کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شیرینیی پێشمەرگە لە شاخ و تاڵبوونی پێشمەرگە لە شار!

Wednesday, 16/11/2011, 12:00


ئەم نووسینەم پێشکەشە بەشەهیدانی کورد و کوردستان بەگشتی و شەهیدی سەرکردە دکتۆر ئاتیلە و هەردوو شەهیدی زیندوو کاک ڕزگار ڕانگوڕ و کاک شەهاب کەریم و  هەڤاڵە پێشمەرگە داوێنپاک و دڵسوزەکانی ئەوسا و ئەمڕۆی کورد!

من پێشمەرگایەتیم نەکردووە، چونکە ئەودەم تەمەنم بواری بە پێشمەرگەبوونی نەداوە، ئیتر وەک خەڵکانی بە پێشمەرگە بوو ئەو بەختەم نەبووە ببمە خاوەن هەڵگری ناوێک کە لە سەردەم و کاتی ئیستا و ڕابردوو داهاتووشدا نرخی خۆی هەیە، بەڵام خۆش بەختیشم ئەگەر لە مەڕ پێشمەرگە و ژیانی پێشمەرگە هەر پرسیارێک سەبارەت بە ووریایی و پاکیی و خۆفیداکاریان لێم بکرێت لە هیچ پرسیارێکدا بێ وەڵام نابم و بێ هیچ دوو دڵییەک نمرەی تەواو بە دەست دەهێنم.

 مرۆڤی خاوەن هەلویست و بە موراڵ لە بینینی پێشمەرگەدا تەزویەکی خۆشحاڵی سەرتاپای پێی داگیر دەکات، چوونکە هەیکەل و شێوەی پێشمەرگە تاوەکو ئەمڕۆش کە هەل و مەرج و ڕۆژگاریی نالەبار وەک پەنابەر لە سەهۆلبەندانی ئەوروپا و دوورە ووڵاتی داڵدەی داوین، نەتوانراوە بەڕێکەوتیش لە هیچ شەقام و هەرێمێکیدا بەدی بکەین.

پێشمەرگە چۆن بوو؟!
پێشمەرگە جگە لەوەی هێمای قارەمانیی و نەترسیی پێوە دیاربوو پڕ ئیرادە و بە هەڵوێست بوو، بواری نەدەدا بە هاتنە ناوەوەی هیچ جۆرێک لە نامەعقولیی، پشت و پەنای بێ پەنایان بوو، لە مەڕ هەر کەسێک کە ستەم لیکراو بوایە، ئەو خۆی بە خاوەن هەڵوێست دەزانی و بەرگریی لە کەسانی ستەملێکراو دەکرد، بۆ ساتێکیش وەک پێشمەرگە و پاکیی ناوەکەی نەیدەتوانی بەچاوی خیانەت، چاوباشقەڵی بکات و تەماشای کیژە پاکو پاکیزەکانی سەرکانیی و ئاوەکان بکات، هەموو ئەندامانی خێزانی گوندنشینەکانیان بە خۆیان و خۆشیان بە ئەوان دەزانی! ئەوین هەموو کەسێک مافی ئەفراندنی هەیە، هیچ یاسایەک ناتوانێت ببێتە بەربەست لە بەرابەر دوو دڵدار و دوو خۆشەویستدا، لە سەردەمی شاخدا ئەوینداری هەبووە، هیچ کەس ناتوانێت بیشارێتەوە بەڵام چۆن ئەویندارییەک؟!
ئەویندارییەک کە لێوان لێو بوو لە سپێتی، لە جوانی ،لە ڕەنگ، لە وەفاداریی، لە بۆ یەک بوون، کەسیش ناتوانێت بڵێت چەم بێ چەقەڵ دەبێت، لە ژیان و سەردەمی پێشمەرگەشدا هەبووە، کە کەسانی هەلپەرست، بەڵام بە پەنجەی دەستەکانیش نەژمێردراون ئەوەندە کەم بوونە، پێشمەرگە لەوێدا قودسییەتی خۆی دەپاراست دامێنی نەیدەتوانی بەو ئاقارەیدا ببات کە هەوەس ڕێگە پێشاندەری بێت، نموونەشمان داستانی خۆشەویستی نێوان دکتۆر ئاتیلە و کچە کوردێکی پاکیزە لە ناوچەی گەرمیان، دکتۆر ئاتیلە تا ئەوکاتەی شەهید بوو لە داستانێکی بەرگریدا لە دوای ڕاپەڕین لە دەڤەری سەرقەڵای گەرمیانی ستەملێکراو، فاتیلەی خۆشەویستی لە بیر نەکرد، کە لە کاتی ئەنفالی شومدا، بۆ هەتایی بە دەستی بە کرێگیراوانی سوپای بەعس لە بیابانەکانی خواروی ئێراقدا زیندە بەچاڵ کرا، ئیتر ئەو دوو ئەویندارە بۆ هەتایە بە ئیشقێکی پاکەوە بوون بە چیرۆکێکی پاکی پێشمەرگە و داستانێکی پڕ لە ئەوینداری ژیانی پێشمەرگەیەکی بۆ خاک و ئاو بەخشی.
پێشمەرگە،  پێش مەرگ بوو، بۆ ئەو لە چاوی خۆفیداکردنەوە دەیڕوانییە ئەوین و ئەوینداری وەک هێماو سومبوڵی بەرخۆدان، پیشمەرگە ئەو کاتەی تفەنگی کردە شانو ئاوی ساردوو ڕەنگی شارو جەنجاڵی گەڕەکەکانو دەنگی ترۆمبێلو خواردنی گەرمی بە مەوادیەکی دوور لە خۆکردو، لە دامێنی کانییەکدا سوجدەی دەبرد بۆ تینو شکاندن،لە قەراخ گوندێگدا بە زگی برسی دەمایەوە بە پارچەیەک نانی ووشک گرەوی دەبردەوەو، لە گرتنی مۆڵگەی داگیرکەراندا بە گوڕ تردەبوو،لە خەوتنی نێو مزگەوتەکاندا بە ئیرادەو ئیماندار تردەبوو،ئەوکاتە پێشمەرگە ئەویندارێکی دێوانەو بێ ئۆقرەبوو،هەڵوەدایەکی بێوەستان بوو،بریندارێکی داوی ئەوینو سۆزداری بوو،لە هەموو جەستەیدا وەک گیرۆدەبوویەک لەداوێکی سەختدا گیرخواردوو بوو،بەڵام ئەو ئەوینە ناوی چی بوو؟!

دەزگیران و ئەوینداریی ئەو ووڵاتێک و خاکێک بوو بە ناوی ووڵاتی کوردان ئەو خەونی بەوەوە دەبینی ئەو ئەویندارەی ڕزگار بکات لە ژێرپێی پۆستاڵی داگیرکەراندا، خۆی فیدا دەکرد بە شەوی ئەنگوستە چاو تا ترس بخاتە نێو دڵی داگیرکەر و بە کرێگیراوانییەوە، هەر وەک چۆن هەڵۆکەی گەرمیان هەموو کات دەیووت: شەهید پاسپۆرتی ئازادییە، بۆ گەیشتن و بەدەست هێنانی ئەو ئاستە پیرۆزە کات و ساتی هێرش بۆ سەر ئامانجێکی خوازراو، هەڤاڵی پێشمەرگە لە نزادا بوو کە سەرتیپەکەی یان پلاندانەری چالاکییەکە بێ بەشی نەکات لە بەشداری لە نێوانی دەستەی هەڵمەت بەردا، بەڵکو بگاتە ئامانج و لەو پێناوەدا ببێتە فیداکار و خۆبەخت و خۆنەویست و ببێتە سەرکاروانی شەهیدان و بە شەهید ناوببرێت، ئەو وەک پێشمەرگە خۆ دزینەوەی نەبوو هەردەم لە ئامادەباشیدا بوو ئەوەی هەیبوو لە سامان پشتوێنێکی چەند مەتری، تفەنگێکی دەسکەوتوو، چەند فیشەکێکی ژەنگاویی، گیرفانێکی بەتاڵ لە عانە، جلوبەرگێکی هەڵکێشراو لە تنۆکەی ئارەقی سەرفرازیو، تێنووسێک بۆ بیرەوەری و پێنووسێک بۆ نووسین، فرچەیەکی ددان، لای ئەو دیاری نەکرابوو لە دوای شەهید بوون لە کوێدا بە خاک پسپێررێت،لای ئەوهەربستە خاکێکی کوردستان پیرۆزو گرانو،بە شوێنی لە دایک بوون دەهاتە ئەژمار،ماڵو جێی پشوودانی لە هاویندا نزارێکو لە زستاندا ڕوخساری وەک دەنوکی کەو‌هەڵگەڕاوەی ئامێزی سۆپایەکی دارین بوو،پێخۆرو ژێرخەری ئەو بوونی نەبوو بەردەوام لە گەڕانو جەولەو نەبەردوو نەخەوتندا بوو،ماندوو بوون کاتێک سەری لێ دەدا کە پلان نەبێت بۆ وەشاندنی زەبری کوشندە لە نەیارو سیخوڕانی دژ بە نەتەوەکەی!
ئەو بە ئیرادەی بتەوی پانتاییەکی زۆری لە خاکی کوردستان بە پراکتیک ڕزگار کردبوو،هەر واش بوو بە هەزارن خۆفرۆشو کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەر نەیدەتوانی بستێک لە ناوچەڕزگارکراوەکان بخاتەژێرڕکێفی دەسڵاتی چەپەڵو چەکمەی ڕەشیانەوە،ئەوە پێشمەرگە بوو بێترس لە مەرگ هەر شوێنو جێگەیەک ئارەزوی بکردایەو فەرمانی پێبکریایە بە بێ دوودڵی تێی دەتەقاندوو، کارە پێ سپێردراوەکەی خۆی جێ بەجێ دەکرد تا ئاستی گیان بازی!
ئەوەی مایەی سەرنج و تێرامانە یان پرسیار و لێکدانەوەیە بە لای بەشێکی زۆری خەڵکی لە گازندەکانیان ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت،باسکردنە لە دەستەمۆکردنو فریودانی پێشمەرگە بۆ مەرامی چەند کەسو بنەماڵەیەک،ئەی بەلای خودی پێشمەرگەوە تۆ بڵێی هەمان بۆ چونو هەمان پرسیاری خەڵکانی هۆگر بە ڕەوشتو چەلەنگی پێشمەرگە لە خۆیان بکەن،بۆچی ئەو برەوەیان نەماوە ،ئایا بەدوای فاکتەرەسەرەکییەکاندا بۆ ساتێکیش بووبێ عەوداڵوماندوو بوونە بۆ وەرگرتنی ووڵامی گونجاو؟ ئەوە چییە وای کردووە بەم ڕۆژە ڕەشە بگەنو لە بری ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بە چەندین ناوی ناشایستە ناویان ببەنو بیان کەن بە پاسەوانی ماڵە بەرپرسو سەرکردە خواپێداوەکانو بەوەشەوە دەست بەرداریان نەبنو بیان کەن بەحەرەس.....حدوووود؟!
با ووڵام بۆ کاکی پێشمەرگە خۆی بەجێ بهێڵینو بیرێک لە قەندیلی ڕووگەی خۆڕاگەریو،زانستگەی پێگەیاندنی بیری شۆڕشو کوردایەتیوخۆشەویستی پێشمەرگەو،چاوێک لە سنوورە داگیرکراوەکانی کوردستانو، ژێرپێخراوی پۆستاڵی تورکو عەجەمیش بکەنەوەو لە ئیستای گۆڕینی شێوەیان بە جلی سەربازی لە بری کلێتەو،کوڵــڵە باڵو،پوزوانەو پاتەی لاسیکدا، چی وای کردووە هەیبەتو جوانی لە دەست بدەنو ببنە هێمایەکو بیرەوەرییەک لە بەرچاوی هەوادارنیانو، ئەوکاتو ساتە بە بیری گوند نشینە ناسۆردارەکانی دوای ئەنفالدا بهێننەوە، کە سەردەمی سەدامییەکان بە هەمان بەرگو بە هەمان تفەنگی کڵاشینکۆفو ئیڤای سەربازی بوون بە بەشێک لە گوزارەو بۆ هەتایی بەرەوفەنابوون چوون و، پاڵەوانی نەبەردەکانی پێش ڕاپەڕین لە پێشمەرگەی شیرین ڕووخسارەوە بگۆڕێن بە ڕوخسار تاڵو، لە فەرماندە کەرتو،تیپو،دەستەو،مەڵبەندوو،هەرێمو ...هتد ببێتە مولازم،ڕائید،عەقید،لیوا،وەزیرو وەکیل وەزیروو،دەیان ناوی تری بە خانەنشینکرو؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە