کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە ڕووبە ڕوو بوونەوەیەکی سەخت دا، 45 سەربازی ئێرانی و تورک بە دەستی چەکدارانی ئاساییشی هەرێم بە دیل گیران!

Saturday, 27/08/2011, 12:00





ماوەی چەند ڕۆژێکە بە هۆی تۆپارانەکانی هەردوو ووڵاتی نەیارو داگیرکەری کوردستان، شەریک بۆ کاروباری بازرگانی لە گەڵ دوو خانەوادەی ناوداری باشوور،ناڕەزاییەکان تا دێت لە زیادبونو بەرزبوونەوەدایە، ئەمە دوای ئەوەی کە فڕۆکە جەنگییەکانی دەسڵاتە ئیسلامییە سیاسییەکەی ئەردۆگانی دوو ڕوو واتە دادو گەشەپێدانی دژ بە مرۆڤایەتی تەواوی ئەندامانی خێزانێکیان بۆ هەتایی لە بەرواری ٢١ی٨ی ٢٠١١دا، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە لە چیای کورتەکی سەر بە ناحێی ناودەشت،دانیشتووی بۆڵێن لە قەزای پشدەر کردەقوربانی! .

هەر ئەمەش وای کرد لاوانی نیشتیمان پەروەر ڕێگایەکی سەردەمیانە دژبەوتاوانە ناڕەوایە بگرنەبەرو سەرکۆنەی هەردوو داگیرکەری تورکیاو ئێران بکەن، بۆ ئەم مەبەستە لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لاوانی نەتەوەکەمان کە کچانو کوڕانی ووڵاتن بە هەنگاوە ماندوو نەناسەکانیان لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەییو ئاسایشی نەتەوەییمان بە دەستەو بە تاک، بەرەو ئەو هەرێمە بەڕێکەوتن کە ناوی قەندیلە بۆ ئەوەی وەفاداری خۆیان بۆ قەندیلو گەریلاو ووڵات نوێبکەنەوە، وەک هێزی مۆراڵیو جەستەیی،دوای بەڕێکەوتنیان کە پێک هاتبوون لە ٤٥ ڕۆڵەی نیشتیمان پەروەرو هەست جوان لە شاری سلێمانیو دەوروبەری،دوای دووڕۆژ بەڕێگا ڕۆیشتن لە دوا خاڵی دەسلاتی سوپای یەکێک لە بنەماڵەکان دەکەونە بەرهێرشو لێدانو ئەشکەنجەدان،بەوەشەوە لێیان ناگەڕێنو ڕادەستی پۆلیس دەکرێنو لە دەرەوەی شار فڕێدەدرێنو بە هەر شێوازێک دوور لە ئاکاری مرۆیی بێت ئازار دەدرێن!
واتە ئەم دەسڵاتەی کە هەر جارەو بیانوویەک دەهێنێتەوە بۆ ساردکردنەوەی دەنگی شەقامو خۆدزینەوە لە ڕاستی ڕووداوەکان، یان ئەوەیە ئەوەندە گێلن هەستی تێگەیشتنیان بە ووتەی خۆیان لە زیندانە کانی ئەودەمی حیزبی بەعس بە هۆی لێدانو کارەبالێدانەوە لە دەست داوە، یان نا لەو کاتانەی ئاوارەی کەرەج بوونو بە هۆی تێکەڵاو بوون لە گەڵ نەڤی ئاخوندەکاندا کارلێکیانکردووەو پەیمانی وەفاداریان نۆژەنکردۆتەوە، تا کوردێک مابێت باس لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نەکەن، یان ئەوەسە ئێمە نەزانینو بە ڕەچەڵەک خەڵکی قونییەو ئیستەنبوڵو ئانکارا بن، یان نا بوونەتە داردەستو چیتر ناتوانن کوردبنو، دەست بەرداری ئەو هەموو موڵکو ماڵەیان بن کە لە سەر خوێنی ئەوکۆمەڵگە هەژارو داماوەی ووڵات کۆیان کردووەتەوە!!
لێرەدا دڵنیام راستە کوردبوون بە کاڵاکراوەو کاڵاش بە ویستی ئەو دەسڵاتەی کە لە دوو بنەماڵە پێک هاتوون،بە بەری حەسحەسو چەکدارە بە داردەست بووکانیان کراوەو، لە بەرداماڵینیان ئەستەمە جگە لە وەی بتوانین بە پیری ئەو شۆڕشەوە بڕۆین کە بەڕێوەیەو ئەرکی سەرشانی هەموومانە بە گەورەوبچووکەوە، وەک کوردستان پۆست پێشبینی کردووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا!
بۆ ئەوەی دەسڵاتی ئەو دوو بنەماڵە وەک خۆیو وەک خۆیان پێناس بکەینو خەڵکی کوردستانیش لە ڕاستییە شاراوەکان نێزیکترببنەوە بەم نوکتە کۆتایی بەم نووسینەم دێنم کە سەرتاپای نووسینەکەم پێجەوانەی مانشێتی نووسینەکەم بوو وەک بزمارێک بۆ سەر جەستە بە بەستەڵەک بووەکەی دەسلاتی باشوور،ئەوەش بە هۆی ئەوەی هەموومان بە یەک دەنگو بە بێ سڵەمینەوە چیتر دەست درێژییە هاوبەشەکانی دووداگیرکەرو دوو بنەماڵەی خۆسەپێن بە سەر ئایندەو ناموسو خاکوئاوی تینو بۆ ڕزگاریمان قبوڵ نەکەین!
کابرایەک کووڕێکی ئەبێت هەر جار لە ماڵ دەڕواتەدەرەوە بۆ ناوشارو بۆ کۆڵان لە لای هاوڕێو برادەرانی بە گێلە بانگی دەکەن واتە گێژو نەفام زۆر نووکتەشیان لە سەر دەکەن بە کوردییەکەی یاری بە هۆشو بیریان دەکەن،ئەم بانگکردنە جارێکو دووجارو ڕۆژێکو دوانو سیان نابێت،واتە هەر لە گەڵ چوونەدەرەوەی بە گێلو بێ مێشک بانگی دەکەن نوکتەی لە سەردەکەن..دوای چەند جارێک کوڕە ئێوارە دەگەڕیتەوە بۆ ماڵ بە باوکی دەڵێت باوکە بۆ من هەر لە گەڵ چوونە دەرەوەم لە کۆڵانو گەڕەک بە بێ ئەقلو گێل ناوم دەبەنو نووکتە بارانم دەکەن؟!
باوکەش ئەها کوڕم باشە بڕۆ مەنجەڵێکی بەتاڵم بۆ بهێنە با بۆت باسبکەمو بۆت ڕوونبکەمەوە،دوای ئەوەی مەنجەڵەکە دەهێنێت چەند جارێک دەستی ئەکێشێت بە بنی مەنجەڵەکەدا...تەق،تەق،تەق ،کوڕەش ئەڵێت ها بابە یەکێ لە دەرگا ئەدات باوک بە کوڕە ئەڵێت : هاچەندە ساویلکەی کوڕم ؟! ئەوە بێ هۆ نییە خەڵکی گاڵتەمان پێ دەکاو نووکتەمان لە سەردرووست دەکات،دەبڕۆ مەنجەڵەکە بخەرەوە شوێنی خۆیو منیش دەڕۆم با بزانم کێ لە دەرگاکە ئەیات !!!!!!!!!!!!
ئەی من بڵێم چی واخەریکە جەرگو دڵم لەت لەت ئەبێت لە بێ هۆشیو لە نەبوونی هەستی نەتەوەیی ئەو سەرۆکو دەسڵاتەی کە لە هەزاران سەری بڕاو سەڵاواتێکیان نەداو بۆتەنها جارێک قایل نابن دان بە هەڵەکانیاندا بنێن، لەم جەنگەی کە بە ناڕەوا بەسەرماندا سەپێنراوە ڕزگارمان بکەنو ئێمەش لە سێبەری خاکو ئاوی ڕزگار کراوماندا هەر هیچ نەبێت خەونێک ببینین کە بۆ هەتایی جەنگ بڕایەوەو چیتر نیشتیمان دیلێتی قبوڵناکاو، ڕووباری هەزاران ساڵەی ئەڵوەنی کوردانو،باڵا سپی پۆشو ئاشتیخوازەکەی قەندیلی پشتو پەنای هەزاران ساڵەی نیشتیمانم بە برینگ ناکرێتو، سەربازانی فیدا بۆ خاکو ئاوی نیشتیمان پشت لە شارو هەوای ساردی سپلیتو، قاوەخانەو ژیانی رەفاهیەت دەکەن بۆ ئەوەی بە ڕاستی هەڵگری ناوی پێشمەرگە بن دەڕۆنەوە! دەڕۆنەوە! دەڕۆنەوە بۆ سنووروو لولەی تفەنگەکانیان دەکەنە قەڵغانو ملوانکەی سەرفرازی دەکەنە ملی مناڵە بێ نازەکانی سنوور......!




بە داوای لێبوردن کە ناوی ئەو ٤٥ پەپولە ئاشتیخوازەم بەوشێویە کردە مانشێتی نووسینەکەم،تەنها مەبەستم وەشانی بزمارێک بوولە جەستەی بە بەستەڵەک بووی خودی دەسڵاتو، ئەوانەی کە ئەوەندە پڕ ڕوو بوون لە بەرابەرتان هێزی بازویان لە بری پاراستنی سنوورەکانو،لە تۆڵەی خوێنی قوربانییەکاندا بە کار بهێنن،هاتن جارێکی تر مێژووی ڕەشی خۆیان نووسیەوەوئازاری جەستەی ئیوەیانداو فەرمانێکی دەسڵاتەکەی ئەردۆگانو نەژادیان وەک هەڵقە لە گوێ راپەڕاند!دووبارە داوای لێ بوردنتان لێ دەکەم پەپوولە ئاشتی خوازەکانی ووڵات!
تێبینی!
وێنەکان لە هاوڵاتییەوە وەرگیراوە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە