ڕوونكردنەوەیەك لە خانەى حیكمەت بۆ لێكۆڵینەوەى فەلسەفییەوە بۆ ڕِاى گشتى
Wednesday, 18/05/2011, 12:00
وەك هەموو لایەك ئاگادارن كە دوو هەفتە بەر لە ئێستا مە فرەزەیەكى ئاسایشى سلێمانى بە شێوازێكى نایاسایى و دوور لە مەدەنیەت و بە ڕۆژى نیوەڕۆ و بەدیارچاوى خەڵكیەوە هەڵیان كوتایە سەر بەڕێوەبەرو جێگرى بەڕێوەبەرى خانەى حیكمەت و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلى خانەى حیكمەتدا گرت و ڕفاندیان، بێ ئەوەى پێمان بڵێن بۆ و لەبەرچى و بە فەرمانى كام دادوەر ئەو كارە دەكەن؟
دواى تێپەڕبوونى ئەو ماوەیە بەسەر ئەوكارە نا شارستانیەدا، ئۆتۆمبێلەكەى خانەى حیكمەت لە جۆرى (لاندكرۆز-2009/ژمارە 212- ڕێكخراوەكان) لەلاى ئاسایشەو تا ئێستا ڕوونكردنەوەیەكیان پێنەداوین لەسەر بەهانەو هۆى ئەم هەڵكوتینەسەرە.
ئاسایش وەك دامەزراوەیەكى حكومى دەبا كارى پاراستنى ئاسایشى وڵات و ئاسایشى هاونیشتمانیان بووایەو پارێزەرى ئازادى وژیانى هاونیشتمانیان هەڵس و كەوتى كردبا نەك وەك هێزێكى پەلاماردەرى دوور لە یاسا ئازادى و ئاسایشى خەڵكى كوردستان بخاتە مەترسیەوە كە بەداخەوە لەم ڕووداوانەى دواییدا ژمارەیەك كارى نایاسایى و ناسیاسى ونا مەدەنیانەى ئەنجامداوە كە بۆتەمایەى دانانى نیشانەى پرسیار لەسەر ئەم دەزگا گرنگە.
بەڕاى ئێمە ئەم كارە نەشیاوو بەدەر لەیاسایەى دژ بە خانەى حیكمەت كراوە لەلایەن ئاسایشى سلێمانیەوە درێژكراوەى هەمان هێرشە كە سەرەتا لەلایەن میدیاى دووحیزبە دەسەڵاتدارەكەوە كرایە سەر خانەى حیكمەت وەك دامەزراوەیەكى فیكرى و هەروەها كرایە سەر بەڕێوەبەرى خانە (فاروق ڕەفیق) بەهۆى بەشداربوونیەوە لە خۆپیشاندانەكاندا، لەو هێرشە ناڕەوایەدا سەدەها درۆو بوختان و ناڕاستى لە میدیاى حیزبەوە و لەلایەن كەسانێكى ویژدان بیمار سەبارەت بە دامەزراوەكەمان و خودى بەڕێوەبەرەكەیەوە ڕیزكران كە سەرلەبەرى ڕاستیەكانیان شێواندو كەوتنە بێڕێزى نواندن بەرامبەر بەكارو ئەرك و ماندوبوونى (5) ساڵەى ئەم دامەزراوەیە، بە شێوەیەك كە لە مێژووى ئەم وڵاتەدا هێرشى ئاوها ژەهراوى و ناڕەوا تائێستا نەكراوەتە سەر هیچ دام و دەزگایەك، لەبەرچى؟ تەنیا لەبەر ئەوەى بەڕێوەبەرى خانە وەك هاونیشتمانیەكى ئازاد دەنگى خۆى خستەپاڵ ئازادیخوازەكانى دیكەى كوردستان بۆ گووتنى نا بۆ ستەمكارى.
خانەى حیكمەت لەساڵى (2005)دا دامەزراو لەو كاتەوە دەیەها چالاكى فیكرى و فەلسەفى وكلتورى لە گشت شاروشارۆچكەكانى كوردستاندا بە ئەنجام گەیاندووە، لە چەشنى گوتنەوەى كۆرسى فەلسەفى (8 كۆرسى فەلسەفى)، سازدانى كۆنفرانس (5 كۆنفرانسى زانستى بە بەشدارى دەیەها توێژەرى بیانى وكوردى)، سازدانى دەیەها سیمینارو كۆڕو سیمپۆزیەم و مێزگرد لەسەرجەم شاروشارۆچكەكانى كوردستان كە چەندین نووسەرو ڕوناكبیرو توێژەر بەشداریان تێداكردووە، لەپاڵ بڵاوكردنەوەى چەندین كتێبى فیكرى و فەلسەفى دا.
دواى یەكگرتنەوەى دوو ئیدارەكە، لە ڕێكەوتى 18/9/2007 ئەنجومەنى وەزیران بڕى (10.000.000) دە ملیۆن دینارى وەك منحەى مانگانە دیاریكرد بۆ ڕاپەڕاندنى كاروچالاكیەكانى خانە لە هەردوو ئۆفیسى هەولێر و سلێمانى.
لە 16/6/2009دا منحەكەى خانە زیادكرا بۆ بڕى 25.000.000 بیست وپێنج ملیۆن دینار ئەویش بەهۆى زیادبوونى چالاكیەكانى خانەو بە تایبەت جەختكردنە سەر سازدانى كۆنفرانسە زانستیەكان لەو ماوەیەدا.
خانەى حیكمەت لەو ڕۆژەوەى كە منحەى وەرگرتووە سەر بەهۆبەى ڕێكخراوەكانى وەزارەتى دارایى بوە و هەموو مانگێك بە شێوەیەكى یاسایى و شەفافانە تەێفیەى حسابى خستۆتە بەردەم هۆبەى ئاماژەپێكراو.
لە ماوەى (5) ساڵى كاركردنى خانەى حیكمەتدا تەنیا 2ساڵ و10 مانگ منحەى وەرگرتووە لە حكومەت، لە ڕێكەوتى 16/7/2010دا منحەكەى خانەى حیكمەت لەلایەن سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانەوە بڕدراوە.
خانەى حیكمەت وەك دامەزراوەیەكى مەدەنى خاوەنى مەوجودى خۆیەتى لەوانە خانوویەك لە هەولێرو 2ئۆتۆمبێل كە موڵكى كەس نین جگە لە خودى دامەزراوەكە.
خانە وەك دامەزراوەیەك لەوماوەیەدا بە چڕوپڕى و بەر بنەماى بەرنامەیەكى درێژخایەن سەرقاڵى خزمەتكردن بووە بە جڤاتى كوردى لە پێناو برەودان بە عەقڵانیەت ومەعریفە و ئەخلاقى مەدەنى.
هەربۆیە ئەمڕۆ لەلایەن هێزێكى ڕەفتار نامەدەنى و ناعەقڵانیەوە، بە دوور لە لەهەر بەهایەكى شارستانى وزۆر هەمەجیانە هێرش دەكرێتە سەرى و بەتایبەت بەڕێوەبەرى خانە كە كراوە بە ئامانجى ئەو هێرشە دڕندانەیە.
لەلایەكەوە ئەم هێرشانە بۆ سەر خانەو بەرَێوەبەرەكەى هێرشن بۆسەر گشت ئەو كەس ولایەنانەى كە خوازیارى دنیایەكى دادپەروەرانەتر، عەقڵانى تر، تەندروست تر، ئازادترن بۆ ئینسانى كورد، لەلایەكى دیكەوە ئەم هێرشە ماهیەتى هێزى پەلاماردەر بۆ هەموولایەك دەخاتەڕوو، هێزێك تەنانەت ڕێز لە یاساكانى خۆشى ناگرێت و تووشى هستریا بووە و بەڕاست و چەپدا یاساو ئەخلاق و نۆرم و بەهاكان پێشێل دەكات و مرۆڤ دەڕفێنێت، ئەشكەنجەى دەدات، ئۆتۆمبێل دە ڕفێنێت، لە میدیاكانیەوە بێ ڕێزى بەرامبەر كەسە دڵسۆزونیشتمان پەروەرەكانى وڵات دەنوێنێت.
ئێمە بە نووسراو ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى داراییمان لەم سووكایەتى پێكردنە ئاگاداركردۆتەوە، لێرەشدا داوا لە هەموو هاونیشتمانیان دەكەین كە دەنگى ناڕەزایەتى بەرزبكەنەوە دژ بەم ناعەدالەتییەى كە بەرامبەرمان دەكرێت.
خانەى حیكمەت بۆ لێكۆڵینەوەى فەلسەفى 19/5/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست