کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یه‌کێتی و پارتی و كێشەی ریفۆرم

Friday, 30/01/2009, 12:00


ریفۆرمی دەسەڵاتی گەندەڵی كوردستان رۆژ بەرۆژ زیاتر خۆی دەسەپێنی، پارتی و یه‌کێتی هەوڵ دەدەن بەهەر جۆرێك بێت بەناوی چاكسازی و پاكسازی تەمەنی خۆیان و دەسەڵاتی رەشیان درێژ بكەنەوە، ئەو ریفۆرمەی لە كوردستان مەبەستە لە راستیدا چاكسازی و پاكسازی نیە ...چۆن چاكسازی یان ریفۆرم لە وڵاتێكدا دەكرێت كە خودی جەماوەر خاوەنی هیچ قەرارێكی سیاسی نەبێت ؟!
چونكە ئەو ریفۆرمەی كە دەسەڵاتی كوردی مەبەستیەتی جگە لە جێگۆركێی داشەكان شتێكی تر نیە ئەوەش نە لە ئازاری خەڵك كەم دەكاتەوە نە گۆرانێكی بنچینەیی لە سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بەخۆیەوە دەگرێت بەڵكو بە پێچەوانەوە ناسەقامگیریەكی تازە دەخولقێنی و وەچەی دوهەم و سێهەمی گەندەڵ و دزەكان دەخاتە گەڕ، بۆیە جەماوەری كوردستان دەبێت ئاگاداری ئەو تاكتیكەی ئەو دوو حزبە بن جارێكی تر رۆحی ئەو جنۆكەیە لە كولەكە دەر نەكەنە دەرەوە، ئەوەی پارتی یه‌کێتی باسی دەكەن لە بنەچەدا چاكسازی و پاكسازی حزبە نەك سیستەم، ئەوەی خەڵك داوای دەكات بە پێچەوانەوە ...چونكە پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی بێت یان هادی نەوزاد هەر یەكە بەڵام ئەوەی خەڵك داوای دەكات ئەوەیە كە پارێزگارێك بێت لە لایەن خەڵكەوە دیاری كرابێت وە لە بەردەم خەڵكدا بەرپرسیار بێت نەك لەبەر دەم تەكیەو شێخ_دا، ئیشی خەڵك راپەرێنێت نەك خەریكی گەندەڵی و دزی بێت، پەرلەمان نوێنەری بنەماڵە نەبن بەڵكو راستەوخۆ نوێنەری خەڵكی ناوچە جۆراو جۆرەكانی كوردستان و نوینەری چین و تویژەكانی پێكهاتەی كۆمەڵگای كوردستان بن وە لە لایەن خەڵكەوە دیاری كرابن نەك لە لایەن حزبەوە، وە لە لایەن خەڵكەوە لیپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت نەك لە لایەن دەسگاكانی زانیاری و پاراستنەوە بە بیانوی ئەوەی كە هەلوێستیان لەگەڵ سیاسەتی حزب دا یەكناگرێتەوە، وەزارەتەكان لە لایەن خەڵكی پسپۆرو كارامەوە بەریوە بچن نەك لە لایەن كەسانی هەلپەرست و بێ دەسەڵاتەوە، حزب دەست لە بازرگانی و بازار و عەقارات و لەنگە هەلبگرێت، بۆدژەی كوردستان بە ئاگاداری دامەزاوە جەماوەریەكان و پەرلەمان و مێدیای ئازادو نوینەرانی خەڵك دابەشبكرێت و بەكار بهێندرێت نەك كومپانیاكانی مامو برازاو خانمی یەكەم و دارو دەستەكەیان ...كەرتی تایبەت ئاسانكاری بۆ بكرێت بە مەبەستی بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری و كەمكردنەوەی بێ كاری و بەرز كردنەوەی ئاستی ژیان نەك باری ئاڵۆز بكرێت بە رۆتینی بیرۆكراسی و ریشوە ... بوار بدرێت بە رێكخراوە جەماوەریەكان تا بتوانن بێ خۆتێهەلقوتاندنی حزب رۆڵیان هەبێت لە بواری رێكخستنی جەماوەردا، رێكخراوە مەدەنیەكان یارمەتیان بدرێت، مێدیا ئاراستە بكرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی رەوشەنبیری خەڵكی كوردستان نەك میدیای زەرد باو ... سیاسەتی (خزم خزم) هەڵوەشێندرێتەوە و لە ستراكتوری دەسەڵاتدا و لە جێگەی ئەودا هەیكەلی دەسەڵاتی ڕزیو بە شێوەیەكی مۆدێرن و دور لە تەشكیلەی خێڵایەتی دروست بكرێتەوە ... هەموو ئەوانەش كە باسم كرد دتوانرێت بكرێت بەڵام بێگومان بە خۆشی دەسەڵات نا !! ... بەڵكو لە ژێر فشاری جەماوەردا و بە هەوڵی خەڵكی دلسۆز ئەگەر نا ئەوا شێرپەنجەی گەندەڵی زیاترو زیاتر بە شادەمارەكانی جەستەی هەرێمی كوردستاندا بڵاو دەبێتەوەو وەكو ماددەی سڕكەر گۆج و ئیفلیجی دەكات ...
ریفۆرمی حزبی و ریفۆرمی سیستەمی سیاسی و ئابوری ئیداری دوو شتی جیاوازن یەكێكیان دەسەڵات لە هەوڵی خۆ دەربازكردندایە لە لایەن نوێنەرانی دەسەڵاتەوە ... دوهەمیان هەوڵە بۆ دەستەبەر كردنی دەسەڵاتی یاسا .. دادپەروەری كۆمەڵایەتی..بنبڕ كردنی یەكجەمسەری دەسەڵات ...جیا كردنەوەو سەربەخۆیی هەرسێ دەسەڵاتی تەنفیزی و تەشریعی و قەزائی...

یه‌کێتی و پارتی و كێشەكان:
یه‌کێتی نیشتمانی كوردستان لە راستیدا بە قۆناخێكی ترسناك و ناسكدا گوزەر دەكات، تەكەتولاتی ناوەوەی یه‌کێتی رەنگی داوەتەوە لە ناو رێكخراوەكانی یه‌کێتی دا لە سەركردایەتی یه‌کێتیەوە دەست پێ دەكات و بەرەو رێكخراوو مەلبەند و كۆمیتەكانی یه‌کێتی شۆر دەبێتەوە ... بەڵام ئایا لە راستیدا ئەوانەی كە ناویان لە خۆیان ناوە ریفۆرمخواز...... ریفۆرمخوازن ؟!..... یان دیوی ئاوەژووی باڵە دژەكانی ناو یه‌کێتین لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات و بەرژەوەندی و گەشتن بە گەندەڵی و پلەو پایە هەڵپەیانە، ئەوەی بەڵگە نەویستە لە رێزەكانی باڵی ریفۆرمدا خەلكێكی زۆر دلسۆزو بەتوانا هەیە كە مەبەستی سەرەكی هەوڵدانە بۆ گۆرینی ئەو بارە نالەبارەی هەیە، بەڵام بە داخەوە نەوشیروان مستەفا كە سەركردایەتی باڵی ڕیفۆرم دەكات لە رێزەكانی یه‌کێتیدا لە راستیدا هەڵگری پرۆگڕامێكی تۆكمەو دیار نیە بۆ ریفۆرمێكی بنچینەیی لە كوردستاندا، لەگەڵ تێپەربوونی كاتدا هەم لە رێزەكانی خەڵكدا و هەم لە ناوەندی لایەنگرانی خۆیدا زەمینەو رۆڵی خۆی وون دەكات و هەوڵەكەی دڵی خەڵكی یه‌کێتی و نایه‌کێتی سارد دەكاتەوە، وردە وردە دەگۆرێت بۆ كێشەی بەینی مەلا بەختیارو ئازاد جوندیانی و كەسانی تر لە ئاستی سەركردایەتی یه‌کێتی و كاك نەوشیروان دا، هەرچەند پێگەی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ پێگەی ئەو دوانە بەراورد ناكرێت، مەلا بەختیار وەرەقەی سیاسی لەسەردەمی ئاڵای شۆرشەوە سوتاوەو وەكو كەسایەتی سیاسی لە كایەكەدا ڕۆڵی نەماوە بەڵام وەكو كەسایەتیەكی دیماگۆگ و كۆموفلاژ توانیویەتی هێلانەی خۆی لە گوێ سوانەكانی بنەماڵەی تاڵەبانیدا هەڵبەستێت، ئازاد جوندیانیش نە كەسێكە ناسراو نە كەسێكە جەماوەری بەڵكو كەسێكە بە هەوای سەرچوپی شمشاڵی خۆی لێ دەدات و ئەستێرەی بەختی لەگەڵ ئاوا بوونی ئەستێرەی تەمەنی سیاسی جەلال تاڵەبانیدا دەكوژێتەوە، نە بەرهەم ساڵح و نە عومەر فەتاح لەو ئاستە جەماوەریەدا نین كە رۆژێك لە رۆژان بتوانن سەركردایەتی یه‌کێتی بكەن و ئیدارەی نەك هەر هەرێمی كوردستان بگرنە دەست تەنانەت لەوانەیە نەتوانن چەند گەرەكێكی سلێمانیش بەرێوە بەرن، لە كاتێكدا نەوشیروان كەسێكە خاوەن خەباتێكی دورو درێژو رێبازێكی سیاسی دیارو خاوەن ئەزمونێكی زۆر لەگەڵ ئەوەشدا كە هەڵەی سیاسی زۆرە بەڵام كاری سیاسی بێ هەڵەی سیاسی نمونەی نیە لە مێژوودا، لەلایەكی ترەوە نەوشیروان مستەفا یەكێكە لەو سیاسەت مەدارانەی كە بە ئاستێكی بەرزی مۆراڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی جیا دەكرێتەوە، لە ناو رێزەكانی پێشمەرگەو خەڵكدا پێگەیەكی تایبەتی هەیە، بە وردی و لە دورەوە دەتوانێت پێش بینی روداوەكان بكات، بارو دۆخەكە حەكیمانە هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام سستی نەوشیروان وا لە زۆرایەتی خەڵك دەكات كە بێتە سەر ئەو باوەرەی كە لە بنەچەدا ئەو هەلسەكەوتەی باڵی ریفۆرم سیناریۆیەكی سیاسی تر بێت لە تەكتیكە سیاسیەكانی جەلال تاڵەبانی، ئەوە رای خۆم نیە بە تەنها بەڵكو زۆر خەڵك ئەو بۆچونەیان هەیە، جا بە چ مەبەستێك كراوە بۆچوون زۆرەو دەتوانرێت شیكاری لۆژیكی جۆراو جۆری بۆ بدۆزرێتەوە ...
ئەگەر نەوشیروان مستەفا لە راستیدا مەبەستی ریفۆرمی دەسەڵاتە با لە چوارچێوەی یه‌کێتی بەرێتە دەرەوە زیاتر گشتگیر بێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ خستنە بەردەمی پرۆگرامێكی زانستی ئاشكرا بۆ خەڵكی كوردستان، راستە ئەوە لە لایەن پارتیەوە قبوڵ ناكرێت ... بەڵام دڵنیام لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە بە گشتی پێشوازی لێ دەكرێت بە تایبەتی خەڵكی دەرەوەی كوردستان ئەوەش بە دەوری خۆی فشارێكی توند دەبێت بۆ دەسەڵات و لە كۆتایشدا ناچارە ملكەچ بێت بۆ خواستەكانی زۆرایەتی خەڵك، ئەگەر سەیری هەموو جوڵانەەیەكی جەماوەری و ریفۆرمخوازی بكەین دەبینین ریفۆرم هەمیشەو لە هەر وڵاتێكدا روو بە رووی بەرهەلستی دەبێتەوە لە لایەن ئەوانەی كە خۆیان بۆشایی سیاسیان دروست كردوە بۆ سەرهەڵدانی رابوون و ریفۆرم و هەڵچوون ...هەر ئەوانیش لەبەردەم خەڵك و مێژوودا وڵامی هەڵەو چەواشەكاریەكانیان دەدەنەوە .... بۆَیە سەبەبی هەوڵی ریفۆرم لە راستید خودی دەسەڵاتە نەك بزۆزی جەماوەر .
ئەو پرۆگرامەی كاك نەوشیروان دەبوو پێش 5 ساڵ كاری لەسەر كرابا بەڵام ئێستەش درەنگ نەبوە، دەسەڵاتی گەندەڵ بەرەو قەیرانی سیاسی دەچێت هەم لەسەر ئاستی عێراقی و هەم لەسەر ئاستی كوردستانی و خاوەرمیانەدا، ئەو قەیرانەی دەسەڵات لە هەر ئاستێكدا بێت ئەوەی كە باجەكەی دەدات خەڵكی كوردستانە لەسەر ئاستی هەموو كوردستاندا نەك هەر هەرێمی كوردستان .
ئەورۆ پرۆگرامی هەر ریفۆرمێكی سیاسی لە كوردستاندا پێویستی بە كارێكی تۆكمەی لایەنە كاریگەرەكانی ناوەو دەرەوی پرۆسەی سیاسی كوردستان هەیە لەوانە :-
1. هاوبەشی كردنی لایەن و گروپە سیاسیەكانی تری كوردستان وەكو حزبی زەحمەتكێشان، پارتی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان، پارتە ئیسلامیەكان، دەیان رێكخراوەی سیاسی تر كە بەرژەوەندیان لە ریفۆرمی دەسەڵاتی سیاسیدایە .
2. رێكخراوە جەماوەریەكان و مەدەنیەكان هەرچەند كەمن بەڵام ناوەندی بە هێزن كە لەوێوە دەتوانرێت گوڕ بە جەماوەر بدرێت بۆ فشار خستنە سەر دەسەلاتی گەندەڵ
3. كەسایەتی نیشتمان پەروەرو جەماوەری
4. كەسانی چالاك و پاكی ناوەوەو دەرەوەی وڵات
5. پارت و نوێنەرانی كەمایەتیە نەتەوەییەكان
6. ئاراستە كردنی مێدیای ئازادو ناوەندەكانی چالاك لە بواری رەخنەگرتن لە دەسەڵات بۆ نموونە گۆڤاری لڤین هاوڵاتی كوردستانپۆست-وڵات - ناوەندی چاك....هتد
دەسەڵاتی كوردیش خۆی بەدوای ئەڵتەرنەتیڤی تردا دەگەرێـت كە بەناوی ریفۆرمەوە خەڵك چەواشە بكەن چونكە ترسی دەسەڵاتی كوردی لە ئەگەری ریفۆرم زۆرەو لە هەندێك لەو بۆچونانەشدا نەمانی خۆیانی تیادا دەبینن، بۆیە هەوڵ دەدەن بەهەموو جۆرێك بەرهەلستی هەر هەوڵو تەقەڵایەك بكەن كە بۆنی ریفۆرمخوازی لێ بێت بەڵام مێژوو بەرەو پێشەوە دەروات و هەڵەی كوشندەیە ئەوەیە ئەوەی هەوڵی گۆڕانی لەگەڵ نادات و لەگەڵیدا تازە نابێتەوە یان تەجرەبە لە شانۆگەریەكانی وەرناگرێت ...
دواهەمین گەمەی ریفۆرمی یه‌کێتی نیشتمانی جیاكردنەوەی سیستەمی بەرێوەبردن و حزبە، ئەوەیان بە تەواوی چەواشە كردنی خەڵكە چونكە میكانیزمی ئەو جیاكردنەوەیە نە جەلال تاڵەبانی دەزانێت چۆن دەبێت و نە كاك نەوشیروان، هەر لەبەر ئەوەشە وردەكاری ئەو كارە نابێتە مەوزوعی باس و هەموو لایەك خۆیانی لە قەرە نادەن، لە راستیشدا میكانیزمێكی لەو جۆرە سەختە لە ماوەیەكی زۆر دورو درێژدا دەتوانرێت بخرێتە خانەی پراكتیكەوە ئەویش بەمەرجی بنەماڵەی بارزانی بەوە رازی بن، بە تایبەتی لە كوردستاندا سیستەمی دەسەڵات حزبایەتیە، دوو میلیشیا دەستیان بەسەر رەوتی سیاسی و ئابوری و بازارو بازرگانیدا كێشاوە، لە دەرەوەی ئەوان هیچ كارێك ئەنجام نادرێت، پارتەكانی تری ناو پرۆژەی سیاسی رۆڵیان نیە چونكە هیچ یاسایەك لە گورزی پارتی و یه‌کێتی نایانپارێزێت، پەرلەمان ئەنجومەنی فتوا سەپاندنی بنەماڵەكانە، حزب خاوەنی هەموو شتێكە .....بازرگانی كەل و پەل و كاڵا، زەوی و زار، پرۆژەكانی وەبەرهێنان، دوكان و سوپەرماركێتی خواردن و جلوبەرگ، بەنزینخانەو خانەكانی تر، تۆرەكانی ئینتەرنێت و تەلیفۆن، وەزاتە گەندەڵە نەزۆكەكان، پەرلەمانی ئیفلیج، بانك و سیستەمی فاینانس، قۆنتەرات و تەندەرو پرۆژەكانی ئاوەدانی و.....هتد.
حزب لە مەولدەیەكی كارەبای گەرەكەوە تا كۆمپانیای نۆكان و ئاسیا سێڵ و كۆرەك و كۆمپانیاكانی زاگرۆس و شەرق ئەلئەوسەت فرۆكەخانەكان و كۆمپانیای 77 و پرۆژەكانی وەبەرهێنان و قاچاخی نەوت هاوبەشە، حزب سەرمایەیەكی بێ شومار بڵاو دەكاتەوە بۆ پەروەردە كردنی جاسوسی حزبی و موریدی حزبی و دەروێشی حزبی و لەوانەش تازەتر مۆدێلی حزبی جاسوس، حزب بوە بە وەسیلە بۆ گەشتن بە گەندەڵی و دزی و بەرژەوەندی... لە سەرێكی ترەوە لە رێزەكانی یه‌کێتی و پارتیدا زیاتر لە 2000 موستەشارو كۆنە جاش و دەیان هەزار كۆنە بەعسی و مەلەفچی دەست بەكارن زۆریان لە ئاستی پۆستی باڵادا كاربەدەستن ...لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات ئایا لە هیچ وڵاتێكدا خەڵكی خۆفرۆش كە تا سەر ئێسقان خەیانەتی بە گەلەكەی خۆی كردبێت دەتوانێت ئەورۆ ببێتە سەرەمەشقی ئازادی و بەختەوەری بۆ هەمان گەل ؟!!!....
لەوەتەی ئەگەری جیا كردنەوەی سیستەمی ئیداری لەگۆڕ دایە مەڵبەندو رێكخراوەكانی یه‌کێتی لە ئێستەوە كەوتونەتە گەران بە دوای خەڵكێكدا كە بە رواڵەت یه‌کێتی نیە بەڵام گوێ لەمشتەو لە قسەی ئەوان دەرناچێت، ئەوەش كارێكی ترسناكە بۆ قۆناخەكانی دوای ئەو جیا كردنەوەیە، لە راستیشدا جیاوازی لە نێوان یه‌کێتیەكی ریفۆرمخوازو یه‌کێتیەكی گەندەڵ مەگەر هەر كاك نەوشیروان و مام جەلال بیزانن .... زۆرگەلێك لەوانەی كە لافی باڵی ریفۆرم لێ دەدەن لە راستیدا كەمتر گەندەڵ نین لەوانەی كە گەورەترین شانازی بە خەتی تاڵەبانیەوە دەكەن، خەڵكێكی زۆریش خۆی بە هەردوو لا هەڵواسیوە چاوەروانی ئەوە دەكات بارەكە بە لای یەكێكدا بكەوێت و (ئەو لەگەڵ سەركەوتوە) ...
پارتی دیموكراتی كوردستان هەرچەند هەوڵ دەدات كە نالەباری ناوەوەی پارتی بپارێزێت و شانازی بەوەوە دەكات كە لە ناوەوەی پارتیدا هیچ كێشەیەك نیە بەڵام لە راستیدا وا نیە، ئەوەندە هەیە جیاوازی قەیرانەكانی یه‌کێتی و پارتی لەوەدایە قەیرانەكانی یه‌کێتی لە سەرەوە دەست پێ دەكات، واتە لە سەركردایەتیەوە بەرەو كۆمیتەو مەڵبەندەكان و لەوانیشەوە بۆ لایەنگرو جەماوەری یه‌کێتی شۆر دەبێتەوە .. بەڵام قەیرانەكانی پارتی لە رێزەكانی خوارەوە دەست پێ دەكات لە سەر ئاستی ناوچەو لقەكانی پارتیدا كێشەی زۆر هەیە كە لە ئاستێكی تایبەتی و زەمینەیەكی دیاریكراودا ئەو كێشانە بەرەو تەقینەوە دەچن، لەسەر ئاستی سەركردایەتی پارتیدا كێشەی دوو ئامۆزاكەش رۆژ بە رۆژ بەرەو قوڵ بوونەوە دەچێت ... سەركردایەتی پارتیش هەر ئەوەندەیە .... نە مەكتەبی سیاسی و نە لێژنەی مەركەزی پارتی نە قەت خاوەنی قەراری سیاسی بوەو نە توانای ئەوەی هەیە لە بچوكترین پرۆژەی سیاسیدا سەربەخۆیی هەبێت، بەڵكو هەموو قەرارێكی پارتی لە بنەماڵەوە دەردەچێت (دەسەڵاتی سێبەر تاوو توێی دەكاتەوە) .. پارتی وەكو حزب تەنها ئەركی دەسەڵاتی تەنفیزی پارتی یان پۆلیسی پاسەوانی دەرباری بنەماڵەی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەوانیش واتە فیگورەكانی پارتی ... پارتی بە سەرچاوەیەكی باشی پارەو دەسەڵات دەزانن ئەوەش بۆ ئەوان بەسە ... ئەوەتە فازل میرانی بە راشكاوی دەڵێت كە لە سایەی بنەماڵەی بارزانیەوە ئەو لە پێ پەتیەكی شەنگارەوە گەشتە گەورەترین پۆستی دەسەڵات .
لەوە بەولاوە سەركردەكانی پارتی تەنها ئەو كاتە رۆڵیان دەردەكەوێت كە بە ناوی پارتیەوە داڵدەو بەرگری لە هەڵەكانی ماڵی بارزانی بكەن ...خاوەنی هیچ بنەمایەكی ئایدیۆلۆژی نین جگە لەوەی كە هەمیشە ئەوە دوبارە دەكەنەوە كە ئەوان دلسۆزی رێبازو فەلسەفەی بارزانین ئەو رێبازو فەلسەفەیەی كە تەنها ئەوان بینیویانەو خۆیانیان پێ پەروەردە كردوە، یان ئەو مەدرەسەیە ئەوەیە لە تیایدا لە چایچیەكی (موریدو دەستەمۆوە) بگەیتە گەورەترین پۆستی حزب، ئەوەش كە پارتیەكی دلسۆز بێت لە ماوەی چل ساڵدا لە ئەندام لقێك یان ئەندام ناوچەیەك تێپەر ناكات ...
پارتی گەورەترین چەكی ئایدیۆلۆژی رازی كردنی خەڵكی خۆیەتی بە پارەو پارچە زەوی و پۆستی زەرد بەڵام ئەو مۆدێلە لە راددە بەدەر كۆنەو لەگەل خواستی هیچ سیستەمێكی تازەو مۆدێرندا یەكناگرێتەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەكیش دەسەڵاتی پارتی درێژ بكاتەوە ئەوا لە كۆتایدا بێ ئەنجام و بەتاڵە،
پارتی دیموكراتی كوردستان بەو سیاسەتەی ئەورۆی بەرەو هەڵدێر دەچێت، لەوەش ئالۆز تر هەر كارێكی ریفۆرمخوازی نە لە لایەن پارتیەوە نە لە لایەن كەسانی ترەوە لە بەرژەوەندی پارتیدا نیە چونكە پێكهاتەی دەسەڵاتی پارتی شایەنی ریفۆرم نیە یان هەر هەوڵێكی ریفۆرمیستی بە بارتەقای خۆی لە هەیبەت و دەسەڵاتی پارتی كەم دەكاتەوە، بەڵام ریفۆرمی سیستەمی سیاسی كارێكی سوبێكتیڤە لە ئەنجامی قەیرانی بەریوەبردنەوە خۆی دەسەپێنێ نەك خواست و ئارەزووی كورسی سوارەكان ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە