کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چەند وتەیەك بۆ كاك پۆڵا

Wednesday, 06/01/2010, 12:00


كولتوری رارایی و پەشیمان بونەوە بوە بە مێتۆد لە ناو رێزی رەوشەنبیرو سیاسەتمەداری كوردا , ئەوەش لە راستیدا دەلالەت لە یەك شت دەكات ئەویش ناكامڵ بوونی فیكری و باوە ر نەبوون بە خود , باوەر نەبوون بە بنەما سەرەكیەكانی مۆراڵی كەسایەتی , باوەر نەبوونە بە ئەو ئامانجانەی كە رەوشەنبیر دەیكات بە ئیدۆڵی شیتەڵكردنی روداوەكان لە چوارچێوەی كات و ساتدا , ئەوە دەستەوەستانی تاكی كوردە لە ئاست قەیرانەكاندا , كارێكــی ترسناكە چونكە رەوشەنبیرو سیاسەتمەدار بۆ خەڵك خەبات دەكـــەن , ئەوان بەر پرسن لەو جەماوەرەی كە هەواداریانەوە دەیانكات بە رابەرو نوینەری خۆی و لە ئاست هەڵەكانیاندا لە بەردەم مێژوو جەماوەردا دەوەستنەوە , لێرەدا ئەوان خۆیان قەرار نادەن بەڵكــــــو ئەوان لە تەرازووی ویژدانی مێژوودا هەڵدەسەنگێنرێـــن , ئەگەر بیرمەندی وەك هایدگەر لەگەل تێپەر بوونی كاتـــــدا زیاتر خوی بئاخنێتە ناو دڵــــی خەڵكەوە ئەوا كەسایەتی هیتلەر رۆژ بە رۆژ زیاتر بە ناخی زەویدا شۆر دەبێتەوە , هەڵبەت لێرەدا نامەوێ كەسایەتی كاك پوڵا بەو شێوازە هێڵكێش بكەم بەڵام ئەوەندە دەڵێم كە پیرۆزی نوسەر لەوەدا نیە كە دەنوسێت بەڵكو لەوەدایە كە چی دەنوسێت وە بۆ كێ دەنوسێت .
پێم وایە كاك پۆڵا ئەو كاتە كە خەڵك چاوەروانی وتارێكی تازەی دەكرد لە كوردستانپۆستدا لەبەر ئەوە نەبوو كە خەڵك وتاری دەست نەدەكەوت بەڵكو لەبەر ئەوە بوو كە خەڵك پیی وابوو لە بیرو بۆچونی كاك پۆڵادا هەتوانێكـــی تازە دەدۆزێتەوە كە تیماری برینە قوڵەكانی دەكات , ئەو برینانەی كە زیاتر لە هەشتا ساڵە جەستەی كون كون دەكات و دواهەمین نێزەش نێزەی ئەو دەسەڵاتە بوو كە تا دوێنی كاك پــۆڵا هەوڵی گۆرینی دەدا , ئەورۆش وەكو ئاسكی كەوی خۆی كرد بە باوەشیدا لە جیاتی ئەوەش كە رۆمانێــــكی تازە بكات بە دیاری بۆ دەسەڵات .... كۆمەڵی هەواڵی لە هەگبەی پەشیمانیدا بردەوە بەر دەستی ئەوانەی كە تەنها لە خەیانەت و كوشتن و گەندەلییدا سەركەوتو بوون لە هەموو كارەكانی تردا بۆ یادگاریش شتێكمان دەست ناكەوێت , دیارە كاك پۆڵاش چاك دەركی بەوە كردوە كە ئەوان بیرو هزری خەڵـك ناكرن بەڵكو ویژدانی خەڵك كۆیلە دەكەن , لە فەرهەنگی ئەواندا رەوشەنبیر دەبێ بە شان و باڵیاندا هەڵبدات نەك رەخنەیان لێ بگرێت , باسی داستانەكانیان بكات و هەرەس و شكەستیەكانیان لە مێشكی خەڵكدا بشواتەوە , ئەوە خەسڵەت و كولتوری دەسەڵاتی رۆژهەڵاتە بە گشتی و لە وڵاتە بێ تاپۆكەی ئێمەشدا لە لوتكەدایە .....
ئێمە لە كوردستانپۆستدا بین یان لە دەرەوەی كوردستانپۆستدا شتێ لە كارەكە كەم ناكاتەوە ئیمە دژی گەندەلین ,دژی نایەكسانیین دژی دەسەڵاتی دكتاتۆرین , دژی بنەماڵەو دەسەڵاتی خێڵەكین , لە مەتەرێزی جەماوەرداین , لەگەڵ هەر هەوڵێكداین كە وڵاتی ئێمە بەرەو سەرفرازی و گۆران بەرێت و گەلی بەش مەینەتی ئێمە بگەیەنێتە رێزی گەلانی ئازاد , بۆیە لە بیرو باوەردا ئەگەر نزیك بین لە گۆران یان هەر رێكخراوەیەكی گۆرانخواز شتێكی ئاساییە , ئەگەر بەرێزت سبەی بە كارێكی ئاوا هەڵسی ئێمە یەكەم كەس دەبین كە بەدەنگ بانگەوازەكانتەوە دێن وە دەستمان دەخەینە ناو دەستت , چەپلەت بۆ لێ دەدەین .....
ئێمە رەخنەمان لە دەسەڵات گرتوە , باوەر ناكەم تا ئەورۆی ئاسایی تۆش لە قوڵایی ویژدانی خۆتدا بروات بەخۆت هێنابی كە هەڵە بووی ... چونكە ئێمە هەمومان داهێنانێكی تازەمان نەهێناوەتە سەر بابەتەكە بەڵكو ئازارەكانی خەڵكمان شێ كردۆتەوە , ئەو كەلێنەمان پر كردۆتەوە كە میدیای كۆیلە یان میدیای ژێر سانسۆر نەیتوانیوە بیخاتە روو , رواڵەتی دەسەڵاتمان خستۆتە بەر لێكۆلینەوە , لە ترسناكی چەواشەكاریەكان ئاگادارمان كردونەوە , رەخنەمان بە زمانی گوڵ نەگرتوە چونكە رەخنە بە زمانی گوڵ لە پیرۆزی دەگیرێت نەك لە ناپیرۆزی , ئەوانەش كە رەخنەی زبریان گرتوە لە دەسەڵات و لە سێبەری دەسەڵاتدا چارەنوسیان وا بزانم مەرگ یان سوكایەتی و سزادان بوە ..... بۆیە دەڵیم هەموو ئەوانەی كە پروپاگەندەی ئەوە دەكەن كە لە كوردستانی باشوردا ئازادی و دیموكراسی بەشی ئەوە دەكات رەخنە بگریت و ئازادانە بە ئەرشیفی دەسەڵاتدا شۆر ببیتەوە یان هەر ئەوەندەی تێ دەگەن یان خۆیان لە گەندەڵـــــی و خوارو لاری دەسەڵات بێ پشك نین , بە تایبەتی دەسەڵاتێك كە خاوەنی ئەزموتێكی گەورەی خۆفرۆشتنە ئەورۆ لە كرینــــی خەڵكدا كێشەیەكی نابێت .
ئەی ئەو دەسەڵاتە نەبوو كە رۆژانە تەرمە خویناویە رەقهەڵاتوەكانی شەری براكوژی بە شرە لۆری و عەرەبانەی تراكتەرو مێك زەمینی رەوانەی ئەودیوو ئەودیوی خەتی هاملتۆن دەكرد , ئەو دەسەڵاتە نەبوو كە بە سەدان هەزار گەنجی رەوانەی هەندەران كرد , ئەو دەسەلاتە نەبوو كە ئافرەتكوژو گەندەڵخواز چوە دامەنی میّژوەوە , ئەو دەسەڵاتە نیە كە بۆدژەی وڵاتێك هەتك دەكات و پەخشان و تەخشان كەچی خەڵك لە تاریكیدا وتارەكانی بەرێزت دەخوێنێتەوە , ئەو دەسەڵاتە نیە كە كەركوكی خستە مەزاتێكی هەرزان و كوردستانی كرد بە گەورەترین بازاری گەندەڵی , ئەو دەسەڵاتە نیە كە وای كرد خۆفرۆش و جاش و سیاسەتمەداری مەلەفچی شانازی بەسەر من و تۆدا بكەن و ئەورۆ رەخنەمان لێ بگرن كە بە زمانی گوڵ گورانیا بۆ ناڵێین , هەرچەند جیاوازی ئێمەو ئەوان لەوەدایە ئێمە رەخنە دەگرین ئەوان هەرەشەی كوشتن , ئەوەش ئاساییە لێ ئەوان تەنها یەك زمان دەزانن ئەویش زمانی ئەشكەوتە .
بۆیە پێم وا نیە كاك پـۆڵا دروست خانەی خۆی دۆزیبێتەوە ...ئەو كەسێك بوو ئێواران روّژنامەی بەسەر ماڵەكاندا دادەبەشیەوە بۆ ئەوە ی بەیانی سەربەرز بێت ....ئەو كەسێك بوو ئاشقی فەلسەفە نەك پێنوسی زەرد .. ئەو رەوشەنبیرێكی ئازاد بوو قەفەسی كولتوری دەسەڵاتی پێ تەنگ و نەنگ دەبێت .... هەرچەند بیرو باوەر مافێكی سروشتی مرۆڤـــە بەڵام كاتێك كە ئەو مافە لەسەر وێری كەسانی تر بوو ئەوا ناوەرۆكی پوچەڵ دەبێنەوە .

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە