لیستی گۆڕان و سەردەمی گۆڕان
Thursday, 30/04/2009, 12:00
ڤەمپیرەكانی شەری كوردكوژی لە جیاتی ئەوەی بۆنی خوێنمان لە بیر بەرنەوە , لە بری ئەوەی ئەنفالمان بۆ بكەن بە داستان , لە جیاتی ئەوەی هەڵەبجەمان بۆ بكەن بە قیبلە , شەهیدەكانمان بۆ بكەن بە پەیكەر ...بۆنی ئازادی و نەسیمی قەندیل و عەبیری خاك و خۆڵی نیشتمانی پیرۆزویان لێ حەرام كردین.........
گۆران پرۆسێسێكە واتای كودەتا كردن بەسەر شتە چەقبەستوەكاندا یان گەراندنەوەی ئاراستەی پرۆسێسەكان بەرەو ئاراستەی راست , لە پرۆسێی سیاسیدا پێم وایە گرنگ نیە چەپ بیت یان راست بەڵـــكو گرنگ ئەوەیە راست بیت لە بەردەم خواستەكانی خەڵكدا , راست واتە لە ئاستی روداوەكاندا مەنتیقی بیت .... كاتێكیش ئاراستەی سیاسی مەنتیقی دەبێت ئەو كاتەی كە درۆزن نابێت لە ئاست خواستەكانی خەڵكدا ...چونكە سیاسەت بریتیە لە هونەری بەریوەبردنی كۆمەڵگا ... وە كۆمەڵگا هەمیشە لە گۆراندایە كەواتە سیاسەت هەمیشە گۆرانكاری دەخوازێت , گۆرانكاری بە گوێرەی هەڵكشانی خواستەكانی خەڵك ....ئەگەر سیاسەت لەگەڵ نوێ بونەوەی كۆمەڵــگاو ژێرخان و سەرخانەكانیدا نوێ نەبوەوە ئەوا نەزۆك دەبێت , نەزۆكی سیاسی واتە وەستانە لەبەردەم گۆرانەكاندا ... ئەو دیاردەیە ترسناكە و دەبێتە هۆی جیا بونەوەی جەماوەرو دەسەڵات بۆ دو جەمسەری دژ بە یەك لە سیستەمی پێكهاتەی سیاسی كۆمەڵگادا ... ئەوەش ئەوەیە ئەوڕو لە گەندڵستانی ئێمەدا پەیڕەو دەكرێت ......
لێرەدا دەسەڵات هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات , هەوڵی بەردەوامی دەدات لەسەر چەواشەكاریەكانی , جەماوەر هەوڵی گۆڕان دەدات بەرەو ئاستێكی باڵاتر و شیاو تر ...
دەسەڵات هەولأ خۆ پیرۆز كردن دەدات , جەماوەر هەوڵی ریسوا كردنی ...
دەسەڵات هەوڵی خۆ بەهێز كردن دەدات لە ئاست جەماوەردا , جەماوەر هەوڵی دۆزینەوەی ئەڵتەلرناتیڤی دەسەڵات دەدات بۆ دەستەبەر كردنی سیستەمێكی ئەوتۆ كە زیاترین مافەكانی بۆ دەستەبەر بكرێت ...
ئەو دەسەڵاتەش كە دەستەوەستانە لە ئاست خوڵقاندنی گۆراندا بێ گومان ئاكامی نەمان و ون بونە ... ئەوە رای زاتیی من نیە بەڵكو ئەوە رەوتی مەوزوعیی مێژوە.....
كۆمپانیای وشەو لیستی گۆران
یەكیەتی و پارتی و قەڵەمە زەردەكانی دەسەڵات و كۆیلەكانیان هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەك لە گرنگی و مانای لیستی گۆران كەم بكەنەوە , لەگەڵ ئەوەشدا كە ئەورۆ كاك نەوشیروان و كۆمپانیای وشە ئەو ئەركەیان گرتۆتە ئەستۆی خۆیان و هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەك بێت لە رێگەی ئەو لیستەوە دەنگی جەماوەر بگەیەننە ناو پەرلەمانی خەواڵوو ئێكسپایەری نەزۆك و دیل !!!
بیرۆكەی گۆران و هەوڵ دان بۆ گۆران هەڵقوڵاوی ئەو دۆخەیە كە ئەو دوو پارتەی دەسەڵات دروستیان كردوە لە گەندەڵی و دزی و بێ یاسایی و چەواشە كاری و مامەڵە كردن بە كێشە چارەنوس سازەكانی گەلی كوردەوە , پاوانە كردنی نەك هەر گۆرەپانی سیاسی كوردستان بەڵكو سەروەت و سامانی گەلێك بۆ بنەماڵەو دارو دەستەی هەرزان و مافیا رەسیەكەیان , گۆران كاتێك خۆی دەسەپێنێ كە زەمینەی گۆران دروست دەبێت , ئەو زەمینەیە لە كوردستان زیاد لە پێویست ئامادەی گۆرانە , جەماوەر نەك هەر چاكسازی دەخوازێ بەڵكو تا سەر ئێسقان یاخیە لە دەسەڵاتی بنەماڵەو نۆكەرەكانی , ئەو دەسەڵاتەی كە كوردستانی كرد بە وڵاتی گەندەڵی و سوكایەتی بە هەرچی پیرۆزیەكانی گەلەكەمانە .
دەسەڵاتی حزب و بنەماڵەو میلیشیاكان لە ماوەی دەسەڵاتیدا بە جۆرێ خۆی لەبەر چاوی جەماوەر ریسوا كرد كە بە روویەكی رەش و مێژوویەكی رەشەوە دەچێتە ناو باوەشی لاپەرەكانی مێژوەوە , ......
پێم وایە ئەو هەلەی ئەورۆ لە ئارا دایە بۆ گۆران هەموو مرۆڤێكی دلسۆز و رەوشەنبیر دەخاتە بەردەم چەند پرسیارێكی گرنگ و هەڵویست خواز , ئەگەر ئەو هەڵوێشتەش نەبێت ئەوا لەبەردەم ویژدانی خۆمان و سكاڵای خەڵكی كوردستاندا كەمتەر خەمین و هەڵەیەكی مێژوویی ئەوتۆ دەكەین كە ئاكامەكەی قەرەبوو ناكرێتەوە ...ئەویش ئەوەیە كە دەنگمان بخەینە پاڵ هەر دەنگێك كە گۆرانخواز بێت و هەوڵ بدات بۆ یەكاڵا كردنەوەی ئەو قەیرانەی دەسەڵاتی ئەورۆی بنەماڵەو مافیاكان لە كوردستان سەپاندویەتی... كە نەك هەر بەبەر چاوی كوردەوە بەڵكو بە بەرچاوی دونیاوە بە ریسواو پێ شێل كەرو خێلەكی ناسراون ...
بویە دەنگ دان بە لیستی گۆران دەنگ دانە بە خواستی جەماوەر
دەنگ دانە بە سەرەتای كۆتایی هێنان بە ئێپۆكی گەندەڵیزم
دەنگ دانە بە سەرەتای كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی موستەشارو ئەنفالچی و مەلەفچیەكان
دەنگ دانە بە سەرەتای كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ژنكوژو تاریك پەرستەكانی ئەشكەوت
بۆیە دەنگم لەگەڵ دەنگی گۆرانە....سەروەری بۆ بەرەی جەماوەر !!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست