ئێوەش لاسایی جوانیەكان بكەنەوە
Tuesday, 08/03/2011, 12:00
هەرلە سەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی جەماوەری كوردستانەوە بەتایبەتیش لەسلێمانی، چەندین تۆمەتی هەڵبەستراو درانە پاڵ خۆپیشاندەران بەمەبەستی چەواشەكردنی رای گشتی و بچوككردنەوەی قەبارەی خۆپیشاندانەكەو ناشیرینكردنی سومعەیان، بەوەی ئەمانە تاڵانچین، چەند منداڵێكن ، دەستی دەرەكییان لەپشتە، ئاژاوەگێڕن، ناوچەگەرێتی دەكەن و هەروەها بوونەتەهۆی داخستنی دوكان و بازاڕەكان و رزقی هەژارانیان بڕیوە.
لەدوای ئەنجامدانی یەكەمین نوێژی هەینی لەهەفتەی پێشووتر و پێش ئەوەش، چەند زوڕناژەنێكی سەربەو دەسەڵاتەی كە لەخۆپیشاندان تۆقیوە ، وایان بڵاوكردەوە كە خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان تەنها ئەوە دەزانن لاسایی خۆپیشاندەرەكانی میسڕ بكەنەوە، لەوەی نوێژی هەینی ئەنجامدەدەن و مەیدانەكەیان ناوناوە مەیدانی تەحریر و چەند لێكچوونێكی تر.
هەرچەندە بوونی لێكچوون لەنێوان ئەو شۆڕشەی میسڕیەكان كردیان و ئەوەی لە كوردستانیش دەكرێت، حاڵەتێكی سروشتییە، چونكە ئامانجەكان لەیەكەوە نزیكن و دەسەڵاتدارەكانی ئەوێ و ئێرەش لەچەندین سیفەتدا هاوبەشن و دەكرێت هەنگاوەكانیش لەوانەوە نزیكبن بۆئەوەی وەك ئەوان بگەینە ئەنجام، لەگەل ئەوەشدا ئەو زوڕناژەنانە و دەسەڵاتدارانیان كە سەرچاوەی مادییان بۆ دابیندەكەن و راگەیاندنەكانیانیان خستۆتە خزمەتیان، با بیرێك لەخۆیان بكەنەوە و ئەو پرسیارە لەخۆیان بكەن كە ئەگەر ئەو رەفتارانەی خۆپیشاندەران لاساییكردنەوەی میسڕییەكانیش بێت كوێی عەیبەیە؟؟
ئەگەر لاساییش كرابێتەوە ئەوا هەڵوێستە جوانەكانیان دووبارە كراوەتەوە، وەك ئەنجامدانی نوێژ لەگۆڕەپانی ئازادی و بەخشینەوەی گوڵ و شیرینی بەسەر هێزە ئەمنیە تەقەكەرەكانی ئێوەداو پاككردنەوەی گۆڕەپانی ئازادی لەدوای چۆڵكردنی لەئێوارانداو دروشمی بەئاشتی و هتد.
بشپرسن ئەگەر ئەمانە عەیبەن، ئەی بۆ ئەوەی ئێوە عەیبە نیە كە لاسایی دەسەڵاتە رووخاوەكانی تونس و میسڕ دەكەنەوە.
داوام لەئێوەش ئەوەیە ئەگەر وەك خۆپیشاندەرانتان پێناكرێت بە لاساییكردنەوەی شتە جوانەكان، مەچنە سەر دووبارەكردنەوەی هەڵوێست و رەفتارە دزێو و ناشیرینەكانی بنعەلی و موبارەك كە ئێستا تیایدا نغرۆبوون.
لەوانەش پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و بێدیفاع لەلایەن بەكرێگیراوەكانەوە و هەڵكوتانە سەر خێمەكان و سووتاندنیان و چەواشەكارییەكانی راگەیاندنتان و هەڕەشەكردن و بەسووك سەیركردنی داواكاریی خەڵك و تەنەزول نەكردن بۆ داواكانی جەماوەر و دەستلەكارنەكێشانەوە تا دوا چركەو بەئاژاوەگێر وەسفكردنی خۆپیشاندەران و پەلاماردانی تەلەفزیۆنی نالیاو رادیۆی دەنگ لەكەلار.
ئێستا دەزانن كێ لاسایی كێ دەكاتەوە؟ ئەگەر خۆپیشاندەران لاسایی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان دەكەنەوە ئەوا ئێوەش لاسایی هیچ نەبێت عیراق بكەنەوە، كە لەدوای دوو رۆژ خۆپیشاندان چەندین بەرپرس دەستیان لەكاركێشایەوە و مالیكی هاتە وەڵام و چەند گۆڕانكارییەكی نوێی راگەیاند و 100 رۆژی دایە سەرجەم بەرپرسەكان كە خۆیان لەگەندەڵی دووربخەنەوە، نەك كەستان دەستنەكەوێت و لاسایی زەینلعابدین بنعەلی و موبارەك و عەلی عەبدوڵا ساڵح و ستەمكارەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست