رەمەزانیش سیاسى یاوى مەكەن
Sunday, 29/07/2012, 12:00
رەمەزان مانگى رۆژو نوێژو تاعەت وخواپەرستیە،مانگى پاك بونەوەیە لەگوناه وتاوان،بەپیێ بەرنامەى ئیسلام هەركەسێك بە باوەڕ و ئیمانى تەواوەوە رەمەزان بگرێت خودا لەسەرجەم گوناهەكانى خۆش دەبێت، بۆیە لەم مانگەدا سەرجەم مرۆڤەكان نەرم و نیان وبەسۆز بە بەزەیى دەبن و خۆیان لە هەموو ناڕەوایى و خراپە وتاوانێك دە بویرَن تازۆرترین پاداشتى ئەودونیا بەدەست بێنن، دەڵێم خۆزیا ساڵ دوانزەى مانگ هەر رەمەزان بووایە تا هەموو كەسێك ببوایەتە پیاو چاك وخێر وبێرى بكردایە و وەكو فریشتە هەڵسوكەوتى بكردایە بەهۆیەوە رادەى هەژارىو برسێتیش داكشایە، ئەم نەریتە زۆرێك لە مەسئولین و بەرپرسانیشى بارگاوى كردوە بەجۆرێك هەندێكیان سەر بە فەرزى خودانادەن و نازانن فاتحاش بخوێنن وقیبلە كەتۆتە كوێوە؟ بەڵام هەر بۆ خۆ دەرخستن و ریكلام و دێن لەگەڵ كۆمەڵێك رۆژووە واندا بەربانگ دەكەنەوە و بەجۆرەها شێوەش لەكەناڵەكاندا پیشانیان دەدەن،كە بەِرێز كاك فڵانى مەسئول ئێوارە خوانێكى بۆ ژمارەیەك رۆژوەوان سازكرد،من وەكو بۆچوونى خۆم پێم باشە هیچ رۆژووە وانێك لەو میواندارى و ئێوارە خوان و داوەتانەدا بەشدار نەبێت،چونكە لەلایەك ئەو بەڕێزە بۆخۆى هیچ باوەرێكى بەو شتە نیە زیاتر بۆ خۆدەرخستنە و خۆ بردنە پێشەوەیە وە هەروەها ئەو پارەیەى كەمیوانداریى و خوانەكەى پێ ئامادە دەكرێت دڵنیابە پارەى گیرفانى و رەنجى شانى خۆى نییە و ئیفو بەلاشەو قوتى میللەتە ،بۆیە من بە حەرامى دەشوبهێنم ، وا چاكە و چەندى دەكرێت موسڵمانان خۆیانى لێ ببوێرن دەمى لێ نەدەن. شتێكى دیكەشى رەمەزان كە بۆتە چاولێكەرى و ریكڵام خۆبادان بۆحزب و لایەنەكان، هاوكارى و بەخشینى مال َو سامانە بە كەسانى هەژارو نەدارو كەم درامەت،كەئەمە زیاتر لەلایەن پارتە بەناو ئیسلامیەكانەوە پەیڕەو دەكرێت ودێن ماڵێكى نەدار و یان كەم ئەندام نیشان دەدەن وبەجۆرەها شێواز باسی نەهامەتى و نەبوونیان دەكەن و بۆ ئەوەى هەست و سۆزى خەڵكى بجوڵێنن دێن بەریكلامى ناشایستەو دوور لەعورف و عاداتى كوردەوارى و پەیِرەوەى ئاینى ئەو ماڵە دەخەنە سەر شاشەو هەست و ویژدانیان بریندار دەكەن. ئەمە چییەحیزبەكەیان بڕى ئەوەندە پارەى وەكو كۆمەك بۆكۆكردۆتەوە بۆى هێناوە، من دەڵێم دەستان خۆش خێرتان بنوسێت و خوا پاداشتى هەموو چاكە كارێكى باش و خێر بداتەوە ،بەڵام لەبیرمان بێت ئیسلام دەڵێت ئەگەر بەدەستى راست خێرت كرد رێگە مەدە دەستى چەپت پێى بزانێت، هەریەكەلە ئەندامانى ئەو پارتە ئیسلامیانەش بۆخۆیان لەمن و تۆ زیاتر ئەو راستیە دەزانن و رەنگبێت بەدەیان ئایەت و فەرمودەیان لەسەر ئەوە لەبەر بێت،بەڵام لەبەر خاترى حیزبەكەى پەیڕەوى ناكات ،حزبایەتى و سیاسەت دەخاتە پێش ئیسلامیەتی ورەمەزانەوە، لەوانەش سەیرتر ئەو شەوە لە كەناڵى یەكگرتوو ئەمیندارە تازەكەیانم بینى كە بۆ بەربانگ و رۆژو شكاندن رووى لەماڵێكى هەژار و كەم درامەت كردبوو،تائێرە ئاساییە و كارێكى بەجیێەو شیاوى رێز دەست خۆشیە كە كەسێك یان بەرپرسێكى باڵا دڵى بۆ هاوڵاتیانى هەژار و بێ خوان لێدەدات وقیروسیا لەخۆى دەكات و ژەمێك لەژەمەكانى ساڵ لەبەر خاترى ئەو ماڵە خواردنى ناخۆش و دەخوات، بەڵام نائاسییەكەى ئەوەیە كە بۆچى و لەبەرچى و چ پێویست دەكات جەنابى یەك كامێراى قەبە بخاتە دواى خۆى و ریكلام بۆخۆى بكات كەبەرێزى كەسێكى بەخشندەو میهرەبان و بەسۆزە ئەوەتا بەم مانگى پیرۆزە لەبرى خانەوادەى خۆى چووە لاى ئەو ماڵە هەژارە بەربانگى كردۆتەوە،لێرەدا رووى دەمم ئەكەمە ئەوكەناڵە ئیسلامیانەو پێیان دەڵێت توخوا تو پیرۆزى مانگى رەمەزان دەستبەردارى ئەو ریكلام وسیاسەتە چەواشەیە بن سیاسەت واتە فرتو فێل و تەڵەكەبازى بۆ سەركەوتن و گەیشتنە دەسەڵات، دینى ئیسلامیش سیراتول موستەقیمە و دژى هەموو ساختەكارى و فریودانێكە ،ئەگەر مەیلتان لە خێرو چاكەو بەخشینە ئەوە رێگاو شێوازى دیكە زۆر زۆرە و خێریشى زۆرترە پێویست بەزوومى كامێراش ناكات چونكە خودا خوى موبینى حاڵە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست