هەڵوێست وهرگرتن چى لێهاتووە؟
Tuesday, 16/10/2012, 12:00
ماوەیەك برادەرێكى رۆشنبیرو بیروباوەڕ چەپ و ئەهلى قەڵەم و نوسەرى دیار و شیعر ئاگرین و تەنز وەشێن و قسە لەروو كەوتبووە گلەیى و رەخنە و سیخورمە هاویشتن لە حزبە كوردستانیەكان بەتایبەت هەردوو حزبى فەرمانرەِوا، ئەوەى كەبڵاویدەكردەوە من بۆخۆم زۆر بەتامەزرۆ و جۆش و خۆشیەوە دەمخویندەو زۆرجار شیعرو قسەكانیشم لەبەردەكرد و بووبونە وێردى سەرزمانم، ئەمگوت بریا سەد بریا كۆمەڵێك قەڵەم بەدەست وئازاو بوێرى وەكو ئەو بەڕێزەمان هەبوایە گروپێكیان پێك بهێنایە و لەبەرامبەر هەر خراپى و ناڕەوایى وناعەدالەتى دەسەڵاتدا دەنگیان هەڵبڕیایە یان لەرێى شیعر و وتارەكانیانەوە زەنگى وریاكردنەوەیان بۆدەسەڵات لێبدایەو و میللەتیشیان هۆشیار بكردایەتەوەو شۆڕشێكى فیكرى و هزریان بخوڵقاندایە و رووى دزێو ناقوڵاى دەسەڵات و هێزى كۆن وپاشڤەڕۆ ونەزانینیان هەڵماڵیایە ،ئەو دەمە ئیدى ئێمەش وەكو وڵاتانى دیكە بەرەو هۆشیارىو بەئاگاهاتن و خۆسازدان بەرەو قۆناغى نوێ هەنگاومان دەنا.
بەڵام بەداخەوە بۆ ئێمەى كورد و بوونى كەسانى وا كە لەژێر چەندین پەردەى درۆ وساختە تەڵەكەبازیدا خۆیان حەشارداوە و لەسەرەوە لەگەڵ میللەتدان و ئاوێزانى ئێش و ئازارەكانیانن لەژێریشەوە ئەڵقە لەگوێ و پیاو و دەربارى ئەوانن،ئەوەتا وەكو باسمكرد ماوەیەكە ئەو برادەرە پەگى داناوە و سەد وهەشتا پلە بایداوەتەوە ، ئەو تادوێنێ نوسەرێكى چەپ و مۆدێرن و قسە لەروو بوو، دژى زوڵم وستەم و ناعەدالەتى شتى دەنووسى،رقى لەهەموو ئەو پارتە كوردیانە دەبۆوە بە دواكەوتو و نەزان و جاهیل وەسفى دەكردن جۆرەها شیعر و هەجو تەنز و پلارى لەسەرنووسین،كەچى بەكون فەیەكونێك چووە ئامێزى پاشكەوتوترین لایەن و بووە قەڵەم فرۆشیان ،ئەو هەموو نوسین وساڵى خزمەت و چى وچیەى كردە قوربانى بەرژەوەندى تایبەت و لەپێناو هەندێك دەست كەوتدا ئاگرێكى لەخەرمانى چەند ساڵەى بەردا و خۆى خستە ریزى نەفرەتلێكراوان و بوو بەردى بن گوم ئێستا كەس ناوى ناهێنێت ئەویش بۆئەوەى جارێكى دیكە خەڵك باسى بكەنەوە و بێتەوە بیریان ئێستا لەفەیسبوك بەیجێكى كردۆتەوە بە شتە كۆنەكانیدا دەچێتەوە وبڵاویان دەكاتەوە ،بەڵام هەموى هەر لە یەك بازنەدا خول دەخوات ئەویش قسەكردنە لەسەریەكێتى نوسەران و تاڵەبانى هەموو ئەمانەش بۆخاترى رازیكردنى سەرانى زەرد و جامانە سورەكان دەنا وەكو تر لەگوڵ كاڵتر بەوان ناڵێت.
سەیرە زۆر جاران خەڵك لەسەر هەڵوێست و مەبدەئو بیرو باوەڕ لەسێدارە دەدرا ماڵى دەروخا زیندانى دەكرا تەعەداى ناموس لە خێزانى دەكرا كەچى لاى ئەستەم و گرانبوو لە هەڵوێست و بیرو باوەڕى پەشیمان بَیتەوە ،كوشتن و سوكایەتى ویاریكردن بەناموسى لا خۆشتر بوو وەك لە تەسلیم بون وپەشیمان بونەوە لە هەڵوێست و بیروباوەڕى.
كەچى ئێستا ئەوەندەى هەڵوێست ومەبدەئو بیروباوەر بێ رێز ونرخە هیچى كە ناگات بەو، لەهەراج خانەى ژیان وسیاسەتدا بەهاى پولێكى نیە، نوسەرو رۆشنبیر وسیاسى هەیە وەكو بووكە سەماكەرى لێهاتوە كێ زۆرتر بدات و شاباشى چەورتر بێت زۆڕناكەى روودەكاتە ئەوە بۆ ئەوە هەڵدەپەڕێت،ئەوەتا هەموو شاهیدن ساڵانى نەوەدەكان شاعیرمان هەبوو كە كۆڕى شیعرى سازدەكرد بە چەندین سەعات پێش وادەى خۆى لەدەرەوەى هۆڵەكەش جێگا نەدەما ، بەڵام ئەمڕۆ لەبەرئەوەى ئەو بەڕێزە بۆتە شاعیرى لایەنێك و هەڵوێستى كاڵ بۆتەوە وەكو جاران داكۆكى لە دۆزى رەواو كێشەكان ناكات زیاتر دواى بەرژەوەندى تایبەت وژیانى خۆى كەوتوە لاى عاشقانى ئەو سەنگ و قورساییەى ئەوساى نەماوە ئێستا دەیان كۆڕیشى هەبێت بیست كەس ئامادە نابن، رۆژى كتێبێكیش چاپ بكات خەڵك دەربەست نایەت وتەماشاشی ناكەن،لەبەر ئەوەى ئەو هەڵوێست و بیرو باوەڕەى هەیبو بەبایدا و دۆڕاندى، بیجگە لەوە خۆ هەمووان ئاگادارن ئەوبەڕێزەى كە دادگایى سەدامى ئەكرد حوكمى دا چ رێز وپلە وپایەییەكى هەبوو خەڵك چۆن لێیان دەڕوانى ،بەڵام كەبووە ئەندامى پەرلەمان لەسەر سفرەى هاوپەیمانى كوردستان لێى دانیشت و كەوتە خواردنى بەر ورەنجى هەژارو زەحمەتكێشان و بۆخۆشى بووە پارێزەى دیكاتۆرێكى هاوشێوەى سەدام و خوێنى بەناهەق رژاوى دەیانى وەكو سەردەشت و ریّژوان وسۆران و هاوەڵانى هەستیان نەجوڵاند و تۆزقاڵێك هەڵوێست و غیرەتى نەبزوا وخیانەتى لە پیشەو كارەكەى خۆى كردو بووە داكۆكی كارى زاڵم وخوێن رێژو بە سەروەت وسامان وئوتومبیل و ئیمتیازات فریوى خوارد و قڕوقەپى لێكرد،ئەویش لەپێش چاوى میللەت كەوتو بووە كەسێكى نا خۆشەویست، هەروەها بەدەیان وسەدان نمونەى لەوجۆرەهەبوە وهەیە بەتایبەت سیاسى وخاوەن قەڵەم و رۆشنبیران ئەوانەى كە كاریگەرى زۆریان لەسەر میللەت هەیە و لە بارو دۆخێكدا تەواو جێگاى متمانەو باوەڕى هەوادارانیان بوون، خەڵكى بەدەمڕاست ونوێنەرو پێشڕەوى خۆیانى دادەنان،بەڵام لەبەر بەرژەوەندى شەخسى وپلەو پایە و هەندێك دەسكەوت ئەو مێژوو رابردوەجوانەى خۆیان لێل و لیخن كردوە و بونەتە كەسێكى بێ هەڵویست وهەلپەرست و دۆڕاوى كۆمەڵ، جا ئەگەر ئەوانە ئەو كەسانەى كە خاوەن پلەو پایەو بڕوانامەو كەسایەتى بن ئەوە هەڵوێستیان بێت ئیدى بۆلۆمەى كەسێكى نەخوێنەوار و نەزان بكەین كە بۆخاترى مشتێك پارە دەبێتە ئاسایش و پێشمەرگە پشتگیرى لەمانەوەى زاڵمان دەكات،من وام دانابوو كە خانە رۆشنبیریەكان و فەرهەنگ خانە و شوێنەكانى دیكە ببن بە بەدیل و جێگاو شوێنى زیندوكردنەوەى هەڵوێست و بیروراو و جێگە بە بیرى كۆن وپاشكەوتو لێژدەكەن وئیدى ئەو رۆشنفكرانە بەچەكى قەڵەم ومەعریفە خەڵك تەیار دەكەن تالە دژى پارتە پاشكەوتو نەزانەكان بجەنگن،بەڵام كەبینیم مامۆستاى زانكۆ ،ئەندام پارلەمان ،وەزیر و شاعیر ،نوسەر و مێژوو نوس هەرهەموویان بونەتە پاشكەوتوى پارتێكى عەشایەر وخێلەكى ،ئەو پارتەى بێ بەهاترین كەس لاى ئەو ژنانە ،ئەوپارتەى رێزى پوشێك بۆ ئەهلى قەڵەم دانانێت ،ئەوپارتەى گاڵتەى بەعەقڵ ومەعریفە وپێشكەوتن دێت ،ئەوپارتەى لەسەر بچوكترین قسە سەرونگونت ئەكات،كەچى سیاسى وپیاوماقوڵ ورۆشنبیران ودەرەبارەكانى بۆ هەندێك دۆلار و سوپاسێك خۆیان دەكەن بەقوربانى بەشانامەو وەسفى پڕدرۆ زل وقەبەیان دەكەن ، زۆربەزیم بەحالى میللەتەكەماندادێت كە ئەوانە چاوساغ و رێنیشاندەر و پێشرەوى بن. ئیدى بۆتۆزێك هەڵوێستى نەگۆڕ و شەریف روو لەكوێ بكەین،بڵێت هەبێت بەڵام ئیكسپایەر بوبێت ولیژنەكانى چاودێرى بەدزیەوە فڕێیان نەدابیت بۆ ئەوەى ئەو تۆزقاڵەش نەمێنێت؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست