کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جامە دۆیەکی ترش و،پێشمەرگەیەکی بۆ گەل فیدا، پێکێ ویسکی پێنج پاڵەوان وسەرکردەیەکی دۆڕاو!

Wednesday, 17/08/2011, 12:00





بێ ویژدانییە ئەگەر بە ویژدانەوە باس لە ڕابردوی پێشمەرگەو،فەرماندەی دەستەو،فەرماندەی کەرتو،تیپ و ئەو سەرکردانە نەکەین کە تا ئەوکاتەی دوادڵۆپی خوێنیان بۆ گەشانەوەی خاکی کوردستان کردە دیاری لە گەرمەی جەنگ و دەست بە سەراگرتنی مۆڵگەو، تەویلەی جاش و خۆفرۆشانی بۆ پارە خۆفرۆش و گەلفرۆش .
کێ هەیە مێژوی ڕابردوی ئەو پێشمەرگانە نەزانێت کە بە ڕۆژی ڕووناک و بە شەوی تاریکو ئەنگوستە چاو،بە گەرمای مرۆڤ پڕوکێن و بەسەرمای جەستە هەڵوەرێن دڕیان بە شەوەزەنگ نەدابێ و کونە مشکیان لە نەیارانی ئەو دەمی نەتەوەکەمان نەکردببێتە قەیسەری؟
با بیریان بێنینەوە ئەوە چیە وای کردووە ئەمڕۆ هەر هەمان ئەو سەردەستەو فەرماندەی کەرت و، تیپ و لێپرسراوە باڵاکان بە لاوازی خۆیان نیشان بدەن و، شەقامیش بە مۆنیو بێ بایەخ لێیان بڕوانێت؟!
ئەستەمە بتوانرێت لێوەشاوەیی پێشمەرگەو ڕۆڵی پێشمەرگە لە بەرابەر پاراستنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە بیر بکرێت،لەو کاتانەی دەسڵاتی بەعسییەکان بە زلهێزی ناوچەکەو بە سوپایەکی خوێنمژو دڕندە ئەژماری بۆ دەکراو،شەلم کوێرم ناپارێزم دەشت و دەوەن و چیاو دۆڵو بانەکانی بۆ دژایەتی نەتەوەیەک ،کە جگە لە پێشمەرگە هیچ پشت و پەناو داکۆکیکارێکی نەبو،کردبووە مۆڵگەی سەربازی و مەیدانی جەنگ بۆ لاوازکردنی هیزی پاراستنی گەل، کە تەنها پشت و پەنای ئەوکاتی دانیشتوانی کوردستان و تاکە پارێزەری خاک و ئاوی کوردستان بوون،ئەو کاتانە دوژمنی سەرسەخت لە بەرابەر وورەی پۆڵاین و ئیرادەی بە هێزی پێشمەرگەی پارتە کوردییەکان بە گشتیو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە تایبەت دەستەوسانو سوپایەکی دۆڕاوبوو!
خێرە وا ئێستا لە ئێراقێکی داڕوخاوو وێرانەو هەرکێ بۆ خۆیدا،کوردان بە ڕۆژی ڕووناک و هەر کاتوساتێک بخوازن لە لایەن دەستەو تاقمە تیرۆریستەکانەوە تیرباران و شەهید دەکرێن؟!،
ئەی کوانێ ئەو ڕۆڵە بە جەربەزانەی کە جاران بە بێ پرسی سەرتیپ و لێپرسراوەکانیان دڕیان بە شەوی تاریک دەداو موختارو جاش و، سیخوڕو بەکرێگیراوانیان لە نێو جەرگەی دەسڵاتی بەعس و، شوێنە دوورە دەستەکان بە سزای گەل و شۆڕش دەگەیاندو ،بە دەسڵاتدارانی ئەوکاتی بەعسیان دەوت تۆڵە بە سەبرە ئەمما بە زەبرە؟!
ڕاستە کورد نەتەوەیەکی بۆ خۆ نەشیاوو کەمتەرخەمە لە بەرابەر کێشەهەڵواسراوو نەتەوەییەکانیدا،بەڵام قەد نەبووە ڕۆژێک لە ڕۆژان پشت بکاتە نەیارەکانی و چاو لە ئاست ئەو تاوانانەدا دابخات کە بەرابەری دەکرێت،هەرچەندە ناو بە ناو خیانەتی نەتەوەیی یادگارێکی ڕەشە بە نێو چاوانی ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی سیاسی و لیدەرەکانیەوە! کەچی ماوەی چەند مانگێکە بگرە زیاتریش لە هەردو شارۆچکەی جەلەولاو سەعدییە بە تاریکو ڕوون بووە بە باو! باو باوی ڕاوکردن و کوشتنی کوردانە لە سەر خاکو ئاوی باوباپیرانی و لەوەش زیاتر وەدەرنانیان و لەوەش خراپتر بێ هیمەتی و بێ دەنگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاست ئەو تاوانە زۆرەی پاشماوەی بەعسەکان لە بەرابەر دانیشتوانی هەردوشاری کورد نشین!
دەڤەری گەرمیان پێش ڕاپەڕین بەوە ناسرابوو کە خاوەنی تیپەچاونەترسەکانی وەکو پەنجاویەکی گەرمیانو،پەنجاوسێی شێروانەو،پەنجاونۆی حەمرین بوو،ئەو تیپە بەجەربەزانای ئەو دەم داستانی وەک داستانی سەرقەڵاو،قوڕی چاییو،گرتنی ڕەبیەی گوندی گۆڕەشەلەی ئەوبەری ڕوباری سیروانو، سەید خەلیلو،هۆمەرملو، زەماوەنگەیان تەنها بە ئیرادەی بە هێزو کەمترین کەرەستەی جنگییەوە تۆمار دەکرد،داستانی گوندی زەماوەنگە بەرواری١١ی٨ی١٩٨٦ونەبەردی گوندی سەید خەلیل بەرواری٣٠ی١٢ی١٩٨٥ گەواهی دەدەن، کە تیپە قارەمانەکانی ئەو کاتی پێدەشتە کاکی بەکاکییەکەی گەرمیان، چۆن گورزی کاریگەرو جەرگ بڕیان لە سوپای شۆڤێنی ئەو دەمو جاشە بە کرێگیراوەکان دەوەشاند!.
جاران بێ کەرەستەو تفاقی جەنگی ئێستا خاوەنی هەرچی کەرەستەو جەبەخانەو تفاقی جەنگین،جاران بە پیادە ئێستا بە ماشێنی جۆراوجۆری جەنگیو نەفەر بەر،جاران بە بێ بوونی هیچ پلانێکی سەربازی ئێستا بە هەزاران کادرو شارەزای بواری جەنگی مەیدانی،جاران بە پاتەی لاستیکەوە ئێستا بە پیاڵاوی جەنگی،جاران بە تفەنگێکی ڕزاوو چروکەوە ئێستا بە زرێپۆشو چەکی سەردەم،جاران بێ بوونی هیچ جۆرێک لە ڤیتامین بۆ لەشتان ئێستا لە سایەی بوونی دراوێکی زۆرەوە چیاتن حەز بخوازێت لە بەردەستانایە،جاران باشترین جۆری خواردنەوەتان جامە دۆیەکی ترشو ئاوی ساردی کونەڵانەکان،ئێستا هەرچی جۆری مەیو ویسکیو پێنج پاڵەوانو جۆرەکانی بیرە،جاران دورترین هاوینە هەوارو شوێنی گەشتو گوزارەکانتان بەرمزگەوتوئەشکەوتەکان،ئێستا بە چاوتروکانێک هەنگاوێک لە کەناری دانوبو، پاریسو،نیۆرکو، هێلسنگیو، ئیماراتو، دوبەیو، ستۆکۆڵمو،ئیستەنبوڵو، دیمەشقو، تارانو بەغدان،جاران گوزەرنامەکانتان وێنەی هەڤاڵە شەهیدەکانتان،ئێستا سوێندتان بە سەری سپلیتو مۆنیکاو وەنەشەوپرادۆو بەرزی باڵەخانەکانو بازرگانیو دەفتەرە دۆلار،کوا بۆ کێتان نارد ئەو پەیامەی جارانی شاخو ئیرادەی بە هێزو پۆڵایینتان؟
خۆتان مەستو لاوازن یان کار لە کار ترازاوەو داینەمۆی هەلوێستی نەتەوەییتان لە سەرەوە کارەبای لێ بڕاوەولە مەرگ دەترسن؟ یان بزێویو نەترسییەکەی جارانتان لە گەڵ سەفەرێکتان بۆ هەندەرانو دراوسێ نەیارەکانمان لە کاتی خواردنەوەی پیاڵەیەک مەیدا، لە هۆتێلە گرانبەهاکاندا بە خەیاڵی بەرەو مۆدێرنە چوون کردە نۆشو، بە دەستی بەتاڵ بۆ نیشتیمان گەڕانەوە؟! کوانێ ناوو هەیبەتوو ووریایو ئیرادەی پۆڵایینتان؟!،گەروا بڕوات لە بری ئەوەی کەرکووک بگەڕێتەوە ئامێزی خاکی نیشتیمان،نیشتیمان دەبێتە کوێلەو لە ناچاریدا سوژدە بۆ دەسلاتی ناوەند دەباتو،جگە لە پەشیمانی دەسکەوتێکی ئەوتۆ بۆهێزەکانی بە ناو پاسەوانی سنوورو، سوپاو، دەزگاکانی دژە تیرۆرو، ئاژانسی بە ناو پاراستنو، هێزی بە ناو پێشمەرگەی کوردستان بە دەست ناهێنرێت،هیمەتبکەن هێزی فرەناوو، بە ناو پاراستنی ئاساییشیی نەتەوەییمان هیمەت بکەن، پێش ئەوەی جەلەو لاو سەعدیەو خانەقین ببنە چیرۆک گەلێکی هاوشێوەی مادە لە بار براوەکەی ١٤٠ی دەستور هیمەت بکەن هیمەت!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە