هەولێر كوێی پیرۆزە تاشەڕی لێنەكرێ؟
Friday, 11/06/2010, 12:00
ئەم رستەیەی سەرەوە بوەتە كراسەكەى عوسمان ونەیارانى نەوشیروان مستەفا ناوە ناوە و لەكاتى پێویست بۆ مەرامى تایبەتى خۆیان و لەدژى ناوبراو لەكۆڕو كۆبوونەوەو دەزگا راگەیاندنەكانیان دەیلێنەوە گوایە نەوشیروان مستەفا بەچاوى سووك سەیری ئەم شارە دەكات وپیرۆزیەكەی پێشێل كردووەو بوەتە هۆی بەرپایوونى شەڕ لەم شارە.من نازانم نەوشیروان ئەم قسەیەى كرددوە یان نا وە ئەگەر كردوویەتی بەچ مەبەستێك بووە ،بۆیە وەڵامەكەى بۆخۆی جێدێلم.
ئەوەى من دەمەوێ لەم نووسینەدا قسەی لەسەر بكەم مانای پیرۆزیى و پێشێل كردنى پیرۆزیەكانە .
پیرۆزی ووشەیەكە لەدیدى جیاجیاو بۆ زۆر مەبەست بەكار دێت بۆنمونە شوێنە ئایینیەكان ،حەرەمی ماڵ،حەرەمی زانكۆ ،سەروەری وڵات ........هتد .ئەمانە شوێنى پیرۆزن ودەبێ رێزیان بگیرێ و كارێك نەكەیت ببێتە هۆی لەكەدار كردنی ئەم پیرۆزیە .
نەیارانى نەوشیروان، بەوەتاوانبارى دەكەن كە بوەتە هۆی هەڵگیرسانى شەر لەهەولێرو بەمەش پیرۆزی هەولێری پێشێل كردووە(گوایە ئەگەر ئەو نەبوایە شەر لەهەولێر رووى نەدەدا) ،من دەپرسم بەراست شەر كردن لەشوێنێك پێشێل كردنى پیرۆزی ئەم شوێنەیە؟ئەگەر وایە كەواتە ئێوە تاوانبارن كەپیرۆزى بست بە بستی ئەم وڵاتەتان پێشێلكردووە ،چونكە بستێكى ئەم وڵاتە نەماوە ئێوە شەرى كورد كوژیتان تێدا ئەنجام نەدابێ،بستێكى ئەم وڵاتە نەماوە ئێوە خوێنى كوردتان بەناهەق و بۆ مەرامی تایبەتى خۆتان لەسەر نەرژاندبێ،ئایا چیا سەركەشەكانى كوردستان لای ئێوە هیچ پیرۆزیەكیان نەبوو بۆیە هەزاران شەرى نارەواتان تێدا ئەنجام دا؟،هەلەبجە بەخۆی و بە زیاتر لە (5000)شەهید پیرۆزنەبوو ؟شارەزور،شارباژێر،چەمچەمال،پشدەر ،بیتوێن،كۆیە،رواندوز،شەقلاوە،مەسیف،بادینان,,,,,,,,,,,هتد ناپیرۆز بوون بۆیە ئەم هەموو خوێنەتان بەناهەق لێرژاند؟
ئنجا با بێینەوە سەر هەولێر بزانین كێ پیرۆزی هەولێری شكاندووە ،ئێوە لەشەرى ناوخۆدا جاڕى نەفیر عامتان دابوو دژی هەموو كەسێك ولەهەمووشوێنێك بە هەولێریشەوە ،یەكەم شەرى ناوخۆ ئێوە كردتان لەناوهەولێردژى جەماعەتى جیهاد ، پاشان دژى سۆسیالستی حەمەى حاجی محمود،كەئەمانەهیچ پەیوەندیەكیان بە نەوشیروانەوەنەبوو،ئەمانە هەمووی بەلایەك، ئێوە بەهێنانى سوپاى بەعس لە 31ى ئابدا و كردنى حەرەمی پەرلەمانى كوردستان بە گەراجی دەبابەكانى حەرەس جمهوری وبەكوشت دانى هەزاران هەولێرى لەم رۆژەدا و پاشان كوشتن وئیهانەكردن وهەتك كردنى ناموسی هەزارن هەولێری لەلایەن چەكدارەكانى خۆتان هەمووپیرۆزى و بەها جوانەكانى ئەم شارەتان لەكەدار كردووخستتانەژێر پێتانەوە،ئێوە ئێستاش بەردەوامن لەسەر پێشێلكردنی پیرۆزیەكانى ئەم شارە بەكوشتن و سەركوت كردنى خەڵكەكەی وبەتاڵان بردنی سەروەت و سامانەكەى وداگیر كردنى هاوینە هەوارەكانى،ئێوە پیرۆزى ئەم شارەتان لەكەدار كرد چونكە هەر ئێوەن تائەو چركەساتەش ئەم شارەتان كردووە بە مەیدانى تەراتێنى دوژمنانى كوردو مۆلگەى دەزگا موخابەراتیەكانى دژبە كوردستان ،بۆیە هەق وایە ئێوە بەهیچ شێوەیەك باسی پیرۆزى وبەها جوانەكان نەكەن لەكاتێكدا هەرچى پیرۆزى ئەم میللەتە هەبوو ئێوە هەرزان فرۆشتان كرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست