شیزەفرینیای بنەماڵەكان - بەشی یەكەم.
Thursday, 12/03/2009, 12:00
بێ دەنگی یان مانای رەزامەندیە یان مانای تێنەگەشتنە ...لنین
كەواتە دەبێ بێ دەنگی ئەو خەڵكەی كوردستان چی بێت ئایا لە هەموو شتێك رازیەو بە هەموو شتێك رازیە ؟ ئایا بێ خزمەتگوزاری .. بێ یاسایی .. بێ دەسەڵاتی لە بەرامبەر دەسەڵاتی مافیا ئاسای بنەماڵەكان .. دزی و گەندەڵی و دامەن پیسی بەرپرس و مەلەفچی و سەركردە خۆكردەكان و كاسەلێسەكانی بنەماڵەو موستەشارو كۆنەجاشەكان هیچ كێشەی نیەو ئامادەیە شان بۆ ئەو هەموو سوكایەتیە دانەوێنێ ؟؟! ئەو گەلەی كە بە ئازایەتی و شورشگیریی ناسراوە .. ئەو گەلەی كە سەرسەختترین دوژمن نەیتوانیوە سەری پێ شۆر بكات ... ئەو گەلەی بە ملیۆنەها رۆلەی كردوەتە قوربانی ئازادی.. بۆ ئەورۆ سوكایەتی پێ دەكرێت و سەروەت و سامانی دەكرێتە شاباشی شەوە سەوزەكانی دیوەخان و كۆشكی خاوەنشكۆ...ئایا ئەوانەی كە رۆژانی شاخ بەڵێنی ئازادی و نان و وەفایان پێ دەداین بۆ وئەورۆ دەمیان ناوەتە خوێنمان ...بۆ ئەورۆ سیماو روخساری رژێمێكی دكتاتوریمان نیشان دەدەن؟!
نا.... بێ دەنگی جەماوەری كوردستان رازی بوون نیە چونكە دەنگی نارەزایی لە هەموو كەسێكدا هەیە خەلكی كوردستان بیزارە لە چەواشەكاری لە نادادپەروەری , هەلسوكەوتی بتەكانی دەسەڵات , ئەو سیاسیانەی كە تەنها دژی خەڵك سیاسین , مۆراڵی سیاسی و رەوشەنبیری سیاسی و كولتوری سیاسەت بە لای ئەوانەوە نامۆیە , سیاسیەكانی ئەشكەوت هەوڵ دەدەن شار بەریوەبەرن بە مێنتالیتێتی ئەشكەوت , بۆیە لەبەردەم چارەسەری كێشەكاندا دەستەوەستانن ...ئەوەش ئەگەر بتوانم ناوی بنێم شیزەفرینیای دەسەڵات وا بزانم پڕ بە پێستە ... تیرۆر كردنی خەڵكی رەوشەنبیرو نیشتمان پەروەر ...مامۆستا ئەمین .. محمدی حەللاق..ستار تاهر..سۆرانی مامە حەمە و سەدانی تر ... .. بە گژداچونی دەنگی ئازاد... كوردستان پۆست ...هاوڵاتی ..لڤین .. دزی و جەردەیی بێ سنور .. خۆ تەسلیم كردن و مامەڵە كردن بە ستراتیژی نەتەوەیی ... گوێ ئاخنین لە ئاست خواستەكانی جەماوەر ...لە كۆتاییدا درۆكردن لەگەڵ مێژوو ..درۆكردن لەگەڵ خود..درۆكردن لەگەڵ خەڵك!!!!
لیرەدا پرسیارگەلێك سەر هەڵدەدات ....
ئایا سەرۆك سەرۆكی كێیە؟!
ئایا پەرلەمان پەرلەمانی كێیە؟!
ئایا حزب حزبی كێیە ؟!
ئایا حكومەت حكومەتی كێیە؟!
ئایا دەسەڵات دەسەڵاتی كێیە؟!
من وەكو ئەندامێكی كۆمەڵگا وەڵامەكانم لەو چەند دێرەدا دیارە وە بە راشكاوی ئەوە دەڵێم كە هەموو ئەوانە مڵكی تایبەتن و ماڵی جەماوەر نین , پشكی زۆرایەتی خەڵك نین ... هەموو ئەو دەسگایانە لە لایەن فیگورەكانی دەسەڵاتی سێبەرەوە قورمیش دەكرێت .. ئەوان خاوەن قەرارن ...ئەوان لە روانگەی بەرژەوەندی و بازرگانی خۆیانەوە ئاڕاستەی سیاسەتی هەرێم دەگۆڕن , بەڵام دەبێ وڵامی هەر كەسێكی كوردستان بۆ ئەو چەند پرسیارە چی بێت ؟! وا بزانم ئەوەی لە روانگەی ویژدان و ئەخلاقەوە وڵام بداتەوە دەبێت هەمان وڵامی هەبێت یان بە لانی كەمەوە لە بیرو بۆچوندا نزیك بین ..
دودرۆ ویلسون (1856-1924) كە یەكێك بوو لە قوتابیەكانی فەلسەفەی كانت وە سەرۆكی 28 هەمی ئەمریكا بوو دەڵێ (سیستەمی تازەی جیهان وامان لێ دەكات خوێندنەوەی تازەمان هەبێت بو روداوەكان , بو هەڵسەنگاندنی شتەكان لەبەردەم كۆمەلێك پرسیاردا دەوەستینەوە لەوانە:- ئایا ئەوە رەوایە؟! ئایا ئەوە باشە؟! ئایا ئەوە هەقە ؟! ئایا ئەوە لەبەرژەوەندی گشتە؟؟!!
زۆربەی رەوشەنبیرەكان لە ئەرەستۆوە تا ئەمانۆیڵ كانت جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە سیاسەت و ئەخلاق دوو شتی ئۆرگانین و پەیوەندیان بەسەر یەكتریەوە دانەبراوە ..بە مەرجی هەمیشە دەبێت ئەخلاق لەو هاوكێشەیەدا لە سەروی سیاسەتەوە باڵا دەست بێت ..ئەخلاق بێ سیایەت تابلۆیەكی ئوتۆپی ئایدیالیستی دەداتە دەست كە ناتوانرێت رەوتی كۆمەڵگا بگۆڕێت ...لە كاتێكدا سیاسەت بێ ئەخلاق ناوەندێكی بە پێزە بۆ بنیات نانی كەسایەتی نزم و دیماگوًگ , ئەو كەسایەتیانە ئەورۆ لە وڵاتی ئیمەدا ژمارەیان كەم نیە.....
...................................................
لە دوای هەرەسی 1975 و زەمینەی لەدایك بوونی پارتێكی پێشرەو كە بتوانێت سەركردایەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بكات پێویستیەكی هەنوكەیی بوو بە تایبەتی ساڵانی هەشتاو تا نەوەدەكانی چەرخی بووری بۆشایی سیاسی و درزی واڵا لە هەیكەلی بزاڤی نەتەوەكەماندا دروست بوو كە لە ئاستی بیرو تیۆریای دەسەڵاتی خێڵەكیدا نەتوانرا كەمترین چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە , بەڵكو بە پێچەوانەوە بە تێكرا بزوتنەوەكە بەرەو قەیرانێكی تازە ئاراستە بوو , سەركردایەتی كورد هەمیشە پاشكۆی روداوەكان بوە .. خوێندنەوەی بۆ پێشهاتەكان لەو ئاستەدا نەبوە كە شیكاری مەوزوعی و لۆژیكی بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە .. بۆیە تەسلیم بوون لەبەردەم دوژمندا هەمیشەو هەردەم یەكێك بوە لە ئەڵتەرنەتیڤی خۆ دەربازكردن و راكردن بێ گوێ دانە چارەنوسی خەڵك و بەرژەوندی نەتەوەیی ,لە پێش راپەرین و لە كاتی راپەرین و لە دوای راپەرین هیچ یەكێك لە پارتە سیاسیەكانی سەر گۆرەپانی خەبات بەرنامەیەكی تۆكمەو دیاریان نەبوو بۆ هەلسوكەوت لەگەڵ وەرچەرخانی بارودۆخی كوردستان و خاوەرمیانە , تەنانەت ئەو سەردەمەی كە راپەرینی پیرۆز لە شارەكاندا لەسەر دەستی جەماوەری ستەمدیدەی كوردستان هەڵگیرسا نە یەكیەتی و نە ماڵی بارزانی و نە هیچ یەكێك لە پارتەكانی ئەو كاتی گۆرەپانەكە كەمترین ئامادەگیان نەبوو كە بتوانن سەركردایەتی جەماوەری راپەریوو تورە بكەن بو رێكخستنی جەماوەر و دەستەبەركردنی ستراتیژو تاكتیكی شوّرش , لەگەڵ تێپەربوونی كاتدا راستیەكان زیاتر روون و ئاشكرا دەبنەوە بۆ خەڵك , زۆربەی سەركردەی تاقمەكان ئەورۆ دان بەوە دادەنێن كە بۆ نموونە هەڵەیەكی گەورەیان كرد لە كاتی راپەریندا بو چارەسەركردنی كێشەی كەركوك ئەوەش تاكە هەڵە نەبوو , لەگەڵ ئەوەشدا كە هەر یەكێ لە لایەنەكانی دەسەڵات ئەورۆ هەوڵ دەدات كە ئەوە بۆ جەماوەر بسەلمێنێت كە ئەو ڕاپەرینی كرد , ئەو خاوەنی سەروەری راپەرینە... ئەو پێشەنگ و خۆ بەخت كەر بوە بۆ رۆژانی راپەرین ...ئەو ئەندازیاری هەموو دەستكەوتەكانە ... مێژوو لەوەوە دەست پێ دەكات ... هەمووشمان دەزانین ئەگەر جیۆ پۆلیتیكی ناوچەكە و سیاسەتی وڵاتە یەكگرتوەكان نەبا تا ئەورۆش ئەو پاڵەوانانە قاوەخانەكانی تاران و ئەنقەرەو دیمەشقیان گەرم دەكرد .........
ئەوەش كارێكی ئاساییە چونكە خەسڵەتی رژیم یان كەسایەتی دكتاتور وایە هەمیشە هەوڵ دەدات مێشكی خەڵك بشواتەوە بۆ ئەوەی داستانە مەزنەكانی خۆی لەسەر تۆمار بكات , كەسایەتی سووك پەروەردە بكەن بۆ ئەوەی لەبەردەم خەڵكدا بەرگری لە چەواشەكاریەكانیان بكەن , هەمیشە هەوڵ دەدەن كە كون و كەلەبەرەكانی مێژوو بە كارە ناشیرنەكانی خۆیان برازێننەوە , هەمیشە پاساو بۆ هەڵەكانی خۆیان دەدۆزنەوە لە هەڵەو شكەستیەكانیاندا ئۆباڵەكەی دەخەنە ئەستۆی جەماوەر .. چونكە بە لای ئەوانەوە رەخنە لە خۆ گرتن نەنگە , هەمیشە هەوڵ دەدەن سەنگی قوربانیەكانی خەڵك بشكێنن چونكە بە لای ئەوانەوە تەنها ئەوان پیرۆزن , دەسەڵات پیرۆزە ...خەڵك بە دژی خۆیان دەزانن , سایكۆلۆژیای پارانۆی و شیزەفرینی باڵ بەسەر عەقلیاندا دەكێشێت , هەر بۆیەش تا ئەورۆ دەیان بەرپرسی كارتۆنی هەوڵی ئەوەی داوە كە سوكایەتی بە قوربانیەكانی هەڵەبجەو لێشاوەكەی ئەنفالەوە بكات .... بەڵام ئەوە هەموو پێچەوانەی رەوتی دیالێكتیكی مێژوو قۆناخەكانی مێژوە بۆیە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش جەماوەری پێ بخەڵــەتێ ...نەتیجەكەی بۆش و بەتاڵە...دكتاتۆرەكان هەرچۆن بژین كۆتاییان فەنا بوونە!!
ئەو دەسەڵاتەی ئەورۆ لە كوردستانی باشوردا رەهایە نە دەسەڵاتی جەماوەرە نە بە خواست و ویستی جەماوەر هاتۆتە گۆڕ نە لەگەڵ فەلسەفەی سیاسی و مۆراڵی سیاسیدا یەكدەگرێتەوە بەڵكو بەتەواوی پیچەوانەكەی راستە.. یان بە دەستەواژەیەكی تر بریتیە لە دەسەلاتێكی نیمچە میلیشیای خێڵەكی نەفام و تەسلیم بوو , تەسلیم بوون بە رەهەندی رووداوەكان لەسەر وێری خەلكی كوردستان و بەرژەوەندی نەتەوەیی , تەسلیم بوون لە پێناوی بەرژەوەندی خیڵ و هۆزو تەكیەدا .... دەسەڵاتێك كە پێك هاتبێت لە ئۆردویەك خۆفرۆش و جاش و دزو مەلەفچی و چەقۆ كێش و گەندەڵ و دامەن پیس و قاچاخچی لە كوێدا لەگەڵ یاساو مۆراڵ و گومانیزمدا یەكدەگرێتەوە ؟؟! لە چ فەرهەنگ و كولتورێكدا دەتوانرێت دەسەڵاتێكی لەو جۆرە بە لای دیموكراسی و مافی مرۆڤدا پیچ بداتەوە ؟!
چۆن دەتوانرێت دەسەڵاتێكی لەوجۆرە لە بنەچەدا بە دەسەڵات ناوزەد بكرێت یا چۆن دەسەڵاتێكی لەو جۆرە بە هیچ جورە قاوغێكی پایەدارو ریزلێنان بە خۆیەوە دەبینێت لە ئاستی جەماوەردا ؟!
لە هەرێمی كوردستاندا دەسەڵات و جەماوەر لە هیچ گریبەستێكی كۆمەڵایەتیدا نین , بەڵكو لە دوو بەرە دان بەرەیەكیان خاوەن پارەو دەسەڵات و سامان و دەنگ , بەرەی دوهەم بە پێچەوانەوە , وە هیچ رۆلێكی نیە لە سەر چەمكی قەراری سیاسی واتە تەنانەت بێ دەسەڵاتە لە ئاست دیاری كردنی چارەنوسی خۆی ....
جەماوەر ناتوانێت سەرۆك دیاری بكات یان دوری بخاتەوە .
جەماوەر ناتوانێت كەمترین كاریگەری هەبێت لەسەر دەسەڵاتی حزب .
جەماوەر هیچ رۆلی نیە لەسەر كارو باری پەرلەمانی كارتۆنی .
بە بەرچاوی جەماوەری كوردستانەوە بە دەیان هەزار خۆفرۆش و مەلەفچی و پیاو كوژ ئەورۆ لە ئەنجومەنی بنەماڵەكانەوە مافی یاساییان دراوەتێ و تا بە ئارەزووی خۆیان یاری بە ئیرادەی ئەو خەڵكەوە بكەن كە تا دوێنێ دوژمنایەتییان دەكردو ئەنفالیان دەكرد ....
ماویەتی ......
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست