رۆڵی كوردستانپۆست لە پرۆسەی گۆراندا(بەشی دوهەم)
Friday, 29/05/2009, 12:00
كوردستانپۆست و دەسەڵات: داهێنانی چاپەمەنی لە لایەن (یۆحەننا گۆتنبەرگ) ەوە لە ناوەڕاستەكانی سەدەی پانزەهەمدا شەقڵــێكی فراوانی بە ماس مێدیا _ دا , چاپەمەنی و ڕاگەیاندن و كەرەسەكانی مێدیا زیاترو زیاتر بڵاو بوەوە و چاپەمەنی و راگەیاندن بو بە زمانی فەرمی نەك هەر بواری سیاسی بەڵكو بوارە جۆراو جۆرەكانی كۆمەڵایەتی و ئابوری و رەوشەنبیری و هتد....
لەو سەردەمەشەوە میدیا بوە بە سەرچاوەیەكی بەهێز بو ڕەخنەو شێ كردنەوەی ڕوداوەكان و زمانی گفتوگۆ لە ناوبەینی جەماوەرو دەسەڵاتدا یان لە ناوبەینی گڕوپ و دەسگا سیاسیەكان و سەندیكاو ڕێكخراوەی فۆڕمالـَیدا , هەمیشە كێشەی میدیاو دەسەڵاتیش بەو شێوەیە دابەش بوە ... یەكەم هەمیشە مێدیای زەردو مێدیای ئازاد هەبوە كە یەكەمیان لە خزمەتی دەسەڵات و دوهەمیان لە بەرەی دژی دەسەڵاتدا بوە , یەكەمیان میدیای دەسەڵات بوەو دوەمیان هەوڵــی سەپاندنی دەسەڵاتی میدیای داوە , یەكەمیان هەوڵی پیرۆز كردن و بێ هاوتا كردنی دەسەڵاتی داوە ...دوهەمیان هەوڵی وریا كردنەوەی جەماوەر و ئاگادار كۆدنەوەی لە كارە نابوتەكانی دەسەڵات , لەگەڵ بڵاو بونەوەی دەسەڵاتی دیموكراسی لە وڵاتانی دیموكراسیدا دەسەڵاتی میدیا بەو بارتەقایە توانیویەتی ببێتە گەرەنتی پارسەنگی دادپەروەری و مافە سەرەتاو بنچینەیەكانی هاوڵاتی , چونكە لە راستیدا چەندە چەمكی دیموكراسی لە هەڵكشان دابێت ئەوەندەش مێدیا لە راستیدا رۆڵی دەسەڵاتی چوارەم دەبینێت ( Fourth Estate) واتە دوای دەسەڵاتی تەنفیزی و تەشریعی و قەزایی دەسەڵاتی مێدیایە كە ئەركی چاودێری كردن و هەلسەنگاندنی بواری پراكتیكی دەسەڵاتەكانی تر دەگرێتە ئەستۆ , بێ گومان ئەوە لە كۆمەلگای مۆدێرن و دیموكراسیدا لە وڵاتی ئیمەدا یاساكان و مێدیاو مرۆڤەكانیش كۆیلەن جا یان كۆیلەی دۆگمای سیاسی و دینی كۆنەپەرست یان كۆیلەی بنەماڵەو تیرەو خێل و بتەكان . دەستەواژەی دەسەڵاتی چوارەم یەكەم جار لە كۆتایی سەدەی هەژدە لە لایەن (Edmund Burke) هاتە ئاراوە.....
دەسەڵاتی ڕۆژهەلات كە كوردستانیش دەگرێتەوە بەردەوام هەوڵی ئەویان داوە كە ئەو سەرچاوەیە واتە مێدیای ئازاد خەفە بكەن تەنانەت یاساخی بكەن , چونكە ئەوە ئاشكرایە كە هەموو دەسەڵاتێكی گەندەڵ و دكتاتۆر هەوڵ دەدات گەندەڵیەكانی خۆی لە جەماوەر بشارێتەوە ... بە پێچەوانەوە گەندەڵــیەكانی بكات بە پیرۆزی , بۆ ئەوەش دەسەڵات هەوڵ دەدات كۆیلەی (قەڵەم بەدەست) پەروەردە بكات و لە ڕێگەی ئەوانەوە مێژوی زەرد و درەخشان بۆ خۆیان و دەسەڵاتەكەیان بخوڵقێنن , بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەن هەموو دەنگێكی ئازاد و ئازا بخەنە ژێر فشارو ئەگەر ئەوەش دادی نەدان ئەوا پڕوپاگەندەی هەرزان و میتافۆری جوراو جۆری نایاسایی بێ بنەما دەخەنە پاڵ نەیارانی خۆیان و هەوڵ دەدەن بە بێ ناوەرۆك و پوچەڵ ڕێكڵامی بكەن ...
ئەوە بە تەواوی بەسەر كوردستان پۆست و دەسەڵاتدا دەسەپێ , چونكە دەسەڵات بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات ئەو سەرچاوەیە كپ بكاتەوە و لە ناوەرۆكە جەماوەریەكەی دوری بخاتەوە , بۆ ئەو مەبەستەش بە دەیان جار هەوڵی جۆراو جۆر دراوە , یان ناوو ناتۆرەی نا بەجێی دور لە كەمترین موِراڵـــــی سیاسی لە زمانی بەرپرسی پایەبەرزەوە دراوەتە پاڵ , ئەوە ئاساییە و لە تەواوی دونیادا ئەو جۆرە كێشانە هەیە , لەگەڵ ئەوەشدا كە كوردستانپۆست هەر سایتی ئەلیكترۆنی و دەسگایەكی راگەیاندن نیەو بەس بەڵكو كوردستانپۆست یەكەم هەوڵ بوو بۆ شێ كردنەوەی رووداوەكان و هەڵسەنگاندنیان بۆ جەماوەری كوردستان , چونكە لە كوردستان سێ جۆر مێدیا بەرچاو دەكەوێت , مێدیای حزبی (پارتی و یەكیەتی) كە هەوڵی ئەوە دەدەن رێكڵامی دەسەڵاتی خۆیان بە جەماوەر بگەیەنن , مێدیای حزبی جگە لە پارتی و یەكیەتی كە لە راستیدا سنوردارن و ناتوانن بە لای شتە (بڤە) كاندا برۆن , میدیای نا حزبی كە ئەوانیش لەگەڵ هەوڵی زۆریاندا بە قۆناخێكی ترسناكدا هەنگاو دەنێن و لە ژێر فشاری دەسەڵاتی حزبایەتی كۆیلەئامێزدان , تەنانەت تا ئەورۆ ئەو نوسەرو رۆژنامەنوس و تەنانەت هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر ئەو مینبەری ئازادی كوردستانپۆست بۆ گازندەو گلەیی و دەربرینی نارەزایی لە چەواشەكاریەكان و زیادەرەویەكانی دەسەڵات و دامەزراوەكانی , كوردستانپۆستیش ئەگەر لە هەندەران و لە سێبەری یاسایی وڵاتی یاسادا نەبا ئەوا چارەنوسی وەكو چارەنوسی لڤین و هاوڵاتی دەبوو لەسەر نوسینی راستیەك لە دەستگایەكەوە بۆ دەستگایەكی تر داوا دەكران و سزا دەدراو بە ناوی یاسای خێڵەكانەوە سوكایەتی پێ دەكرا , نوسەرە شۆرشگێرەكانی وەكو سۆرانی مامە حەمە یان ئاوێزانی گوللەی تاوان دەكران یان وەكو دەیان نوسەری دی لە لایەن دەسگا داپڵۆسەرەكانەوە توشی چەرمەسەری دەبوون...ئەوە كارێكی ئاساییە چونكە بەرەی جەماوەر لە هەموو سیستەمێكی نا دیموكراسیدا یاساخەو تۆمەتی دەخرێتە پاڵ , وە ناوەرۆكی دەسەڵاتی خۆكرد لە كوردستاندا لەو شێوەیەیە كە شمولی رەخنە ناكات , نوێنەرانی ئەو دەسەڵاتە بە جۆرێك راهاتون كە تەنها فەرمان دەر بكەن جا یان فەرمانی مەرگ یان فەرمانی نەوازش ...نەوازش بۆ ئەوانەی كە كۆیلەییان هەڵبژاردوەو مەرگ بۆ ئەوانە كە كە بە نەوازش و پلەو پایەی ئەوان هەڵوێستیان لەورزۆك نابێت.....
مێدیای كوردستان بە گشتی و كوردستانپۆست رۆڵێكی مێژوویبی پڕ شكۆیان تۆمار كرد نەك هەر لە دەربڕینی دەنگی نارەزایی و رەخنە لە دەسەڵات بەڵكو لە فۆڕم كردنی ئۆپوزیسیۆنی سیاسی لە كوردستاندا , وە ئەو بۆشاییە سیاسیەیان پڕ كردەوە كە دەبوو ئۆپۆزیسیۆن پڕی بكاتەوە , رۆڵی نوسەرە شۆرشگێرو قەڵەمە ئازاكان لە ماوەی 1992 تا ئەورۆ لە راستیدا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بوە ... واتە میدیا رۆلی ئۆپوزیسیۆنی گێراوە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا وە رێخۆشكەر بوە بۆ لە دایك بوونی ئۆپۆزیسیۆن و پێگەیاندی . ئەوە راستیەكی بەڵگە نەویستە ... ئەوە رۆڵی سروشتی مێدیا نیە بەڵام رەوتی مێژوو گۆرانی ئەوتۆ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت كە تەكتیكی تازە دەخوازێت بۆ یەكاڵا كردنەوەی كێشەكان.
لە كوردستان ئۆپۆزیسیۆن نەبوە ئەورۆش نیە , بە مانای زانستی , نەبوونی ئۆپۆزیسیۆن كەلێنێكی فراوانی دروست كردوە لە پرۆژەی سیاسیدا , وە ئەو بۆشاییە هەلێكی گەورەی خوڵقاندوە بۆ گەندەڵی و زێدەڕەوی و چەواشەكاری لە لوتكەی دەسەڵاتەوە تا بنكەی دەسەڵات , مەبەست لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەیە كە هەڵگری پرۆگرامێكی سیاسیەو ئامانجی سیاسی خۆی بە راشكاوی و شەفاف رادەگەیەنێت وە دەكەوێتە ڕەخنەو هەوڵ دان بۆ چارەسەری ئەو خاڵانە كە جێگەی نارەزایی خەڵكە, لە هەمان كاتدا شێ كردنەوەو دۆزینەوەی ئەو فاكتەرانە كە رێگرە لە گۆڕان و بەرەو پێش چوون و گەشە كردن لە هەموو بوارەكانی ژیاندا , نە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ترسناكە بۆ لەدایك بوونی حزبی دكتاتۆر_ كەسایەتی دكتاتۆر _كولتوری دكتاتۆر_دەسەڵاتی دكتاتۆر ... ئەوەش ئەورۆ لە كوردستانی باشوردا بە تەواوی دەبیندرێت , ئەو جمو جۆڵەش كە هەیە لە لایەن گروپ و كەسایەتی و دەستەوە بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن لە راستیدا قاڵبی ئۆپۆزیسیۆنی بەسەردا ناسەپێت وە نە كەسایەتی كاریزمی وەك هێندێك كەس بە كاری دەهێنن نە ئایدیۆلۆژیای كاریزمی نیە كە كرابێتە چوارچێوە بۆ گۆران لەگۆردا نیە , ئەگەر مەبەست نەوشیروان و كۆمپانیای وشە بێت ئەوە بەشێكە لە یەكیەتی نیشتمانی و پەروەردەی ئەو قوتابخانەیەیە وە تا ئەورۆی ئاسایی پرۆگرامێكی پێ نیە كە وڵامی هەموو ئەو گۆرانانە بداتەوە كە دەكرێت پێشنیار بكرێت بۆ وەرچەرخانێكی چەندێتی و چۆنایەتی لە كوردستاندا , ئەوە لە لایەك و لە لای دوەمەوە بەرێز نەوشیروان نەیتوانیوە هەوڵ بدات بۆ كۆ كردنەوەی هەموو ئەو جەمسەرانە كە دەكرێت بكرێن بە كەرەسەیەكی پتەو و بەهێز بۆ گۆران و رەوتی گۆران , ئەوانەی ئەورۆ لە كوردستاندا داوای گۆران دەكەن هەر ئەوانە نین كە لە سیاسەتی جەلال تاڵەبانی و سەرۆك بارزانی هەڵگەڕابنەوە یان تۆرابن یان خۆیان بە بەشخوراو بزانن بەڵكو توێژێكی فراوان لە جەماوەری كوردستان لە دەرەوەو ناوەوەی كوردستان لە هەوڵەدان و جیۆ پۆلیتی ناوچەكەو دونیاش گۆرانێك دەخوازێ بە تایبەتی كە ئەورۆ بە هۆی گرنگی پێگەی ئابوری كوردستان وەكو بازاری كاڵا لە لایەكەوەو نەوتی خام لە لای دوهەمەوە دەتوانرێت وەرچەرخانێكی ستراتیژی لە سیاسەتی دەوڵەتانی زلهێزدا بخوڵقێندرێت لە بەرژەوەندی بزاڤی كورد_دا...
بەرەی چواریەكە لە راستیدا هیچ داوا ناكەن لە دەسەڵات ئەوان زیاتر باسی ژمارەی كورسیەكان دەكەن , ئەوانیش جگە لە زەحمەت كێشان كە تا راددەیەك خاوەنی هەڵوێستێكی دیارە دەنا نە سۆشیالیست و نە نە ئیسلامیەكا (نە باسی ریفۆرم دەكەن نە چاكسازو پاكسازن و نە هیچ گۆرانێك دەخوازن .... چونكە ئەوان خۆیان بەشێكن لە گەندەڵی و بگرە بەرهەمی خەیانەتەكانی ناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردن وە دەزانن كە دۆخی دیموكراسی و ئازادی وشەو دادپەروەری ئەوان وەكو پارتەكانی تری دەسەڵات و زیاتریش دەخاتە خانەی روو بە روو بونەوەی كۆمەڵێ پرسیار كە وەڵام دانەوەی بۆ ئەوان و بە تایبەتی بۆ ئیسلامیەكان ئەستەنگە , هەر ئەو دۆخی دیموكراسیەتە كە گۆڕان لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت بە شێوەیەكی سروشتی بواری زۆر لەو پارت و رێكخراوانە بە جۆرێك تەسك دەكاتەوە كە یان دەبێت دەست بەرداری هەندێ پرینسیپی سەرەكی بن یان دەبێت شمشێرەكانیان ئامادە بكەن بۆ جیهاد ئەوە كفر نیە ئەوە راستیەكی بەڵگە نەویستە .. وە گۆڕان ئاوات و خواستی ئەم و ئەو نیە بەڵكو پیویستیەكی بابەتیە , نوێ بونەوەی كۆمەڵگایە بە سەرخان و ژێرخانیەوە , وێستگەكەی لەوێوە دەست پێ دەكات لەو شوێنەوە كە ئیتر مێتۆدە كۆنەكان ناتوانن وڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە كە قۆناخی مێژوی سەردەم لەگەڵ خۆیدا دەیانهێنێت...
وە تا ئەورۆی ئاسایی رۆڵی مێدیای ئازاد لە گەڵالە كردنی دەنگی ئۆپوزیسیۆن و دروست كردنی بەرەی جەماوەردا لەو پەری گەشەدایە وە هەر دەنگێك و هەوڵێكی گۆران لە كوردستاندا بێ هاوكاری كردن و گشتگیری جەمسەرە كانی دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵ تەنها هۆیەكە بۆ دەستەبەر كردنی پلەو پایەو پاوانە كردنی بواری دەسەڵات , ئێمە لە رێگەی كوردستان پۆستەوە چەندین جار ئەوەمان دوبارە كردوەتەوە كە گۆران لە كوردستاندا دەتوانێت گەورەترین سەركەوتن بەدەست بهێنێت ئەگەر ستراتیژیەتی دروست و میكانیزم و تاكتیكی گونجاوی بۆ دابڕێژرێت .
بهشی یهکهم
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست