فڕۆکەی تایبەت !!
Saturday, 06/08/2011, 12:00
لە هەموو جیهاندا وا باوە بۆهەرشتێک تایبەتمەندییەک دانراوە،ئەم تایبەتمەندییە ڕەهەندی خۆی هەیە بە مەرجێک ئەو ناوە پڕ بە پێستی ئەو ئامرازو کەسو شارو سەرکردانە بێت کە زیاتر لە خۆیان سوود بەخش بنو، کۆمەڵگەو دەورو بەر بە ئاسانی دەستیان پێ بگاوبۆ کارئاسانییەکانی هەرکارو ڕوداوێک کە دێتە پێش سازو ئامادە بن،مەبەستی من لێرەدا ئەگەربە کورتیش بێت باسکردنە لە فڕۆکەی تایبەت!
با بزانین فڕۆکەی تایبەت چی یە؟!،فڕۆکەی تایبەت بەو فڕۆکانە دەوترێت کە بە هۆیەوە دەتوانرێت سوود لە تواناو تایبەتمەندێتی وەربگیرێت لە پێناوی ڕاپەڕاندنی کارێک کە لە بەرژەوەندی تاکەکانی کۆمەڵگەدا بێت بە بێ جیاوازی!،یان بۆئاسانکاریو گەیاندنی هاوکاری کە بتوانێت لە بارە نائاساییەکاندا بە کار ببرێتو خواردنو هاوکاری مرۆیی بە هۆیەوە بۆ کەسانی گیرۆدە بوو فەراهەم بکرێت.
لاریمان نییە لە بوونی فڕۆکەی تایبەت بەو مەرجەی ئەوفڕۆکەیە بە یەکسانی لە نێوانی تاکەکانی کۆمەڵدا بۆ خێراگەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە کار ببرێت نەک بە هۆی بوونی دەسڵاتو پۆستی دەسڵات دارانەوە، کەسانی بی دەرەتانو وبێ پشتو پەنا لێی بێ بەش بن،لەم ساڵانەی دواییدا وەک هەموو دەست تێوەردانەکانی تر بە بێ پەردەو بە بێ هیچ سانسۆرێک وەک چۆن ناوو ناوبانگو زیادەرەوی دراوە بە ژمارەیکی زۆر لەو کادرو فەرماندانەی کە خۆیان بە حاکمی شموولی کوردستان دەزانن،هەروەهاش مۆنۆپۆڵی هەرچی پێگە گرنگەکانی تری وەک بواری گواستنەوەو بازرگانیو پیشەسازیو هەرچی بوارەکانی کەرتی تایبەتە کە خۆیان لە سەدان پرۆژەی کار دەگرێتەوە دەست تێوەرداوە،کەچی لە کاتی ڕوداوەکاندا مۆنۆپۆلیزمەکان نەیان توانیوە بە درێژایی بیست ساڵ لە فەرمانڕەوایی فڕۆکەیەکیان هەبێت بە ناوی فڕۆکەی ئاگرکوژاندنەوە،فڕۆکەی فریاگوزاری بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکان،فڕۆکە بۆ بواری بازرگانی،فڕۆکە بۆچەندین بواریترکە پێویستە ئەمە لە کاتێکدا ساڵانە بە سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵیو ڕەزو باخەکان دەسوتێنو،بە سەدان ڕوداو لە شوێنە تووشو شاخاویەکاندا سەرهەڵدەدەن،کەچی دەسڵاتی مۆنۆپۆڵخواست نە چاوێکی هەیە بۆ بینینو نە گوێیەکی هەیە بۆ بیستنو نە تێڕامانێکی داهێنەرانەی هەیە کە بتوانێت بە هۆی ڕوداوەکانەوە ئەزمون وەرگرێتو پێشبینی ئەوە بکات لە پلانی ساڵانەی دەوڵەتەکەیدا چیبکات بۆکەم کردنەوەی ئاستی ڕوداوو قوربانییەکان!
لە هەرکوێدا مەیل و خواستیان هەبێت بۆ کارە نافەرمیەکانی خۆیان خاوەنی فڕۆکەی تایبەتی خۆیانن بەتایبەت کاتێک کەسێکیان لە دەرەوەی ووڵات کۆچی دوایی دەکات،ئەم ترسە لە زیادبوونو فراوان بووندایە،چونکە من دڵنیام هیچ لەو کەسو دەسڵات دارانەی کە تەواوی جومگە گرنگەکانی کوردستانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە بە هۆی تووشبونیان بە سەدان جۆر لە نەخۆشی ناچارن لە دەرەوەی هەرێم چارەسەریان بۆ بکرێت ئەگریش نا دوایی کۆچ بکەنو کام ناو بەرزو شایستەیە بە باڵایاندا بکرێتو بە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو هەرێمە خاوەن سەدان وەرەمەکەی کوردستان بهێنرێنەوەو لە باتی دووڕۆژ پرسە دانان بە پێچەوانەی خەڵکی ئاسایی بە فەرمی سێ ڕۆژ لە مزگەوتوو پێگە ناسراوەکاندا پرسەیان بۆ دابنرێت ئەمەش هەر پێچەوانەی دەستوورە کاڵو کرچەکەی دەستووری کوردستانە!کەچی لاوانی کورد لە ووڵاتانی دەرەوە لە سەر پەیمانێکی سیاسی نێوان هەرێمو ووڵاتانی دەرەوە بە کۆمەڵوبە تەنها فڕۆکەیەک کە هەر تایبەت نییە دیپۆرتی فڕگەکانی ئێراقی قەیرانەکان دەکرێنەوە!
بۆ بەرگری لە بوونی فڕۆکەی تایبەت کە تایبەتە بە دەسڵات داران و کەس و کاری فەرمانڕەوا ناشەرعیەکان وا پێویست دەکات یاسایەک دەربکرێت کوردستان بە خاس و خراپیەوە با بۆ هەموومان بێت ،نەک تایبەتمەندی بکرێتە مۆرو بە تەنها لە بەرۆک و خواستی چەند کەسانێک بدرێت کە جگە لە ماڵوێرانی هیچ داهێنان و پێشکەوتنێک لە بیرو ئایندەیاندا بە دی ناکرێت بۆ ئایندەی خەڵکی کوردستان!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست