کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌رمانه‌ تاڵه‌كه‌ى یه‌كێتى

Tuesday, 07/01/2014, 12:00






هێشتا كاریگه‌رییه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى (21/9)ى ساڵى رابردوو به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ته‌واوى ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ژێر رۆشنایی ئه‌نجامى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هیچ پۆستێكى حكومى و په‌رله‌مانى دامه‌زراوه‌كانى دیكه‌ دابه‌ش نه‌كراون و ره‌نگه‌ شۆكه‌ گه‌وره‌كه‌ دواى دابه‌شكردنى ئه‌و پۆستانه‌ رووبدات.

ئه‌گه‌رچى ئه‌مجاره‌ یه‌كێتى گه‌وره‌ترین زیانمه‌ندى هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو و وه‌ك خۆى ده‌ڵێت توشى نوشوست بوون، راسته‌وخۆ دواى ده‌ركه‌وتنى ئه‌نجامى به‌رایی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش جموجوڵى تێكه‌وت و هه‌وڵه‌كانى گۆڕانكاریى ده‌ستپێكردو چه‌ند ئیستیقاله‌و ئیقاله‌یه‌كى تێكه‌وت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى ده‌موچاو گۆڕین مانه‌وه‌و نه‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و بازنه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتیش ئه‌و رایه‌ زاڵبوو ئه‌گه‌ر ده‌موچاوگۆڕینیش چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بێت، ئه‌وا پێویست بوو لانیكه‌م له‌ناو ده‌سته‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌بى سیاسیدا رووبدات، كه‌ بڕیاره‌كانى یه‌كێتى داده‌ڕێژن نه‌ك له‌ئاسته‌كانى خواره‌وه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ده‌رمانه‌كه‌ى یه‌كێتى كه‌ وه‌ك هه‌ر ده‌رمانێكى ئاسایی تاڵه‌، ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند بتوانێت له‌ سیاسه‌ته‌كانى پارتى دووربكه‌وێته‌وه‌و جیاوازى و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى خۆى بهێڵێته‌وه‌.

ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ى له‌رابردوو و له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مدواییه‌ى په‌رله‌مانیش ده‌نگه‌كانى یه‌كێتیى دابه‌زاند و ژماره‌ى كورسیه‌كانى كه‌مكرده‌وه‌، به‌ پله‌ى یه‌كه‌م پاشكۆیه‌تى بوو بۆ سیاسه‌ته‌كانى پارتى و پاشان سه‌روه‌رنه‌كردنى یاساو په‌لاماردانى خۆپیشانده‌ران به‌هێز له‌ناوچه‌ى سه‌وز، یه‌كێتى خۆیشى هه‌ستى به‌و ده‌رده‌و ده‌رمانه‌كه‌ى كردبوو، بۆیه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى خولى سێیه‌مى فراكسیۆنه‌كه‌ى بۆ خولى چواره‌میش كاندید كرده‌وه‌و ده‌نگى پێویستیشیان هێنا، كه‌ له‌خولى پێشوودا وه‌ك ده‌نگى ئازادیخواز و هه‌ندێكجاریش پێچه‌وانه‌ى سیاسه‌تى پارتى و فراكسیۆنه‌كه‌ى خۆشیان هه‌ڵوێستسان ده‌نواند.

ئه‌مه‌ ئه‌و گیراوه‌یه‌ كه‌ ده‌رمانه‌ تاڵه‌كه‌ى یه‌كێتیى لێ وه‌رده‌گیرێت كه‌ وه‌ستانه‌ دژبه‌ به‌شێك له‌ سیاسه‌ته‌كانى پارتى، له‌كاتێكدا كه‌ پێچه‌وانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و داواكارى شه‌قام و ره‌وتى دیموكراسى و ئازادى و مافه‌كان بێت و بۆ قایمكردنى پێگه‌ى حوكمڕانى درێژخایه‌نى ئه‌و حزبه‌ بێت، دیارترین نمونه‌شیان درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بوو بۆ دوو ساڵ، كه‌ به‌شێك له‌یه‌كێتیه‌كان به‌هۆكارى كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانیانى ده‌زانن له‌ دوا هه‌ڵبژاردنى هه‌رێمدا.

ئه‌گه‌رچى یه‌كێتى له‌به‌رامبه‌ر ئۆپۆزسیۆن بۆئه‌وه‌ى ئیحراج نه‌بن، نایه‌وێت دان به‌و راستیه‌دا بنێت كه‌ به‌هۆى درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانیه‌وه‌ ده‌نگه‌كانیان كه‌میكردووه‌و به‌ سه‌فقه‌یه‌ك بۆ گێڕانه‌وه‌ى ده‌ستوور بۆ په‌رله‌مان ناوى ده‌به‌ن، به‌ڵام هه‌روه‌ك په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى ناوى نا (سه‌فقه‌یه‌كى دۆڕاو) بوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌رخۆیان له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا راشكاوانه‌ ده‌ڵێن"ماوه‌ى سه‌رۆكه‌كه‌ى ئێوه‌مان درێژكرده‌وه‌ بۆیه‌ ئاوامان به‌سه‌رهات"، وه‌ك ئه‌وه‌ى بڵێن (پارتیه‌كان؛ ئێمه‌ له‌ ته‌نگانه‌دا فریاتان كه‌وتین، ئێوه‌ش له‌م ته‌نگانه‌یه‌ رزگارمان بكه‌ن).



ئه‌گه‌رچى ئێستا به‌هۆى دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه‌ پرسى چاكسازى و گۆڕانكارى له‌ناو یه‌كێتیدا كه‌مێك شاردراوه‌ته‌وه‌و یه‌كێتیش وه‌ك حزبه‌ براوه‌كانى دیكه‌ داواى پۆستى باڵاو وه‌زاره‌تى سیادى زۆر ده‌كات، به‌ڵام دواجار ئه‌و حزبه‌ كاتێك حكومه‌ت پێكدێت و قه‌باره‌ى راسته‌قینه‌ى خۆى ده‌بینێت له‌فه‌رمانڕه‌وایی داهاتوودا، ئه‌وكاته‌ تامى (نوشوست)ه‌كه‌ى ده‌كات، ئه‌وكاتیش له‌گۆڕینى ده‌موچاوه‌كان گرنگتر خواردنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌رمانه‌ تاڵه‌یه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌سه‌ر پێى خۆى رابوه‌ستێت و ئه‌و جیاوازییه‌ى خۆى بدۆزێته‌وه‌ كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن یه‌كێتیى پێ له‌پارتى جیاده‌كرێته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە