ژانی لەدایك بونی رژێمێكی نوێ لە سەرای ئازادی
Saturday, 26/02/2011, 12:00
لەكاتێكدا حكومەت و پەرلەمان هیچیان لەدەست نەهات و نایەت بۆ چارەسەركردنی كێشە پەنگخواردوەكانی جەماوەری بەشمەینەتی كوردستان، وسەرۆكایەتی هەرێم خۆی سەرچاوەی كێشەكانە نەك ئامرازی چارەسەر، جەماوەری تورە بەیارمەتی رابەرانی رۆشنبیری و رۆحی كوردستان هاتونەتە مەیدان، مەیدانی سەرای ئازادی وەكو ئیستیفتایەكی جەماوەری كە بە رەسمی لەرێگەی دیموكراسی راستەوخۆی میللەتەوە نەمانی شەرعیەتی رژێمی گەندەڵی فیفتی فیفتی دو زلحیزبەكە و سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت رابگەیەنێت ، بۆ ئەوەی رێگە خۆشبێت بۆ دامەزراندنی رژێمێكی دیموكراسی بەگوێرەی دەستورێكی هاوشێوەی وڵاتە پێشكەوتوەكان كە ماف و ئازادی بۆ هەمو كەس و لایەنێك دابین بكات. ئەمە مافێكی سروشتی میللەتانە كە هەوڵی گۆرینی رژێمی سیاسی خۆیان بدەن، بوار هەبو لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان و بوار نە بو لە رێگەی ئامرازەكانی تری دیموكراسی وەك خۆپیشاندان و میتینگو مانگرتنی گشتی... چونكە دواجار تەنیا میللەت و میللەت سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە.
ئایا خۆپیشاندانی بەردەوامی بەرسەرای ئازادی بەئامانجی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی فاشلی 20 ساڵی دوزلحیزبەكەیە یان ئەنجامدانی پینەو پەرۆی چاكسازی؟ ئەوەی رۆژانە سەردانێكی بەرسەرای ئازادی بكات تێ دەگات كە جەماوەر هیچ متمانەیەكی بە چاكسازی ئەورژێمە نەماوە كە شێرپەنجەی گەندەڵی بە هەمو جومگەكانیدا بڵاو بۆتەوە، ئێستا بەرامبەر هەر وتەیەكی زەررەیەك نەرم سەبارەت بە دەسەڵات، شەست هەزار قورگی شێرەكورانی راپەرین دەنەرێنن: بروخێ بروخێ ، وە بەرامبەر هەر وتە بێژێكیش كە پلارێك بگرێتە شەرعیەتی دەسەڵات شەست هەزار قورگی كۆترەكانی ئاشتی دەگمێنن: سەرۆك بەقوربانت بێت.
ئایا ئەم خۆپیشاندانە بەردەوامەی بەر سەرای سلێمانی رۆڵی ئیستیفتایەكی شەعبی دەبینێت؟ دەڵێین هێشتا نەخێر، چونكە ژمارەی ئامادەبوان هێشتا نەگەیشتۆتە ژمارەی (نیێاب) ی پێویست، بەڵام بە دڵنیایی بەم زوانە دەگات، سەرەتا هەزاران بوین پێرێ 20 هەزاربوین دوێنێ 30 هەزاربوین ئەمرۆ هەینی 60 هەزاربوین، بە رەچاوكردنی ژمارەی بەشداربوی خۆپیشاندانەكانی چەمچەماڵ و هەڵەبجە و سەیدسادق و دەربەندیخان وكەلار و هەوڵی دلێرانەی هەولێری جوامێر بۆ خستنە سەر سكەی راپەرینی خۆی كە دەسەڵاتی بە جۆرێك تۆقاندوە بریاری داخستنی زانكۆی سەلاحەدینی داوە، وە بە رەچاو كردنی پێشبینی سەركەوتنی زیاتری گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەسەر دیكتاتۆرە خوێنرێژەكاندا، بە رەچاو كردنی هەمو ئەو فاكتانە دەتوانین بلێین كە زۆری نەماوە ژمارەی نیساب تەواو بێت، بۆیە دەتوانین بڵێین: سلێمانی بەنغازیە سەری رەش تەرابلوسە، چونكە گەلی كوردستانیش سورە لەسەر یەكلایی كردنەوەی كێشەی دەسەڵاتی نا شەرعی دوبنەماڵەكە بە هەر نرخێك بێت، لەكاتێكدا سەروەتی ناشەرعی بنەماڵەی حوسنی موبارەك بە 80 ملیار دۆلار و هی بنەماڵەی قەزافی بە 130 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت بنەماڵە حاكمەكانی لای خۆشمان بەهەمان میكانیزمەكەی ئەوان كار دەكەن: نەبونی حكومەت و ئیدارەی شەفاف، بێ دەسەڵاتی پەرلەمان، قۆرخكردنی بازاری وڵات و سەپاندنی هاوبەشبون لە هەمو پرۆژە گەورەكاندا، بەفیرۆدانی پارەی میللەت بێ بواری لێ پرسینەوە و هەمو ئەمانەش بە پاڵپشتی جوینەوەی سەروەریەكانی رابوردویان و داتاشینی دوژمنی دەرەكی جێبەجێ دەكەن...بۆیە گەلی كوردستان سورە لەسەر راماڵینی دەسەڵاتی گەندەڵی و تەواو كردنی ئەركەكانی شۆرشی رزگاری نیشتمانی بە بنیاتنانی رژێمێكی دیموكراتی مۆدێرن لە كوردستانی باشور كە دابینكەری ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بێت، بۆ ئەوەی ئەو دەیان ملیار دۆلارەی بە مانەوەی ئەو دو بنەماڵە دەسەڵاتدارەی كوردستان دەماشرێتەوە و بە هەدەر دەدرێت بە كار بهێنرێت بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابورییەكی بەرهەمهێن بۆ وڵات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست