كێ سەركردەمانە؟
Wednesday, 18/07/2012, 12:00
نازانم چارەڕەشى خۆمانە یان قەدەر واى ویستوە كە ئێمەى كورد هەروا بین و نەبینە خاوەن هیچ سەركردەیەكى دیارو ناسراو كە بتوانێت رابەرایەتى و رێنوینیمان بكات بەرەو سەركەوتن و سەرفرازى. تۆ دیقەت بە هەر لەسەردەمى ئیمپڕاتۆریەتى میدیاوە تاكو ئەمڕۆ دەیان وسەدان سەركردەو رابەردەركەوتون ، بەڵام هیچ كامێكیان نەیتوانیوە شتێك بۆكورد بپَچڕێت و كورد بەرەو ئایندەیەكى گەش و شكۆدار بەرێت،باسى خیانەت كلكل گرێدانى هەندێك بەناو سەركردە ناكەم كەلەپێناو دەسەڵات ومانەوەى خۆیدا لەگەڵ سەرسەخترین دوژمندا ئاشنایەتى پەیدا كردوە وبۆتە دەربارى بەر دەرگاى، نا من زیاتر مەبەستم لەم بەناو سەركردانەیە كە لەسەرەتاى سەدەى بیستەمەوە تاكو ئیمڕۆ دەركەوتون و خۆیان بەرابەرو سەركردەوە گەورەى میللەت دەزانن ،بەڵام لە جەوهەردا هیچ نین ،نەك هەر هیچیان بۆكورد نەكردوە بگڕە زیاتر چونەتە خزمەتى دوژمنان و ئاویان لەئاشى ئەوان كردووە، هەندێكیشان لەبەر كەم ئەزمونى و نابەڵەدى و ساویلكەى میللەت و شۆڕشیەكەیان بەرەو هەڵدێر بردووە یان هیچ بەرەنگاریەكیان نەكردوە و تەسلم بەویست وئیرادەى دوژمنانیان بون، تو بڕوانە پیشەوا قازى محمد شێخ سەعیدى پیران، كە دووسەركردەى دیارى كورد بون و كوردانى هەرچوار پارچە هیوا و ئاوات و بڕواو متمانەى تەواوی پێان بوو، بەڵام مخابن ئەوان نەیانتوانى ببنە وەڵامدەرەوەى ئەو رۆژگارەو لەئاست داواو خواستى میللەتدا بن ، لەبرى بەرخودان و شەڕو مقاوەمەت بە ئاسانترین شێوە خۆیان داوە بەدەست دوژمنەوە لەبرى ئەوە دەیانتوانى تا دوا هەناسەو فیشەك شەڕى مان و نەمان بكەن و مێژوویەكى پڕ شكۆتر بۆخۆیان تۆماربكەن وببنە سیمبولى نەتەوەیى ،بەهەڵەدا ناچم ئەگەر بڵێم ئوجەلان رابەرى پارتى كرێكارانیش لە و هەڵەو كەموكورتیە نەیتوانیوە دەربازبێت، ئەو هەمیشە و بەردەوام رەخنەى ئەوەى لە سەركردەكانى وەكو (شهاب و ئەنوەرو زۆراب و قازى محمد)یش دەگرت كە تەسلیم كاربوون وبە ساناترین شێوە خۆیان داوە بەدەستەوە بەبێ ئەوەى یەك زەڕڕە بەرگرى بكەن،، كەچى بۆخۆشى دووچارى هەمان بارودۆخ بوو بگرە خراپتریش چونكە ئەوان سەرەراى تەسلیم بونیان بەیەك وشەش پەشیمانى و پاكانەیان دەرنەبڕى بەڵام ناوبراو هەر لەیەكم ساتى دەستگیركردنى ئەوەى چاوەڕوان نەدەكرا دركاندى،سەربارى ئەوەش زۆرێك لەبەناو سەركردەكانمان كە چ ئەمڕۆ چ رابردوو لاف و گەزافى رابەرایەتى و سەركردە و سەرۆكایەتى كوردیان لێدەدا و خۆیان بە یەكەم دڵسۆز و خەمخۆرى كورد دەزانى، بەڵام لە واقیعدا هیچ نەبوون هەریە ك بۆخۆیان بەشێوەیەك لەشێوەكان لەپێناو سوڵتەو مەنێەب و رابەرایەتى خۆیاندا خۆیان بە یەكێك لە دوژمنەكانى كورددا هەڵواسیوە ،چەندان نموونە لەبەرچاوە دیارترینیان (قاسملۆ) رابەرى حدكا ئەو رەحمەتیە لەگەرمەى كیمیاباران و ئەنفال و ماڵوێرانى كورد دا داكۆكیى لە رژێمى بەعس دەكرد و لەمیدیا جیهانیەكاندا دەیفەرموو كە كیمیابارانى كوردستان لەلایەن رژێمى ئیرانەوە ئەنجام دراوە، هەمان شت بۆ تاڵەبانى و بارزانیش وا بوو ئەوان وەها چوبونە خزمەتى رژێمى خومەینى و پاسدارانەوە هەمیشە بۆ هەر هێرشێك بۆ سەر كوردستان ئەوان رابەرو چاو ساغیان بون ،ئەوان ببوونە لەشكر و سوپاى قەرەرارگەى رەمەزان و دەیان هێرشى وەكو هەڵەبجەو لێدانى بیرەنەوتەكانى كەركوك و شەڕەكانى شارباژێر بەچاوساغى و ئیعازى ئەوان بەڕێوە دەچوو، بارزانیش هەر لە سەرەتاى شۆڕشە لە سەردەمى بارزانى باوكدا هێندەى چاوساغ و نۆكەرى رژێمە یەك لەدوا یەكەكانى ئێران بووە بەچارەكى ئەوە شۆڕشى بۆ كوردستان نەكردوە، مەلا ئاوارە وسلیمان موعینى و هاورێكانى باشترین گەواهیدەرنن هەروەها سەركوتكردنى راپەرینى گەلانى ئێران لەشارەكانى شنو ونەغەدە و كەرەج لەلایەن چەكدارانى پارتى بە رابەرایەتى ئیدریس و مەسعود بارزانى لەكەیەكى شەرمەزاریە بتەویلیانەوە ئەوە كارەساتى 31ى ئاب و خیانەتە گەورەكە روو زەردیەكى تریانە كە ئەمانە هەمیشەو وبەردەوام نۆكەرو ئەڵقە لەگوێى دوژمنان هەموو تەنازولاتێك بۆ دوژمنان دەكەن بۆخاترى پاراستنى سەروماڵى بنەماڵە .وەنەبێت پەكەكەش لەم تاوانە بێ بەری بێت ئەویش تاكوئەمرۆ هەر لەسەر هەمان سیاسەتى خۆى بەردەوامە و لە پاڵپشتى و هاوكارى و هاوسۆزى خۆى بۆ رژێمى سوریا یەك تۆزقاڵ كەمى نەكردوە ،تاكو ئێستاش بۆتە بەشێك لەسوپاى ئەو رژێمە و رێگەنادات لەم زروفە هەستیارو چارەنوس سازەدا لە بچوكترین شارى كوردیدا خەڵك خۆپیشاندان بكەن نبگرە لەزۆر شوێنان حاكم وفەرمان ڕەوان، سەركردەكانیشیان رەواى دەدەن بەو كارەو بەشتێكى زۆر ئیجابى شرۆڤەو باسى دەكەن، وەنەبێت سەركردە ئیسلامیەكانیش بىً بەریبن لەو پاشەڵپیسى و تاوانانە ئەوەتا كەسێكى وەكو عەلى باپیر تا دواهەناسەى بەعس پیاوى دڵسۆزى بوو هاوكارى و پارەو چەكى لەوەوە بێدەگەیشت لەژێریشەوە بەناوى قورئان و جیهاد و سەلەفیەتدا خوڵى لەچاوانى هەزاران كەسى موسڵمانى دڵساف دەكرد بەناوى جیهاد و غەزاوە بەكوشتى دەدان ، رابەرانى بزوتنەوە ئیسلامیش هەڵگرانى ئاڵاى ئیسلام ئەوانیش خاڵى نین لە تاوان و خراپە و زوڵم وناهەقى ئەوان بوون بۆخاترى بەرگەو ئافەرینێكى ئاغاكانى ئێران دەیان و سەدان پێشمەرگەو چالاكوانى كوردیان چ شەهیدكردوە چ بەزیندوى تەسلیم بەوان كردۆتەوە لەهەموان زیاتر باوەرو متمانەى رژێمى پیاوكوژى ئێرانیان بۆخۆیان دەستەبەركردوە..ئەمڕۆش كە كوردستانى باشور ئازادەو خاوەنى هەندێك سەربەستى وئازادى خۆیەتى، بەناو دووسەركردەمان هەیە یەكێك لێرە و یەكێك لەبەغدا بەڵام بوون ونەبوونى هەردوكیان وەك یەكە،بابزانین لەو سەركردە و رابەرایەتیەیان چ ئیزافەیەكیان خستۆتە سەر خەبات و مێژووى كورد چ دەستكەوتێكیان بۆمان فەراهەم كردوە؟ بارزانى هێندەى پەرۆشى رازیكردنى دڵى توركان و قۆرخكردنى نەوت و بەروبومەكانەیەتى لەگەڵ هەوڵدان بۆ چەسپاندنى و بەزۆر بەسەركردەكردنى كوڕە نەفام و هەرزەكانى نیو هێندە لەخەمى گەلى كورد و خەڵكەكەیدا نیە، ئەوەندەى پەرۆشى مەزارى باوكیەتى و هەوڵى پچڕینى بەشێكى زۆرى تەرخانكردنى بودجەیەتى چارەكى چارەكى ئەوە بەتەنگ كێشەو گرفت و داخوازى ونەهامەتى گەلەوە نیە و باكیشى پێى نیە. هەرچى تاڵەبانیشە ئەوە بۆخۆى لەبەرخاترى كورسى سەرۆك كۆمارى هەموو تەنازولاتێك دەكات بۆ هەموو لایەنەكان، ئەویش هێندە خەمى ئەوەیەتى ئێران لەخۆى نەڕنجێنێ و دڵى شیعە راگرێت ،وە هەروەها لەملاشەوە لەپاش خۆى سوڵتەو سكرتیرى یەكێتى لە دەستى بنەماڵەیدا دەرنەچێت و بازى بەختیان تەرە نەبێت دەبینین زیاتر لەهەر شتێك ئێستا هێروى ژنى كردوە بەحاكم و كوێخاى ناو یەكێتى ئەو بەكەیفى خۆى و بەو نەزانى و ساویلكەیەى خۆى سیاسەتێكى زۆر گەمژانە پەپڕەو دەكات و بەویستى خۆى پارە وسەروەت و سامانى یەكێتى بەكاردێنێت بۆ مانەوەى بنەمالًە و بایى نیو هێندە دەربەستى كێشەو ململانێ و ناكۆكیەكانى ناو مالًى كورد و حیزبدا نیە ،هەرچى تایبەتیشە بە كەسێكى وەكو نەوشیروان ئەویش لەدێر زەمانەوە خولیا و كەلكەڵەى رابەرایەتى لەمێشكیدا بوە،تا دواجار خواستى لەرێى هەڵبژاردنى ئۆرگانەكانى ناو یەكێتى باڵادەستى و گەورەیى خۆى بسەملێنێت بەڵام ئەو حەزە بۆى بوو بەخەونێكى كرچ و كاڵ و بۆیە پەناى بردە بەر دروستكردنى بزوتنەوەی گۆڕان، ئەویش تەنها لەبەر ئەوەى خودى خۆى ببێتە رابەرو سەركردە جاڕى دروستكردنى ئەو بزوتنەوەیە یدا و بەدەیان و سەدان كەسى لێكەوتو دۆڕاوى سیاسى و پاشەڵ پیس لەدەورى خربوونەوە كردیانە مەكۆ و پەناگە، ئەویش نەیتوانى ببێتە بەدیل وجێكرەوەى پارتەكانى دیكە چونكە بۆخوشى لەناو منداڵدانى یەكێتى دا دروست بووە و بەهەمو پیسو قڕێژیەكانیەوە هاتوتە مەیدان ، تەنها بۆخاترى دەسەڵات وپارە سەرى لەهێلكە دەرهێناوە و هیچ گۆڕانكارى و زیادەیەك لە هەگبەیاندا نابینرێت ،سەرەتا زۆر توندو تیژ بوون بەرامبەر بە هەموو نارەِواییەك پاشان وردە وردە سارد بۆوە كەوتەسازش و پەشیمانى و بادانەوە بۆلاى بنەماڵەو رێكەوتنى ژێربەژێرو سەردانى ئاشتى هەورامى بۆخۆى تەواو روى هەڵماڵین وراستى وەك رۆژى روون خستە پێش چاومان ،لەلایەكى ترەوە تازەكردنەوەى پەیمان و وەفا و دڵسۆزى بۆ ئێران و گرنتى دان بەئاغاكان كە ئەمان ئەتوانن ببنە بەدیلى یەكێتى وپارتى و ئیسلامیەكان و بەدیهێنەرى خواست وداوایان بەیەكجارى هەموو ئەگەرەكانى سەروبن كرد، هەرچى تایبەتیشە بە بەناو سكرتێرو سەرۆكى پارتەكانى دیكى كوردستان وەكو ئایندە وزەحمەتكێشان و شیوعى و یەكگرتوو كێ وكێ ئەوە باس نەكردنیان زۆر باشترە چونكە ئەوانە هەر لە ئەزەلەوە بە فاشلى و دۆڕاوى و سەقەتى لەدایك بوون تا ئەبەدیش ئەگەر نەمرن و رۆحیان نەكێشن هەروا دەمێننەوە، جا ئێستا تێڕاماوم لەوە دەترسم رۆژێك منداڵەكەم بپرسێت بڵێت ئەرى بابە كێ سەرۆكى كوردە" یان ئێمەى كورد خاوەنى چەند سەركردەى لێهاتوو دیارو قارەمانین، ئەو دەمە چى جواب بدەمەوە بە چ درۆیەك قەناعەتى پێبكەم ،تكایە چارەیەكم بۆ بدۆرزنەوە؟
چەتۆ بینایى
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست