با بزە لێوەکانتان تەبەڕک بکات،ئەم ووتە گرنگانە بخوێننەوە!
Monday, 07/03/2011, 12:00
بەشی دووەم.
: گەنجەکانی کوردستان کۆڕەو،کوشتن،ڕاپەڕینیان نەدیوە وا دەزانن ئەم دەسکەوتانە هەروا بە ئاسانی هاتووەتە دی.................دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد ئەندامی پەرلەمانی پارتیو یەکێتی لە دیدارێکی کوردستان تیڤیدا.
مامۆستا گیان ئەو لاوانەی لە سەرای ئازادیو بەشەکانی تری هەرێم خەباتی مۆدێرنو ووشیاری بڵاو دەکەنەوە،بە قەد ژمارەی ووتارە هەفتەییکانی بەڕێزتان لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە زانیاریان وەرگرتووە ،ئێستا سەردەم سەردەمی خێرایی بە دەست هێنانی داخوازییەکانە،نەک بە سیستەمی کیسەڵ بەرەو دەنگی ناڕەزایی خەڵکی هەنگاو بنێیت،تۆ وەک کەسێکی ئاینی باشترە ترست لە هیچ لایەنو دەسڵاتێک نەبێ جگە لە خودا،جا بۆیەش لە ووتەکاندا کاریگەری دەسڵاتی پارتیت بە سەرەوە زاڵە زۆر بە داخەوە!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
: وەزارەتی کشتووکاڵو سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بیست هەزار تەن جۆ بۆ دابینکردنی عەلەفی ئاژەڵ لە حکومەتی ئێراق دەکڕێت................ئاژانسی پەیامنێری پارتی.
دەتوخوا خەڵکینە ئەم ناتەواوییەی پەیامنێر ڕوماڵی دەکات بۆ چی دەگەڕێتەوە،گەندەڵی یان پشت گوێخستنی بواری کشتووکاڵ لە هەرێمێکدا کە نەتوانێت ٢٠ هەزار تەن جۆ بۆ ئالیک بەرهەم بهێنرێت لە ساڵێکدا؟ ئەمە لە کاتێکدا کوردستان ناوچەیەکی باشی کشتووکاڵی یە،ئەمە بۆ ئاژەڵ ئەی بۆ مرۆڤەکان چەندمان گەنم پێویستە؟خوایە لە ووشکە ساڵی بە دوورمان خەی!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
: لە گەرمیان ڕووداوی هاتووچۆ کەم بووەتەوە......................ئاژانسی پەیامنێری پارتی.
ئەی کە وانی یە،ڕوداو هەر ڕووداوە چی خۆسوتان بێت یان هاتوو چۆ یان خنکان،یان گوولەبارنکردن لە لایەن دەسڵاتی میلیشیانیزمەوە!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
: پێنج شەممە هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکەین............ئاشتی هەورامی بەڵێندەری سامانە سرووشتیەکانی هەرێم ،بۆ ماڵپەڕی خەباتی پارتی.
دەک خوا دەست بە باڵتەوە نەگرێت بۆ ئەم نهێنی یە گرنگەی بە تەمای ئاشکرای بکەی،ئەی ئەو هەموو ساڵە بۆ ئەم مژدەیەت نەدا بە هۆگرانی نەوت،یان دانیشتوانە کڵۆڵەکەی کوردستان،هەر باشە بەڵام توخوا با کڵاواتی تێدا نەبێت،بووجەی هەرێم کەم دەهێنێتو،حکومەت پرۆژە هەنووکەییەکان بە بیانوی نەبوونی پارە بۆ کاتێکی نادیار دوا دەخات!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
:گەل مەرجەعی سەرەکی یە دەبێت بۆ پرسەگرنگەکان بڕۆینەوە لای گەل وە گەلیش بڕیاری لە سەر بدات ..................مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی.
باشە ئەم سەرۆکە بۆچی دوای ٢٠ ساڵ نەیتوانی ئەم وتانە دووبارە باکاتەوە،یان بۆچی داخوازییەکانی گەلی بە هەند وەرنەگرت تا ئەو کاتەی گەل بوو بە بورکانووعەرشی دەسەڵاتی لەڕیشەوە هێنایە هەژان؟کەواتە ڕاستە کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە،دیارە ئەم لێدوانەی سەرۆک هیچ کات بە خواستی خۆی نەبووە،گەر وانی یە بۆ دەس لە کار ناکێشێتەوە؟!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
:نامانەوێت مام جەلال وەک سەرۆکە شۆڕشگێڕەکانی کوباو کۆریاو ووڵاتانی تر بەراورد بکرێت.................................مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی،لە ماڵپەڕی پی،یو،کەیدا!
دیارە ئەم بەرپرسە هەرچەندە هاوڵی داوە ووشەی دیکتاتۆر بە کار ببات،بەڵام بە هۆی نەبوونی شەفافیەت لە دەربڕیندا خۆی لە ووشەی دیکتاتۆر کە پێویست بوو ئاوێتەی ووشەکانی بکات،دزیوەتەوە ئەمەش جۆرێکە لە گەندەڵی لە بواری ڕاست بێژیدا!ئەگینا نەمان بینیوە دیکتاتۆر شاخو گوێی هەبێت،دیکتاتۆر ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هیچ کات نەیتوانی بێ سەنتی مەترێک بە ئاراستەی دەستاو دەست کردنی دەسڵات لە کورسییەکەی دوور بکەوێتەوە!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
:لە دیالە پێنج ئەفسەری کورد لە سەر کارەکانیان لا دەبرێت...............................ماڵپەڕی پی یو کەی میدیا!
ئەگەر ئەم هەواڵە ڕاست بێت کێ لێی بەرپرسیارە،دەسڵاتی کوردی دوو ئیدارەیی یان،دەسڵاتی ناوەند لە بەغداد!؟سەرهەڵدانی ئەم جۆرە بڕیارو بێکاری کردنەی خەڵکی کورد ،دەگەڕێتەوە بۆنەزانینی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە نیشتیمانیەی کە لە ئەستۆیدایە،لە ئاکامی بە حیزبایەتی کردنی جومگەکانی دەوڵەت لە هەموو بوارەکاندا،خۆزگە ئەو پێنج پێشمەرگەیەشتان زیاد کردایە کە چەند ڕۆژ پێش برابوو نە دەورو بەری کەرکووک لە بەر کەمی خۆراکو پێویستی ڕۆژانە، بە هۆی ئەوەی لە ماڵەکانەوە خواردنیان بۆ دێت تاوتوێی وازهێنانیان کردبوو،بەخوا جوانە پێنج کۆی پێنج دەکاتە دە،ئاوها کورد دەوڵەتی سەربەخۆ پێک دەهێنێتو،کەرکوکی دڵو قودسی کوردستانی مامەو کاکە دەگەڕێتەوە بۆلای سلێمانیو دهۆکو هەولێڕ! ئەحلام مەنسور واتەنی حەیوا شێرە.............................!
حەیوا شێرە لە ناوچەکانی خانەقینو چەند ناوچیەکی تری کوردستان لەدوای لە دەست دانی کەسێکی گەورە یان خۆشەویشت ،وەکوشیوەنکردن دەوترێتەوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ماویەتی.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست