کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەسەڵاتی دزەكان و ڕەخنە بە زمانی گوڵ

Wednesday, 25/03/2009, 12:00


 رەخنە بە زمانی (گوڵ) لە گوڵ دەگیرێت نەك لە (گول) یان چ گوڵێك لەوە زیز نابێت بە زمانی ئەو رەخنە لە ژەقنەبوت بگریـت...
رۆژانە لە سەر روپەری رۆژنامەكانی كوردستان و رۆژنامەكانی دەرەوەی وڵات و سایتەكانی ئینتەرنێت گلەو گازندەو ڕەخنە لە دەسەلاتی بنەماڵەكان دەگیرێت , لە دزی و دامەنپیسی و سوكایەتی كردنیان بە هەرچی بەهاكانی خەڵكەوەیە , لە خەیانەت و سیخوڕی كردنیان بو هەر كەسێك كە هیوای ئەوەیان پێ بێت لە ئەگەری تەقینەوەی جەماوەر بیان پارێزێت , رەوشەنبیرو رۆژنامە نوسو رامیارەكانمان دابەشبوون بەسەر جۆرەها ئاراستەدا:
ئەوانەی یەكڕو راست هەوڵ دەدەن و چاوەروانی گۆڕانن وە ئامادە نین نە خۆیان , نە قەڵەمەكەیان , نە مێشكیان هەراج بكەن...
ئەوانەی كە پێیان وایە قەڵم زورنایەو بە هەوای شایی و سەرچۆپی دەیژەنن ..
ئەوانەی كە پێیان وایە قەلەم كەرەسەیەكی گونجاوە بۆ ماستاو كردن و ماكیافیللیزم ..
ئەوانەی كە لە ئاست هەموو شتێكدا بێ دەنگن پێیان وایە ئەوان لە ئاست هیچ گۆرانێكدا نین گۆران تەنها كارێكە شایەنی پیاوە دیارەكانی مێژوە وەك ئەو پاڵەوانە نەخوێندەوارانەی ئەورۆ لە كوردستاندا سەركردەو دەم راستن ئەو جۆرە بیر كردنەوەیە پێشینەی دەگەڕێتەوە بۆ كولتوری حزبەكان ... بۆ ئەوەی پیرۆزی خۆیان بسەپێنن دەبێت لە نزمكردنەوەی جەماوەرەوە دەست پێ بكەن ئەوە مۆدێلێكی تازە نیە.
هەندێكیش لەو پاڵەوانانە (بەناو رۆشنبیر) ئەورۆ لە دەربارو دیوەخانی سەرۆك خێڵەكانی بەناو حكومەتی هەریمدا گەشتونەتە پلەو پایە بە سووكترین مێتۆدی دیماگۆگی لەوانە ڕازاندنەوەی سفرە وەنەشەییەكانی سەركردە كەنەفت و سوكەكانمان بۆ شەوی بەرات و بالێتی پەپولە شەوگەرەكان , ئەوانە بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە دەسەڵات دەكەن وە دەبن بە بڵندگۆ بەرامبەر هەر دەنگێكی نارەزایی , خەڵك بە سەر لێشێواوو كەم ئەزمون و كرێگرتە لە قەڵەم دەدەن ...
رەوشەنبیر
رەوشەنبیر ئەو كەسەیە كە هێزی خۆی دەخاتە كار بۆ گۆرانی قالـــَبە سەپێندراوەكان , لە روانگەی لێكدانەوەی مەنتیقی و یژدانی خۆیەوە سەیری دەوروبەرو پێشهاتەكان دەكات نەك بەرژەوەندی , هەمیشە لە هەوڵی گۆڕان و بەردەوامی گۆڕان دایە .. چونكە سروشت و كۆمەڵگاو دەوروبەر لە گۆرانێكی دیالێكتیكی بەردەوامدایە , مرۆڤی رەشەنبیر هەڵوەدای گۆران و هەلچون و یاخی بوونە لە رووی دیاردە نالەبارەكان لە كۆمەڵدا , رەوشەنبیر تەنها لە گۆشەیەكی تەسكەوە ناڕوانێتە كۆمەڵگا بەڵكو خوێندنەوەیەكی شمولی هەیە بۆ ئەو دیاردانە چونكە كۆمەڵگا یەكەیەكی ئۆرگانیە و هەر گۆرانێك نێگەتیڤ یان پۆزەتیڤ رەنگدانەوەی دەبێت لە سەر تەواوی خانەكانی ئەو یەكەیە , رەوشەنبیر دەبێت خاوەنی ئەو هەستە ناوەكیە بێت كە ئەو بەرپرسە لە گۆران و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە بنەرەتیەكان ..چ بەگژدا چوونەوە ..چ ریفۆرمیستی.. چ لە بەرپەرچدانەوەی دیاردە نێگەتیڤەكان و شێ كردنەوەی ناوەرۆكی بڕگە مێژووییەكان , ئەو خاوەنی پەیامێكە ئەگەر نەیگەیەنێ بونگەرایی خۆی لەدەست دەدات یان بەهای مەعنەوی نامێنێت لە كات و بۆشایی دیاریكراودا..رەوشەنبیر دەبێت خاوەنی هەڵوێست بێت لە بەرامبەر روداوەكاندا ..وە هەردەم لە بەرەی خەڵكدا بێت لە پێناوی ئاشتی و ئازادی و مافی مرۆڤدا...
رەخنە بە زمانی گوڵ
ئەوەی سەیرە زۆر كەس پێی وایە كە رەخنە لەو جۆرە دەسەڵاتە دەبێت بە زمانی گوڵ بێت ...
رەخنە بە زمانی گوڵ.... لە چی؟؟
رەخنە بە زمانی گوڵ.... لە كێ ؟؟
- لە باندێكی دزی و تاوان و تاڵانچی و نەفام و نەزۆكی فكری و عەقڵـــــی !؟
- لە ئۆردویەكی گەندەڵ و تاوانبار بە هەرچی پێوانەیەكی یاسایی و ئەخلاقی هەیە ؟!
- لە سەرۆكێكی خەڵەفاوو سەرەك هۆزێكی دكتاتۆر ؟!
- لە كوڕو برازاو خێزان و دارو دەستەكەیان كە لە راستیدا خاوەنی نەك هەر بۆدژەو كاسەی هەرێمن بەڵكو خاوەنی پەرلەمان و حزب و مێگەلی كۆیلە سیاسیەكان و وەزارەت و شارەوانیەكانیشن!!
- لە پیرو كەنەفتەكان كە نەخۆشی و خەڵەفاوی تەنگەی پێ هەلچنیون كەچی وەك بنێشتەكاڵ بە تەختی كورسی دەسەڵاتەوە نوساون و سوێندی گیپۆقراتیان خواردوە لێی نابنەوە تا رۆژی جەهەندەم ؟؟!!
- لە حزبە جاسوسەكان و سەرۆك حزبە جاسوسەكان ؟!
كە تەنها لە دامەنپیسی و سوكایەتی كردن بە بنەماڵەی شەهیدانەوە پاڵەوان و خاوەن ئەزمونێكی بێ پایانن , ئەو دەسگا جاسوسیانەی كە بارەگایەك و رۆژنامەیەكی زەردو بۆدژەی مانگانەی لەلا لە هەموو شتی دونیا پیرۆز ترەو ئامادەیە لە پێناویدا هەزار جار بەسەر خەتی سوری ئەخلاق و سیاسەت و ویژداندا ئامبازی گەورە بهاوێژێت...
هەندێ لەو حزبە جاسوسانە ئەوەندە لە جاسوسی و سیخوری دا قاڵ بونەوە ...خەڵك وەكو دەسگای پاراستن یان زانیاری زیاتر دەیناسێت لەوەی وەكو ئەندامی پارتەكەی خۆی
بۆیە رەخنە لە دەسەڵاتی كوردی بە زمانی گوڵ ناگیرێت..
ئەوەش كە خاوەنی ئەو بۆچونە بێت پێم وایە لە بازنەیەكی داخراودا و بە دەوری چەقێكی نەگۆردا دەخولێتەوە لەگەڵ ئەوشدا كە سیاسەتی دونیا و رەورەوەی مێژوو لەگۆرانێكی بێ وەستاندایە...ئەگەر هیچ گۆرانێك لە بنەمای پێكهاتەی سیاسی ئەو دەسەڵاتەدا روو نەدات ئەوا سەرجەم بارو دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت , لە كۆتایی دا ئاشی دەسەڵاتی خێڵەكی هەمومان دەكاتە كۆیلە و ئەو كات ئەگەر لایەنگری بتەكانیش نەبین و نەیانپەرستین دەبێت چەپلەیان بۆ لێ بدەین و كرنۆشی بۆ بەرین..
رەخنە چۆن لە كەسێك دەگیرێت كە خۆی زۆر پێ پیرۆز ترو باڵا ترە لە رەخنە ؟؟!!
رەخنە چۆن لە كەسێك دەگیرێت كە بە جەماوەر بڵێت سەگ ؟؟!!
رەخنە چۆن لە كەسێك دەگیرێت كە تاوانبارە بە كوشتنی هەزاران كەسی نیشتمان پەروەر و هەزاران ئافرەت ..
بە هەموو پێوانەكانی تیرۆر ئەو دارو دەستەیە لە خانەی یەكەمی تیرۆردا رێزبەندی دەكرێت ؟؟!!
رەخنەو دەسەڵات
ئەوە رەخنە ...
بەڵام ئایا دەسەڵاتی خێڵەكی و بنەماڵەكان تا چەند گوێی بە رەخنەی جەماوەر داوە ئایا سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی عێراق و نەوەو بنەچەی سەرۆكەكان چ رێزێكیان بو دەنگی نارەزایی جەماوەر داناوە ... بێگومان هیچ , ئەوەش كارێكی ئاساییە چونكە ئەوان بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان نەهاتون تا رێز بۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان دابنێن ..
ئەوان بۆ وڵامی رەخنەی خەڵك بە جۆرەها شێوەی بازاری وڵام دەدەنەوە وەك ئەوەی تاڵەبانی دەنگی نارەزایی بە وەرینی سەگ دەشوبهێنی َ و مەسعود بارزانی لە هەموو كۆرو كۆمەكێكدا بە راشكاوی نیگەرانی خۆی دەردەبرێت لە ئاست دەنگی نارەزایی مێدیای كوردی , ئەو زاتە لە روانگەی بیرو بۆچونی خۆیەوە پێی وایە هەموو میدیا و كەرەسەكانی مێدیا وەك بۆدژەی كوردستان دەبێت لەدەست بەرێزی دابێت و لەدوای ئەوەوە دارو دەستەو دیوەخان و خزم و كەسەكەیدا...بۆیە كە باسی میدیا دەكات بە شێوەیەكی دیار هێستریاو هەلچوون بەسەر باری دەروونیدا زاڵ دەبێت..
بە پۆل رۆژنامە نوسەكان ئاراستەی بەندیخانەكانیان دەكەن و تەنانەت تیرۆریان دەكەن , سوكایەتیان پێ دەكەن لەوانە نمونەمان زۆرو زەبەندە كەمالی سەید قادر , نەبەز گۆران, سۆران عومەر , ئەحمەد میرە , لە كۆتایدا تیرۆر كردنی سۆرانی مامە حەمە
بە ئاشكرا هێرش دەكرێتە سەر ئەو روژنامەو سایتانەی كە ئەورۆ بونەتە مینبەری جەماوەر لەوانە كوردستانپۆست , هاوڵاتی , لڤین و بە دەستی دەرەكی و نۆكەرو كرێگرتەی ئەم و ئەو تاوانبار دەكرێن ...تەنها لەبەر ئەوەی یەك تاوانیان هەیە ئەویش ئەوەیە كە لە بەرەی خەڵكدان و خۆیان (زەرد كەشی) دۆگمای دەسەڵات نەكردوە .
دەسەڵات نەوەیەكی دیگیتالی لە رۆژنامە نوس و نوسەرو شایەر بۆ رێكڵامكردنی خۆی پەروەردە كردوە هەندی لە رۆژنامە نوسەكان (ئەوانەی كە بە رۆژنامە نوس و نوسەر) خۆیان لە قەڵەم دەدەن بە سوكترین شێوە نەك هەر قەڵەم فرۆشی دەكەن بەڵكو چاو لە رەش و سپی دەپۆشن , بە دەیان نوسەر لە كوردستاندا بە پارە دەنوسن , زۆر كەسایەتی دیارو نوسەری زانا و گۆرانیبێژی دەنگدیار هونەرەكەیان هەراج كردوە بۆ كەمترین بەرژەوەندی بێ گوێ دانە هیچ یاساو رێسایەكی ئەخلاقی , بەهەزاران كەس بۆ بەرژەوەندی ماددی خۆی سەری بە دەرگای هەموو لایەنەكاندا كردوە ... یەكەم وێستگەی خۆفرۆشتن و سیخوڕی بوە بە بەعسی فاشی .
رەوشەنبیری زەرد .
كۆنە جاش و كۆنە سیخوڕ
نوێنەری خێل و عەشیرەتەكان
خەڵكی هەلپەرست و كاسە پەرست
هەموو ئەوانە ئەورۆ هەیكەلی دەسەڵات پێك دەهێنن لە كوردستاندا , هەر هەمووشیان بەرژەوەندیەكی هاوبەش كە دزی و گەندەڵیە گلیان دەكاتەوە , هەر هەموشیان دەزانن كە جەماوەر داخ لە دڵە , هەر هەمووشیان ئامادەن تا دزی و گەندەڵی هەبێت سڵ لە ئەنجامدانی نەكەنەوە.....
ئەوە سەرجەم تابلۆی دەسەڵاتە جا دەسەڵاتێكی لەو جۆرە دەبێت بە رەخنەی رۆژنامەیەك یان سایتێك یان شیعری شاعیرێك لەق بێت ؟؟!! هەچەند مێدیا ئەركی گۆرینی رژیم نیە , رەوشەنبیرو نوسەرو مێدیا ئەركیان وریا كردنەوەی جەماوەرە لە چەواشەكاریەكانی دەسەڵات و دۆگمای كۆنەپەرستی و بیرو باوەری لاسارو نارەسەن گەندەلی و كەرەسەی دەسەڵات لەوێ بەولاوە سیاسیەكانمان ئەركی ئاراستە كردنی دەنگی ئۆپۆزیسیۆنیان دەكەوێتى ئەستۆ , لەگەڵ نەخشەی سیاسی بزوتنەوەی جەماوەری جا چ لە رێگەی ریفورمەوە بێت یان لە رێگەی گۆرانی دەسەڵاتەوە بێت یان مێتۆدی تری خەبات ..
پێگەی ریفۆرم لە ئەورۆی كوردستاندا نیە چونكە دەسەڵاتێك كە بروای بە جەماوەر نەبێت .... كە هیچ نرخێك بۆ جەماوەر دانەنێت ..كە رێزی بیرو باوەری سیاسی و روحی و نەتەوەیی خەڵك نەگرێت ئەو دەسەڵاتە ریفۆرم ناكرێت ....
ریفۆرم لە ناوەوەی سیستەمی دیموكراسیدا دەكرێت... ئەو ئەزمونەی ئێمە نە سیستەمەو نە دیموكراسی بۆیە رەوشەنبیرەكانمان (مەبەستم لە قەڵەمفرۆشەكان نیە) لەبەردەم بیركردنەوەیەكی چارەنوسازدا دەوەستنەوە یان گۆران و دۆزینەوەی ئەڵتەرنەتیڤ یان رۆژانە رەخنە گرتن لە چنارو زریان و مەلا بەختیارو خڵت و خاڵەكەی دەسەڵات و پاڵەوانەكانی شەری براكوژی .....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە