گۆڤارى بەڵگەو هەفتەنامەى هەواڵ دزێویەكانى حكومەت ئارایشت دەكەن
Tuesday, 05/03/2013, 12:00
نوسەرى راستە قینە و هەق بێژ ئەو نوسەرانەن كە بەردەوام بەدواى راستى وهەقیقەتدا وێڵن، شەو رۆژ دەخەنە سەر یەك تا بەرهەم وبابەتێك بهێننە بوون،ترس و راونان وكوشتن وزیندانى و هەرەشە و تۆقاندن، بەشێكى دانەبڕاوى كارو پیشەیانە. ناپلیۆن پۆناپارت بەوهەموو هێز ودەسەڵاتەى خۆى سڵى لە رۆژنامەنوسان دەكردەوە،هەر ئەویش نا زۆربەى دیكتاتۆر وزاڵم و ملهوڕەكانى جیهان زیاد لەهەر شت لە خامەى نوسەران و بیرى رۆشنبیران دەسلەَمنەوە،چونكە ئەوان بە زەبرى چەك و سوپا و داگیركارى بێدەنگ ناكرێن و تەسلیم نابن، گەر دوور نەڕۆین ئەوەتا ئیستا هەموو دەبینین، ماڵپەڕێكى وەكو كوردستان پوست، یان هەر كەناڵێكى راگەیاندنى دیكەى بێ لایەن ،كە هەوڵى گەیاندنى راستیەكان دەدات و، چەوتى و خوار وخێچى و زوڵم وستەم و، ناهەقى دەسەڵات و دیكتاتۆرەكان دەخاتە روو،چۆن بونەتە مۆتەكەى سەر دڵى ئەو كەسانە و،پەردەى لەسەرهەموو گەندەڵى و ناهەقى و، كارە دزێوەكانى یان لاداوە. ئەمەش بۆتە گەورەترین و ناخۆشترین رووداو بۆیان، چونكە هەرچەندى بكەن و بكۆشن ناتوانن ئەو دەنگە گپ بكەن.
نوسەر و خاوەن خامەى بەرز ،رۆشنبیرى خاوەن هەست و بیرى پێشكەوتو، هەمیشە وبەردەوام لەریزى میللەتدا بووە، هەرگیزاو هەرگیز سەنگەر و خامەى نەدۆڕاندوە و لەپێناو پارە موڵك و دەستكەوتدا هەست و بیرى هەراج نەكردوە،بەوەش گەورەترین سەروەرى و شانازى بۆخۆى و بوارەكەى تۆماركردوە.
لەئێستادا كە هەموو دەبینین، پارتە فەرمانڕەواكانى باشور و حكومەتە نایەكسان خوازەكەى، چ زوڵم ناهەقى و زۆرداریەك دەنوێنن، بەئاشكراو بێ پەردە لەسەر هەڵوێست دەبڕین، نوسەران تیرۆ دەكەن، زیندانى وسەرەونگومیان دەكەن، بە بەر چاوى خەڵكەوە قوتى خەڵك دەبەن و ئەو هەمو خێر وبێرو سامانە ئاودو دەكەن و پارە وداهات دەخەنە گیرفانى خۆیانەوە،لەولاشەوە بە سەدان هەتیو و بێ ناز و برسى و نەخۆش و ،دەردەدار چاوەڕێى پاروە نانێك و تۆزێك دەرمانە.
ئێمە و مانان تا تۆزێك ئازوقە و بەرمیلێك نەوت و موچەى مانگێكمان پێدەدەن ،هەزار ئەملاو لاو دەستى دەستیمان پێدەكەن.
لە هەموو خۆشیەكى ژیان ولەسەرەتاترین پێداویستى گرنگ و زەرورى ژیان بێ بەشین، هەتا ئیٍَستاش هەیمەنەى حیزب مەڵبەند ولق و كۆمیتە بەسەر ژیانمان حاكمە ،دەبێت بەخواستى ئەوان رەفتار بكەین، رۆژ بە رۆژ میللەت لەسەر دەستى ئەوان و بەهۆى سیاسەتى چەواشە و ناڕاستى ئەو بەناو سیاسیانە بەرەو نەزانى و دواكەوتوى و ناهۆشیارى و ،گەڕانەوە بۆ پاشەوەمل دەنێت، كە دەبوایە نوسەران و خاوەن دید و بۆچون رۆشنفیكران ببونایەتە بەربەرست و رێگر، لەبەردەم ئەو هەڵمەتى نەزانیەى كە دەسەڵاتداران هەوڵى بۆدەدەن، بەڵام وەك تێبینى دەكرێت هەوڵ و كۆششى ئەو بەڕێزانە زۆر كەم وسنوردارە.
بەهەڵەدا ناچین ئەگەربێڵین پاوان خوازى دەسەڵات ودیكتاتۆریەت و بەزۆر سەپاندنى هەموو مەرچ و شەرتێك بەسەرماندا و یاریكردن بەچارەنوس و ئایندە و ژیانمان، چەندە زاڵم بەرپرسان لێى بەرپرسیارن ،ئەوەندەش خەتاكە دەكەوێتە ئەستۆى كەسانى رۆشنبیرو، خاوەن قەڵەم،چونكە ئەوان نەبونەتە مامۆستاو رێبەر و چاوساغى خەڵك و، لە پیلان و ئۆینى ئەو كەسانە، خەڵك و میللەتیان ئاگادار و هۆشیار نەكردۆتەوە.كە ئەمەش بۆخۆى كارو ئەركى لەپێشینەى ئەوانە ودەبێت ئەولەویەتى پێ بدەن ، هەوڵ وهیمەتى خۆیان بخەنە گەڕ، گەر نا ئەوا پاشە رۆژ بەرپرسیاریەتى مێژووى دەكەوێتە ئەستۆیان.
بەداخەوە زۆرێك لەو بەناو نوسەر و خاون هزرانە،نەك هەر ئەو كارەیان بەهەند وەرنەگرتوە ورۆڵى خۆیان نەگێڕاوە، جێ دەستى خۆیان نە نەخشاندوە،بگرە تەواو تەواو پێچەوانە رەفتاریان كردوە و لەرێگەى نوسین و بایەت و رۆژنامە و گۆڤارى چەواشە كاریەوە هەوڵیانداوە كەسانى رەزا تاڵ و نەفرەت لێكراوى كۆمەڵ لامان خۆشەویست بكەن و بەنوسین و رونكردنەوەكانیان ئارایشت و دەمامكى ساختەى رووى ئەو كەسانە بكەن، باشترین نمونەشمان جەمال عەبدولڵا و گۆڤارە ئاست نزمەكەیەتى، گەر خوێنەرێك سەرپێى لاپەڕەكانى هەلداتەوە سەرنجى مانشێت وتارەكانى بدات،تێدەگات كە ئەو نوسەرەو گۆڤارەكەى زمانحاڵى كێن و بۆكێ دەنوسێت داكۆكى لەكێ دەكات و كێ پاڵپشت وهاوكارى دەكات؟
من زۆر تاقەتى ئەو نوسین و گۆڤارە تەشهیرانەم نیە ،بەڵام لەبەر خاترى ئەم نوسینە پێم خۆش بوو توزێك چاوى پێدا بخشێنم، بزانم بۆچ مەبەست و ئامانجێك ئەو برادەرە وادەكات؟ لە ئەوەڵ لاپەڕەى تا كۆتایى هیچ نوسین یان شتێكم نەبینى كە سود مەند بێت و تۆزێك زانیارى ورشنبیریم پێبدات، جگە لە زەم وتەشهیر و بوختان و درۆ و قسەو وتەى بازاڕى، بڕوابكەن سەردەمى رژێم بەو هەموو زوڵم زۆریەى خۆى ، بەئەندازەى ئەو زاتە توند وهەڵەشە نەبوو ،رێگەى نەدەدا راگەیاندنەكەى خۆى زۆر بەزەقى تەشهیر وزمانى زبر لەبەرامبەر پێشمەرگە و سەرانى بەكار بهێنت،ئەوە ئەرشیفیان ماوە دەتوانن تەماشاى بكەن،بەڵام كەسێكى وەكو جمال عەبدولڵا كە بەخێرێ یاسایى و رۆژنامە نوسە ، كەچى هەموو پێوەر و یاسا وئەخلاقى رۆژنامەنوسى بن پێ دەخات و لەبەر خاترى رازیكردنى دەسەڵات و پارتى فەرمانڕەوا وەرگرتنى پلە وئیمتیازى باشتر هەموو پێوەرەكان دەشكێنێت و، بەقسەى سوك وئاست نزم وبازاڕیانە، ئەو گۆڤارە رەش دەكاتەوە،كە جگە لەخۆى و هەندێك هەوادارى ،كەس گرنگى وبایەخى پێنادات، بۆ راستى ئەم قسەیەشم دەتوانن سەردانێكى ناوبازاڕ بكەن، من بۆخۆم حەزمكرد لەولایەنەشەوە زانیاریم هەبێت، تا بزانم ئاستى فرۆش و بازاڕو خوێندنەوى چۆنە؟، بۆئەوەش سەردانى زۆرێك لەكتێبخانەو و كۆشكى رۆژنامەفرۆشەكانم كرد،زۆرێكیان هەر پێیان باش نەبوو ئەو گۆڤارە بەبەلاشیش وەربگرن وبیفرۆشن، زۆرێكیشیان تابڵێى لێى نارازى بوون، بەوەشەوە نەوەستام چومە لاى سەنتەرى دابەشكارى گشتى یەكەیان، بەراستى وبێ پەردە، پێى وتم كە تیراژى فرۆشى هەر ژمارەیەك لە نێوان100-150 دانەدایە، كە ئەمەش بۆخۆى كارەساتەو نیشانەى ئیفلاسى ولەدەست دانى متمانەیە، هەقە سەندیكاى رۆژنامەوسانیش بەزەییەكى بەحاڵى رۆژنامەو گۆڤار و بڵاوكراوەكاندا بێتەوە..ئێمە هەمیشە شانازى بەوەوە دەكەین كە خاوەنى مێژویەكى پڕشكۆین لەبوارى راگەیاندن و رۆژنامەگەریدا و هەمیشە میقداد بەدرخان وێردى سەرزمانمانە، لەبەر ئەوە هەق نیە رێگە بدەن بەكەسانى، هاوشێوەى جەمال عەبدولڵا ئاستى رۆژنامەگەرى كوردى ئاوا سوك وبێ نرخ بكات و،لەبەر خاترى گیرفانى خۆى و رازیكردنى سەرو خۆى ئەو كاسپیە بكات،پاشە رۆژ ئێوەى سەندیكاش لێى بەرپرسیارن و مەسئولیات بەرۆكى ئیوەش دەگرێت.
جوداى ئەوەش رۆژنامەى هەوالیشَ و جێگرى نەقیبى سەندیكا شوان داودى ،كە سەرنوسەرى ئەو هەفتەنامەیە ،ئەویش خەریكە، دەبێتە مینبەر وزمان حاڵى و دەسەڵات و دەخوازێت لەرێى هەندێك نوسەرى وەكو(سەمەد زەنگەنە) پۆخەڵى نارەوایەكانى بەپرسیان و سەركردەكان پشواتەوە،ئەوسەركردانەى كە هەمو دەیانناسین و دەزایین كێن وچین و چیان بۆ كورد و میللەت كردوە، چۆن گیرمان خواردوە بەدەستیانەوە ،لەسەردەستى ئەوان چۆن رۆژگارمان تاڵ و ناخۆش و پڕ میحنەت بوە،كەچى بەڕێزێكى وەكو كاكە سەمەد دێت بەشان وباڵى سەركردەیەى فشەڵ و هیچ لەبارنەبوو و نارۆشنبیر و پیاو كوژ و شەرانگێز و هەڵدەدات و لێمان دەكات بە بسمارك و لینین و،كە بڕواناكەم بۆخۆشى باوەڕى بەو ستایش و پیا هەڵدانە هەبێت، تەنها وتەنها هەر بۆخاترى ئیمتیازى زیاتر وچەورترە،خۆشیەكەى ئەوەیە كاك سەمەد یەكەم دەمراست وراوێژكارى ئەو بەرپرسەیە و ئاگادارى هەموو جموجوڵ وتەنانەت هەناسەدان و خۆشتن و چونە سەرتەوالیەتیەتى،كەچى زۆر بێچاو و رووانە دەڵێت من ئەو بەرپرسە ناناسم.
داوادەكەم كە بۆخاترى گۆڕى پیرەمێردو حوسێن وحوزنى و بنەماڵەى بەدرخان،با چیتر رۆژنامە و رۆژنامەگەرى كوردى بۆ ئەو مەبەست و مەرامانە بەكار نەهێنین ، نەیكەنە قەڵغان وشوراو سەنگەر بۆ داكۆكى كردن لە كەسانى نا بەرپرس و قێزەون دۆڕاوى ناو كۆمەڵ، ئەوەى كەسى باش و چاك و دڵسۆزبێت پێویست ناكات باس بكرێت،چونكە كارو كردەوى خۆى ناسنامەو زمان حالیەتى،ئەوەشى كە بە خراپ و بەد و تاوانبار ناوى رۆیشتوە نەك بەنوسینێك بگرە رۆژانە سەدان گۆڤار و رۆژنامەشى لەسەر دەربكەیت خۆشەویست نابێت ونابێت..با بۆ یادى ساڵوەگەرى رۆژنامە گەرى كوردى خۆمان یەكلا بكەینەوە ماناو جوانى وپاكیەكى بێسنور بدەین بەبوارى رۆژنامەگەرى كوردى، لەنێوان نوسەرى ماستاوچى و هەلپەرست و نوسەرى راستەقینە و هاوسۆزى میللەت هێڵێك هەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست