چەند وانەیەكی خۆرایی لە ئەلف و بێی سیاسەت بۆ مەسعود بارزانی
Saturday, 07/05/2011, 12:00
پێشەكی
سەرۆكی پارتی هەرچەند قسەیەك دەكات یان هەڵوێستێك رادەگەیەنێت ئەوەندە هەڵەی زمانەوانی و زانستی و ئەخلاقی تیادایە بەناچاری چەندین نوسەر دەست بۆ قەڵەم دەبەن، دیارە راوێژكارەكانیشی لە ئەندام مەكتەب سیاسیە دەم مردوەكانی بەتوانا تر نین دەنا ئەو هەمو هەڵەیە لە وتار و هەڵوێستدا لە پای چی؟ بەكردەوە دەبینین بۆ پر كردنەوەی ئەندامێتی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حیزبێكی وەك پارتی ژمارەی ساڵ و دڵسۆزی لە خزمەتی بنەماڵە مەرجە نەك توانای رێكخستنی سیاسی و رۆشنبیری سیاسی و شیكاری سیاسی و پسپۆری لە شەری پارتیزانی و پێشمەرگایەتیدا، هەر لێرەوە دوای لێكترازانەكەی 1964 ی ناو پارتی ، مەلا مستەفا جێگای سەركردە سیاسی و سەربازیەكانی باڵی مەكتەبی سیاسی بە كەسانێك سپارد كە نمونەی هەلپەرستی ولاوازی كەسایەتی و نەزانی و بێدەسەڵاتی بون لە وێنەی سامی و دكتۆر مەحمود و حەبیب محمەد كەریم و كێ سندی و كێ عەقراوی و كێ ئەتروشی و زۆرێكی تر كە تەنانەت هەندێكیان تا ئەو رۆژە ئەندامی پارتیش نەبون لە دوایشدا هەر هەمویان یان بون بەجاشی بەعس یان حیزبی تایبەت بەخۆیان دامەزراند یان وازیان لە سیاسەت هێنا.
ئاخر سەرۆك خێڵێك كە هەمو ئامانجی كارو بریارەكانی بە بەرنامە سەپاندنی بەرژەوەندی و رابەرایەتی بنەماڵەكەی بێت كەسایەتیەك ناباتە سەركردایەتیەكانەوە كە توانا و شەهامەتی بەرپەرچ دانەوەی سیاسەتێكی هەڵەی سەرۆكی هەبێت و لە كۆنگرە حیزبیەكاندا ركابەری پۆستەكەی بكات، ئەمە بەدیهەیەكی ئاشكرایەو هەمو دیكتاتۆرەكانی مێژو ، وەك ستالین و سەدام حسێن ، بەناو سەركردایەتیەكەیان بریتی بون لە خزمەكانی خۆیان وەك نێچیر و هێرۆ و مەلا بەختیار و هەندێك چەورەی وەك شێخ جەعفەر و مەحمود سەنگاوی و دیپلۆماتی بێ كەسایەتی وەك دكتۆر فواد حسێن و دكتۆر بەرهەم و سەعدی پیرە و قەڵەم فرۆشی وەك سەرۆ قادر و ئازاد جوندیانی و كادری دەم مردوی وەك فازیل میرانی، كەمال كەركوكی و عارف تەیفور .... لە پارتی، عومەر فەتاح و كۆسرەت رەسوڵ وئەرسەلان بایز ... لە یەكێتی كە ئەندامی بەرزترین دەزگای بریاردانی حیزبەكانیانن و رۆژێك لە رۆژان قسەیەكمان لێ نەبیستن نیشانەی پاشخانی رۆشنبیری سیاسی یان هەرجۆرە رۆشنبیریەكی تریان بێت، گرنگ ئەوەیە توانای جێبەجێكردنی بریارەكانی سەرۆك یان سكرتێری گشتییان هەبێت، دەنا ئەمانە دەتوانن چ خزمەتێكی حیزبەكانیان بكەن كەبە هەر ئەندامێكی زۆر ئاسایی نەكرێت؟ تەنانەت رابوردوی كۆسرەت رەسوڵ و مەحمود سەنگاوی و شێخ جەعفەر كە بە ناو سەربازین ولە راستیدا تەنیا پسپۆری گرتنی رەبایە و دانانی كەمینن بۆ هەندی قافڵەی بچوكی سەربازی ئەگەر رۆژێك لە رۆژان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا بو بە شەرمان بەرامبەر هێرشی بەربڵاوی سوپاو جاشی عەرەب یان بەرامبەر دەستدرێژیە بەردەوامەكانی توركیاو ئێران دەبێت چیان لە دەست بێت؟ لە مەكتەب سیایە دەم مردوەكانی دەوری مەسعود بارزانی نەمان بیست یەكێك لەمانە تەنانەت بۆ یەك جاریش لە كۆبونەوەیەكی مەكتەبی سیاسیدا یان لە كۆنگرە حیزبیەكانیاندا بەرامبەر بە درێژەدان بە شەری ناوخۆ، هێنانی سوپای توركیا، خیانەتی 31 ی ئاب، داگیركردنی داهاتی گومرگی برایم خەلیل و نەوت و بودجەی كوردستان و تەقە لە خۆپیشاندەرانی ئازادیخوازدا بیرو رایەكی جیاواز لە هی سەرۆكی پارتیان دەربریبێت، وەك بڵێیت بە قودرەتی قادر یان بە سودفە هەمو لەگەڵ سەرۆكی پارتیدا بۆ ماوەی 20 ساڵ هەمیشە یەك جۆر بیرو رایان هەبوە.
ئیستا وانەكان:
سەرۆكی پارتی سەبارەت بە داواكاری هەڵوەشاندنەوەی حكومەت وتی: ((كودەتایە بەسەر شەرعیەتدا)) ئەمە لەكاتێكدا:
1- كودەتا بریتیە لە هەوڵی داگیركردنی بنكەكانی دەسەڵات وەك كۆشكی كۆماری و رادیۆ و تەلەفیزیۆن و وەزارەتەكان و هەندێك بنكەی هێزە چەكدارەكان لەلایەن گروپێكی چەكداری بچوك لە ئەفسەران و سیاسەت پیشەی سەرچڵەوە كە لەبەر هەستیاری كارەكە هەرگیز ژمارەیان لە 40 تا 50 كەسێك تێ ناپەرێت و لە كردارێكی كوتو پری زۆر كورتخایەندا كە لە چەند سەعاتێك تێ ناپەرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی شەرعی یان دەسەڵاتی ئەمری واقیع فریای پەرچەكردار نەكەوێت، ئەمەش بە مەبەستی گۆرینی رژێمی حوكمرانی یان تەنیا گۆرینی سەرانی دەسەڵات.
بۆیە هەوڵەكانی ئۆپۆزیسیۆن و شەقامی كوردستان نەك تەنیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت بەڵكو بۆ گۆرینی رژێمی سیاسی كوردستانیش بەهیچ جۆرێك ناچنە خانەی كودەتاوە لە بەر ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن و شەقام و جەماوەری نارازی لە رژێمی گەندەڵی لەبریتی پلان دانانی نهێنی بۆ داگیركردنی زۆردارەكی بینا هەستیارەكان و بنكەكانی پۆلیس وفەرماندەییەكان زۆر بە ئاشكرا خۆپیشاندانی ئاشتیانەی لە شەقامەكان و سەراكانی ئازادیدا رێك خستبو وە لە بریتی چەند سەعاتێكی دوای نیوەشەو ساڵەهای ساڵە بە رۆژی روناك باسی دەكەن و 62 رۆژ خۆپیشاندانیان بۆ كرد وە لە بریتی گروپێكی بچوكی پیلان گێری چەكدار، زۆرینەی جەماوەری بێ چەكی خەڵكی كوردستان بەشداریان تێداكرد بە بەڵگەی ئەوەی كۆی بەشدار بوانی یەكێتی بە ئاڵای سەوزەوە لە 7-3-2011 بە ئامادەبونی سكرتێری گشتی لەسلێمانی و بەشداربوانی یەكێتی و پارتی بە ئاڵای سەوزو زەردەوە لە 11-3-2011 لە هەولێر بە ئامادەبونی سەرۆكی پارتی نەگەیشتە چارەكێكی ژمارەی خۆپیشاندەران لە 20-3-2011 لە سەرای ئازادی بە نیمچە ئامادە بونێكی سەرۆكی بزوتنەوەی گۆران، یان دوایین رۆژی خۆپیشاندانەكان لە 18-4-2011 كە بۆیەكەمین جار خۆپیشاندان گەیشتە هەولێر و لە سلێمانیش بۆ تەحەدای بریاری سەركوت بە بەكارهێنانی توندو تیژی، سەرای ئازادی لە هەمو رۆژەكان زۆرتری لێ بو، بۆ ئەمەش جگە لە شایەتحاڵەكان هەزاران وێنە زۆر بە رونی شایەتی دەدەن، واتە لە كۆی ئامادەبوان، زۆرینەی خەڵكی كوردستان ((هەروەكو چۆن لە پەرلەمانەكاندا كۆی ئامادەبوان رەچاو دەكرێت نەك كۆی ئەندامانی پەرلەمان وە لە هەڵبژاردنەكاندا كۆی دەنگدەران رەچاو دەكرێت نەك كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە)) ، وەك خوازیاری ریشەكێش كردنی رژیمی گەندەڵی هاتبونە سەرای ئازادی، ئەمە لەكاتێكدا بەهۆی سود وەرگرتن لە ئیمتیازاتی دەسەڵات ئەوەی ئامادەی كەرنەڤاڵی سەوزو زەرد بوایە خەڵات دەكراو لای لێپرسراوو سەرۆك دائیرەكانیان خۆشەویست دەبون و بە كۆستەر لە شارە دورەكانەوە دەهێنران، ئەوەشی ئامادەی كەرنەڤاڵی رەنگاورەنگی دیموكراسی خوازان بوایە ((رەنگاورەنگ بە بیرورا نەك بە پەرۆ و پاڵ)) نان برین و ((حەسیرمەیدان)) و كوێركردن بە هەڵمات و گرتن و خنكاندن و كوشتن بە غازو فیشەك چاوەرێی بو، بەرەچاو كردنی هەمو ئەمانەو بە بیرخستنەوەی بەدەستهێنانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ لەسەدا چلی كورسیەكانی پەرلەمان سەرەرای ئەو هەمو تەزویرو خروقاتانەی دەسەڵات، ئاشكرایە جەماوەری خۆپیشاندەران نوێنەری زۆرینەی خەڵكی كوردستانن.
2- راستە ئەوان هەڵبژاردنەكانی پێشویان، بەهەر شێوەیەك بێت، بردۆتەوە، بەڵام :
- بە گوێرەی بنەماكانی یاسای دەستوری ئیرادەی جەماوەری خەڵك لەم ساتە وەختەدا لە سندوقەكانی هەڵبژاردنی پێشو لەپێشترە، بەگوێرەی ئەوەی ((میللەت سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە))، و وەكو لەخاڵی یەكەمدا دەركەوت خۆپیشاندەران زۆرینەی میللەتن و نارازین لە ئەدائی دەسەڵات كەواتە مافی سروشتی خۆیانە شەرعیەتی سندوقەكانی دەنگدان وەلا نێن وهەوڵی گۆرینی رژێمی سیاسی بدەن بە شێوازەكانی تری دیموكراسی وەك خۆپیشاندان و ئەمە لە دنیای دیموكراسیدا زۆر سروشتیە و هەڵبژاردنی پێشوەخت ((انتخابات مبكرە)) بۆ ئەم دۆخانە داهێنراوە، بەرەی میللەتیش لاری نیە لە گرەوی هەڵبژاردنی پێش وەخت ئەگەر لە كەشێكدا ئەنجام بدرێت هەلی یەكسان بۆ هەمو لایەنەكان دابین بكرێت ئەویش بە سەرپەرشتی حكومەتێكی بێ لایەن یان لایەنێكی نێو دەوڵەتی دەكرێت كە لە پێشدا چەكی حیزبەكان داماڵێت ئینجا موچەو و بژێوی میللەت لە دەستیان دەربێنێت تا هەلی ساختەكاری بنبر بكرێت و دەنگدەرانیش بەبێ ترس و خەمی لەدەستدانی سەلامەتی و بژێویان دەنگ بدەن، دەنا هەڵبژاردنی پێشوەخت و پاش وەختیش هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات.
- وە بەگوێرەی بنەمایەكی یاسای نێو دەوڵەتی كە دوایین جار چەند رۆژێك لەمەوبەر لەسەر زاری سەرۆكی فەرەنسا بەرامبەر بەشار ئەسەد و قەزافی دوپاتكرایەوە، ئە و فەرەنسایەی هێزە چەكدارەكانی دیكتاتۆرە سەرپێچیكارەكەی ساحل العاجی بە فانیلەی عەلاگەوە هێنایە سەر شاشەكان: ((ئەو رژێمەی تەقە لە خۆپیشاندەران بكات شەرعیەتی نامێنێت)) بۆیە دەسەڵات هیچ شەرعیەتێكی نیە تا كودەتای بەسەردا بكرێت، خۆشیان ئەمە باش دەزانن بۆیە مامجەلالیش لە دوایین وتاریدا بۆ كۆمەڵیك پارێزەر و مافناس دیسان پێی لەسەر شەرعیەتی شاخ داگرتەوە بێ ئاگا لەوەی لە دنیای مۆدێرندا شتی وا نەماوە و لەگەڵ هاتنە ناوشاری شۆرشگێرەكانی شاخەوە شەرعیەت تەنیا شەرعیەتی دەستور و یاساكان و ئیرادەی جەماوەرە، وادیارە لە چاخی ئینقرازی دایناسۆرە ناشیرینەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەندێك كەس سورن لەسەر دەستگرتن بە چڵەداری لاوازی شەرعیەتی شاخ و سندوقی هەڵبژاردنی تەزویرەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست