بەیاننامەى دەستەى هاوكارى رانیە سەبارەت بە بارودۆخى ئیدارى شارەكەمان
Saturday, 09/07/2011, 12:00
جەماوەرى بەشەرەفى شارى رانیە:
لەكاتێكدا شارەكەمان (شارى رانیەى دەروازەى راپەرین) چوار مانگ تێپەڕ دەكات بەسەر بڕیارى سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان سەبارەت بە ئیدارەى سەربەخۆ بۆ ناوچەكە، بەڵام هیچ هەنگاوێكى كرداری نەنراوە لەو بوارەدا..... جگە لەوەش ململانێی و باڵەكانى دەسەڵات لە دانانى كەسانى سەر بەخۆیان تادێ تووندترو چڕتر دەبێتەوە بەبێ گوێدانە خواستى خەڵك كە ئەمە مافێكى ئاسایی خەڵكى ناوچەكەیە كە كەسێكى شیاوو گونجاو بۆ خزمەتى هاوڵاتیان و پێشخستنى شارەكە دەست نیشان بكرێت، یان بكەوێتە چوارچێوەى هەڵبژاردنێكى دیموكراتیانەى خەڵكى ناوچەكەو دوور لە سیاسەتى پاوانخوازانەى حزبی.
دیارە لەو ماوە دوورو درێژەدا ناوچەكەمان هەست بە بێ ئیدارەیى حكومەت دەكات كە گروپێك بە ئارەزوو ویستى خۆیان و چارەنوسى ناوچەكەیان بە قازانجى خۆیان خستۆتە ژێر دەستى خۆیان كە زۆر بە گەرم و گوڕوى لە هەوڵى بەدەست هێنانى بەرژەوەندییەكانیان. هەر لەتەخشان و پەخشان كردنى زەوى و زیادەڕۆى بۆسەر ماڵ و موڵكى گشتى یارى كردن بەچارەنوسی خەڵكى ئەم شارە دەست بەسەردا گرتنى پرۆژەكان و ناكۆكى ناوخۆیان لەسەر بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان تەشەنەكردنى گەندەڵى بەجۆرێك كەبۆتە هۆى ئەوەى چیتر بێدەنگ نەبین لەشاردنەوەیان كەوەكو رۆژى ڕووناك بەبەرچاوى خەڵكەوە دیارە .
جگە لەودەست و گروپانەى كەلەبەرژەوەندى كۆمەڵێك بەرپرس دروست كراوە كەنەیان توانیوە بچوكترین كێشەى ئەم ناوچەیە چارەسەر بكەن جگە لەپەردە پۆش كردنى كەم و كورى كۆمەڵێك بەرپرس و بریاردان بەناوى خەڵكى شار كەزۆرینەى خەڵك لێ ی بێ ئاگان , بۆیە ئێمە لەروانگەى بەرپرسیاریەتیمانەوە , بەناوى دەستەى هاوكارى رانیەوە جەماوەرى ناوچەكەمان دڵنیا دەكەینەوە كە چیتر رێگەنادەین یارى بە هەست و نەستى خەڵك بكرێت و هەڵوێستى خۆمان دەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش پشت بە پشتگیرى و هەماهەنگى جەماوەر دەبەستین و هەر بۆ ئەوانیش دریژە بە خەباتى مەدەنى و شارستانى خۆمان دەدەین.
لە كۆتایدا ئەم داواكاریانە دەخینە بەردەم دەسەڵات بە ئومێدى چارەسەر كردنى كەم و كوڕیەكان و جێ بەجێ كردنى داواكاریەكانى خەڵكى ناوچەكە.
1- گۆڕانكارى ئیدارى لە سەرجەم دامودەزگاكان بە تایبەت هەندێك دەزگاى بڕیاردەرى شارو ئەوانەى بۆ ماوەى بیست ساڵە بە كورسیەكانیانەوە نوساون.
2- دروستكردنى جاددەى شەستى رانیە كە زۆر دەمێكە بڕیارى لێ دراوەو نەچۆتە بوارى جێ بەجێ كردن.
3- تەواوكردنى پڕۆژەى ئاوى دەربەند كە بۆتە مۆركێك بە ناوچاوى بەرپرسانى ئەم ناوچەیە بۆ گەندەڵى.
4- چاوخشانەوە بە دابەشكردنى ئەو زەویانەى كە بە شێوەیەكى زۆر بێ بنەما دابەش دەكرێ كە كەس بەرچاو روونى لە بارەیەوە نییە.
5- بە دووساید كردنى جادەى رانیە و دووكان كە بۆتە گرفت بۆ شارەكە.
6- رێگرى كردن لە دەست بەسەر داگرتنى زەوى لەلایەن بەرپرسانەوە.
7- رێگە دان بەو خەڵكانەى كە دەیانەوێ پڕۆژەى وەبەرهێنان بۆ شارەكە ئەنجام بدەن دروست نەكردنى ئاستەنگ لە بەردەمیانداكە بەرژەوەندى ئەوانى تێدانیە.
دەستى هاوكارى رانیە
9 / 7 / 2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست