بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


گەر بە قیڕە بوایە بۆق فەرمانڕەوای هەموو مێرگەکان دەبوو!

Thursday, 22/12/2011, 12:00






ئەوەی هۆکاری بەرجەستە کردنی ڕەخنەکانمە بوونی خۆشەویستییەکی بێ سنوورە بۆ نیشتیمانەکەم کە خۆی لە خاکو ئاوودانیشتوانە بەڕێزەکەی دەگرێتەوە،نیشتیمانت ژێر دەستە بوو وەک ئەوە وایە کۆێلەی دەستی زاڵمێک بیتو ڕۆژو شەو یاری بە هەستەکانت بکاو، بۆ درێژەدان بە ستەماکانی ناو بەناو ژەمەخواردنێکی تاڵو ترشت پێ ڕەوا ببینێت، تا ئەو دەمەی مردن دەبێتە تاکە ڕێگەو لە کۆیلایەتی بە کێشانی گیان ڕزگارت دەکات...
لە نیشتیمانیشدا هەموو بەهاکان بونی هەیەو بە خراپیەکانیشیەوە نیشتیمان ئارامی بەخشە بۆ ئەو مرۆڤانەی کە زادەی سەرخاکی نیشتیماننو تیادا چاوەکانیان بۆ یەکەم جارهەڵهێناوە،ئێمەو مانان کە ڕەخنە دەگرین مەگەر تەنها کاربەدەستە خۆویستەکان یان ئەوانەی مەراقیان گەندەڵیو پڕکردنی گیرفانو بانکەکانە لە پارەی دزراوی نەتەوەیەک، ئەگینا هەموو بە ویژدانو نیشتیمان پەروەرێک دەزانێت کەسانی ڕەخنە گر بەچییەوە ژان دەیان گرێتو ئازار کام بەشەی جەستەیانی داگیر کردووە،من وای بۆ دەچم هەر تاکێک لە هەر نەتەوەو ووڵاتێک بێت ئەگەر وابەستەی خۆشەویستی نەبێت بەرابەر بە پێکهاتەکانی نێشتیمان کە خۆی لە خاکو ئاوو ئاسایشەکەی دەگرێتەوە بە گوناهی دەزانم ئەژماری هاونیشتیمانی بوونی بۆ بکەیت دەبێت وەک بە کرێگیراوێک بیلاوێنیت!
حەزم دەکرد سەرۆک زۆر خۆشەویست بووایە!
هەموو ووڵاتێک بە هەموو جۆرەکانییەوە کە خۆی لە فەرمانڕەوایی دەسڵات دا دەبینێتەوە هەر لە کۆمارییەوە تا دەگاتە پاشایەتیو دیکتاتۆریو دیمۆکرسیشی لە گەڵدا بێت دانیشتوانەکەی بە سەرۆکەکانیان دەنازنو خۆشیان دەوێن ئەو کاتەی کە سەرۆک خاوەنی ئیرادەیەکی بە هێزە بەرابە بە پێکهاتەکانی ووڵات لە دابەشکردنی سامانی بن زەویو سەرزەویدا بە شێوەیەک سەرچاوەی بژیوییەکی وا بێت کە هاونیشتیمانیان هەست بەوە بکەن بەڵێ نیشتیمان هی هەموانە، لە هەمووشی گرنگ تر لایەنی ئاسایشی نەتەوەیی واتە هەر کاتێک ووڵات لە لایەن دەروو جیرانەوە دەست درێژیو تاوانی لێ کرا بێ هیچ لێکۆڵینەویەک بەهای سەرۆکو سەرکردەکان خۆیان خۆیان نیشان دەدەنو،لە لایەن جەماوەرەوە نرخو قورسایی پێ دەبەخشرێت..ئەمە کەی؟!
لە ناوکورداندا باوە کە دەڵێن خنجەر لە کێلان هاتە دەر ناگەڕێتەوە،یان سوار بوون عەیبێک بێت دابەزین هەزارە بەڵام کوا بۆ ڕێزگرتنو بە هەند وەرگرتی ئەم پەندانەو چەسپاندنیان وەک ئاماژەیەک بۆ کەسێتی ئەو مرۆڤانەی کە خۆیان بە مەزنولە درکاندنی لێدوانو نێوانی تاکەکانی کۆمەڵگەدا بە پێشڕەو دەزانن؟!،سەرۆکو سەرکردەکانی ئێمەش بەو هەموو خراپەکاریانەی کە لە ژێر سێبەری نیشتیماندا وە بەری دێنن هەموو کات ئەو بەختەیان هەبووە دڵی جەماوەر نەرمو خۆش بڕوا بێت لە بەرابەر بەڵێنو بڕیارەکانیاندا هەرچەندە لە سەدا ٩٩ی بڕیارو بەڵێنەکانیان هەتا ساتەوەختی ئەمڕۆ جگە لە ووتەو مرەکەبی سەر کاغەز بەو لاوە ئامانجێکی وای نەبووە، واتە لە بری شەرمەزارییەک مێژوویان لێوانلێوە لە شەرمو هەڵەی بێ مانا!
بەچی سەرۆکەکان هاونیشتیمانیانیان چەواشە دەکەن؟!
سەرۆکەکانی ئێمە لە هەرچیدا نەزانو ترسنۆکونا نیشتیمانی بن بەڵام هەموو کات زیرەکانەو پاڵەوان ئاسا خۆیان بە جەماوەر ناساندووە،لەو کاتانەی کە خیانەتو تاوانو کردەوەی نا مرۆییان ئەنجام داوە دەست بەجێش ئەلتەرناتیفیان لە دەستا بووە بۆ دامرکاندنەوەی کەفو کوڵی دانیشتوانی ووڵات، بە گەرمی برەودانێکی ئێجگار زۆر بە لایەنی نەتەوەەیی دەدەن کە لە ڕاستیدا بوونی نییە جگە لە چەواشەکاریو،بە کارهێنانی تێکەڵەیەک لە تاوانو بێ بەهاکردنی ووڵاتو هاوکاتیش بانگەشەی پاراستنی ووڵات بە دانی سۆزو هەڕەشەی بێکردەوە لە نەیارانی گەل وەک فاکتەرێک بۆ دامرکاندنەوەی هەڵچوونەکانی جەماوەر!
هەڕەشە کردن لە هەر کاتێک لە نێو خۆی پارتەکاندا بە تایبەتی پارتە دەسڵات دارەکان قەیرانێک سەری هەڵدابێت بە گوممڕاهیو خۆ بە پێشڕەوو خەمخۆری ووڵات پێناسەی خۆیان کردووەو بە کەڵەگایی خواستەکانی خۆیان بە سەر ئیرادەی جەماوەردا چەسپاندووە، خۆیان بە بێتاوانو بەرامبەرەکەشیان بە هۆکاری نانەوەی بشێویو تێکدانی ئاسایشیی نەتەوەیی ناساندوەو،لە سوچەتاریکەکاندا بەعس ئاسا لەگەڵیدا تاوانیان بە سەریدا ساغ کردۆتەوە تا ئاستی دەرخستنیان لە شاشەکانی تیڤیو لاپەڕی ڕۆژنامەو تەواوی میدیاکانی دەسڵات دا!
ئیستا دوونموونەی زیندوومان لە سەرۆکو دەسڵاتدارێکی حیزبی لە بەردەست دایە:
یەکەم مەسعود مستەفا بەرزانی هەرچەندە بە ناو سەرۆکی هەرێمە بەڵام لە کردەوەو جێ بەجێکردنی یاساو ڕێساکاندا جیاوازی ئەو تۆی نییە لە گەڵ ئەندام مەکتەب سیاسییەکەی،چونکە هەردووکیان بە میزاج کار دەکەنو بە میزاج بەڵێن دەدەنو بە میزاج هەڕەشە دەکەن،بەڵام تاوەکو ئیستا نەیان توانیوە سەرژمێرێکی تەواو لەو پیاوانەی کە فیدان بۆ ڕزگار کردنی ووڵات لە دەستی نەیارەکانمان ببورن لە پاراستنی پارتیدا لە بەرابەر پێشهاتە نەخوازراوەکاندا بۆ خۆیانو جەماوەرەکەیان بخەنە ڕوو، جارێک سەرۆک بە هەزارو جارێک میرانی بە سی هەزار جەماوەرە خۆشی نەدیوەکەی کوردستانی پێ ئاشنا دەکەن بە ئاراستەی ترس..!
بەرپرسێکی حیزبی وەک فازل میرانی هەمان ڕۆڵی سەرۆک دەبینێت چوونکە بە هەموو کەموکورتیو خراپەو تاوانەکانی پارتەکەی ڕازییەو هەردەم ئامادەی ووتوو وێژە بە هەر نرخێک بێت بە بێ ئەوەی هیچ نرخێک بۆ پێکهاتەکانی ووڵات دابنێت،واتە ئەویش سەرۆکێکە بەڵام وەک سەرۆکی پەردەپۆشکردنی ڕوداوەکانو دەمڕاستی پارتەکەی لەو کاتانەی کە لە گەڵ جەماوەر دەکەونە دوو بەرەی دژ بە یەکتر،ئیتر ناوبراو دەبێتە حیکایەت خوانو دەستاودەست کردنی هەڕەشەکانو ناساندنی وەچەکانی بنە ماڵە وەک بوونەوەری جوداتر لە تاکەکانی کۆمەڵگە نموونەش ناوهێنانی مەسرور بەرزانی وەک کوڕی سەرۆکو بنەماڵەی موستەفا بەرزانی و،خاوەندارێتی پارتەکەی بە ٣٠ هەزار بەرزانی فیدایی کە هەر کاتێک سەرۆک ویستی گیانی خۆیان فیدا دەکەن بۆ هەرمەبەستێک بێت،کە چی بەشێکی زۆری بادینانو ناوچەی دێرەلوکو بامەڕنی پۆستاڵی تاوانکاری تورکەکان برینداری دەکەن..! سەرۆکو فازل میرانی فیداییەکانیان هەرچەندە وەک خۆی دەڵێت هەرهەمویان زادەی بادینانن کەچی لە بەرابەر داگیرکەرانی کوردستاندا لە ترسنکۆک ترسنۆکترن!!
سەرۆکو حیکایەتخوانەکەی سەرۆک وەک هاونیشتیمانییەک بە ئەرکی دەزانم ئەو ئامۆژگارییەتان بکەم بەو پەندە کوردییە کە دەڵێت: بۆق بە قیڕە قڵەو نابێت یان بەقیڕە بوایە دەبوایە بۆق پاشای مێرگەکان بوایە، واتە ئێوەی سەرۆک و دەسڵات دار بە هەڕەشە کردن لە خەڵکی لێقەوماوی کوردستان خەرمانی تاوانەکانتان ئامادەو ساز دەکەن تا بەر بروسکەی محەمەد بوو عەزیزێک بکەوێت و بە خۆتان و سی هەزار فیداییەوە بەرەو ئەو هەرێمە سەر نەوی کەن کە سەدام و، قەزافی و،بن عەلی و،عەلی عەبدوڵا ساڵح و، محەمەد حوسنی نا موبارەک و، بەشاری خوێن ڕێژتیادا دەبنە هێما بۆتابلۆگەلێکی قیزۆونو بێ بەها لەتاوا نو هەڕەشەو ووڵات فرۆشی لە مێژوودا!!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە