وەفدى پارە یان!؟
Wednesday, 31/10/2012, 12:00
لەپاش روخانى رژێم و دروستبونى حكومەتى تازەى عێراق تا ئەم وەختە هەر زوڵم وزۆر و ناهەقى و كوشت وبڕ بەرامبەرمان دەكرێت، لەسایەى حكومەتى تازە و سەرۆكە كوردەكەمانەوە، ماڵى كورد لەجەلەولا و مەندەلى دەتەقێنرێتەوە، لەكەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بەشێواز و رەنگ و روخسارى نوێوە تەعریب دەكرێن، ئەو مادەیەى كەبە سەدو چل مەشهورەو بۆ چارەسەرى كێشەو ناكۆكیەكان دەرچووە، بەهاى قروشێكى نیە وچەندین ساڵە هەر مەرەكەبى سەر كاغەزە ،دەسەڵاتدارانى كورد لەعەرەبەكان زیاتر گاڵتەیان بەو مادەیە و بەندەكانى دێت،ئەگەر وانەبوایە بۆچ كەسێكى نەشارەزاو كاڵفامیان دەكرێتە سەرۆكى ئەو لیژنەیە؟ ئەوەتاهەموومان دەبینین كە حكومەتەكەى بەغدا رۆژ بەرۆژ جێ پێى خۆى قایم دەكات و خەریكى خۆپر چەك كردنە و هەموو كار و كردەوەیەك دەكات بۆ ئەوەى كورد و كیانەكەى لەم وڵاتەدا بێ رۆڵ وكاریگەر بكات، هەربۆ سوكایەتى و بێ رێزیش شوفێنى و قین لەدڵەكان بەئارەزوى خۆیان دەست دەخەنە كاروبارى ناوخۆى كوردستان و پێیان ئەستەم و گرانە لەپاش هەزاران ساڵ قوربانى و خەبات ببێتە خاوەن ناسنامەو و دەربكەوێت، ئەوەتا بۆ زیاتر ئیهانەكردنمان هەستاون سوپایەكى بێ شومار و پڕ لەچەكیان لەدەوروبەرى كەركوك كۆكردۆتەوە وساز و ئامادەى هەموو روبەروبونەوەیەكن، لەبەرامبەریشدا وەزارەتى پێشمەرگەكەمان لەبرى هەڵوێست و سەنگەر گرتن خەریكى پلە بەخشینەوە و دروستكردنى ڤێلاو ئاپارتمانە بۆ شێخ وەزیر، لەولاشەوە رۆژانە حكومەتى بەغدا خەریكى كڕینى چەك و تفاقى سەربازیە و بەناراستەوخۆ پەیامى پڕ لەهەرەشەو ترس مان بۆدەنێرێت ، كەچى حكومەتى خۆمان مێش میوانى نیە و بەئەندازەى پوشێك نایكاتە مەترسى بۆ سەر كوردستان. من تێناگەم لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵم وناهەقى و چەوساندنەوە و كوشتن و بڕین وراونان و خانو تەقاندنەوە وهەرەشانە بۆچ بێدەنگن و ورە و غیرەت مانا بێت پێیان نەماوە؟ خۆ ساڵى ساڵانیش نیە كورد لەكولەكەى تەڕیشدا ناوى نەیەت، ئەوەتا بەخێرێ سەرۆكى كۆمارى عێراق كوردە،چەندین وەزیر گزیر و ئەندام پەرلەمان مان هەیە كوردن،تۆ بڵێى ئەو هەموو جەور و ستەمەیان نەبیستیبێت یان بۆیان باسنەكردبن؟ تا لە كۆبونەوە بۆنەكاندا باسى بكەن؟ تكاو رجا لە كاك مالیكى و حیزبەكەى بكەن بەزەییەكیان بە حاڵى كورددا بێتەوە؟ نەخێر بە وەشەوە نەوەستاون تەواو تەواو بونەتە ریایى كارو پیاو وئەڵقە لەگوێى ئەوان، هەر بۆ خاترى رازیكردنى دڵى ئەوانە هەزار ویەك ماستاو و مامە حەمەیى ئەكەن،توخوا عەیب و شورەیى نییە من وتۆى كورد كە باوك وباپیرو چەندین پشتمان لەم خاكەدا ژیاون ومردون كەچى خاوەنى بستە زەویەك نەبین،كەچى ئەبو قەڵتاغ و سەید جاش كەوش لە ئەحمەد ئاواو هەولێر و ناوچەكانى تر بەدۆنم عەرزەیان بۆ دەكرێت بەخەڵات، ئێمەى كوردیش ناوێرین بەسەردان ونەخۆشیش رووبكەینە بەغدا وشارەكانى دیكە،تەنانەت موڵك وماڵیشمان لێ زەوتدەكرێت و بەزۆرى زۆردارى ئاوارە ودەربەدەرمان دەكەن، هەموو ئەمانە بەنەزەرو دیدى سەرانى كورد و بەناو سیاسیەكان شتێكى ئاساییە، چونكە لەو نێوەدا هیچ كامیان زیان نە بەخۆیان و نە بە كەس و دۆستانیان ناگات، ئەوەى كە تیایدا دەچێت و كوڕى دەكوژرێت و ماڵى لێ دەڕوخێت وسەرگەردان دەبێت تەنها هەر هەژارو نەدارەكانە. ئەمەش گەواهیدەرى ئەوەیە ئەو زرتە بۆزە سیاسیانە هیچ بەتەنگ كێشەو داوا و مافى رەواى گەلەوەنین وئەگەر هەموو كوردى كەركوك و خانەقین وشەنگار و شوێنەكانى دیكە تیابچن و جارێكى دیكە ئەنفال و تەرحیل بكرێن باكیان نییە خۆیان بە نوێنەر و بەرپرس و خەمخۆرى ئەم میللەتە نازانن،بەڵام هەر عانێك دەنگۆى كەمبونەوەى پارە و داهات هەبێت و مەترسى بۆ سەر گیرفان و قاسەكانیان دروست بكات خێراو بەپەلە پڕۆزێ ئەكەونە دروستكردنى وەفد و لیژنە و بۆ ئەوەش چەپ و ئیسلامى و عیلمانى هەرهەموویان هاوڕاو هاودەنگ دەبن ،لەبرى حكومەت حزب زیاتر پەریشان دەبێت،ئەوە خۆ دیتان سەرانى ئەو وەفدە بۆ سوێندیش یەك بەرپرسى باڵاى حكومى تێدا نەبوو سەرلەبەرى حزبى بون،ئەمەش ئەوەمان بۆ چەند بارە دەكاتەوە كە تا ئێستا و بۆهەتایە حكومەت هەر لەژێر سێبەرى حیزبدا دەمێنێتەوە، و خوێنى هەموو كوردیش بەچارەكى لەسەدا حەڤدەكەى بەشە داهات سەنگین و بەقیمەت نیە.توخوا هەموو پێتان سەیر نیە و گاڵتە قەشمەریتان بەو وەفدە باڵایە نایەت كە ئەندامێكى ئەو وەفدە كاكە حەمەى شۆسیالیستە و یەك كەلیمەش عەرەبى نازانێت.؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست