ چیە بەپێتدا نەچووە؟لەدژوارترین بارودۆخدا ئێوە هەر لەكەیف وسەفا و لەخواردنى خۆش و جگەرەى گران بەهاو وجێگەى نەرم وگەرم پەكتان ناكەوێت، ئێمە ئەگەر گیانیشمان دەرچێت بشمرین تاكە یەك دكتۆرو موزەفید چیە نایەت بەهانامان، بەڵام جەنابتان ئەگەر تۆزێك زیاتر گۆشتى برژاو بخۆن ویان پێكێك زیاتر هەڵدەن مەعیدەتان تێك بچێت یان سوكە هەڵامەتێك بگرن و تەشەنوجێك بكەن یەكسەر بۆ ئێران و یان سوریا یان خاریج دەبرێن، سەیرى بەرگ و پێلاوى من و هەڤاڵان بكە و لەگەڵ ئەوانەى خۆتاندا بەراوردیان بكە؟ ئادەى گیرفانى من دووسەد هەڤاڵ بپشكنە بزانم بەهەموومان بەچارەكى گیرفانێكى تۆ پارەمان پێ یە؟ ئادەى بزانە رەنج وخەباتى تۆ و بنەماڵەت چى بووە بۆ پەكەكە تا ئێسٍتا چ زۆرى وزەحمەتیت بۆیان كێشاوە وا بویتەتە فەرمانرەوا، بزانە ئێمەش و هەڤاڵانیش چیمان كردوە، ؟ئەودەمە بڕیارى خۆت ببدە؟ لەتاوا رقو قینى گەیشتە ترۆپك ئەگەر بڕیار بەدەستى خۆى بوایە هەر لەوێدا گوللە بارانى دەكردم، قیژاندى بەسەرمدا وتى تو ئاژانى و كاربۆ میتى توركى و پاراستنى پدك دەكەیت ئەبێت ئەوەت بۆ بسەلمێنم، ئەوە بو جارێكى دیكە بردیانمەوە بۆ زیندان، زیندان جمەى دەهات هەمووى هەر هەڤاڵانى خۆمان بون سەرجەمیان لەسەر بیرورا و رەخنەى جیاواز و ناكۆكى ئایدۆلۆژیا لەوێنرابوون بیرم نەچوبێتەوە نزیكەى 20 كەسێك دەبوین، بەشێوزاێكى زۆر نائینسانیانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكردین بەهاونرخى هیچیان بۆدانەدەناین، وەكو ئەوەى هەرگیزاو هەرگیز رۆژێك لەرۆژان پەكەكە نەبوبین، پێم سەیربوو لەوێش بەهەڤاڵانى زیندانیم گوت تۆ سەیرى ئەم ساختەكارى و سیاسەتە دوفاقیە ئەوان جەندرمەى تورك و سیخورى میت دەگرن بەجوانترین شێوە رێزیان لێدەنێن و خزمەتیان دەكەن و چاودێرى تەندروستیان دەكەن هەربۆ ئەوەى بڵێن پەكەكە مافى مرۆڤى لەلا بەنرخەو ریز و حورمەتى مرۆڤى لایە و بەپێچەوانەى توركیا رەفتار دەكات، لەگەڵ ئێمەشدا لەئاژەڵ خراپتر مامەڵەدەكات تا سبەى رۆژ نەوێرین جارێكى دیكە هەمان رەخنەو قسەو بیروبۆچون دەبڕین. پاش دوو هەفتە مانەوە لە زیندان رۆژێكیان هەموومانیان بانگكرد گوایە رۆژى دادگایكردنەو بەوتەى خۆیان رۆژى حەق و حسابە یەك دوویەك لەسەر سیخورى گیرابوون دانیان بەتاونیان نابوو یەك دوو هەڤاڵیان شەهید كردبوو بڕیارى گوللە بارانكردنیاندرا و پێنج كەسیش كەتاوانەكانیان پێشێلكردنى دیسپلین و رێساى حزب بوو نێردران بۆ سەرلوتكەى شاخ بۆ سەر ئەوپەڕى بەرزایى كە دۆشكەو رەشاشى لێ بوو، ئەو شوێنە تابلێى عاسى و ترسناك و ئەستەم بوو، بروابكەن زیندان زۆر لەوێ خۆشتربوو، سێ چوارێكى دیكەش كە لەسەر شەڕو گاڵتەو قسەوتن بە هەڤاڵانى خۆیان گیرابوون بێ هیچ سزایەك ئازادكران، ئەوەى كەمابۆوە من و یەك دووهەڤاڵى تربووین كە تاوانەكانمان هاوشێوەى یەك بوون، یەكێیكان تاوانى تەنها ئەوەبووە گوتبوى باشە بۆچى پەكەكە بە هەڵبژاردن ودەنگدان سەرۆك هەڵنابژێرێت بۆ هەردەبێت ئاپۆ سەرۆك بێت یەعنى پەكەكە لەو زیرەكترى تێدانیە؟، كەسێكى دیكە لە پەروەردەدا گوتبوى پەكەكە پارتێكى توركیە ئەوەش بەڵگەیە لام كە بەشى زۆرى هەڤاڵان ئەوەندەى گرنگى وبایەخ بەزمان و كلتوروفەرهەنگى توركى دەدەن بەتوركى دەئاخڤن بەچارەكى چارەكى ئەوە گوێ بەزمانى دایك ودابە نەریت وئەدەبیاتى كوردى نابن، سێەمیشیان بەندەبوو، ئەوەبوو سزاى هەرسێكمان ئەوەبوو دوربخرێینەوە بۆ خواكورك و سیدەكان بەرێخراین بۆ خواكورك سەرپەرشتیارى ئەوێ هەڤاڵێك ناوى شاهین بوو خەڵكى رۆژئاوابوو، من ئاشنایەتى وناسینم لەگەڵ شاهیندا بۆچەند ساڵ لەوەپێش دەگەڕایەوە لەچەند شوێن پێكەوە بوین دووقۆڵى زۆر ئەرك و كارمان ئەنجامداوە و چەندین شەویش لەماڵمان ماوەتەوە ودۆستایەتى و نزیكایەتیەكى باشم لەگەڵیدا هەبوو، هەركەبینیم زۆر دڵخۆش بووم وگەشامەوە هەڤاڵ شاهینیش كەسێكى زۆر رۆح سوك و قسە خۆش و سادە بوو بچوایەتە هەرشوێنێك كاریگەرى و تەئسیرى لەسەر بەرامبەرەكانى بەجێ دەهێشت لەوناوچەیەش تەواو تەواو خۆشەویست بو، زۆرجاران بۆ فەعالیات و نزیكبونەوە لەگوندەكانى ناوچەكە دەچووە خوارەوە لەگەڵ گوندنشینان كۆدەبۆوە باس و بەسەرهاتى سیاسى وكۆمەڵایەتى زۆر شتى دیكەى لەگەڵدا باس دەكردن وزۆر كێشەو گرفتى كۆمەڵایەتیشى بۆ چارەدەكردن، وایلێهاتبو بەهۆى ئەوە وە زۆرترین شەڕڤان و دۆست و هەوادار و ئەندامى لەسنورەكە قازانجكردبو تەواوى خەڵكى ناوچەكەى وابەستە كردبوو بە پارتەوە، بەڵام بیریشمان نەچێت شاهین وەك زۆرێك لەهەڤاڵانى رۆژئاوا لەگەڵ هەندێك بیروباوەر ِو سیاسەتى پەكەكەدا جیاوازى ئایدۆلۆژى هەبوو چەندین جار لەگەڵ زۆرێك لە هەڤاڵانى تردا دەكەوتە موناقەشەوە تێك دەگیرا وسەرەنجامیش هەر بەزیان و سزاى شاهین و هاوبیرەكانى كۆتایى دەهات هەردوا جار هەر لەسەر ئەوەش لەپەكەكە زیزبوو وازى هێناو دانیشت و لەگەڵ ژمارەیەك هەڤاڵى جودا بۆوە لەپەكەكە پارتێكى كوردى وسوریان دامەزراندو لەبازیانى نزیك سلێمانى بارەگایان دانا، شەوێكیان هێرشیان كردە سەریان و تیرۆریانكرد و پەنجەى تۆمەتیش بۆپەكەكە درێژ كرا. ئەوە بوو بردیانینە خواكورك جارێكى دیكە لەسەرەتاوە دەستیان كردەوە بەپەروەردەمان ئەمجارە تابڵیێ هەڵسوكەوتیان لەگەڵمان خراپ و نەشیاو بوو هەمیشە بە حەزرەو گومانەوە لێمانیان دەڕوانى سیقەو متمانەى هیچیان پێمان نەبوو تەنانەت رێگەیان نەدەدا پاسەوانى شەویش بگرین و هەروەها بەشدارى چالاكیش بكەین و قەت نەمبینى هیچ جۆرە تفەنگێك لەلامانەوە نزیك بێت، هەستمان پێكردبوو كە زۆر بەوردى ودیقەت چاودێریمان دەكەن بۆ دەست بەئاو گەیاندنیش هەر بەدوامانەوە بوون، هەركاتێك تێبینیان بكردایە لەگەڵ هەڤاڵێكى سۆرانیدا دەدوێم یەكسەر كەسێك كە راسپێردرابوو خۆى دەگایەندینێ و دەهاتە لامان تا بزانێت لەبارەى چی یەوە دەدوێین، هەربەوەش نەدەوەستان پاشتر بەنهێنى هەڤاڵەكەیان بانگ دەكرد و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرد تا بزانن چیم باسكردوە، كارێكى دیكەكەزۆر پەست ونیگەرانى دەكردم ئەوەبوو دەچوون هەڤاڵانیان وەكو سیخور لەدژمان بەكاردەهێنا و دەهاتنە لامان رەخنەو گلەیى و پلاریان لە پەكەكەو هەڤاڵان دەگرت تا قسە لەئێمە دەربێَنن و شت بدركێنین، ئێمەش هەر زوو دركمان پێ دەكرد و دەمان ناسین بۆیە پێچەوانەى ئەوان سەرنج وتێبینى و نۆڕینى خۆمان دەردەخست، تا رۆژێكیان زۆر نیگەران بوم لەو هەڵویستەیان چوومە لاى هەڤاڵ شاهین و هەمو شتێكم بۆ باسكردو پێم راگەیاند كە ئیدى بەسە واز لەو چاودێرى وسیخوڕى ناردن وبێ متمانەیە بهێنن، ئەگەر ئێمە هەڤاڵین و لەسەر پارتى حسابین ئەوا وەكو هەر هەڤاڵێك ئەرك و كارى خۆمان پێ بسپێرن ئەگەریش تاكو ئێستا نەبوینەتە جێگەى متمانە ئەوا درەمان بكەن، باسەرى ئێوەش و ئێمەش سووكبێت، پیاو هەق بڵێت هەڤاڵ شاهین زۆر بەو هەڵوێستەى پارت نیگەران بوو لەناخەوە خەفەتى دەخوارد كە بەو شێوە رەفتار دەكەن، بەڵام ئەوەى كەزیاتر ئەویشى پەست و بێتاقەت كردبوو بێ دەسەڵاتى بوو لەبەرامبەرمان كە نەیدەوێرا سنورێك بۆ ئەو رەفتارە دزێوانەیان دابنێت، شاهین زۆر بەراشكاوانە ئەوەى دركاند كە ئەولەوكارە بێ بەریەو دور و نزیكیش پێى خۆش نییە، ئەوەى كە رایسپاردون بەوشێوەیە لەگەڵمان رەفتار بكەن (دوران كەڵكان)یەك دوو سەركردەى دیكە بوون.

بەشى شەشەم
تا دەهات ئازادیەكان و بیرورادەربڕین و هەلسوكەوتمان بەرتەسك تر دەبۆوە ئەرك وكارى قورسیشیان پێ دەكردین وەك گواستنەوەى ئازوقە و فیشەك و چاڵ هەڵكەندن بۆ حەشاردانى شتومەك و دروستكردنى خانو و ژوور، زۆرجاران خۆزگەمان بەسجنەكەى قەندیل دەخواست، بەوەى باش بوو گیانێكمان بە هەڤاڵ شاهین بوو زۆركات لەسەرمان بەدەنگ دەهات و پشتگیرى دەكردین، بۆخۆشى چەندین جار لەسەر ئەو هەڵوێست ونارازیبونەى دوچارى سزاو سەرزەنشت دە بوو بۆیەلەناخەوە رقى لە ئەداى كارى هەندێك لەوسەركردانە بوو بۆخۆشى چونكە خەڵكى سوریا بوو چەندین جاریش سزا درابوو زۆر جێگەى متمانە نەبوو ئەویش زۆر چاودێرى لەسەر بوو، تا رۆژێك دوو بەوو رازى دڵ خۆم بۆدركاند وپێم گوت كە چیتر تەحەولى ئەو سوكایەتى و بێ رێزیە ناكەم پێم خۆشە تۆ ئا ئێستا بمكوژیت بەڵام یەك رۆژى تر لەو ژیانەدا نەژیم، دەزانم تۆش تەواو لەو شتە بەداخیت بەڵام هیچت پێناكرێت خۆت سابیقەت ئەوەندە باش نیە بۆیە نامەوێت بەهیچ جۆرێك تۆ تووشى گێچەڵ ونارەحەتى بكەم دەزانم ئەمجارە هەرشتێك بكەیت سزات چیە، ئەوەى راستى بێت من بەنیازم راكەم بڕۆم تاكە چارەم بەس ئەوەیە هیچ رێگایەكى دیكە شك نابەم بەس ئەگەر دەتوانیت وبۆت دەكرێت هاوكارى وئاسانكاریم بۆبكە چونكە من هیچ شوێنێك شارەزانیم وبەم جل و بەرگەشەوە دونیا دەزانێت كە پەكەكەم و هەڵهاتووم، پاش كەمێك رامان وبیركردنەوە پێى گوتم كە كارەكەم تابلێى مەترسیدارە وگەر بگیرێم و ئاشكرا ببم ژیان وچارەنوسم كۆتایى پێدێت هەموو ئەو تۆمەتانەشى كە خراونەتە پاڵم لەسەرم ئیسپات دەبن وئەوكاتە ئەبمە پۆڕى خوراو تاكە یەك كەسیش چیە ناتوانێن هیچم بۆبكات، پێم گوت راست دەكەیت و خۆشم بیرم لەوە كردۆتەوە بەڵام لەوەزیاتر هیچ تروسكایەك شك نابەم خۆ ئەگەریش كوژرام تێدا چووم ئەوە بۆخۆم رزگارم دەبێت و سەرى تۆش سوك دەبێت، دواجار پاش چەندین سۆز و پەیمان و سوێندخواردن كە ئەگەرگیرام یان ئاشكرابوم بەهیچ شێوەیەك ناوى ئەونەهێنم و رازى بوو(بۆیە ئێستاش ناوى دێنم چونكە ئەوهەڤاڵە ئازیزە بەرەحمەتى خواچووە ولەژیاندا نەماوە) بەس گوتى پیویستم بەوەخت هەیە تا پلان و رێگا چارەی گونجاوت بۆ ئەدۆزمەوە وكارێك بكەم بەساغ و سەلامەتى دەربازببی و نەكەویتەوە دەستیان، زۆر زۆر خۆشحاڵ بووم لەخۆشیاندا تنۆك تنۆك فرمێسك لەچاوانم دەهاتەو خوارێ ئۆقرەو ئارامم لێ بڕابوو چركەو سەعات و رۆژم لێ ببونە قەرن و بەهیچ نەدەڕۆیشت هەركاتێكیش دوراودور شاهینم دەبینى شاگەشكە دەبووم و تەواو دڵخۆش و مەست دەبوم .چاوەڕوانى شاهین درێژەى كێشا و خۆشم لەبیرو هۆشى خۆمدا هەمیشە رێگەى ئەوەم دادەڕشت چۆن هەڵبێم لەشوێنێكدا كەتەواوى گوندەكانى ناوچەكە لەبەرخاترى بازرگانى و دەستكەوتى مادى پشتیوانى پەكەكەن، من چى بكەم تاكەیەك دیناریش چیە پێم نیە تا ئەگەرگیرام بەهۆیەو ئازادبكرێم. رۆژێكیان شاهین ناردنى بەشوێنمدا بەپەلە خۆم گەیاندێ، لە جێگاكەى خۆى هاتە دەرێ و پێكەوە كەوتینە پیاسە وتا دوركەوتینەوە ئەوجا پێى گوتم كە پلانێكم بۆت ئامادەكردووە سبەى شەو ئەگەر شانست هەبێت رزگارت دەبێت، بەڵام ئەگەر هاتوو كارەكە سەرى نەگرت ئەوە بۆخۆت لەمن باشتر دەزانیت ئاكامەكەى چى دەبێت، دڵنیاشم لەتۆ ئەگەر بگیرێیت وپارچە پارچەشت بكەن ناوى من ناهێنێت، بەڵام وەكو وتم تەواو ئامادەكاریم كردووە لەهەموو رویەكەوە هەڵم سەنگاندووە ئەوكەسەشى كە هاوكاریت دەكات لەكەسە باوەڕپێكراوەكانى خۆمە و بڕێكى باش پارەم پێداوە، بۆیە زۆر گەشبینم، لەخۆشیا نەم ئەزانى چى بڵێم قسەم بۆ نەدەكرا هەر ئەبڵەق ببوم تا ماوەیەكى زۆر من داڵغەم رۆیشتبوو تا شاهین بەئاگاى هێنامەوە وتى هۆهەڤاڵ ئەوە بۆكوێ چویت؟ راچڵەكیم وتم بەڵى ئاگام لێتە ئەى پلانەكە چۆن چۆنییە ؟من چى بكەم و كارى من چى دەبێت؟ بردمیە لاى دارێكى خوار بارەگاكەوە كە نزیكەى 300مەتر دووربوو، وتى شەوسەعات 12-1 لەخوارەوەبەسوارى وڵاغ ئازوقەو فیشەكمان بۆدێت لەناویاندا كەسێك هەیە ناوى (حجى مستۆ)یە پێم گوتوە كە لەگەڕانەوەداخۆى دوابخات و بێتە ئەوشوێنە تۆ سواربكات و پێكەوە بڕۆن و دەربازبن، بەس وشەى نهێنیت بیر نەچێت نهێنیەكە(شڤان)ە تۆش بەبیانوى شت داگرتن یان سەرئاو وەرە دەرەوە بچۆ بۆ ئەوێ لەویا چاوەڕێبكە، ئیتر هیچ خەمت نەبێت بەوم گوتوە هەموشتێكت بۆ دابین بكات، بەس تۆ ئەوەندەت لەسەرە بەسەلامەتى بگەیتە ژێر ئەو دارە و هەقى هیچت نەبێت، هەرەلەویا بڕێك پارەى پێدام لەگەڵ دەمانچەیەك لەترساندا دەمانچەكە لەژێردارەكەدا شاردەوە و وتى بەهیواى سەركەوتنت، پاشان چوینەوە شوێنى حەوانەوە، ئەوشەوە تابەیانى بۆ چركەیەكیش خەو نەچوە چاوم هەر خەریكى بیركردنەوە لێكدانەوەى پلانەكە بووم، جارێك دڵخۆش دەبوم كە رزگارم دەبێت جارێكیش ترس دایدەگرتم كە ئەگەر سەركەوتو نەبووم چیم بەسەر دێت، چونكە بۆخۆم زۆرێكم دیتبو كە هەوڵى راكردنیان دابوو چیان بەسەر هاتبوو، بەڵام چارم نەبوو، دەمگوت هەردوكیان هەرمردنن لێرە مردنى شێنەیى ئەگەریش گیرام مردنێكى خێرایە وتەواو دەبم، هەرچى چۆنێك بووم بەدەم سەدان بیرو قەلەقى ورارایى كاتم بەسەربرد هەموو دیمەنەكانى ئەو خەیاڵانەم وەكو فیلمى سینەما دەهاتەبەرچاو، خۆم دەبینیەوە گیراوم بەتاوانى هەڵهاتن كەلاى ئەوان (خیانەت)ە دادگاى دەكرێم و ئەمرى گوللە بارانكردنم بۆ دەرچووە، لەلایەكى تر زۆر بەسانایى رزگارم بوە و هاتومەتەوە ناو ماڵو خێزانم بەدەم ئەم خەیاڵ و بیركردنانەوە كاتم درەنگ كرد وەخت نزیكى 12 ى شەو دە بۆوە منیش هەرچى ئازاى لەشم هەیە وەكو شەقشەقە دەلەرزێ و دوو دڵم ترس هەموو گیانى داگرتووم وام لێهاتوە لەتاوا هێزى ئەژنۆشم نەماوە، یەك دوو جاریش خەریك بوو پەشیمان ببمەوە، ئەمگوت كێ ناڵێت ئەوەش پیلان و تەڵەیەك نیە بۆم نرابێتەوە، راستە تەواو متمانەم بەشاهین هەیە و زۆرم بەسەریەوە هەیە بەڵام سیاسەت و حیزبایەتى كوا ئەوشتانە دەزانێت، كاروانى وڵاغەكان گەیشتن و كردیان بەدەنگە دەنگ وقسەو گفتوگۆ منیش بەئەسپایى لە جێگاكەم هاتمە دەرێ و پاسەوان(نۆبەچى)وەستابوو بەدیار كاروانچیەكانەوە و ئاگادارى ئەوە بوو نەكا شتێك ببەن یان تەقینەوە یان كامێراو شتى دیكە لەو ناوە دابنێن چونكە كارى وا زۆر رویدابوو، چەندین كەسیش لەسەر ئەو تاوانە گیرابوو، رۆیشتم و بەوپەڕى هێز وقوت و خێرایى بەرەو شوێنى مەبەست رێگەم گرتە بەر تا گەیشتمە ئەوێ رەنگبێت سەدجار سەیرى ئەملاو لام كردبێت، ماوەكە هەرپێنج بۆ شەش دەقیقە دەبو بەڵام لاى من ببوو بە چەندین سەعات، گەیشتمە ژێردارەكەو دەمانچەكەم دەرهێناو وەستام نزیكەى بیست دەقیقە چاوەڕوانمكرد تا كاروانچیەكان بەرەو خوار بوونەوە، دوا كەسیان هاتە خوارەوە بەبیانوى چاككردنى ئاوزەنگى ئەسپەكەى تۆزێك لەویا وەستاو وچانێكى دا منیش یەكسەر خۆم گەیاندێ وتم (شڤان) ئیدى تێگەیشت و دڵنیا بوو لەوەى كە كەسەكە منم وتى هەرە ئەم بچین. پاش بڕینى نزیكەى دووسەعات رێگا گەیشتینە گوندێك بەناوى(بناویلۆك) كە زۆربەیان عەشیرەتى هەركى وسورچى بوون، من بەحاجیم وتبو كە سۆرانیم و خەڵكى سلێمانیم دەمەوێت هەرچى چۆنێك بێت بگەڕێمەوە بۆ ئەوێ، ئەویش تۆزێك راما و وتى رۆیشتن بۆ سیدەكان و خەلیفان و حاجى ئۆمەران كارێكى تابڵێى زەحمەت و مەترسیدارە چونكە وڵات هەموى بەپدك تەنراوە من وا بەباشتر دەزانم بەناوخاكى ئێراندا بڕۆیت ئەوێ بۆتۆ سەلامەتترە وتوشى هیچ نابیت، هەروەها كاروانچیەكانیش هەموویان خزم وناسیاومن لەگەڵیان رێك دەكەوم كە بەسەلامەتى تاقاسمە رەش یان سونێت بگەیەنن، پێشنیارەكەیم زۆر لا پەسەند بوو چونكە ئەوێ لەلایەك سنورى دەسەلاتى یەكێتیە ئەوان تۆزێك لەپارتى باشترن هەروەها لە پشدەر و دەوروبەرى ناسیاو و قەومم زۆرن. لەوێ خۆم شۆرد وریشم تاشى و جلوبەرگى ئاساییان پێدام، هەر ئەوشەوە حجى مستۆ پێشنیاریكرد كە لە بناویلۆك نەمێنین و بچین بۆ گوندێكى دیكە ناوى(بیمە سوران)بۆ ئەوێ توزێك لە دەسەڵاتى پەكەكەوە دورتر بوو چەپەكیشە لەقاچاغچى زیاتر كەم كەسى دیكە دەهاتنە ناوى، حاجى لەوێ بردمیە ماڵێك لەوێ لەژنێك ویەك دومناڵ زیاتر كەسى كەم نەدى هە رلەویا بەحجى م وت دەمەوێت ئەودەمانچەیەش بفرۆشم ئەویش حەزى لێى بوو دەمانچەكەم بە حجى فرۆشت و100$ ی دامێ، نانى بەیانیمان خوارد وحاجى وتى تۆ لێرە بە بزانە من كەسێكى باش نادۆزمەوە جێگەى متمانە بێت ئەو كارەلەئەستۆ بگرێت، پاش نزیكەى نیو سەعاتێك لەگەڵ پیاوێكى تەمەن 40-45 ساڵ هاتنە ژوورەوەو ناوى(محمود)بوو بە (محمودسەلماسى)مەشهوربوو، پاش قسەو باس و گفتوگۆ لەگەڵ حاجیدا بەڵێنى دا و سوێندى قورسى بۆخوارد كە بەئەمانەتەوە دەمگەیەنێتە شوێنى مەخسەد وهیچ خەمم نەبێت، بەڵام داواى 1000$ دەكرد، پاش معامەلەو ئەملاولا بە 500$ رازیمانكردو بۆ دەمەونزیكى نیوەڕۆ كەوتینە رێ وچوینە سەلماس و دەشتى مەرگەوڕو تەرگەوڕو لەگوندێك لاماندا كە ناوەكەیم لەیاد نەماوە، لەوێ جلوبەرگى نوێیان پێدام پانتۆلیى كاوبۆ و كراسێك و جوتێك پێلاو، پاش نانخواردن كاك محمود پێى گوتم كوڕەكانیشم وەكو خۆم شارەزاو چاوكراوە و لێهاتوون بۆ ئەو كارە پشتیان پێ دەبەستم ولێیان دڵنیام، یەكێك لەوانت لەگەڵ دەخەم ورێونێنى ورێبەریت بكات، پێشنیازەكەیم لاباش نەبوو پێم گوت پێم خۆشە بۆخۆت لەگەڵم بێیت، من لەگەڵ تۆدا زیاتر هەست بەئارامى و دڵنیایى دەكەم، هەروەها قەول و قەراریشمان وابووە، ئەویش قایل بوو وتى دەى كەواتە بازیاتر خۆ تەئخیر نەكەین ئەگەر سازبویت با هەر ئێستا ناوى خواى لێ بێنین، چوو ترومبیلێكى بیكاپ(زامیاد)ى بەكرێ گرت و دووسێ پارچە جغارەى مونتاناى لەگەڵ خۆى هێنا، من لەبەر ترس و لەرز و نائارامى كە هەموو ساتو كاتێك وام دەهاتە پێش چاو ئێستا نا ئێستا دەكەوینە بۆسەى مەفرەزەیەكى پەكەكەوە یان ها ئێستالەو بازگەى پاسدارانە داواى ناسنامەم لێدەكەن و دەگیرێم وجارێكى تر بۆ زیندان ئەویش هى ئێران كە زۆرم لەبارەیەوە بیست بوو، ئەوەى باش بووهیچ نارەحەتیمان نەچێشت نزیكى هەر بازگەیەك دەبوینەوە كاك مەحمود بەزمانى فارسى سلاو و چاك وخۆشى دەكرد و یەك دوو پاكەت جغارەى مۆنتاناى پێدەدان(ئەو جغارەیە لاى ئەوان زۆر بەقیمەتەوچونكە بەقاچاغیش دێت و بە ئاشكرا نافرۆشرێت دەستكەوتنى زەحمەتە) خۆشبەختانە بەبێ هیچ رێگرى و ناخۆشیەك نزیك سونێ وقاسمە رەش بوینەوە، وگەیشتینە شوێنى مەبەست، زۆر زۆر سوپاسم كردن و ئەملاو لایانم ماچكردو خواحافیزیم لێكردن و نهێنیەك هەبوو لەنێوان من و كاك مەحمود ئەویش ئەڵقەیەكى زیوى دەستى خۆى بوو پێدابووم و پێى گوتم هەركات گەیشتیتە شوێنى خۆت ورزگارت بوو ئەوا بەكاك محمود دا ئەوئەڵقەیم بۆبنێرەوە، كەئەڵقەكەم پێدایەوە پێم گوت بیداتەو دەست حجى مستۆ لەسەرێك پێى ناخۆش بوو دەیگوت چما حجى سیقە بەئێمە ناكات وتازە بەتازە تاقیمان دەكاتەوە، لەسەرێكیشەوە پێى خۆش بوو تا بیكاتە بەڵگەیەك كە كارەكەى خۆى بەسەركەوتوى بەجێ هێناوە، ئەوام رویشتن و خواحافیزیان كرد و منیش بەرەو سنور بومەوە و لەگەڵ قاچاغچیەكاندا كەوتمە مامەڵەكە بمكەن بەدیوى عێراقدا سەرەنجام لەگەڵ قاچاغچیەكدا بەبڕێك پارە رێكەوتن كە تاكو هەڵشۆم بەرێت، منیش ئەركى چاودێرى وسەرپەرشتى بارو ولاغەكان بگرمە ئەستۆ، گەیشتینە ئەوێ، لەوێ خۆم تەسلیمى پۆلیس كرد و وام پێراگەیاندبوون كە بۆكەسابەت چومەتە ئێران بەڵام لەوێ ماوەیەكى زۆر زیندانى كراوم، پاشان ئازادیانكردووم سنورداش كراوم هەرچى پارە و پوول وناسنامەو شت هەیە هەموویان لێ سەندوم تەنهاو تەنها بڕێكى كەم پارەم پێ یە ئەویش نزیكەى 50 $ وشاردبومەوە پێیان نەزانیوە (پارەى دیكشەم پێ بوو ئەوەى شاهین پێیدام و لەگەڵ پارەى دەمانچەكەش، بەڵام راستیم نەگوت وتم نەوەك لەبەر تەماحى پارەكە نیەتى شتێكى خراپیان هەبێت)، تۆزێك باوەڕهێنان وقەناعەت كردن بۆ ئەوشتانە لاى ئەوان زەحمەت بوو تەسلیمى ئاسایشیان كردم وئەوانیش شەو و رۆژێك لاى خۆیان گلیان دامەوە لێكۆڵینەوەیەكى زۆریان لەگەڵدا كردم، پێم گوتن بەڕێزینە نە پیاو خراپم نەساختە چى من خزمى كوێخا محەمەدى مەنگوڕم ئەوان ئامۆزاى بابمن و ئەگەر پێتان خۆشە تەئكید بكەنەوە، بەوە تۆزیك نەرمبون لەگەڵم سوكە قەناعەتێكیان كرد، پاشان جیهازیان كرد بوو بۆ قەلادزێ تا بزانن راست ئەكەم یان نا، ئەوانیش بە بەڵى وەلامیان دابوە بەڵى ئەوكەسە خزم ودۆستمانە ماڵیان لەسلێمانى یە، بەوەش نەوەستان كەوتنە پرسیار لەسەر كوڕو كچ و شوێنى نیشتەجێ بوون و زۆر شتى دیكە، پاش ئەوەى هەموو شتێك تەوابوو ئیزنیاندام، بەڵام من نەڕۆیشتم وتم ئەوە لێرە ئازادبووم لەشوێنێكى دیكە دوبارە دەگیرێمەوە هەمان بەزم لێكۆڵینەوە و سین وجیم دوبارە دەبێتەوە، ئەگەر دەكرێت نوسراوێكم بۆبكەن تەنها بۆ 24 كاتژمێر تا لەبازگەكان دەست نەهێننە رێگام بەسەلامەتى بگەمەوە ناوشار، سەرەتا قایل نەبون وتیان كارى وا محاڵە و نابێت، بەڵام پاش تەكلیف و ئەملاو لاچوومە لاى ئەفەسەرەكەیان و50$م وەكو شیرینى پێدا، وتم مەیخەرە برى هیچ شتێك ئەمە دیارى منە لەبەرامبەرئەو خزمەت و هەڵسوكەوتەتان، لەپێشدا وەرینەگرت وتى ئەدى بۆخۆت بەبێ پارە چۆن و بەچى دەڕۆییتەوە؟وتم گرفتێكم نیە هەر ئەوەندەم زەحمەتە تا دەگەمە قەڵادزێ لەوێندەرێ دەستم بەعشرەت رادەگات ودێن بەهانامەوە، ئەفسەرەكەیان وتى نوسراوێكى بۆبكەن تیایدا بنوسن كەنابراو سنورداشەو هیچ بەڵگەوناسنامەى پێ نیە بەڵام لەرێى كەفیلەوە ئازادكراوە و دەچێتەوە بۆ سلێمانى تكایە هاوكارى بكەن بەتێبینیش لەخوارەوە بنوسن تەنها بۆ 6 سەعات واتە لە سەعات8ى بەیانى بۆ 2ى نیوەڕۆ ئەم نوسراو بەكارە، هەركەنوسراوەكەم وەرگرت لەخۆشیا دەتگوت تازەلەدایك بووم خۆشم نەمزانى چۆن وبەچ خێراییەك گەیشتمە قەڵادزى ولەوێ دۆلارم كرد بەپارەى عێراقى یەكسەر بەرەو گەراجى سلێمانى كەوتمە رێ و سوارى تاكسى سلێمانى بووم، لەرێگا توشى هیچ رێگرى وناخۆشیەك نەبوین، لەچێششتخانەى كانى وەتمان لاماندا و نانێكى چاكم خوارد كەچەندین مانگ بوو خواردنى ئەوهام نەخواردبوو، جارێكى دیكە كەوتنەوەرێ هیچ باس نەبوو تا گەیشتینە بازگەكەى تاسڵوجە كابراى ئاسایش داواى ناسنامەى لێكردین منیش ئەو نوسراوەم پیدا، بەڵام دیاربوو خوێنەواریەكى باشى نەبوو سەرى لێ دەرنەدەچوو بۆیە دایبەزاندم بردمیە لاى ئەفسەرى بازگە ئەویش توزێك پرسیارو شتى كرد وتى ئەى دواتر ئەونوسراوە چى لێ دەكەیت؟وتم هیچ دەیدڕێنم چونكە من تەواوگەیشتومەتەوە ناوشار و ئیدى كارم بەوشتە نامێنێت وزۆر سوپاسى تۆش و ئەوانیش دەكەم بۆ هاوكاریتان، وتى دەى باشە نوسراوەكە لاى خۆم گل دەدەمەوە لەبەر ئەوەى تایبەتە بەئاسایش، لام ئاسایى بووم گوتم چیت پێ باشە ئەوە بكە، جارێكى دیكە كەوتینە رێ لەبەرزایەكەى باخى بەختیاریەوە دیمەنى جوان و دڵڕفێنى سلێمانیم بینى هەرچى خەم وخەفەت و هیلاكى و ترس هەبوو لەدڵم دەرچوو هەر لەخۆمەوە پێدەكەنیم ونەشئە دەیگرتم، ئەوەبوو پاش چەندین ساڵ دورەپەرێزى ودەربەدەرى و بێ لانەو مال َو حاڵ جارێكى دیكە بەدیدارى كەسو كارو شارو هاورێیانم شادبومەوە، لەماڵەوە پرسیارمكرد لەسەر حاڵو وەزعى هەڤاڵانى ناوشار وتیان ئێستاش هەر دێَن وسەردان دەكەن، منیش ئەوەم زۆر پێ ناخۆش وگران بوو، دەمگوت ئەوان لەوێ ئەوها لەگەڵ من رەفتار دەكەن و سوكایەتیم پێدەكەن وماڵیشمان بەجوانترین شێوە خزمەتیان دەكەن بۆیان بۆتە پەناو لانە و مەتعەم، بۆبەیانى چومە لاى زاناى هاوڕێم كەئەویش دۆستایەتى و هاورێیەتى لەگەڵیاندا هەبوو، كەبینیمى زۆرى لا سەیربوو، سەرەتا وایزانى بە كارو ئەرك نێردراوم بۆ ناوشار، بەڵام بۆخۆم لەنوكەوە هەموشتێكم بۆ باسكرد و پێشمگوت ئاگادارى جەماعەتى فەعالیات بكات كە ئیتر نامەوێت كەسیان ببینم هەركەسێكیش بێتە بەردەرگام بۆ میوانداریش تەقەى لێدەكەم، چەندین جار لەرێگەى زاناو چەند كەسێكى دیكەوە هەوڵى ئەویان لەگەڵدا دام پێك بێێنەوە جوابیان بۆ دەناردم كە پێكەوە دانیشین و گفتوگۆ بكەیت وزۆریان پێ ناخۆش ئەو مێژووە جوان وپرشنگدارەى خۆم و خێزانم بەهەدەر بدەین بەڵام بێ فائیدەبوو من هەموو شتێكیانم رەتد دەكردەوە، لەوكاتەوە تا ئێستا هەموپەیوەندیەكم لەگەڵیان بڕیوە وتەنانەت سڵاویشم لەگەڵیان نەماوە، لەكۆتایدا دەڵێم راستە پەكەكە نمونەى جوامێرى وبەرخودان وكۆڵنەدانە و دەنگى ملیۆنان هاوڵاتى بەش مەینەتى كوردە، بەڵام ئەویش خاڵى نیە لەهەڵەو تاوان وناڕەوایى بەتایبەت سەركردەو گەورەكانیان، كێشەى پەكەكە كێشەى ناو و دروشم نیە، كێشەكە كێشەى ئەوەیەناتوانێت لێپرسینەوە سزاى سەرانى بدات لەسەر گەورەترین تاوانیش، هەمیشە چاوپۆشى یان لێدەكات و لێیان دەبورێت، واتە سەرچاوەكەى لیخنە تاسەرچاوەش پاكژ و روون نەبێتەوە هەروا دەمێنێتەوە.

بەشى حەوتەم
سەبارەت بەو بیرەوەریانەم زۆرێك لە خوێنەران دەستخۆشیان بۆناردم و هیواخوازبوون كە درێژتربوایەوە زۆر لایەنى شاراوەترم باسبكردایە و هەندێكیش پێیان باشە كە زیاتر بچمە ناو كرۆكى باسەكەوە بیرەوەریەكان فراوانتر بكەم و بیكەم بە نامیلكەیەك و بڵاویانبكەمەوە، لەبەرامبەردا هەندێك خوێنەریش بەونوسینەم نیگەرانبوون وبەشێكیان پێیان وایە كەمن ناهەقیم كردوە و زۆر تۆمەت و تاوانم داوەتە پاڵ پەكەكەوئەوەى ئاماژەم پێداوە دورە لەراستیەوە ولەسەر ئەوەش بە بەكرێگیراو و پیاوى دوژمنم حساب دەكەن، بەشێكى دیكەش زۆر نەفەس كورت وبێ حەوسەڵەن بەبێ ئەوەى بەدواداچوون بكەن وبزانن ئەوەى هێناومەتە زمان وایە یان ؟نا راستە یان درۆ و هەڵبەستراو یەكەو راست كەوتونەتە جنێو قسەى ناشیرین بەخۆم و بنەماڵەكەم، لەبەرامبەردا منیش هیچ وەلامێكم بۆیان نیە و تەنها داواى ئەوەیان بۆدەكەم كە خواى گەورە بڕێك هۆش و بیرو عەقلًَیان بداتێ تا بتوانن رەش و سپى لەیەك جودا بكەنەوە.
بەرێزانم من لە خستنە روى ئەو بیرەوەریانەدا ئەوپەڕى رێز و حورمەتم بۆ شەهیدان و دڵسۆزانى پەكەكە و گەریلاو هەڤاڵان و دۆستانى نیشان داوە، پێشەكیش ئاماژەم پێداوە كە زۆر شتى واقیعم بەچاوانى خۆم سەبارەت بە گەریلاو گیانفیداى و هەڤاڵ بەندى و دڵسۆزى و فیداكارى دیتوە چ لە شەڕ یان لەخۆشیدا ئەگەر باسیبكەمم و ئاماژەى پێبدەم رەنگبێت باوەڕهێنان پیێ ئەستەم بێت، بۆنموونە هەڤاڵم هەبووە لە شەڕدا یان لەئەنجامى مین تەقینەوەدا لاقێكى برینداربووە كەڵكى ئەوەى نەبووە بدورێتەوە یان هەوڵ بدرێت چاك بكرێتەوە، لەگۆڕەپانى شەڕیشدا بوە كە هیچ دكتۆرو موزەمید و كادرێكى تەندروستى لێ نەبوە، ئەگەر هەشبوبێت هیچ پێداویستى پزیشكى لەكن نەبووە وكاتى ئەوەشى نەبووە خەریكى تیماركردنى ئەو كەسە بێت، ناچار بۆ ئەوەى بریندارەكە لەوە زیاتر خوێنى لەبەر نەڕوات و دوچارى بارى خراپتر نەبێت لەوێدا لاقیان بڕیوەتەوە، بەچى باشە؟ بەتەورداس یان قەمە وچەقۆ. هەروەها چەندین هەڤاڵى تاك قول(ئەوەى لاقێكى پەڕیوە)م دیتوە لە برى قاچى دەستكرد بە بۆرى پلاستیكى شەش ئینج قاچى بۆخۆى پێ دروستكردوە و لەسەرى رۆیشتوە، جوداى ئەوەش چەندین جار لەشەڕو هێرشدا هەڤاڵێك شەهید یان بریندابووە، بۆئەوەى تەرمەكەى نەكەوێتە دەست دوژمن و ئەوان سوكایەتى پێ نەكەن، هەموو هەڤاڵان لەهەوڵى ئەوەدابوون شەهیدەكە یان بریندارەكە یان دەست كەوێتەوە، جارى وا هەبووە بۆ دەستكەوتنەوەى تەرمى شەهیدێكى گەریلا سێ بۆ چوار كەس گیانى خۆى بەخشیوە، .ئینسان بەهەق بڵێت و بەویژدانەوە قسە بكات بڕواناكەم هیچ هێزێك هەبێت لەسەرانسەرى ئەم جیهانەدا بەئەندازەى گەریلا چاو نەترس و بوێرو ئازا و گیان بەخش بێت، تاكە مرۆڤێك كە لەسەر ئەم زەمینە بەوپەڕى باوەڕ و قەناعەتەوە شەڕى دوژمن دەكات ئەوانن، ئەوانن خۆیان دەتەقێننەو ئەوانن بۆ ریسواكردنى دوژمنان گڕ لەجەستەى خۆیان بەردەدەن.ئەوانن كە هیوا وباوەڕى گەلن، من هیچ قسەم لەسەر ئەوان نیە و هەمیشە لام لە مرۆڤە ئازیزو پیرۆزەكانن شایستەى هەموو شتێكن چەندێكیش باس بكرێن و لەسەریان بنوسرێت وژیان و بیرەوەرى و خەباتیان باسبكرێت هێشتا ناتوانیت هەقى خۆیان بدەیتێ، بەڵام تاوان و گوناهى ئەوان چیە كە فەرهاد و شەمدین و ئەوانى تر خیانەت دەكەن، بۆ دەبێت ئەوان باجى ململانێى نێوان باهۆز ئەردال و مورادقەرەیڵان بدەن؟ بۆدەبێت ئەوان لەبەر ئەوەى ئوجەلان زیندانیە بكەونە قۆناغى مت بون سازش بۆ دوژمن بكەن، تەنها بۆ خاترى سەلامەتى ئۆجەلان دەستبەرداى هەموو بەهاو پیرۆزیەكانى خەبات بن، بەڵام بۆ ئەوەى چەند رۆژێك لەتەمەنى بەشار ئەسەد زیاتربێت و مەرگى دوابخەن هەموو شتێك دەكەن وەكو ئەوەى ئێستا دەیبینن ئەو شەڕەى لە شەمدینان و هەكارى بەڕێوە دەچێت بە درێژایى تەمەنى پەكەكە چالاكى و شەڕى وا نەكراوە چ لە پانزەى تەباخ كە یەكەم فیشەكى سەرهەڵدان تەقى، چ لە تۆڵەى هەزاران شەهید و تەنانەت لەكاتى گرتنى ئوجەلانیش شتى وامان نەبینى . تەواوى رەخنەكانى من لەسەر سەركردەكانیانە، ئەوانن بەكەیفى خۆیان یارى بەچارەنووسى پەكەكە دەكەن و گەریلا دەكەن ئامرازێك بۆ بەدیهێنانى مەبەست و مەرامى خۆیان، ئەوانن هەر رۆژەى لەگەڵ دوژمنێكى كوردا دەكەونە رێكەوتن، ئەوانن بۆخاترى پلەو پۆستیان هەموو شتێك دەكەن، ئەوانن پەكەكەیان ناشیرین كردوە، كردویانە بەمەكۆى تاوان و ناهەقى، ئەوانن لەرێبازو بەرنامەى پەكەكە لایان داوە و پەكەكەیان بەرەو چارەنوسى نادیار و تاریكستان بردوە، دەنا وەكو تر گەریلا لەوكارو تاوان و خراپەكاریانە بێ بەریە، گەریلا نمونەى پاكیى و بەرزى و بەنرخى مرۆڤە، هەڵگرى بیرى ئازادى و سەربەخۆیەو نەخشەى كوردستانێكى گەورە بۆهەمیشە لەهزریدا چەسپیوە، گەریلایە هەرگیز روى چەكى ناكاتە هەڤاڵ و میللەتى خۆى.گەریلایە كە بیر لەوەناكاتەوە بەژەوەندى خۆى بخاتە پێش بەرژەوەندى گەل و پەكەكە، من بۆخۆم هەتا نهاش زۆر شانازى بەوەدەكەم كە بۆ چەند ساڵێك لەریزى گەریلادا بووم، لەوانەوە فێرە زۆرشت بوم، بەقەت چەندین زانكۆ و پەیمانگا فێرى ژیانى راستەقینە بووم، ئەوان فێریان كردم كە رۆحى هاوڕێیەتیم تێدابێت و لەپێناو هەڤاڵەكانمدا گیانى خۆم بەخت بەكەم، لەوانەوە فێرى سادەى وساكارى و بێ فیزى بووم، لەوانەوە فێرى واتاى عیشق وخۆشەویستى وڵات و ژیان بوم، ئەوان فێریان كردم كە تاكە شتێك كەمرۆڤ بیرى لێ نەكاتەوە خواردن وپارەیە، ئێستاش هەربەو باوەڕەوە دەژیم گیرفانم پڕپارەبێت و بێ پول بم لام وەكو یەكەو موڵكایەتى تایبەتى لاى من بوونى نیەو نامۆیە. برسى بم وتێربم هیچ گرنگ نیە لام، رۆژى یەك ژەم نان بخۆم ئەویش نان وتەماتە یان نان وچا بێت دەربەست نایەم بەس هێندەم بەسە پێى بژیم، جوانترین فەلسەفە و وتە كە ئەوان پێیان دەگوتم پێویستە پێش ئەوەى گیرفان و ورگت تێر بكەیت هەوڵ بدە مێشك وبیرت پڕبكەیت ئەوەیان لەپێشترە بۆ مرۆڤ، ئەوان فێریان كردم كە چۆن بژیم وبۆچى بژیم و كار وئەركى من لەژیاندا چیە؟ دەبێت چى بكەم چیم لەسەر شانە بۆ گەل و نیشتیمان و وڵات؟ ئەوان فێریان كردم كە ژنان لام بەڕێز وبەنرخ و مەزن بن، وەكو كاڵاو ئامرازێكى چێژ لێوەرگرتن بۆ ژیان سەیریان نەكەم و تەواوى رێز و حورمەتى خۆیان وەكو مرۆڤ پێبدەم، پێیان وتم كە ژنانیش هیچیان كەمتر نیە لەپیاوان ئەوانیش دەتوانن هەموو شتێك بكەن و گۆراِنكارى و رابەرایەتى بگرنە دەست، ئەوان فێریان كردم كە نیەت و دڵ ودەستم پاك بێت، هەر ئەوەش وایكرد كە ئەوەى نوسیومە و باسمكردوە بە ئامانەتەوە خستومەتە روو، پێشم خۆشە هەربەرێزێك بەهەر شێوەیەك خۆى لاى مەبەستە وەڵامم بداتەوە یان ئەوەى كە بەناڕاستى دەزانێت و ناچێتە عەقڵیەوە با بەكەیفى خۆى بەدرۆم بخاتەوە، لەم بیرەوەریەدا ئەوەى كە مەبەستمە تەنها ئەوەیە كە كورد میللەتێكى قارەمانە دوێنێ پێشمەرگە وئەمڕۆ گەریلا تەواو كەرى ئەو خەبات و شۆڕشەن، ئەوان ئەوەى توانیویانە وپێیان سپێردراوە بۆ سەرخستنى ئەرك وكاریان بەزیادەوە كردویانە، بەڵام كە بەسەدان هەزاریان بەناهەق خوێنیان رژاوە و بەهەزاران كەم ئەندامبوون، مال َوحاڵ و لانەو خێزانیان پەرتەوازە بووە و گوندو رەز و باخ یان سوتاوەو دەرەبەدەرو بێ لانەبوون، كەچى هێشتا لەسەرەتاى رێگان و هیچ بەرهەمێكمان نەدوریوەتەوە، تاوان و خەتاو كەم تەرخەمى هی ئەوان نەبووە، ئەوان هۆكارنەبوون بۆ شكست و نوشست و نەگەیشتن بەئامانج، بەڵكو ئەوەى كە بۆتە هۆكار بۆ ئەوەى هیچ نەچنینەوە و لەشوێنى خۆمان بخولێنەوە و تا ئێستا دارى شۆڕش و خەباتمان زڕ و بێ بەربێت، بەهۆى نابەڵەدى و نەزانى و هەڵەى زەقى ئەو بەناو لێپرسراوانەوە بووە، پێم وابێت پەكەكە و سەرانى لەهەموو كەس زیاتر پەى بەوراستى و بێ سەروبەرى و ناعەدالەتیەى سەركردەكانیان دەبەن، تۆ چ ناوێكى لێ دەنێت لە وتاوان و كەمتەرخەمى و بێ بەرپرسیارێتى یە دەخەیتە ئەستۆى كێ؟ لە ساڵێكدا هەزاران كەس بەبێ دەسخستنى هیچ ئەنجامێك تیابچێت، لەبەر خاترى هەڵەو كەموكوڕى ونەزانى و نەشارەزایى كەسێكى بەناو سەركردایەتى گەورەترین زیان لەپەكەكە بدات و لە ساڵێكدا زیاتر لە چەندین هەزار كەس وازلەپەكەكە بێنن و پێیان ئەستەم بێت بڵیت خەتاكە خەتاى فڵان بەرپرسەو ئەولێپرسراوە سڕبكەن یان دوربخەنەوە یان سزاى بدەن، ، تاكو پەكەكە نوێ بێتەوە كەسانى هاوشێوەشى چاوترسێن بن، زوڵمە پارتێكى گەورەو گران و خاوەن مێژوو و جەماوەرێكى بێشومار بكەیتە قوربانى كەسێك، لەكۆتایدا دەڵێم هەتاكو ئەوان لەهەمبەر هەڵەو كەموكوڕى و خراپەى ئەوكەسانە بێدەنگ بن و لێپێیچینەوە نەكەن و دوریان نەخەنەوە و لەپەكەكە بێ بەریان نەكەن، چارەنوسى یان خراپتر بێت باشتر نابێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە