سۆشیـال دیموكراتیزم لە كەشمەكەشـــى فیكرى و فەلسەفیەوە بەرەو ئایدیۆلۆژیای بەرێوەبردنى دەوڵەت(بهشی 3)
Sunday, 03/05/2009, 12:00
شۆرشی پیشەسازی و لە ئوتۆپیزمەوە بۆ ریالیزم شۆرشی پیشەسازی وەرچەرخانێكی بنچینەیی بوو لە شێوازی ژێرخانی ئابووری وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوادا لە تەواوی بوارەكانی ژیاندا , ئەو گۆرانكاریانەش بە دەوری خۆیان لە سەر بیرو بۆچون و بنەمای فەلسەفەی چینەكان رەنگی دایەوە . لە لایەكی ترەوە كەنسێپتسی سۆشیالیستی توباوی ئەو زەمینەی لە دەست داو پێویستی گۆرانێكی بنچینەیی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری خۆی سەپاند هەم بە سەر چینی باڵا دەست. كە خاوەنی كەل و پەلی بەرهەم هێنان بوو و سیستەمی فینانس و بازاری كارو خامەكانی لە بەر دەست دابوو هەم بە سەر چینی كرێكارو توێژەكانی تری كۆمەڵدا كە هەوڵیان دەدا بۆ كەم كردنەوەی ئەرك و چەوسانەوە لە رێگەی بەرزكردنەوەی نۆرمی كارو چاككردنی باری گوزەران و ژینگەی ماددی و مەعنەوی دۆخی كار
هەر چەند سۆشیالیستی ئوتۆپی گرنگی خۆی وەكو تیۆریایەك لە دەست نەدا لە گەشەو پەرەسەندنی تیۆریای سۆشیالیستی و سۆشیالدیمۆكراسی چونكە بنەما سەرەتاییەكانی تیۆریای سۆشیالیستی وەكو ملكیەتی گشتی و دادوەری كۆمەڵایەتی و گەلێ شتی تر لەوێوە سەریان هەڵداوە و وەكو بیرۆكەی سیاسی فەلسەفی شان بە شانی تیۆریای ئابووری سیاسی ئینگلیزی و فەلسەفەی كلاسیكی ئەڵمانی كەم یا زۆر لە میانی خەباتی چینەكاندا كراوە بە پەیرەوی بۆچوون بۆ شێ كردنەوەی دۆخی قۆناخی پەرەسەندنی كۆمەڵ و خواستە سیاسی و ئابووریەكانی. تەنانەت سەر هەڵدانی سۆشیالیزمی ئوتۆپی وەكو هزری كۆمەلایەتی لە بەرهەمەكانی نوسەرانی ئەغریقی و رۆمەكان هەست پێ دەكرێت بەو جۆرەش لە بەرنامەی هەندی راپەرینی جوتیارانی چاخەكانی ناوەراست دژی فیۆدالیستەكانی ئەوروپا و زیاتر ئەوەی پەیوەندی هەیە بە سەر مڵك داری و پەرەسەندنی پەیوەندیەكانی بەهەم هێنان . چر بوونەوەی ململانێی نێوان چین و توێژەكانی پێكهاتەی كۆمەڵگای بۆرژوا لە لایەك و كەشمەكەشی نێوان ئەو ئاراستە جیا جیایانەی كە لە ئاستی مێتۆدی شێوەكانی بەرهەم هێنان وەكو پێویستیەكی مێژوویی دروست بوو خۆی لە خۆیدا قەیرانێكی كۆمەلایەتی سیاسی دروست كرد بۆ دەوڵەتانی سەرمایەدار بە جۆرێك لە ژێر فشاری خەلك دا هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپا كەوتنە ئەوەی كە هەندێ ریفۆرمی ئەوتۆ بكەن كە گەرەنتی مافە بنەرەتیەكان بۆ خەلك دابین بكات .... وەكو خۆرایی كردنی قۆناخەكانی خوێندن , خۆرایی كردنی نەخۆشخانەو دابین كرنی نۆرمێك بۆ بێكار و خێزان و كەسانی كەم درامەت ...هتد .لەگەڵ سەرهەڵدانی پەیوەندی بەرهەم هێنانی كۆمەڵگای تازەدا تیۆریای سۆشیالیستی وەكو زانست و فەلسەفەی چینایەتی جارێكی تر بە خۆیدا چوەوەو بە كۆمەڵێك پرۆگرامی تازەو بۆچونی تازەوە هەوڵی داوە تاكتیك و ستراتێژیای خۆی لە یەكیەتیەكی هارمۆنی و ئۆرگانی دا بە كار بهێنێت بۆ خەبات لە پیناوی درست كردنی كۆمەڵگایەكی یەكسان و ئازادو دیمۆكراتی كە مرۆڤ چەقی ئامانجەكان بێت نەك سەرمایە و زێدەبایی كاڵاو بازاری كاڵا , سۆشیال دیمۆكراتیزم و سۆسیالیزم بە هەموو باڵەكانیەوە لە شۆرشی فەرەنسی مەزنەوە كۆمەڵیك دروشمی ئەوتۆیان هەڵگرت كە تا ئەورۆ لە سەری بەردوامن و بە بەردی بناخەی خەباتی دەزانن لە خەباتی چینایەتی و پێش كەوتنی ئابووری و مافی هاووڵاتیان و گەلێك بواری تردا لەوانە پرینسیپی دیموكراتی : مافی دەنگدان و هەڵبژاردن , یەكسانی لە بەردەم یاسادا , مافی مرۆڤ و كۆمەڵی پرینسپی دی كە لە هەموو ئەو ئایدیۆلۆژیانەی كە خۆیان دەدەنە پاڵ ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیستیەوە وەكو یاكۆبینیزمی بابیۆف , گومانیزمی بڵانك و سۆشیالیزمی توباوی ئۆویێن و كۆمۆنیزمی زانستی كارڵ ماركس ئەو خاڵانەیان وەكو ئامانجی سەرەكی دەستنیشان كردوە , لێرەدا ئەوە دەبێ بگوترێت كە هەر یەكە لەو باڵانە بۆچونێكی خۆی هەیە بۆ دیموكراتی و مافە بنەرەتیەكانی تاك لە كۆلێكتیڤ دا و كۆلێكتیڤ لە كۆمەڵدا واتە ئەو باڵانەی سۆشیالیزم هەر یەكەیان لە روانگەی شێ كردنەوەی فەلسەفی خۆیەوە تەماشای سنورو قەوارەی ماف و ئەركەكانی دیمۆكراسی دەكات تیروانینیان بۆ مافە بنەرەتیەكانی تاك لە كۆمەڵدا و بەرپرسێتی كۆمەڵ بەرامبەر بە تاك تێروانینێكی نسبیە , بۆ نموونە ماركس دەڵێ : مافە دیمۆكراتیەكان و ئازادی بە واتا زانستیەكەی ناتوانرێت دەستەبەر بكرێت ئەگەر جەماوەر خاوەندارێتی كەل و پەلی پەرهەم هێنان نەگرێتە دەست خۆی , ئەو مافانە وەختێك دەستەبەر دەكرێت كە كەرتی تایبەت و خاوەندارێتی نەمێنێت كە بە دەوری خۆی تایبەتمەندی چەوسانەوەی تاكی كۆمەل و كۆمەڵگای تیادا شاراوەتەوە جا لە فۆرمی زێدەبایی بێت یان بەلانسی نرخی كار .هەر بۆیەش ماركس پێی وایە كە خاوەندارێتی كەل و پەلی بەرهەم هێنان لە لایەن چینێكی دیاری كراوەوە دەبێتە هۆی باڵا دەستی و نا یەكسانی كۆمەڵایەتی دوور كەوتنەوە لە راستی پراكتیسێرە كردنی دیموكراتی و مافە سەرەكیەكانی تاكی كۆمەل و كەمكردنەوەی رۆڵی چینی كرێكار لە دروست كردنی كۆمەڵگای دیموكراتی ئازاددا .
كە باسی گەشەسەندن و مێژووی سۆشیال دیموكراتیزم دەكەین پێویستە بگوترێت كە رۆڵی سۆشیالستە رووسەكانی چەرخی نۆزدەهەم لەبیر نەكەین وەكو وەكو گێرتسێن 1812-1870 و بێلینسكی 1811-1848 و چێرنۆشێڤسكی 1828-1889 و دەبرەلوبۆڤ 1836-1861 لە گەڵ ئەوەشدا كە بیری سۆشیالیستی ئەوان جیاواز بوو لە بۆچونی سۆشیالیستەكانی ئەوروپای رۆژ ئاوا , روسیا وڵاتێكی كشتوكاڵی بوو شۆرشی پیشەسازی نەیتوانی بوو ببێتە سەرچاوەی ژێرخانی كۆمەڵ و چینی كرێكار تا ئەو رادەیە پێ نەگەشتبوو بۆرژوای نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی بەو شێوەیە نەگرتبوو كە ببێتە هێزێكی دیار لە بواری داهاتی نەتەوەیی دا و پەیوەندی فیۆدالیزمی لە ئەوپەری بە هێزیدا بوو رۆشنبیری شۆرشگێر لەو ئاستەدا نەبوو كە بتوانێت خەڵك بهەژێنێ و سەركردایەتی بكات لە ئاراستەكردنی دا بەرەو گۆرانێكی كۆمەڵایەتی رۆشنبیری سیاسی .لە بەر ئەوە سۆشیالیستە روسەكان پێیان وابوو كە شۆرشی سۆشیالیستی یان ریفۆرمی سیستەمی سیاسی لە روسیادا دەبێت لە سەر دەستی چینی جوتیارو وردە بۆرژوای خاوەن زەوی بێت بەڵام زۆربەیان دژی شیوەی ریفۆرم بوون لە رێگەی دیكتاتۆری پرۆلیتاریاوە ....
پەیدا بون و سەر هەڵدانی پارت و رێكخراوی سیاسی بە فەلسەفەو ئایدیۆلۆژیای فەلسەفی جیاوازەوە لە ستروكتوری كۆمەلگای تازەدا مەبەست لە كۆمەڵگای تازە كۆمەڵگای كەپیتالیستیە دەگەرێتەوە بۆ ئەو كیشانەی كە لە ناوەوەی ئەو كۆمەلگایە دا هەن ئەویش پەیدا بوونی شێوازی تازەی بەرهەم هێنان و پەیوەندی بەرهەمهێنان و رێكخستنی بەرهەم هێنان لە لایەك و لە لایەكی ترەوە دابەش كردنی كارو بەرهەم و رۆڵی چین و توێژەكان لە مەیدانی ململانێ لە سەر كۆنترۆڵ كردن و خاوەندارێتی كەل و پەلی بەرهەم هێنان بە تایبەتیش ئەو وەرچەرخانە میژووییە زیاتر زەمینەی خۆی دۆزیەوە لە قۆناخی گۆرانی شێوازی بەرهەم هێنانی فیۆدالیستی بۆ شێوازی بەرهەم هێنانی كەپیتالیستی و لەوەش بەدواوە گەشە سەندنی ئەو سیستەمە . شۆرشی پیشەسازی و پەیدابوونی چینو توێژی تازەی كۆمەڵو دەركەوتنی رۆڵی كەپیتاڵ و گۆرانی بازاری كارو كاڵا زەمینەیەكی تازەی دروست كرد بۆ سەر هەڵدان و لە دایك بوونی ئایدیۆلۆژیای فەلسەفی جۆراو جۆر كە هەر یەكەیان بە شێوەیەك لە شێوەكان هەوڵی داوە شێكاری ئەو كێشانە بدۆزێتەوە كە ئاراستەی كۆمەڵگای تازەو ئەو چینانەش دەبێتەوە كە وەكو پێویستیەكی مێژوویی قۆناخەكانی گواستنەوە سەریان هەڵداوە رەنگە لێرەوە بگەینە ئەو دەرەنجامە كە ئاڵۆزی و زۆر ئاراستەیی بۆچون و بیردۆزەو ئیدیۆلۆژیای جیا جیا لە كۆمەڵگای كەپیتالیستی دا شتێكی ئاسایی و مەوزوعی و ڵۆژیكیە , چونكە فەلسەفەو ئایدیۆلۆژیا خۆی لە خۆیدا گەرانە بە دوای هۆكاری بابەتی دروست بوونی كێشەكان و دۆزینەوەی چارەسەری بابەتیانە بۆ ئەو كیشانە .
شۆرشی پشەسازی بریتیە لە گواستنەوە لە قۆناخی كشتوكاڵیەوە بۆ قۆناخێكی تازە كە پیشەسازیە لە سەردەمی خۆیدا واتە كۆتاییەكانی چەرخی هەژدەهەم و سەرەتاكانی چەرخی نۆزدەهەم , ئەوەش واتای گۆران نیە تەنها لە بواری بەرهەم هێنان و شێوەكانی بەرهەم هێنان بەڵكو گۆرانی خودی ستروكتورو ئینفراستروكتوری كۆمەڵە و سەرەتای كۆتایی هاتنی رۆڵی مێژوویی سیستەمی فیۆدالیزمیی و شێوەكانی بەرهەم هێنانی فیۆدالیستی و پەیدا بونی میكانیزمی تازەی هەلسو كەوت لە گەڵ سیستەمی تازەدا كە ئابووری پلانێرە كراوو تاكتیكی بەڵانسی بەرهەم و خۆ پاراستن لە قەیرانی ئابووری و مێتۆدی نوێی منافەسەی بازاری ئازاد دەخوازێ هەر ئەو فاكتەرانەش بوەتە هۆی ئەوەی كە شۆرشی پیشەسازی ببێتە هۆی گەشەی خێرای قەوارەی ئابووری و بەرهەمی كارو ئوربانیسێرە بون (URBANUS) , مەبەست لە ئوربانیسێرە لێرەدا زیاد بوونی رۆڵی شار لە سیستەمی نوێی بەرهەم هێناندا و گۆرانی قەوارە دانیشتوانی شار , لەوەشەوە چەقی قورسایی هەیكەلی بازرگانی و پیشەسازی و سیاسی و كولتوری رۆشنبیری گەلێ سێكتەری ژێرخان و سەرخانی كۆمەڵگای كەپیتالیستی , بۆ نمونە لە سەرەتای چەرخی نۆزدەهەمدا ژمارەی دانیشتوانی شارەكانی دونیا تەنها بیست ملیۆن كەس بوە كە دەكاتە 3% ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی , لە سەرەتای 1900 ئەو ژمارەیە گەشتۆتە 224,4 ملیۆن كە دەكاتە 13,6% ی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی , ساڵانی 1950 ئەو ژمارەیە دەگاتە 729 ملیۆن كەس كە دەكاتە 28,8 % لە ساڵی 1980 دا ئەو ژمارەیە دەگاتە 1821 ملیۆن كە دەكاتە 41,1% ی دانیشتوانی گۆی زەوی وە ئەگەر ئەورۆ ئامارێكی تازە بكرێت بێگومان ئەو ژمارەیە زۆر لە سەرووی 50% دایە ... هەموو ئەو گۆرانانەی كە لە ئەنجامی شۆرشی پیشەسازی دا رووی داوە لە ماوەی نزیكەی 120 ساڵدا بوە ئەو گۆرانانەش دەتوانرێت كورت بكرێتەوە بە گۆران لە پەیوەندی فیۆدالیستیەوە بۆ كۆمەڵگای تازەی كەپیتالیستی كە بۆ سەردەمی خۆی گۆرانێكی شۆرشگێرانە بوەو رۆڵكی گەورەی گیراوە لە بەرز كردنەوەی ئاستی هەمەلایەنەی بوونی ماددی و كولتوری و ئایدیۆلۆژیدا , لە لایەكی ترەوە بوە بە پاڵپشتێكی بە هێزی پەرە پێدان و مۆدێرنیسێرە كردنەوەی سێكتەری كشتوكاڵی ئەو بۆشاییە جوگرافییانەش كە سیستەمی كەپیتالیستی پێش و پاش شۆرشی پیشەسازی توانیویەتی سەركەوتن و پێشكەوتن بە دەست بهێنێت بێ گومان پابەندە بە هۆكاری جۆراو جۆری سوبیكتیڤ و ئەبێكتیڤەوە لەوانە ئاستی رۆشنبیری و كولتوری چینەكان و ئاستی ئابووری و پێكهاتەی پەیوەندیە ئابووریەكانو ئاستی قەیرانی سیستەمی بەریوەبردن لە چاو خواستەكانی جەماوەر و ئاستی پێداویستی و وابەستەگی ئەو سیستەمە بە بازاری كەرەسە خامەكان و گەلێ هۆی تر كە رۆڵیان گێراوە لە تاودانی قۆناخی گواستنەوە و چۆنێتی گواستنەوە ریفۆرمی پێویستی پاش قۆناخی گواستنەوە .... یەكێك لەو وڵاتانەی كە ئامادە بو بۆ گۆرانكاری لەو شێوە , بەریتانیا بوو كە ئەو كات پێی نابوە قۆناخی پیشەسازیو قۆناخێكی پیش كەوتوی پەیوەندی بازار و سەرهەڵدانی چینێكی چالاكی بازرگانو خاوەن كاری كارامە لە گەل ئەوەش دا ئەو كات بەریتانیا خاوەنی كەپیتاڵێكی زۆر بوو بۆ دابین كردنی كەرەسەی خام و بازاری كاڵا بەریتانیا چەند كۆڵۆنێكی هەبوو , پەیرەی بیروباوەری زۆرینەی دانیشتوانی بە كولتوری پرۆتستانتی كارو پەیرەوی بۆچوونی لیبرالی لە سیستەمی سیاسی دا وای كرد كە وردە وردە بازاری ئازاد دروست بكات كە یەكێكە لە بنەما سەرەكیەكانی دروست بوونی كەسایەتی ئابووری دەوڵت و كەرتی تایبەت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست