وانەكانی شورشی لیبیا
Tuesday, 01/03/2011, 12:00
1- دەسەڵات بەهۆی شەری مان ونەمانی لە پێناو پاراستنی دەیان ملیار دولاری دزراوی و دەیان ملیاری تری كە بە مانەوەی لە دەسەڵاتدا دەی دزێت، سڵ لەهیچ تاوانێك ناكاتەوە تەنانەت ئەنجام دانی جینوسایدیش بە بەكارهێنانی هەرچەكێك كە لە بەردەستیدابێت، بەڵام گەلی تورە لە دزینی سەرچاوەكانی ژیان و پێشكەوتنی لە لایەن حوكمی بنەماڵەوە بە پاساوی فروفیشاڵی سەروەریەكانی رابوردو، ئامادەیە بە دەستی بەتاڵ بەگژ جەلادەكانیدا بچێتەوە و سەریشكەوێت، ئەوەتا سەرۆك مافیاكەی لیبیا تەنیا تەرابلوسی بە دەستەوە ماوە و هەمو كەسێكیش دەزانێت ئەوەندەی نەماوە مێژو هەڵیداتە تەنەكەی خۆڵەكەوە. خۆشبەختانە جوتە بنەماڵەی حاكمی كوردستان نە تەیارە و تانكیان هەیە نە توانای ئەوەیان هەیە وەكو قەزافی هاورێیان بۆ هەر چەكدارێكی بەكرێگیراوی دەرەكی رۆژی 1000 تا 20000 دۆلار كرێ بدەن.
2- لەگەڵ بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن دیكتاتورەكانەوە بەشی هەرە گەورەی هێزە چەكدارەكانی وڵات وەكو نۆش كردوی هەمان تاڵاوی چەوساندتەوەی بنەماڵە مافیاكان و وەكو وەڵامی ویژدانی ئینسانی و ئایینی و نیشتیمانیان دەچنە ریزی راستەقینەی خۆیانەوە كە ریزی گەلە، هەڵگەرانەوەی هەر یەكەیەكی چەكدار و هەر هەركەسایەتیەكی حكومی و نیشتیمانی لە حوكمی بنەماڵە هەڵگەرانەوەی زۆرتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت، هەتا لە دواییدا سەرانی بنەماڵەش مل شۆر دەكەن بۆ چارەنوسی رەشیان، سروشتی شتەكان وەهایە.
3- سەركوتكردنی بەربەریانەی میللەتی راپەریو سۆز و رێز و پاڵپشتی مەعنەوی و مادی و تەنانەت سەربازی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بۆ میللەت دابین دەكات، ئێستا جیهان بە جۆرێك پێشكەوتوە و سنورەكانی (سەروەری نیشتیمانی) دوای نەمانی شەری سارد بە جۆرێك كاڵ بوەتەوە ئیتر بە هیچ جۆرێك رێگە قبوڵ ناكرێت لە تەنیشتی تۆوە حاكمێك لەژێر پاساوی (مەسەلەیەكی ناوخۆیی) میللەتێكی ئازادیخواز ئیبادە بكات، تەنانەت ئەگەر ئەو حاكمە، پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەشی توندو تۆڵ و فراوانیشی لەگەڵ وڵاتانی بریار بە دەستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشدا هەبێت، ئێستا پاش 12 رۆژ خۆراگریی میللەتی راپەریوی لیبیا، یەكێتی ئەوروپا و وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتوەكان لەرێگەی بریارە توندەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و كۆمیتەی مافی مرۆڤ و دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەكان بەرونی شەرعیەتیان لە قەزافی سەندوەتەوە و لە ژیر بەندی حەوتەمدا پەیامی هەرەشەی دەستگیركردن و دادگایی كردنیشیان بۆ ناردوە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هێزی دەریایی و ئاسمانیشی بۆ ناوچەكە جوڵاندوە و بە ئاشكرا دەڵێت سەرانی راپەریوی لیبیا هەرهاوكاریەك داوا بكەن ئامادەین جێبەجێی بكەن، بێگومان ئەم گۆشەگیركردن و هەرەشانە كاریگەریەكی قوڵی دەبێت بۆ روخاندنی مەعنەویاتی دیكتاتۆر و دەستو پێوەندەكانی و ئەو هێزە نیشتمانیانەی كە هێشتا هەڵگەرانەوەیان رانەگەیاندوە.
4- كاتێك دیكتانۆرێكی وەك قەزافی تاوانبار بەپێچەوانەی موبارەك و زەینەلعابدین بەوپەری بەربەریەت پەلاماری میللەت دەدات و میللەت لێرەو لەوێ بەسەر هێزە سەركوتكەرەكاندا سەردەكەوێت و تانكو تۆپ و رەشاشەكان دەكەوێتە دەستی، بێ گومان ئەوچەكانە نابات لە مۆزەخانە بیان خەوێنێت بەڵكو بەكاری دەهێنێت بۆ راماڵینی دوا قەڵای زۆرداری لە پایتەخت.
5- هەر كەسایەتی و لایەنێكی سیاسی پەیوەندی دەكات بە راپەرینەوە پەیوەندی كردنەكەی تەوژمێكی زیاتر دەدات بە هێزی راپەرین، تەنانەت ئەگەر لە كەسایەتیە گەورەكانی ناو دەسەڵاتیش بێت و لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بێ هەڵوێستەكانیش بێت، بۆیە دەبێت پێشوازی گەرمی لێ بكرێت، گرنگ ئەوە نیە كێ بەشداری راپەرین دەكات، گرنگ ئەوەیە جەماوەری گەنجانی تورە و رۆشنبیران و كەسایەتیەكان و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكان بەرنامەیەكی دیموكراتیكیان هەبێت بۆ بنیاتنانی رژێمێكی نوێ كەبە گوێرەی پرەنسیپەكانی دیموكراسی جیهانی هاوچەرخ كوردستان بەرێوە بەرێت و هەركەسێك دێتە ناو راپەرینەوە پابەندبونی بەم ئامانجەوە رابگەیەنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست