کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ڕەحمان هەڵشۆیى پاڵەوانى چاكسازیەو ڕۆژێك لەڕۆژان پۆستى نەبووە لەبەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیە

Wednesday, 18/07/2012, 12:00


عومەر ڕانیەیى

وەڵامێك بۆ بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە .
لەجیاتى وەرگرتنى ڕەخنەو پێشنیارى باش لەجیاتى دەستخۆشى و سوپاس و پێزانین بۆ ئەو خەڵكە دڵسۆزەى لەنمونەى ڕەحمان هەڵشۆیى و جەبار عەزیز و فەرمان چۆمانى كەوتوونەتە هەڵدانەوەى گرفت و كێشەو كەموكوڕیە تەندروستیەكانى سنوورى پشدەرو بیتوێن لەجیاتى كۆبونەوەو سیمینار لەگەڵ ئەو گەنجە تازە دامەزراوانەى ئامادەنین ببنە كۆیلەى حزب و بەزۆر فۆڕمى حزبى و سەندیكا لەناو حەڕەمى پیرۆزى نەخۆشخانەكان پڕ بكەنەوە كەچى بەڕێوبەرى گشتى هاتووە تەڕو ووشك بەیەكەوە دەسوتێنێت و هەموو ئەوانەى باس لەو هەموو كارەساتانە دەكەن دەڵێ هەموو ئەمانە پێشتر پۆستیان هەبووەو ئەم كەرتەیان وێران كردبوو ئێستا دەرم كردوون و نەقڵم كردوون لەسەرم دەنووسن ، من باسى ئەو خەڵكەى تر ناكەم كەچۆن بەڕاپۆرتى حزبى دوورخرانەوەو نەقڵ كران و نان بڕاو كران كەبۆ چركەیەكیش پۆستیان نەبووە لەبەڕێوبەرایەتى من تەنها یەك نمونەى زیندوو دێنمەوە بۆ هەموو لایەك بۆ ئەوەى ئەو بەڕێوبەرە گشتیە حزبیەیى ئامادەیە لە سەعات 6 ى ئێوارە تا 12 ى شەو لەدیوەخانەكەى محەمەدى وەتمانى لێپسراوى مەڵبەند دابنیشێت بەڵام ئامادە نیە دوو سەعات لەتەوارى یان لەمەڵبەندێكى تەندروستى دابنیشێت ، دەڵێم پێمان بڵێ گەنجێكى دڵسۆزى وەك ڕەحمان هەڵشۆیى لەكوێ پۆستى هەبووە ؟ لەكوێ كەرتى تەندروستى وێران كردووە ؟ بۆ تەڕو ووشك بەیەكەوە دەسوتێنى ؟ بۆ ڕوونى ناكەیتەوەو مەبەستت كێ یە ؟ لەچى دەترسى ؟ بۆ بەلیژنەى یاسایى دەڵێیى ڕەحمانم بۆ بخەنە تەڵەوە ؟ ئەو پەڕى مایەشەرمەزارى و ئابڕووچوونە سێ لیژنەى یاسایى لەسەر گەنجێكى وەك ڕەحمان هەڵشۆیى دروست بكەى و هەموو جارێك بێ تاون دەردەچێت ؟ ئەى چەند لیژنەت بۆ مردنى ئەو چوار نەخۆشە پێكهێناوە كەلەماوەى حەوت مانگى ڕابردوو لەو سنوورە بوونە قوربانى خراپ ئیدارەدانى جەنابت و نەخۆشخانەكانت ؟ .
1 _ ئەو نەخۆشەى بۆ فەحسێكى شەكرە لەگوندێكى سنوورى كانى ماران هات و لەچوارقوڕنە سەیارە لێیدا لەبەر ئەوەى بنكەى تەندروستى قەمتەران و كانى ماران و قەرەنى ئاغا و گردجان ، تاقیگەیان نیە .
2 _ ئەو نەخۆشەى سەركەپكان و دۆڵى شاورێ حاجى ..... كەپێویستى بەئەشیعەى تەنورى بوو 1 / 9 / 2012 سەرەتان بۆ داناو دوایى هەفتەیەك گیانى لەدەستدا .
3 _ خوشكى ئەو كارمەندە تەندروستیەیى لەبەر نەبوونى دكتۆر لەسەنتەرى گورچیلە گیانى لەدەستدا .
4 _ ئەو نەخۆشەى لەقەڵادزێ بووە قوربانى و كەسوكارەكەى سكاڵاو هاواریان بۆ ڕۆژنامەى ڕووداو بردوە زانیویانە ئەم بەڕێوبەرایەتیە بۆ خزمەتكردنى خەڵك و بەهاوار چوونى نەخۆش نیە .
چەند لیژنەت بۆ ئەم كارەساتانەى سەرەوە پێكهێنا ؟ كامەیان ئابڕوو بەرانەترە؟ نووسینە بەڵگەیى و وێنە ڕاستەقینەكانى ڕەحمان هەڵشۆیى و كارمەندە دڵسۆزەكانى تر یان مردنى هاوڵاتیان و خەڵكى هەژارو كەم دەرامەت ؟ چەند لیژنەت بۆ نەخۆشخانە 300 قەرەوێڵەیەكەى ڕانیە پێكهێنا ؟ بە بەشى یاسایى دەڵێیى بە 7 یاسایى ناتوانن ڕەحمان هەڵشۆیى بدەن بەدادگا شەرمەزارى مەڵبەندتان كردووم ؟ دە تۆ ئازابەو ئەوانە بدە بەدادگا و لە 2010 ەوە سوكایەتى بەخەڵكى ڕانیە دەكەن بەناوى ئەو پڕۆژەیەو ئەسڵ و ئەساسیشى نیە ؟ مەڵبەند پیرۆزترە یان جەماوەر ؟ دەجەنابت ئازابەو مەردى خوابە ئەو خانووەى كارمەندانى نزیك نەخۆشخانەى قەڵادزێ لەكچى محەمەد وەتمان وەربگرەوە كەتەنها دوو ساڵ خزمەتى هەیەو لەسەرتان تاپۆ كردووە ؟ لەگەڵ سەدان گەندەڵى و بێ سەروبەرى تر كەڕۆژانە لەپەیجەكانى فەیسبووك باس دەكرێت چەند لیژنەت پێكهێناوە؟.
من لێرەوە داواكارم لەڕەحمان هەڵشۆیى و هەموو ئەو كارمەند و فەرمانبەرە دڵسۆزانەى باس لەكەموكوڕى و كارەساتەكانى كەرتى تەندروستى ئەم سنوورە دەكەن داواى یاسایى خۆیان تۆمار بكەن لەسەر ئەم بەڕێوبەرە گشتیە دەڵێ هەموو ئەمانەى دەركراون و نەقڵكراون لەسەر دزى و گەندەڵى لەسەر من دەنووسن ، تكایە بێ دەنگ مەبن لێیى ، ئێوە كەى پۆستان هەبووە ؟ تادزى و گەندەڵیتان كردبێ ؟ .
ئەگەر ئەوەى پەیجەكانى فەیسبوك و كوردستانپۆست تۆمەت و بوختان بێت ئەى ئەوەى ڕۆژنامەكانى ناوخۆ ؟ كێ بەرپرسیارە لەگیان لەدەستدانى كاكە جوتیارو دەیانى وەك ئەو كەڕۆژانە دەبنە قوربانى ئەو سیستەمە سەقەتەى منداڵێكى وەك هەرێم بنگردى و نەخوێندەوارێكى وەك مەزهەر و كوردەى شوفێر دەكات بەڕاوێژكار لەبەڕێوبەرایەتى ؟ جەنابى دەڵێ ئۆتۆمبێل و ئیسعاف تەندروستى هەبووە زەمانى بەڕێوبەرى پێشوو هەفتانە 60 لیتر بەنزینى سەرفكردووە من كردومەتە 40 لیتر ئەمە بەچاكسازى و گۆڕانكارى ناو دەبات ، باشە ئەى ئەو هەموو ملیۆنان لیتر سوتەمەنیەیى ڕۆژانە دوو بنەماڵە دەی دزن و دەیبەن ؟ ڕۆژى هەزاران لیتر بەنزین بگەڕێنیەوە تازە ناكاتە گیانى ئەم نەخۆشانەو سێ كۆرپە چاوگەشەكەى كاكە جوتیار (ڕازیار و غەفور و ڕێبوار) كەلەسایەیى ئەم دەسەڵاتەو ئەم سیستەمە سەقەتە بێ باوك بوون ؟ئەگەر زەڕەیەك یاساو قانوون لەو ووڵاتە هەبوایە دەبوو تۆ و دكتۆر هێمن لەسەر ئەو كەیسە ئێستا لەكونجى زیندان بونایە.

ژنێك: مێردەكەم بەهۆی كەمتەرخەمی پزیشكەوە مرد
14/07/2012 08:40:00رووداو

فەرمان چۆمانی
رووداو- قەڵادزێ
ژنێكی دانیشتووی قەڵادزێ، پزیشكێكی نەخۆشخانەی ئەو شارۆچكەیە بە هۆكاری گیانلەدەستدانی مێردەكەی دەزانێ و دەڵێ لەوكاتەی مێردەكەی بردراوە بۆ نەخۆشخانە پزیشكی ئێشكگر لەوێ نەبووە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێش دەڵێ"لێكۆڵینەوە دەكەین".
جوتیار غەفوور ئیسماعیل، 37 ساڵ، دانیشتووی شارۆچكەی قەڵادزێ، نزیكەی 8 مانگ بوو تووشی نەخۆشی زەردوویی جگەر هاتبوو. بەرەبەیانی 2/7/2012 لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ گیانی لە دەستدا.
كوردین رەزا، تەمەن 32 ساڵ، كە هاوسەری جوتیارە، پێیوایە پزیشكی هەناو، كە ئەو شەوە ئێشكگربووە لە نەخۆشخانەكە، هۆكاری مردنی مێردەكەیەتی "چەندین جار داوامان كرد، بە هانامانەوە نەهات".
كوردین بە (رووداو)ی گوت "باری تەندروستی جوتیار بەرەو باشی دەچوو، چەندین جار بردمە لای دكتۆرەكان لە سلێمانی، پێمگوتن ئەگەر پێویست بكات نەشتەرگەری بۆ بكەن و من جگەری خۆمی پێدەبەخشم، بەڵام ئەوان گوتیان تەنیا ئاگاداری بن چاكدەبێتەوە".
كاتێك كوردین دەچێ داوا لە مێردەكەی بكات، نانی ئێوارە بخوات، دەبینێ بێهۆش كەوتووە، بۆیە بە پەلە كەسوكار و دراوسێیەكانی ئاگادار دەكاتەوە و جوتیار دەگەیێننە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ.
كوردین دەڵێ "كە گەیاندمانە نەخۆشخانە پزیشكێكی موقیمی لێبوو، زیاتر لە 10 جار پرسی ئەو پیاوەتان بۆچی هێناوە، منیش پێمگوت سەیری بكە بیهۆشە، ئەگەر بمزانیایە چییەتی نەمدەهێنا بۆ نەخۆشخانە".
سەرەتا بۆتڵێك ئاو بۆ جوتیار هەڵدەواسن، باری تەندروستی كەمێك باشتر دەبێ و دەبرێتە ژووری چاودێری چڕ، بەڵام جارێكی دیكە باری تەندروستی تێكدەچێتەوە، كوردین دەڵێ "هەر هاواری پزیشكی كرد، لە كاژێر 9ی شەو تاوەكو 6ی بەیانی لەوێبووین، زیاتر لە 20 جار داوای پزیشكی پسپۆڕم كرد، هەر نەهات و گوتیان بەیانی دێت، جوتیار لەوێ مرد".
كوردین و جوتیار ماوەی 14 ساڵە هاوسەری یەكترن و خاوەنی 3 منداڵن بەناوەكانی (رازیار 12 ساڵ، غەفوور 10 ساڵ، رێبوار 5 ساڵ). جوتیار بەرلەوەی تووشی نەخۆشی ببێ، چێشتلێنەر بووە لە چێشتخانەیەك.
كوردین دەڵێ "لە نەخۆشخانە هاوسەرەكەم هێدی هێدی سكی ئەستوور دەبوو، ئێشكگرەكە دەیگوت ئەو نەخۆشییە هەر وایە، كاتێك هۆشی هاتەوە گوتی كوردین توخوا گەردنم ئازاد بكە زۆر پێمەوە هیلاك بووی، دەمەوێ منداڵەكانم ببینم، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی بەو نیوەشەوە منداڵەكانم بێنم بۆ نەخۆشخانە".
كوردین پێیوایە هۆكاری مردنی مێردەكەی پزیشكی ئێشكگری نەخۆشخانەكە بووە "ئەو پزیشكە عەرەبە، بەڵام سكاڵا ناكەم، تەنیا گلەییم هەیە، چونكە بەهۆی كەمتەرخەمی پزیشكەكە هاوسەرەكەم مرد، ئەگەر هاتبا لەوانە بوو نەمردبا، ئەو شەكرەی دابەزیبوو پسپۆڕەكە دەیتوانی چاكی بكات، دواتر فشاری خوێنی دابەزی و بووە خوێنبەربوونی ناوەكی و مرد"، گوتیشی "ئەو نەخۆشخانەیە متمانەی لای من لەدەستداوە و ئەگەر خۆم و منداڵم لە ژوورەوە بمرین جارێكی دیكە نایەم بۆ ئەو نەخۆشخانەیە".
دكتۆر هێمن پیرۆت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت "تائێستا هیچ سكاڵایەك نەكراوەو ئێمەش ناتوانین ببینە سكاڵاكاری خەڵك، بەڵام لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەین".

نه‌خۆشخانه‌یه‌كی رانیه‌ به‌ده‌ردی‌ 400 قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌چێت
, | 12. ته‌مموز 2012 13:46
________________________________________

جه‌بار عه‌زیز
ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ دووساڵه‌ بریاری‌ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌قه‌زای‌ رانیه‌ ده‌رچووه‌و چه‌ندینجار بودجه‌ی‌ بۆ ته‌رخان كراوه‌، به‌ڵام تائێستا كاری‌ تێدا نه‌كراوه‌.
نه‌خۆشخانه‌كه‌ پێكدێت له‌ نزیكه‌ی‌ 300 قه‌ره‌وێڵه‌. كه‌ هاوشێوه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ 400 قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی‌ سلێمانییه‌. كۆی‌ گشتی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ تا ئێستا بۆی‌ ته‌رخانكراوه‌، زیاتره‌ له‌ 156 ملیارو نیو دینار.
خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌گشتی‌‌و پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌تایبه‌تی‌، ئاشنان به‌ چیرۆكی‌ ته‌واونه‌بوونی‌ نه‌خۆشخانه‌ 400 قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی‌ سلێمانی، كه‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵه‌ كرای تێدا ده‌كرێت، سه‌ره‌رای‌ ته‌رخانكردنی‌ چه‌ندین بودجه‌ی‌ زه‌به‌لاح بۆی‌، به‌ڵام هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌.
نه‌خۆشخانه‌كه‌ی‌ رانییه‌ له‌سه‌ره‌تادا كه‌ پاره‌ی‌ بۆ ته‌رخانكرا، بریاردرا 200 قه‌ره‌وێڵه‌یی‌ بێت. كۆی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ بۆی‌ ته‌خانكرا، بری سیانزه‌ ملیار‌و 500 ملیۆن دیناری‌ بوو. هه‌ر دوو رۆژ به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق كه‌ له‌ 7/3/2010 ئه‌نجامدرا؛ به‌ردی‌ بناغه‌كه‌ی‌ دانرا.
ده‌سته‌یه‌ك به‌ناوی‌ خه‌مخۆرانی‌ رانیه‌ چه‌ندین جار به‌دواداچوونیان بۆی كردووه‌و سه‌ردانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ حكومه‌ت‌و چه‌ندین لایه‌نی‌ به‌رپرسیتریاتن كردووه‌، سه‌ره‌رای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ڵینان پێدراوه‌ كه‌چی پرۆژه‌كه‌ هێشتا وه‌كو خۆیه‌تی‌.
عومه‌ری‌ زێره‌نگه‌ر، ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌كه‌ خه‌مخۆرانی‌ رانیه‌ له‌لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ له‌ ساڵی‌ 2011 سه‌ردانی‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیان كردووه‌‌و به‌ڵێنی‌ پێداون له‌بودجه‌ی‌ 2012 دا كاركردن تێدا جێبه‌جێ بكرێت.
هه‌روه‌ها باسی‌ له‌وه‌شكرد سه‌ردانی‌ تاهیر هه‌ورامی‌، وه‌زیری‌ پێشووی‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و پێی‌ راگه‌یاندوون كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌كۆمپانیا خۆماڵییه‌كان ئه‌نجامنادرێت‌و چاوه‌رێن كۆمپانیایه‌كی‌ بیانی‌ كاری تێدا بكات.
ده‌سته‌ی خه‌مخۆرانی‌ رانیه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2010 له‌كۆمه‌ڵێك چالاكوان‌و ریش سپی‌‌و بازرگان‌و هاوڵاتی‌ ئاسایی‌ ناوچه‌كه‌ پێكهاتووه‌، به‌دواداچون بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جێبه‌جێكردنیان دواده‌كه‌ون له‌ قه‌زاكه‌. ئێستا داوای‌ له‌ كابینه‌ی‌ حه‌وته‌م ده‌كه‌ن كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌ستپێبكه‌ن.
به‌ڵام جه‌عفه‌ر عه‌لی‌، كه‌ ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مان بوو له‌سه‌ر لیستی‌ گۆران‌و دانیشتووی‌ رانیه‌یه‌، به‌هاوڵاتی‌ وت تا ئێستا دروستكردنی‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ دیارنیه‌‌و پاره‌كه‌شی‌ دیارنیه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ په‌رله‌مانتاربووه‌ به‌دواداچونی‌ بۆ كردووه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ دیزاینی‌ پرۆژه‌كه‌ هه‌ڵه‌ی‌ تیادابووه‌.
به‌ڵام رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید، وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌هاوڵاتی‌ وت ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ بۆی‌ دابینكراوه‌، خه‌رج نه‌كراوه‌‌و پاره‌ی‌ تری‌ خراوه‌ته‌سه‌ر‌و له‌مساڵدا كاری‌ تێدا ده‌كرێت.
سه‌رۆكایه‌تی‌ دیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌ نووسراوێك كه‌ له‌ 12ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردوودا ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی كردووه‌، ره‌زامه‌ندی‌ نیشانداوه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ 291 قه‌ره‌وێڵه‌یی‌ به‌ گوژمه‌ی‌ زیاتر له‌ 156 ملیارو 580 ملیۆن دینار كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 750 رۆژدا ته‌واو بكرێت به‌ڵام له‌كۆی‌ ئه‌و پاره‌یه‌، ئه‌مساڵ‌ ته‌نها شه‌ش ملیار دیناری‌ له‌بودجه‌ی‌ 2012 بۆ دابینكراوه‌. به‌ پێی وته‌ی‌ هاوراز شێخ محه‌مه‌د، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان.
پرۆژه‌كه‌ گه‌ له‌ قۆناغی دیزاین، به‌هیچ جۆرێك نه‌چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ی‌ سه‌ره‌تاكانی‌ دروستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌ چوارسه‌د قه‌ره‌وێله‌كه‌یی سلێمانی‌ دێته‌ پێش چاو، كه‌ پاش 10 ساڵ‌ هێشتا كاری تێدا ده‌كرێت.
سه‌ربه‌ست عبدولره‌زاق، به‌رپرسی‌ به‌شی‌ ئه‌ندازه‌و پلان له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ رانیه‌، بۆ هاوڵاتی‌ ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ له‌ 5ی‌ ئازاری ساڵی‌ 2010 كار له‌دیزاینی‌ پرۆژه‌كه‌دا كراوه‌، كه‌ قۆناغی یه‌كه‌م بووه‌و كۆمپانیایه‌كی‌ لوبنانی‌ له‌به‌رانبه‌ر 350 هه‌زار دۆلاردا ئه‌نجامیداوه‌، به‌ڵام قۆناغه‌كانی‌ تری پرۆژه‌كه‌ بریتین له‌ چوار قۆناغن هێشتا ماون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە