دیاردەیەکی سەیر ئەمڕۆ لە کەرکوک بینرا

Sunday, 03/06/2012, 12:00


مامۆستایەک لە کەرکوک بەڕێزان پێمباشە هەواڵێكتان پىَ ڕابگەیەنم سەبارەت بە تاقیكردنەوەى وەزارى كۆتایى ساڵ بۆ پۆلى (دوانزەهەمى ئامادەیى ) . لە شارى كەركوك
وەكو مامۆستایەك ئەمڕۆ لە ناو هۆڵى تاقیكردنەوە چەند سەرپێچییەكم بینى كە پێموایە چەند زیانێكى گەورەى هەیە بۆ ڕەوتى پەروەرد لە شارى كەركوك ،هەروەها وێنەى خوێندنى كوردى لەم شارە تا دێت لە شارى كەركوك ناشرینتر دەكات بە هۆى ئەمجۆرە ڕەفتارانەوە .
سەبارەت بەو قوتابییانەى كە ئامادەى تاقیكردنەوەكە بوون ژمارەیەكیان قوتابى دەرەكى بوون . بەڵام ئەوەى جێى سەرنج بوو ئەو قوتابییانە زۆربەیان پلەدارى ئاسایشى (یەكێتى و پارتى ) بوون ، واتە لە پلەى ( نەقیب مولازم مولازمى یەكەم ..) . تەنانەت بەڕێوەبەرى ئاسایشى ناوشارى كەركوك (ئاسایشى یەكێتى ) تێدابوو.
لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵێك باسبكەم :
1- ئەوەى جێى سەرسوڕمان بێت بەڕێوەبەرى ئاسایشى شارێك (بەداخەوە نازانم پلەكەى چییە عەقیدە ، رائیدە ؟!) بەبىَ بڕوانامەى شەشە مى ئامادەیى ئەو پلەیەى پێدراوە .. تەنانەت كاتێك مامۆستا عەرەب و توركمانەكان زانیان ئەم كۆمەڵە قوتابییە كە بڕوانامەى ئامادەییان نییە ، پییان سەیر بوو چۆن ئەو پلە بەرزانەیان پێدراوە .
2- خاڵێكیتر ، ئەم بەڕێوبەر و پلەدارانە پێش دەستپێكردنى تاقیكردنەوە بە چەند رۆژێك پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرى هۆڵى تاقیكردنەوەكە و جێگرەكانى كردبوو كە نابێت ئەوان هیچ ڕێگرییەك بكەن ئەگەر هەر جۆرە گزیكردن و قۆپییەكیان كرد ( بە هێدفۆن مۆبایل كاغەزى بچووك تەنانەت داوا لە جێگرەكە كراوە خۆى وەڵامەكانیان بۆ بێنێت ...) .هەر لەبەر ئەمەش بەڕێوەبەرەكە ( كە مامۆستایەكى توركمانە ) لە ترسى گیانى خۆى داوای ( أعفاو-مۆڵەت ) كردبوو لە پەروەردە ، بەڵام ئەوان ڕازى نەبووبوون .
3- لە كاتى تاقیكردنەوە ، بە ئاشكرا و بەبەرچاوى هەموو مامۆستا و قوتابییە عەرەب و توركمانەكانەوە، ئەم بەڕێوبەرە و هاوڕێ پلە دارەكانى لە ئاسایش هەموو جۆرەكانى قۆپیەكردنیان كرد ، بەبىَ ئەوەى هیچ لێپرسینەوەیەكیان لە گەڵدا بكرێت .
4- هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بكەم كە پێش چوونە ژوورەوەى قوتابیان ، ئاسایشەكانى پاسەوانانى بەڕێوەبەرەكە ، قوتابییانیان دەپشكنى بە بیانوى پارێزگاریكردن لە بەرێوەبەر . هەرچەندە پەروەردە خۆى 2 پۆلیسى دانابوو بۆ ئەمنیییەتى قوتابخانەكە .
بەمجۆرە كارانە، پێش هەموو شتێك وێنەى كورد و خوێندنى كوردى لەم شارە ناشیرین و نەویستراوتر دەبێت . جگە لەوەى بە تەواوەتى بۆیان دەردەكەوێت كە كورد هەموو شتێكى لەم شارە بە هەڕەشەكردن و چاوسووركردنەوە دەوێت ، ئیتر چۆن چاوەڕێى ئەوە بین ئەم كەسانە گیانى هاوڵاتیان بپارێزن ، چۆن توركمان و عەرەب قەناعەت بەوە بهێنن كە كورد و ئاسایشى كورد لەم شارە گوىَ بە یاسا دەدەن و دەیانەوێت پارێزگارییان لێبكەن .
بەڕێزان .. بۆ زانیاریتان ناوى قوتابخانەكە (رضاجلال الدین الافندی). لە گەڕەكى (تسعین ) ى شارى كەركوك .
ناوى بەڕیوەبەرى ئاسایشى ناوشارى كەركوك ( ئاسایشى یەكێتى ) ( عادل) ...
زۆر سوپاس ئەگەر وەكو هەواڵێك بتوانن بیوروژێنن و بەدواداچوونى بۆ بكەن .
مامۆستایەک لە کەرکوک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە