کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كردنەوەى كۆلێژى پزیشكى ئەهلى و خۆپیشاندانى خوێندكاران

Wednesday, 29/10/2014, 12:00




دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵى كردنەوەى كۆلێژێكى پزیشكیى ئەهلى لەزانكۆى كوردستان، خوێندكارانى كۆلێژى پزیشكى لەشارەكانى كوردستان دەستى پێكردو داواى داخستنى ئەو كۆلێژەیان كرد، بیانووى خوێندكارانیش ئەوەیە ناكرێت بڕوانامەى پزیشكى بەپارە بكڕدرێت، یاخود پێیانوایه كارى پزیشكى بەهاى دادەبەزێت.
ئەگەرچى من و هیچ كەسێكى نزیكم نەخوێندكارێكى كۆلێژى پزیشكیى زانكۆى كوردستانم، نەپشكم لەزانكۆكەدا هەیە، بەڵكو وەك هاوڵاتى و نووسەرێك تێبینیى خۆم لەسەر كردنەوەى كۆلێژەكەو خۆپیشاندانى خوێندكارانى كۆلێژە پزیشكییە حكومییەكان دەخەمەڕوو.
خوێندكارە ناڕازییەكان دەڵێن ئێمە بەنمرەى سەروو (99) وەرگیراوین و ئەوانەى لەكۆلێژە ئەهلییەكە وەردەگیرێن بەنمرەیەكى كەمتر وەردەگیرێن، بەڵام هیچكات پێوەرى نمرە بەڵگە نیە لەسەر زیرەكى یان بەرزیى ئەخلاقى پیشەیی، چونكە كاتێك خویچندكار نمرەى بەرز بەدەستدەهێنێت ئەوە بەڵگەى تواناى دەرخكردنى وانەكانە نەك تواناى تێگەیشتنى بەرز، هەروەها بارودۆخى هیچ دوو خوێندكارێك لەقۆناغى شەشەمى ئامادەیی هاوشێوە نین كە بتوانن نمرەى بەرز بەدەستبێنن، ئەوەش دۆخى تەندروستیى ئێستامانە كەتەنانەت بەرپرسانى تەندروستیش
لەبەرزترین ئاستدا دانى خێرى پێدا نانێن، هەروەها هەموومان شاهیدى كوێربوونى دەیان هاوڵاتى چەندین رووداوى گیانلەدەستدان بووین بەهۆى هەڵەى بەكارهێنانى چارەسەرو لەسایەى بوونى پزیشكانى كەرتى گشتى و نەبوونى پزیشكانى زانكۆیەكى ئەهلى.
لەلایەكى دیكەوە ئامارەكانى هەرێم پێمان دەڵێن بەپێى ستانداردى جیهانى، كوردستان زۆر لەدواوەیە لەڕووى ژمارەى ئەوكەسانەى كەپزیشكێكى پسپۆڕیان بەردەكەوێت، هەربۆیە رەنگە كەرتى حكومی فریاى پڕكردنەوەى پێداویستییەكانى نەخۆش نەكەوێت و پێویستمان بەزیادبوونى ژمارەى پزیشك هەیە.
مایەى خۆشحاڵییە كە لەخەمخۆرى بۆ بوارى تەندروستى و دانەبەزینى بەهاى پیشەى پزیشكییەوە خۆپیشاندان بكرێت و مەبەست تەنها لەقۆرخكردنى پیشەكە نەبێت، بەڵام دەبوو خەم لەبارودۆخى تەندروستیش بخورێت و دۆخى نەخۆشخانەو عیادە ئەهلییەكان كەزۆركات دەبنە جێگاى ئیهانەكردن بەنەخۆش.
لەهەموو حاڵەتەكانیشدا بوونى پزیشكى دەرچووى زانكۆیەكى ئەهلى هێندە مایەى مەترسى نیە لەكاتێكدا پێویستمان بەژمارەیەكى زیاترلە پزیشكە، هەروەك بوونى نمرەى بەرزو حكومیبوونى زانكۆكە پێوەرنین بۆ سەركەوتوویی و پاكی و پاراستنى ئەخلاقى پیشەیی پزیشكەكان، هەروەك چۆن بوونى سیاسەتمەدارو یاساناس و ئەندازیارى دەرچووى زانكۆیەكى ئەهلى ماناى خیانەتكردنى ئەو چین و توێژانە یان شكستهێنانیان لەكارەكانیاندا نیە، ئەگەرهاتوو دەرچووانى هەردوو زانكۆكە لەڕووى مەنهەجى خوێندن و وانەبێژى باشەوە هاوشێوەبن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە