كوردستانپۆست و رۆڵی لە پرۆسەی گۆراندا! (بەشی یەكەم)
Monday, 18/05/2009, 12:00
سیاسەت بە لای ئێمەوە بریتیە لە هونەری كارگێڕایەتی كۆمەڵگەو پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی تیایدا وە وەرگۆڕانی یاسادانان بە شێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی كە مێژوو دەیانهێنێت......جان جاك روسۆرۆڵی كوردستانپۆست لە گەڵاڵـــە كردنی جەماوەری كوردستاندا بەرەو گۆڕان مێژوویەكی لە مێژینەی هەیەو تەنانەت دەگەڕێتەوە بۆ پێش پرۆسەی ئازادی عێراق و سەردەمی ساڵانی شەڕی كورد كوژی و خەیانەتەكانی پارتی و یەكیەتی , كوردستان پۆست ئەو سەردەمە خەڵكی كوردستانی هان دەدا بۆ واڵا كردنەوەی گەندەڵی و تیشك خستنە سەر چەواشەكاری و پیشێلكاریەكانی ئەو دەسەڵاتەی لە كوردستان دا رەهایە , هەرچەند گۆران و پرۆژەی گۆران لە كوردستانی باشوردا پێویستی بە ئەوپەری وردەكاری و لێكۆلینەوە هەیە چونكە گۆران لە ژێر سایەی دەسەڵاتێكدا كە بە هیچ شێوەیەك بڕوای بە گۆران و دیموكراسی نیە و ئامادە نیە بە هیچ شێوەیەك دەست بەرداری بەرژەوەندیەكانی خۆی بێت , لە سایەی دەسەڵاتێكی ئاوادا ڕۆڵی ڕێكخراوی جەماوەری و كۆمەڵگای مەدەنی و هەوڵ دان بۆ بە جەماوەری كردنی دەسەڵات كارێكی ئاستەنگ و ئەستەمە لەگەڵ ئەوەشدا كوردستان پۆست هەوڵی داوە رێخۆشكەر بێت بۆ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و ڕاماڵینی پیرۆزیەكانی (مەبەست لە پیرۆزیەكان... ئەوەیە كە دەسەڵات خۆی لە ئاست جەماوەردا پیرۆز دەكات بە مەبەستی بەردەوامی خۆی و بەرژەوەندیەكانی) ئەوەش خەسڵەتی هەموو دەسەڵاتێكی ناوەرۆك دیكتاتۆری و نا دیموكراســیە...كوردستان پۆست هەر بەوەشەوە نەوەستاوە بەڵكو پەردەی لە رووی هەموو ئەو كەسایەتی و قەڵەم فرۆشانەش لاداوە كە بوونە مینبەرو بڵَــــندگۆی دەسەڵات و بۆ بەرژەوەندی تەسكو دیماگۆگی خۆیان هەوڵیان داوە دەسەڵاتی گەندەڵ و خۆكردو تاوانبار بە كوشتنی دەیان هەزار كەس لەبەر چاوی جەماوەردا بڕازێننەوە بە جۆرەها بەیت و بالۆرەی بێ بنەماو دروست كراو كە ئەوەش خۆی لە خۆیدا دژی هەموو نەریتێكی رەوشەنبیریەو دورە لە مۆڕالی نوسەری رەسەن , ئەوانە بەشێكن لە تاوانەكان و هەر دەسەڵاتێكی دیموكراسی لە كوردستاندا ئەركی دادگایی كردنی ئەو تاوانبارانەی دەكەوێتە ئەستۆ , چونكە ئەوانە هەوڵیان داوە كە ڕوی رەشی ئەو دەسەڵاتەی كە تاوانبارە بە هەموو تاوانێك لەبەردەم خەڵكی كوردستاندا سپی نیشان بدەن و ناوو ناتۆرەش بدەنە پاڵ هەر كەسێك كە هەوڵی گۆران بدات یان داڵدە لە خەڵكی كوردستان بكات ...
كوردستانپۆست یەكەم دەزگای راگەیاندن بوو كە بوێرانە كەوتە بڵاو كردنەوەی دەكومێنت و بەڵگەی جۆراو جۆر لە سەر خەیانەت و خۆفرۆشی سەرەك جاش و موستەشارو كۆنە بەعسی سیخورەكان لە هەمان كاتدا ئاشكرا كردنی جۆرەها بەڵگەی خەیانەتی مەلەفچـــی و ئەو سەر كردانەی كە لە ژێر پەردەی كوردایەتیدا خاكی پیرۆزی كوردستانیان لەبەردەم دوژمنانی كوردا دەخستە مامەڵەو سوكایەتیان بە بەهای نەتەوەیی و خوێنی شەهیدانەوە دەكرد ...
كوردستان پۆست تاكە مێدیای ئازاد بوە لە كوردستاندا كە ئازایانەو بوێرانە راستیەكانی بۆ جەماوەری كوردستان روون كردۆتەوە لە رواڵەت و ناوەرۆكی دەسەڵاتی گەندەڵ و ترسناكی ئەو دەسەڵاتە بۆ سەر پرۆسەی داهاتوی چەسپاندنی دیموكراسی و مافی مرۆڤــ و هاوڵاتی و ئاوەدان كردنەوەی كوردستان و سەپاندنی دادپەروەری و حوكمی یاسا , ئەوەش ئیفتیراو بوهتان نیە بەڵكو مێژووی چەند ساڵی دەسەڵاتی ئەوانە نەك هەر لە لە كوردستانپۆستەوە بەڵكو لەسەر دیواری رۆژنامە ناودارەكانی دونیادا بە خەتی پان و پۆڕ دەنوسرێت گاڵتەی پێ دەكرێت......
كوردستانپۆست گەورەترین گەرانتی بوە بۆ شكاندنی بتی سەركردە خۆ كردەكان و دادرین و داماڵینی ئەو عەبا چڵكنانەی كە دەیانویست لە ژێریدا خۆیان پیرۆزو شەرەفمەند نیشان بدەن و بە ناوی كوردایەتی و مەردایەتیەوە كۆنەی خۆیان بە تازە بە خەڵكی كوردستان بفرۆشن و مێژووی پر خەیانەتی خۆیان بگۆرن بۆ داستانی سەركەوتن و هەڵاتنی خۆیان لە بەردەم دوژمنانی كوردستاندا بە خوێن و فرمێسكی جوتیارو هەژاری كورد قەرە بوو بكەنەوە ...
ئەو كاتەی كوردستانپۆست لە گەرمەی جەنگ دابوو لەگەڵ واڵا كردنەوەی گەندەلی و دزیەكانی دەسەڵات و هەوڵی دەدا جەماوەری كوردستان لەوە ئاگادار بكاتەوە كە دەسەڵاتی گەندەڵ هیچ پەیامێكی پێ نیە بۆ خەڵكی كوردستان و جەماوەری ستەمدیدە جگە لە بۆنی خوێن و دوكەڵی باروتی كورد كوژی ., لەو كاتەدا نە لە رێزەكانی پارتی نە لە رێزەكانی یەكیەتی نیشتمانی و نە لە رێزەكانی حزبە سیاسیەكانی تری كوردستاندا نوزەیەك نەبوو كە بۆنی ئۆپۆزیسیۆنی لێ بێت و رۆژنامەو گۆڤارێك نەبوو كە ئەو هەموو چەواشە كاریانەی دەسەڵات ئەو هەموو خەیانەتانە بداتە بەر تیشكی لێكۆلینەوەو رەخنە لە هەلسوكەوتی دەسەڵاتی سیاسیەكانی ئەشكەوت بگرێت , تەنانەت رەوشەنبیرەكانمان كێ بەركێیان بوو لەسەر ئەوەی كێ بەستەی جوان بۆ خاوەن شكۆ هەڵدەبەستێت و كێ ئاوازی سیحراوی بۆ حزبە ئێكسپایەرەكان دەهۆنێتەوە ...سەرەك عەشیرەت و كۆنە خۆ فرۆشەكان هەڵپەیان بوو كێ لە دەرباری خاوەن شكۆدا دەیسەلمێنی كە ئەو لە هەموو كەس زیاتر خەڵكی كوشتوەو لە شەری كورد كوژیدا چ پالەوانبازیەكی تۆمار كردوە , ئۆردویەكی خەڵكی ناكارامە دام و دەزگاو وەزارەت و پێكهاتەكانی حكومەتی پڕ كردەوە كە ئیشی سەرەكیان لە راستیدا رێگا خۆشكردن بوو بۆ دزی و گەندەڵی دەستەی باڵاو فیگورەكانی بنەماڵە , كە خۆشبەختانە ئەوانیش لە گورزی كوردستانپۆست رزگار نەبوون و بە دەیان سەدان روون كردنەوە لەسەر گەندەڵیەكانیان بە دەكومێنتەوە لەسەر رووی كوردستانپۆستەوە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بڵاو كرایەوە ....
كوردستان پۆست مینبەرێكی كراوەو تا بڵێی دیموكراسی و بێ جیاوازی بوە كە رەشەنبیری كوردستان لە رێگەیەوە توانیویانە گلەو گازندەكانیان لە دەسەڵاتی گەندەل دەرببڕن و رای خۆیان لەسەر شتە چارەنوسسازەكان راشكاوانە بە جەماوەر بڵــــێن , لە كاتێكدا كە هەموو میدیای كوردستان لە بەردەمیاندا داخراو بوە ..وە بە هەمان شێوە كوردستانپۆست تا بڵێی دیموكراسیانە گوێی لە رای بەرامبەر گرتوەو بواری داوە ئەو كەسانە بەرگری لەخۆیان بكەن ئەگەر لە راست و دروستی هەواڵەكان سەرنجیان هەبوبێت یان زیادە رەویان تیا دیبێت.....
چونكە لە كوردستاندا تا وەكو ئەورۆی ئاسایی تاكە رۆژنامەیەك نیە كە بە ئاشكراو بێ سانسۆر چەواشەكاری و دزی و گەندەڵی و سوكایەتی كردن بە خەڵكی كوردستان بكاتە سەر دێڕو ڕوبڕیكی لاپەڕەكانی , ئەگەر هەشبێ ئەوا تەنها لە ئاستی رەخنەو گازندە دایە , لە گەڵ ئەوپەری رێزماندا بو هەموو ئەو رۆژنامەو دەزگا میدیایانەی كە هەوڵ دەدەن و تەنانەت قوربانیان داوە لەو پێاناوەدا , واتە لە پێناوی وشەی ئازادو دەنگی خەڵكدا ئەو فشارو پەراوێزكردنە دەگەرێتەوە بۆ نەفامی و نا جەماوەری و نا دیموكراسی دەسەڵاتی میلیشیای بنەماڵەكان ...نەك میدیا دەنا بێگومان ئەو گەلەی كە سەدان هەزار شەهیدی سەنگەری داوە لەو قۆناخەشدا ئامادەیە قەلەمەكەی بكات بە نەشتەر بۆ بەرگری لە مافە رەواكانی گەلێكی چەوساوەو وڵاتی سەربازە ونەكان و سەدان و بگرە هەزاران گۆڕی بە كۆمەڵ.
كوردستانپۆست لە راستیدا لە ساڵی 1998 بە ناوی كوردستانی ئیمرۆ كەوتە هەوڵ دان بۆ پێگەیاندنی دەنگی ئازادو رێ خۆش كردن بۆ گۆرانەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و هاندانی خەڵك بۆ داڵدە لە مافەكانی خۆیان و دواتر لە ساڵی 2001 ورد تر لە لە 1 ئایاری 2001 ناوەكەی گوڕدرا بۆ كوردستانپۆست (KurdistanPost) , لەو كاتەوە كوردستان پۆست بێ وچان هەوڵ دەدات بۆ بەرگری لە خەڵكی كوردستان و بەرگری لە مافە رەواكانیان و ئاشكرا كردنی مەلەفی خەیانەت و دزی و روون كردنەوەی زیادەرەویەكانی بنەماڵە و دارو دەستەكانیان بۆ خەڵكی كوردستان , ئەوە لە كاتێكدا ئەو سەردەمە ئێستە ڤەمپیرەكانی شەری برا كوژی بۆنی خوێن و خەیانەتەكانی شەری كورد كوژی لە دڵ و مێشكیان دەهات و هیچ یەكێ لەوانە نە زاتی ئەوەی دەكرد ئاغاكەی دڵگران بكات و لێی بپرسێت
بـــــــۆ !؟
بۆ بە دەیان هەزار گەنج و لاوی كورد كرا بە قوربانی هیچ ؟
بۆ سەركردە نەخوێندەوارەكان مافی ئەوەیان پێ درا رقی رەشی خۆیان بەو گەلە برێژن كە ئەوانی گەیاندە كورسی دەسەڵات!؟
بۆ هەر هەمویان لە تاوان و خەیانەتی ئەو سەركردە (خۆ كردانە) بێ دەنگ بوون و تاكە یەكێكیان ورتەی لێوە نەهات!؟
بۆ سەروەت و سامانی گەلێك كرا بە شاباشی دوو بنەماڵەی میلیشیاو , هەموو ئەو پاڵەوانانەی شەری كورد كوژیش بێ دەنگ و حەپەساو كرنوشیان دەبرد بۆ بتەكان و !؟
بۆ ولاتێكیان كرد بە كارگەیەكی بە پیت بۆ بەرهەمهێنانی كۆیلەی سیاسی و جاسوسی سیاسی و لەشفرۆش و وڵاتفرۆش و قەلەمفرۆش و نیشتمان فرۆش ...و ویژدان توپیوی بێ نمەك و ژنكوژ ؟
سەدان (بۆ ...) ی تریش لە دەروونی هەموو كوردێكدا خۆی مەلاس داوەو چاوەروانی ئەوەیە كە كەسێك وڵامی بداتەوە , ئەوەی لە راستیدا لە بەرەی جەماوەردا بێت ئێمەی كوردستان پۆستی بە هەموو توانامانەوە دەستی یارمەتی بۆ درێژ دەكەین , بە پێچەوانەشەوە قەڵەمە دلسۆزو تیژەكانمان هەمیشە لە خزمەتی خەڵك دا دەبێت لە بەرەی جەماوەری كوردستاندا وشەی رەسەن دەنوسێت و پلاری بە تەوژم دەهاوێژێت .....
لینكی نوسینێكی نوسەر كە پەیوەندیدارە بەو باسەوە :_
http://www.rojhelat.nu/index.php?id=5260
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست