کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بریندارێکی ٢٥ی شوباتی شاری کەلار لە ووڵامی چەندپرسیارێک دا.

Thursday, 21/04/2011, 12:00


پرسیار: سەرەتا چۆن بوو خۆپیشاندانە جەماوەرییەکە دەستی پێکرد؟
کاروان ساڵح :دیارە ٢٥ شوبات لە سەرانسەری ئێراق دا وا دیاری کرابوو وەک هەینی تووڕەیی دژ بەو دەسڵاتانەی کە هۆکاری درووستکردنی ئەم بارگرژیانەن، لە ڕاستیدا شاری کەلاریش بەشێک بوو لەو جەماوەرە بەشخوراوەی کە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە کەمترین خزمەتی کرابێت،هەروەها وەک پشتیوانییەکیش بۆ جەماوەری ڕاپەڕیوی شاری سلێمانی و، دژ بەو تاوانەی کە لقی ٤ی پارتی دژ بە خۆپیشاندەران کردیانو ئاکام دەیان قوربانی لێکەوتەوە.
پرسیار: بە چی برینداربوویت؟
کاروان ساڵح :بە گولـلە پێکراوم گوولـلەیەک بەر لاقی چەپم دراوەو تا ئێستاش گولەکەش لە شوینی خۆیدا ماوەو دەرنەکراوە،لە بەر ئەوەی لە نێوانی دوودەماردایەو بە ووتەی پزیشکەکان دەستکاری کردنی مەترسیدار دەبێت بۆ سەر ژیانم.
پرسیار:وەک بەشداربوویەک پێشبینی ئەوەتان کردبوو کە لقی پارتی وا بکەوێتە وێزەتانو بە چەک ووڵامی داخوازییەکانتان بداتەوە؟
کاروان ساڵح :بەڵێ زۆر باش دەمان زانی چونکە دەسڵاتی پارتی دەسڵاتێکی بە تەواوی مانا پۆلیسییەو هیچ کات لە توانایدا نییە بە شێوازی دیمۆکراسیانە مامەڵە لە گەڵ دانیشتوانی کوردستاندا بکات بە تایبەت دەڤەری گەرمیانو سلێمانی ،چونکە پێشتر، واتە دوای کارەساتە خوێناویەکەی بەردەم لقی ٤ی پارتی باڵادەستێکی پارتی بۆ ترساندنی درێژەی خۆپیشاندانەکان بە ئاشکرا لە ڕاگەیەندراوێکدا ووتبووی هەرکەسێک دەستمان بۆ بەرێت دەستی دەبڕینەوە.
پرسیار:ئەو کاتەی ئێوە بەرەو لقی پارتی بە ڕێ کەوتن بیری ئەوەتان نەکرد هەمان کارەسات ڕووبدات کە لە سلێمانی ڕویدابوو؟
کاروان ساڵح :بێ گوومان چونکە باش دەزانین ئەو حیزبە واتە پارتی دیمۆکراتی کوردستان ئاسمانو ڕێسمان لە دیمۆکراسیو واتای دیمۆکراسییەوە دوورە،توانای قبوڵکردنی خواستی جەماوەرو دەنگی جەماوەری نییە ،هەربۆیەش بە دوورمان نەدەزانی ئەوەی ڕووبدات کە ڕوی داوشەهیدێکو زیاترلە ٣٠ برینداری لێکەوتەوە.
پرسیار:مەبەست لە چونتان بەرەو بارەگاکانی پارتی داگیرکردن بوو یان تەنها دەربڕینی ناڕەزایی؟
کاروان ساڵح :نەخێر تەنها ویستمان دەنگی ناڕەزایی خۆمان ڕوبەڕووی دەسڵات بکەینەوەو سەرکۆنەی ئەو ڕەشەکوژییەی شاری سلێمانی بکەینو پەیامێکیش بە دارو دەستەی دەسڵاتی پارتی بگەیەنین،چونکە کوشتنی هەرهاو ووڵاتییەک بە هەر بیانوویەک بێت قبوڵ ناکرێتو پێجەوانەی چەمکی دیمۆکراسی یە.
پرسیار:دەتوانن ئاماژە بە لایەنێک بکەن وەک پاڵنەری سەرەکیتان یاخود گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندانەکە بەو ئاقارەی کە ئەو ژمارە قوربانی یەی لێکەوتەوە؟
کاروان ساڵح :نەخێر من وەک بەشداربوویەکو هەروەهاش وەک قوربانییەکی ئەو خۆپیشاندانە بە دورو نێزیک هیچ دەستەو لایەنو تاقمێک هاوکارمان نەبووە بەو مەبەستەی خۆپیشاندانەکە بەو ئاقارەدا بڕواتو کۆمەڵێک بریندارو شەهیدی بە دوادا بێت،تەنها خەڵکی ناڕازی شاری کەلار خۆیان بەو ئەرکە مێژوویە هەستانو بەرەو بەردەم بارەگای لقی ٢٢ی پارتی بەڕێکەوتن بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی.
پرسیار:تا چەند بزووتنەوەی گۆڕان هاوکارتان بوو،یان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی؟
کاروان ساڵح :نەخێر بزوتنەوەی گۆڕان هیچ هاوکارمان نەبوو،بەڵام بەو ژمارەزۆرەی بەشدار بووان،بێگوومان ناتوانین بڵێن لایەنگرانی لایەنەکانی تری تێدا نەبووە، بە پارتیو یەکێتیشەوە.
پرسیار:لە ساتەوەختی برینداربوونتان ئێستاشی بخرێتە سەر، چی لایەنی حیزبی یان دەسڵات بە ئۆپۆسیزیۆنیشەوە تا چەند توانیویانە هاوکارتان بن لە ڕوی مادیو مەعنەوەییەوە؟یان چی لایەنێک زیاتر لەوی تر هاوکاریکردوون؟
کاروان ساڵح :جگە لە ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان بەو لاوە هیچ کەسو لایەنێک سەردانمانی نەکردووە،لە ڕوی مادیشەو دیارە ئێمە خۆمان هیچ کات ڕازی نابین بە هیچ هاوکارییەکی مادی لە هیچ کەسو لایەنێک،چونکە نامانەوێت کەس بیری ئازادی خوازانەمان لێ زەوت کات و سەودای سیاسیمان بەسەرەوە بکات.
پرسیار:دەنگۆی ئەوە هەیە کە ژمارەیەک لە بریندارەکان بانگێشتی هەولێر کراون تا بە پارە وتوووێژیان لە گەڵدا بکرێت،ئایا جەنابتان بەو جۆرە سەوداکردنە ڕازی دەبن،یان چۆن دەڕواننە ئەو بانگهێشت کردنانە؟
کاروان ساڵح :بەڵێ، بەڵام ئەم جۆرە بانگهێشت کردنانە بۆ هەندێک مەبەستی تایبەتی دەکرێن،تا دەسڵاتی پارتی لە میدیاکانەوە وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان بۆ خۆڵکردنە چاوی جەماوەر سودیان لێوەرگرێت،وە زیاتریش لەو کەسانە نێزیک دەبنەوە کە لە ڕوی مادی یەوە زۆر کەمدەرامەتو دەست نەڕۆیشتوون ، ژمارەیەک لە بریندارەکان سەر بەو خێزانە هەژارانەن کە توانای چارەسەرکردنیان نی یەو،لەوە دەچێت کەسانێک هەبن بە مەبەستی چارەسەرکردن ئەو هاوکاریانە قبوڵ بکەن،بەڵام دڵنیا بن لە دڵەوە کەسێک نی یە کە گۆڕانخواز بێتو جارێکی تر بۆ هەندێک هاوکاری مادی خۆی بفرۆشێتەوە بە دەسڵاتی پارتەکان.
پرسیار:لە بەردەرگی سەرای ئازادی سلێمانیدا بینام ناسک خان ئەندامی کاتی ئەنجومەنی سەرای ئازادی زۆر بە گەرمی بەرەولاتان هاتو سەڵاوی لێکردن،ئەم پێشوازی کردنە هەموو کات وایە یان تەنها بە ڕێکەوت بوو؟
کاروان ساڵح :دڵنیاتان دەکەمەوە هەموو کات وایەو ناسک خانو هاوڕێکانی لە ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی شاری سلێمانیدا دەتوانین بە کەسانی خۆنەویستو نیشتیمان پەروەر ناویان ببەین،سەرەڕای ئەو هەموو ترسو تۆقانەی کە ڕۆژانە دەکرێتە سەریانو هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرێت.
پرسیار:ئەو ڕۆژە ی کە بە ڕۆژی ماتەمینی دیاریکرابوو لە سەرای ئازادی، سەرگەرمی ڕیپۆرتاژێکی وێنەیی بووم،لە لایەن کۆمەڵە گەنجێکەوە هۆشداری ئەوەم پێدرا کە وێنە نەگرم،ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بۆچی؟دەبێت بزانین کێ بە وردی ڕەوتی باروودۆخەکە دەپارێزێت،دەسڵاتی ئەمنی شارەکە یان خۆپیشاندەران؟
کاروان ساڵح :بەڵێ پاراستنی بارودۆخەکە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ئەرکێکی ڕۆژانەو بەردەوامە،هۆکاری نەهێشتنی وێنەگرتن تەنها پەیوەندی بە هۆکارگەلێکەوە هەیە یەک لەوانە خەڵکانێک بە مەبەستی گواستنەوەی شوناسی خۆپیشاندەران بە ناوی ڕۆژنامەنووسەوە وێنەدەگرنو، پاشان ڕادەستی میدیاکانی دەسڵاتی دەکەن، ئەوانیش بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بە کاری دەهێنن.
پرسیار:تۆ وەک بریندارێک ئەگەر هاتوو دەسڵات بە دەم داخوازییەکانتانەوە نەهات،چی ڕیگایەکی تر دەگرنە بەر کە بتوانێت دەسڵات لە بەرابەر داخوازییەکانتان مل کەچ بکات؟
کاروان ساڵح :بەردەوام دەبین لە سەر خۆپێشاندانو ناڕەزایی تا ئەو کاتەی دەسڵات ناچار دەبێت بە دەم خواستەکانی جەماوەرەوە بێت،ئەگەریش دەسڵات هەر سوور بوو لە سەر ئەم جۆرە بێ دەنگی یە دیارە ڕێگەی تر دەگرینە بەرو، ئەوکات دەنگی ناڕەزایی لەوە زیاتر دەبێت کە ئەم ڕۆ جەماوەر لە چەند خاڵێکدا ئاراستەی دەسڵاتی کردووە،ئەو کات داخوازییەکان گرانترو زیاتر دەبێت جگە لە کۆتایی هاتنی دەسڵات هیچ جارەسەرێکی تر نابێتە مایەی ڕزگارکردنی گیانی دەسڵات.
پرسیار:دەمەوێت بەڕێزتان دوا سەرنجی خۆتان سەبارەت بەم ڕەوشەی کە شەقامی کوردی گرتووەتەوە بۆ خوێنەرانی باس بکەن،وەک ئەوەی بەڕێزتان گەنجێکی ئازادیخوازو هەمیش وەک بریندارێک.
کاروان ساڵح :ئەم تەوژمەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوینو بەشێک لە ووڵاتانی عەرەبی گرتووەتەوە،کوردستانیش بە دەرنی یە لەو گۆڕانکاری یە ڕیشەییانەی کە دەبێت لە ناوچەکەدا ئەنجام بدرێت بەرابەر بە دەسڵاتە پۆلیسیەکان بێگومان سیستەمی حوکمڕانی کوردستانیش یەک لەوانە یە دەبێت یان بڕوات یان داخوازییەکانی دەنگی شەقام پشت گوێ نەخات.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە