كام مەكتەبى سیاسى و سەركردایەتى و ئەنجومەنى ناوەند ؟ كەنەیانتوانى مودیر عامێك لەڕانیە بگۆڕن
Tuesday, 04/02/2014, 12:00
دەڵێن كاتى خۆى دوو عەشیرەت دەبێ بەشەڕیان و چەندین كەس لەو نێوانەدا دەبێتە قوربانى دوایى دوو ساڵ شەڕو خوێن ڕشتن دادەنیشن و ئاشتەوایى دەكەن لەساتەوەختى دانیشتنیان شوانى گوند دەگەڕێتەوە دەڵێ ئەمە چیە ئەوە قەرەباڵغیە ؟ دەڵێن ئەوە دوایى ئەو هەموو ناخۆشى و خوێن ڕشتنە بڕیارماندا سوڵح بكەین ، دەڵێ ئەى بۆ دوێنێ بەمنتان نەدەگووت كەنیازێكى ئاوامان هەیە ؟ ئەوانیش دەڵێن ئەوە كارى ئێمە نیە ئەوە بەهیمەتى مامۆستایانى ئاینى و ڕیش سپیانى هەردوولا كراوە گرنگ ئاشتەوایەكە بكرێت ، شوانى گوند گۆچانەكەى دەكێشێ بەئەرزو دەڵێ من ئەو سوڵحە قبوڵ ناكەم دووبارە شەڕ دەست پێ دەكاتەوە چەندانى تر لەیەك دەكوژن ، ئەم چیرۆكە ڕێك بۆ حاڵى هەموو ئۆڕگانەكانى یەكێتى ڕاستە ئەم حزبە لەسەرەتاى دروست بوونیەوە تائێستا هێرۆ و مەلا بەختیارێك هەبوون دار بكێشن بەئەرزو بڵێن ئەم حاڵ و ڕێكەوتن و ئاشتەوایەمان قبوڵ نیە ؟ ئاخر ئەوە بۆ چوار ساڵ دەچێت خەڵك لەسنورى پشدەرو بیتوێن هاوار هاواریەتى بەدەست مودیر عامێكەوە هەموو سەركردایەتى و ئەنجومەنى ناوەند نەیانتوانیوە لاى بدەن كەچى تازە بەتازە كادیرانى ئەم حزبە جەماوەرو كادیرانى خۆیان چەواشە دەكەن بەڕێكخستنەوەى ناو ماڵى یەكێتى و بەستنى كۆنگرە كەئەمانە هەموویان لەمەحاڵ مەحاڵترن ، ساڵێك لەمەوبەر تەقریرنووس و چاوساغەكانى حزب لەسنورەكە سەركردایەتى و ئەنجومەنى ناوەند لەحاڵى ئەم بەڕێوبەرایەتیەو ستافەكەى ئاگادار دەكەنەوە ئەنجومەنى ناوەند بڕیاردەدا بەلادانى و كەسێكى تر بۆ شوێنەكەى دەست نیشان دەكەن ، ئەندامێكى ئەنجومەنى ناوەند كەكاتى خۆى تەسلیمى ڕژێمى بەعس بۆتەوەو سەرى دەیان پێشمەرگەی كردووە بەقوڕدا (مەكتەبى سیاسى و سەركردایەتى یەكێتى خۆیان باش باش دەیناسن و دەزانن) ڕێك وەك چیرۆكى شوانەكە دێت و دەڵێ ئەوە خەریكى چین ؟ دەڵێن فڵان مودیر عامە لەڕانیە لادەدەین ؟ دەڵێ من قبوڵ ناكەم لابدرێت بۆ منى لێ بگەڕێن چاكى دەكەم (جەنابى ئەندامى ئەنجومەنى ناوەند خزمى هاوسەرى جەنابى مودیر عامە) بۆیە لەهەڵبژداردنى 21 / 9 / 2013 كادیرو ئەندامانى یەكێتى لەسنورى ئەم بەڕێوبەرایەتیە لەپشدەرو بیتوێن پێش خەڵكى تر تۆڵەى خۆیان لەیەكێتى و ئەنجومەنى ناوەند كردەوەو دەنگیان نەدا بەیەكێتى بەبەڵگەى ئەوەى ئۆپۆزسیۆن سێ كاندیدى هەبوو لەم بەڕێوبەرایەتیە كەبەهەر سێكیان نزیكەى (حەوت هەزار) دەنگیان لەپشدەرو بیتوێن هێناو یەكیان چووە پەرلەمان ، واتا زیاتر لەسەدا نەوەدى ئەوانەى دەنگیان دا بەم سێ كاندیدە فەرمانبەر و كارمەندانى ئەم بەڕێوبەرایەتیەو كەسوكاریان بوون ، تا ئەم چركە ساتەش یەكێتى و مەكتەبى سیاسى و سەركردایەتى و ئەنجومەنى ناوەندە كارتۆنیەكەو تێكرایى ئۆڕگانەكانى ترى ئەم حزبە لەم سنورە نەهاتن دیراسەیەكى ووردى ئەم بابەتە بكەن و بپرسن چەند خەڵكى دڵسۆزو كەسوكارى شەهید لەسنورى ئەم بەڕێوبەرایەتیە حزوریان هەیە و پۆستیان هەیە ؟ ئەم خەڵكە بۆ ناڕازیە ؟ چى واى كرد ئۆپۆزسیۆن سێ كارمەندى سنورى ئەم بەڕێوبەرایەتیە كاندید بكات ؟ لەكاتێكدا تاكە ڕەفتارێكى نائیدارى و نازانستیانەى دوو ساڵ لەمەو بەرى ئەم مودیر عامە بەس بوو بۆ ئەنجومەنى ناوەند و بۆ یەكێتى (ئەگەر بەدواداچوونیان هەبووایە بۆ حاڵ و ژیانى ئەو میللەتەو سنورەكە) بۆ دادگایى كردن و دوورخستنەوەى ئەم مودیر عامە بۆ هەتا هەتایە لەهەموو پۆست و وەزیفەیەكى ئیدارى كاتێك لەپێناو وەرگرتنى ئافەرینێكى وەزارەتى دارایى و بۆ شەرمەزاركردنى بەڕێوبەرى پێشووى بەڕێوبەرایەتیەكەى یەك ملیار دینارى لەبودجەى كەرتەكەو بەڕێوبەرایەتیەكەى لەسنورى پشدەرو بیتوێن گەڕاندەوە بۆ خەزێنەى حكومەت و لەو ساتەوە تائێستا لەسەر گەڕاندنەوەى ئەم پارەیە ساڵانە كەمتر بودجە بۆ ئەم كەرتەو بۆ ئەم بەڕێوبەرایەتیە دادەنرێت و دوو ساڵە ناتوانن پارسەنگى ئەم هەڵە میزاجیە شەخسیەیى پڕ بكەنەوە باجەكەش خەڵكى نەخۆش و هەژارو داماوى پشدەرو بیتوێن دەیدا ئەمە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەى كەئەم حزبە بەدواچوون و پیلان و بەرنامەى بۆ هیچ شتێك نیە چ جاى ئەوەى بێت كۆنگرەو گۆڕانكارى بكات لەخۆیدا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست